کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ورەی بەرزی قەندیل

Friday, 11/06/2010, 12:00


پێشكەشە بە خەڵكە قارەمانەكەى قەندیل و گیانى پاكى بەسۆز جەمال و دایكە عائیشە
ئەو هەموو گڤە باو باڕەشە سەركێشانە
هەزاران جار شێتانە
چوون بە گژ تاشە بەردەكانی قەندیلداو
ویستیان وردو خاشی كەن
ویستیان پرچی هەرچی داربەڕووە دەسكەنەی كەن
گەڵاو چرۆی دار مازووەكان لێكەنەوەو بیوەرێنن
كەچی قەندیلەكەم هەمان ڕووخساری ئاسۆ ڕەنگی مێژووی بەرخوردان بوو
نە گەڵا لە شنە كەوتوو
نە تاوێرەكان لە عەشقی سێبەرو هەتاو
نە چەم لە هاژەو
نە كەڤری ڕەش لە تریفەی مانگە شەو
بۆ دوا ساتیش هەر باڕەش ئیفلیج بوو
قەندیلەكەم دوژمنان ویستیان
پیرۆزیەكانت ئەتك كەن
كورد بە كورد لەناو بەرن
جەخار زۆرمان كرد
لە كارەساتی سەختا
شاكارێك لە چیرۆكی خوێنو مەرگ بووین
پرسەگێڕ بووین چوار وەرزە
كەچی ئەو سەرسەختانە لە دوورەوە
سەیریان دەكردینو پێمان پێدەكەنین
ئێمەش هەتا ئێستا ئەو گەلە چاو بە ئەشكو بێ نەوایەین
ئەو ڕووتو ڕەجاڵەین عاشقانە برسیو تینووی ئازادین
ئەهای جیهان گوێ ڕادێرن
من نیشتمانێكم لە ئەنفالو گۆڕى بە كۆمەڵ
من نیشتمانێكم لە هەڵەبجەو شیوەن
من نیشتمانێكم لە ئاوارەبوونو كۆڕەو
من نیشتمانێكم لە تراژیدیای جینۆسایدو كوشتو بڕینو هەڵواسین
من نیشتمانێكم لە دابڕانو كەركووكو كرمانشاو دەریای وانو دیجلەو فوڕات
من نیشتمانێكم لە كۆچو تاراوگەی پێنجەمین پارچەی نیشتمان
من نیشتمانێكم لە ئەزەڵەوە زوڵمم لێ دەكرێ
پارچەیەكم لەم هەسارەیەدا لە تاریكستان
من نیشتمانێكم بێ بەش لە وڵاتو بێ بەش لە هەموو دەستوورەكانی ژیان
كەچی هێشتا قەندیلەكەم وورەی سەنگەرێكی سووری خەباتەو
مل كەچ نیە لە ئاستی زۆرداران
لە دوای ئەو هەموو كۆسپانە بە قاسپە قاسپی كەوی هەردانەوە
گۆرانی دەڵێتەوە بۆ ژیان
ئەرێ جیهان بە ڕاست بۆ ئێوەش لەگەڵ ئەم ئازارانەی قەندیلدا هاوبەش نین
بۆ سووتانو ڕەزی باغی سەوزمان بە كوڵ ناگرین
خۆ قەندیلەكەم بەهەشتێكە لە عەشقی شیرین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە