کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


له‌ ساڵیادی شه‌هید ئارامدا منیشیان خسته‌ قسه

Friday, 06/02/2009, 12:00

1983 بینراوە


له‌ ساڵیادی شه‌هیدكردنی شۆڕشگێری هه‌ڵكه‌وتو ئارامی نائارام له‌ ئاستی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی گه‌له‌كه‌ی ، چه‌ند نوسینێك له‌ سایتی كوردستاننێت و ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ مایه‌ی وه‌فان بۆ ئه‌و شه‌هیده‌و خوێنی به‌ ناهه‌ق ڕژاوی له‌ روداوێكدا كه‌ ده‌ها پرسیار قوت ئه‌كاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ریه‌كێك كه‌ به‌ چاوی شك و پرسیاره‌وه‌ بڕوانێته‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌ .
ئه‌وه‌ی منی خسته‌ قسه‌ ئه‌و نوسینه‌یه‌ كه‌ به‌ ناوی (هاوڵاتیه‌ك)له‌ هه‌ردوو سایتی خۆشه‌ویستی ناوبراودا له‌ ژێر ناونیشانی (له‌ ٣١ساڵیادی شه‌هید ئارامدا منیش قسه‌م هه‌یه‌) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، كه‌ به‌رێز نوسه‌ری وتاره‌كه‌ به‌ ده‌م برای شه‌هیدمه‌وه‌ به‌سه‌ر هاتێك باس ئه‌كات كه‌ گوایه‌ مام جه‌لال له‌ بۆنه‌یه‌كدا داوای لێكردوه‌ كه‌ له‌ پیلانێكدا به‌شداری بكات بۆ له‌ ناوبردنی شه‌هید ئارام .
لیره‌داو بۆ مێژوو تۆماركردنی ڕاستیه‌ك ئه‌ڵێم به‌ڵێ وایه‌ من نه‌ك یه‌كجار به‌ڵكو ده‌هاجار له‌ ده‌می شه‌هید تالیبی برامم بیستوه‌ كه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی بۆ خۆم و كه‌سانێكی دیكه‌ كردوه‌ سوریش بوه‌ له‌ سه‌ری كه‌ له‌ پیاسه‌یه‌كی دوو قۆڵیدا مام جه‌لال پێیوتوه‌ با له‌ كارێكی نهێنیدا ئارام له‌ناوبه‌رین ئه‌گینا ئه‌بێته‌ گێچه‌ڵ بۆمان چونكه‌ ئارام تازه‌ به‌ تازه‌ ئه‌یه‌وێت كوردستانمان بۆ بكاته‌ ماركسی لێنینی ، كاتێكیش كه‌ دیتی من به‌و قسه‌یه‌ تێكچوم یه‌كسه‌ر باوه‌شی پێداكردم و وتی بارك الله‌ فیك من ئاوه‌ها تاقیت ئه‌كه‌مه‌وه‌ ، به‌ڵام تا چه‌ند داواكه‌ی مام جه‌لال به‌ مه‌به‌ستی ده‌ست وه‌شاندن بوه‌ له‌ شه‌هید ئارام یاخود تاقیكردنه‌وه‌ی دڵسۆزی شه‌هید تالب بوه‌ بۆ ئه‌و شه‌هیده‌ ، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ بگه‌نه‌ بنجوبناوانی ئه‌و ڕوداوه‌ و ده‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ بكرێت .
ئه‌و هاوڵاتیه‌ی نوسه‌ری ئه‌و وتاره‌ی سه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ دێته‌ سه‌ر روداوی شه‌هیدكردنی تالبی برام و تاوانی شه‌هیدكردنه‌كه‌ی ئه‌خاته‌ ئه‌ستۆی مام جه‌لال و نه‌وشیروان و جمال تایه‌ر. لێره‌شدا دووباره‌ ناچارم كه‌ هه‌ربۆده‌رخستنی ڕاستیه‌كان بڵێم كه‌ بێجگه‌ له‌ لێپرسیاریه‌تی (معنوی)وه‌ك سكرتێری یه‌كیه‌تی نیشتمانی مام جه‌لال ره‌نگه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ كوشتنی برای ئێمه‌وه‌ نه‌بێت ، چونكه‌ :-

یه‌كه‌م :- وه‌ك من ئاگادارم ، كه‌ برا گه‌وره‌ی ئه‌و شه‌هیده‌م ، رۆژێك له‌ ڕۆژان نه‌ به‌ نامه‌و نه‌ به‌ ده‌م و نه‌ به‌ ئیشاره‌تێك مام جه‌لال هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی نه‌ ناردۆته‌ سه‌ر تالبی برام وه‌ك ناڕازی بونێك له‌ وه‌ی كه‌ له‌ ئاكامی كاره‌ساتی هه‌كاری ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆله‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ خۆیان دایه‌ ده‌ست رژێم بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه‌ ده‌ست چه‌كداره‌كانی قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ .
ته‌نها داواكاریه‌ك كه‌ مام جه‌لال هه‌یبو له‌ تالبی برام ئه‌وه‌بو كه‌ له‌ گه‌ڵ (عمری حه‌مه‌ عه‌لی رۆسته‌م) فه‌وجێكی جاش خه‌فیفه‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌ هه‌وادارانی یه‌كیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كارتێك به‌ كاریان بهێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كات ئه‌بێت بگه‌رێته‌وه‌ ناو پێشمه‌رگه‌ ، به‌ڵام تالب هه‌ردوو داواكه‌ی به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرت . هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی هه‌بو به‌ دكتۆر مه‌حمود و رسوڵ مامه‌نده‌وه‌ و ئه‌و رۆژه‌ش كه‌ كوشتیان وا بریاربو بۆ شه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌كی سۆشیالست بێن وبیبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ ، به‌ڵام وادیار بو بكوژانی به‌وه‌یان ئه‌زانی بۆیه‌ هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجامدا ، به‌ بۆ چونی منیش ئه‌و ته‌ته‌ره‌ی نامه‌كانی بۆئه‌هێنا له‌ دكتۆر مه‌حمودو رسوڵ مامه‌نده‌وه‌ سێسه‌ره‌بو بۆ یه‌كیه‌تیو ئه‌منیش كاری ئه‌كرد.
دووهه‌م :- من ئه‌وساو ئێستاش یه‌كیه‌تی به‌ بكوژی تالبی برام ئه‌زانم ، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نێه‌ كه‌ هه‌مو ئه‌ندامێكی یه‌كیه‌تی گوناهی ئه‌و تاوانه‌ هه‌ڵئه‌گرن ، به‌ڵگه‌ش زۆرن كه‌ به‌شێكی زۆری هاورێكانی له‌ سه‌ركردایه‌تی و له‌ ڕێكخراوه‌كانی خواره‌وه‌ به‌ داخ بون بۆی و ته‌عزیه‌كه‌شی و دوای ته‌عزیه‌كه‌ش و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ .
من خۆم زۆرجار له‌ ده‌می شه‌هید تالبم بیستوه‌ كه‌ وتویه‌تی من نازانم نه‌وشیروان چی ئه‌وێت له‌من وا به‌ دوای گیانمه‌وه‌یه‌ ، به‌ڵگه‌شی ئه‌وه‌بو كه‌ له‌ خودی سه‌ركردایه‌تی یه‌كیه‌تی و له‌ ئه‌من و ئیستخباراته‌وه‌ ئاگادار ئه‌كرایه‌وه‌ كه‌ نه‌وشیروان نه‌خشه‌ بۆ كوشتنی دا ئه‌ڕێژێت ، سه‌یر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ سور ئه‌یزانی جمال تایه‌ر ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌یه‌و لێپرسیاری ناوشاره‌ و ئاواتی شێخ جه‌ناب وزۆریش له‌ ئه‌ندامه‌ نهێنیه‌كانی ناوشاری ئه‌ناسی ، كه‌چی له‌ جیاتی خۆی له‌ده‌ستیان ده‌ربازكات یاخود عه‌ره‌ب وه‌ته‌نی پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ ئێواره‌ خوانێكدا بیخۆن ئه‌م له‌ نیوه‌رۆدا بیانخوات ، ملی خۆی خسته‌ به‌ر چه‌قۆی پیاو كوژانێك كه‌ له‌ پاداشی چاكه‌ی بۆیان دووجار هه‌وڵی كوشتنیاندا یه‌كه‌میان به‌ده‌ستی ئاواتی شێخ جه‌ناب كه‌ به‌ برینداری رزگاریبو ، دووهه‌میش به‌ ده‌ستی یه‌كێكی كه‌ كه‌ناتوانم ناوی به‌رم چونكه‌ ناوبردنی بایه‌خو قورسایی ئه‌و شه‌هیده‌ كه‌م ئه‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاوها شێرێك به‌ده‌ستی ئاوها رسوایه‌ك بكوژرێت.هه‌رچه‌نده‌ ناردنی نامه‌یه‌ك له‌ بكری حاجی سه‌فه‌ره‌وه‌ بۆ تالب كه‌گوایه‌ سه‌ركردایه‌تی له‌ هه‌وڵی كوشتنی په‌شیمانن و له‌ مه‌ودواش هیچ ترسێك له‌ سه‌ری نه‌ماوه‌ ،بو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ تالب بریاری چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بۆ ناو سۆشیالست یاخود چون بۆ بغداو نیشته‌جێبون له‌وێ دوا بخاتوله‌ سلێمانی بمێنێته‌وه‌و وا به‌ ئاسانی بكوژانی زه‌فه‌ری پێبه‌رن . ئه‌و نامه‌یه‌شی به‌ باوكیدا نارد بۆ تالب كه‌ به‌ رێكه‌وت منیش ئاگاداری گه‌یشتنی ئه‌و نامه‌یه‌ بوم .
سێهه‌م : - له‌ ته‌عزیه‌ێكی به‌ رێزان شێخانی شه‌ده‌ڵه‌ له‌ هاوینی ساڵی ١٩٨٤ ، مام جه‌لال خۆیكرد به‌ ته‌عزیه‌كه‌دا ، منیش كه‌ ئه‌وم به‌ سه‌ركرده‌ی بكوژانی براكه‌م ئه‌زانی جیا له‌ هه‌مو دانیشتوانی ته‌عزیه‌كه‌ ته‌نها كه‌س بوم كه‌ له‌ به‌ری هه‌ڵنه‌ستام و به‌خێرهاتنیشم نه‌كرد ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو كه‌ به‌ ته‌وقه‌ كردن به‌سه‌ر دانیشتواندا هات كه‌ گه‌یشته‌ لای من و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی منی دی خێسه‌یه‌كی كردو به‌رده‌وامبو له‌و ته‌وقه‌كردنه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌ ، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ حمایه‌كانی ده‌ستیان له‌ سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی چه‌كه‌كانیان بو بۆ چاوه‌ڕوانی فه‌رمانێك .
دوای هه‌ڵسانم و گه‌ڕانه‌وه‌م به‌ره‌و سلێمانی ترسێكی گه‌وره‌ دایگرتبوم كه‌ نه‌وه‌ك بنێرێ به‌دومداو له‌ ڕێگا تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌ڵویسته‌م لێبكه‌نه‌وه‌ ، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه‌ی كردبوكه‌ له‌ خاوه‌ن ته‌عزیه‌كه‌ی پرسیبو ئه‌وه‌ كێبو ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نواند ، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا وتبوی ئه‌وه‌ برای تالب رۆسته‌مه‌ ، مام جه‌لالیش سوێندی خواردبو كه‌ نه‌ ئاگاداربوه‌ له‌ بڕیاردانی كوشتنی تالب و نه‌ كوشتنه‌كه‌شی به‌كارێكی راست زانیوه‌ .
چواره‌م :- له‌ سه‌فه‌رێكی مام جه‌لالدا بۆ ئێران به‌ یاوه‌ری به‌رێزان مه‌لا به‌ختیارو فاروقی مه‌لا مسته‌فا ، به‌رێز مه‌لا به‌ختیار داوای لێكردبو كه‌ كارێك بكه‌ن بۆ پینه‌كردنی ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر ‌ ئه‌و شه‌هیده‌ كراوه‌ مامه‌ش ته‌واوی ئاماده‌یی پیشانداوه‌و ئه‌و ئه‌ركه‌ی خستۆته‌ سه‌ر شانی مه‌لا به‌ختیار . به‌ڵام هیچ نه‌كرا ! . ئه‌م هه‌واڵه‌شم له‌ به‌ڕێز فاروقه‌وه‌ پێگه‌یشت .

لێره‌دا به‌ پێویستی ئه‌زانم ته‌نها بۆ به‌راورد بڵێم كه‌ تالبی برامو، منیش به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ ، دڵنیا بوین له‌وه‌ی كه‌ جاری یه‌كه‌م ئاواتی شێخ جه‌ناب وخزمێكی و جاری دووهه‌میش كێبو ته‌قه‌ی لێكردو كێش له‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ردو تاوانه‌كه‌ به‌رپرسیاربو وه‌ك لێپرسراوی كۆمه‌ڵه‌ له‌ناو شاردا كه‌ جمال تایه‌ر بو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ له‌ جاری یه‌كه‌م ناوی ئاوات و خزمه‌كه‌یمانداو نه‌ جاری دووهه‌میش من ناوی بكوژو مه‌سئوله‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌م دا سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌من و ئستخبارات كه‌ ئه‌یانزانی ئێمه‌ شتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌زانین . سه‌یرتر له‌ هه‌موی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تالب ئه‌م ئاواتی شێخ جه‌نابه‌ی وه‌ك برازای خۆی سه‌یر ئه‌كردو ئه‌ی وت بۆنی شه‌هید شه‌هابی پێوه‌یه‌و مادیش یارمه‌تی ئه‌داو ته‌نها مامۆستای تایبه‌تیشی بۆ گرتبو ، كاتێكیش كه‌ له‌ جاری یه‌كه‌م برینداریكرد ، ئاوات به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی یارمه‌تی هاتبووبه‌وه‌وه‌ خافڵاندبوی و كاتێ تالب ده‌ست ئه‌بات بۆ گیرفانی بۆ ده‌رهێنانی پاره‌ ، خزمه‌كه‌ی ئاوات له‌ پشته‌وه‌ ته‌قه‌ی لێكردو برینداریكردو هه‌ڵهاتن ، به‌و حاڵه‌ش تالب ئه‌یتوانی ده‌ستیان لێبوه‌شێنێ به‌ڵام هه‌ر نه‌یكرد.
داخ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئێمه‌مانانێك نه‌ بروامان به‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ستی خۆمان تۆڵه‌ی خۆمان بكه‌ینه‌وه‌ و نه‌ تواناشمان هه‌یه‌و نه‌ دادگاو یاسایه‌ك هه‌یه‌ هانای بۆ به‌رین بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خوێنی ئه‌و شه‌هیده‌و هه‌زاره‌ها شه‌هیدی تری به‌ناهه‌ق كوژراو له‌ ناو شارو له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا . تاوانبارانیش وه‌ك به‌رزه‌كی بانان له‌ خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌دا سه‌ما ئه‌كه‌ن و له‌وپه‌ڕی نازو نعمه‌تدانو ئێمه‌ی جه‌رگ سوتاویش ئه‌بێ پێیان بڵیێن به‌ ریشتان قه‌سته‌م .
ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ وتن ئه‌شێت له‌م بۆنه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ ی هاتنه‌وه‌ی شه‌هید تالب بۆ سلێمانی تا رۆژی شه‌هید كردنه‌كه‌ی رێكخراوی حزبی شیوعی له‌ رێگه‌ی منه‌وه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكی ئه‌وحزبه‌ ، ماڵه‌كه‌یم كردبوه‌ جێگه‌ی حه‌شاردانی نهێنیه‌كانی حزب و گواستنه‌وه‌ی هاورێیانمان له‌ به‌غداوه‌ بۆ سلێمانی و له‌ وێشه‌وه‌ بۆ شێنێ ، چونكه‌ ئه‌و خۆی و ئۆتۆمبیله‌كه‌ی شكیان له‌ سه‌ر نه‌بو . له‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ به‌غداوه‌ گوێزرانه‌وه‌ (رۆژنامه‌نوس فاگمە المحسن و عبالحسینی مێردی كه‌ برازای فخری كریمه‌ كه‌ ئێستا گه‌وره‌ ڕاوێژكاری مام جه‌لاله‌).
  له‌نده‌ن


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)