کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌ر "حه‌ج" له‌ كوردستان بێت،چیمان داوه‌ له‌ عه‌ره‌بستان؟!

Friday, 26/08/2011, 12:00





ئه‌وه‌ی تا ئێستا گه‌لی كوردی به‌ ژێرده‌سته‌یی گه‌لانی تر هێڵاوه‌ته‌وه‌،هیچێك نییه‌ جگه‌ له‌ ته‌سك بینی و به‌رژه‌وه‌ندی خوازی به‌ناو ڕێبه‌ر و ڕابه‌ر و سه‌ركرده‌كان. هه‌میشه‌ گیرفانی خواستی نه‌ته‌وه‌ییان چۆڵ و دڕاو و له‌ حه‌وت لاوه‌ پینه‌ كراو و بۆ پاره‌ش له‌ له‌ توره‌كه‌ تۆراو و جاران جانتا و ئێستا به‌ قوڵی بانق گیرفانی پاره‌ لوشدانیان قوڵه‌. ئه‌وه‌شی كه‌ بۆ ئه‌و سه‌ركرده‌ مشه‌خۆر و "هیچ به‌ ده‌سته‌" بوونه‌ته‌ سه‌رقافڵه‌ و ده‌م ڕاستی ئه‌م گه‌له‌ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ "له‌ بێ كه‌سیدا" ئه‌وان بوونه‌ته‌ كه‌س و له‌ نه‌زانكاریشیاندا هه‌رچی كانی ئومێده‌ وشك و كوێرۆ بوونه‌ته‌وه‌.

ڕاستییه‌ك هه‌یه‌ گه‌رچی "خواستی بێ كرداری" جه‌ماوه‌ری ناڕازی له‌ هه‌ركاتێك زیاتر له‌سه‌ره‌،به‌ڵام هێشتا ساوایه‌ و به‌ گوێزی هه‌ورامان ده‌چێت؛تا پێ ده‌گات "قیر ئه‌ڵێ جیق"،كه‌ ده‌بوو هیچ نا كه‌مێك به‌‌ "گوێزی ئیسرائیلی" بچوورایه‌ و پێ نه‌گرتوو هه‌ر به‌ شیره‌ خۆری "دوو گوێزێكی" بگرتایه‌. ڕاستییه‌كه‌ش زۆر ساده‌یه‌، ناكرێت گه‌لێك جه‌ژنی دوو جه‌ژنه‌ی بێت و سفره‌ و خوانی بۆن و تام و ڕه‌نگی "قه‌یسی" تووشی شاگه‌شكه‌ی كردبێت و سه‌رچۆپی له‌ ئاهه‌نگی ڕزگاری گه‌لانی تردا لێ گرتبێت! وه‌ك بڵێیت هه‌ر له‌ ئه‌مریكا له‌ دایك بووبێت و تۆماس جێفرسۆن گه‌ر به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك ماڵه‌ مامی نه‌بێت،ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ماڵه‌ خاڵوانییه‌تی و ئه‌مان جاڕنامه‌ی سه‌ربه‌خۆییان نوسیوه‌ و، بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌ له‌ بازاڕی شێخه‌ڵڵا و به‌رده‌ركی سه‌را و سیكا فیق گه‌وره‌ بووه‌ و له‌وێش یان "ته‌پله‌ سوره‌كانی" دوێنێی بینیوه‌ وه‌ یاخود وه‌چه‌ی ئه‌و ته‌پلانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ "كڵاو سور" ناوزه‌د ده‌كرێن. بێ ئاگا له‌وه‌ی كه‌ سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی كامێرای چاودێری ،به‌س "پێ به‌ ده‌سڕێكا بنێیت" ئه‌وا به‌ چنگی خۆت چاڵت بۆ خۆت هه‌ڵكه‌ندووه‌،خۆ ئێرانی ئاسا "زمانم لاڵ" گه‌ر كه‌مێك خۆتی پێ "گه‌رم" كه‌یته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌مجار گه‌ر له‌ "ئاكرێش" ڕزگارت بوو،ئه‌وا چاكتره‌ "پشتت" به‌ "ئاغایه‌ك" گه‌رم بێت گه‌ر نا چی هه‌رزانه‌ "فیشه‌ك"،ئیدی گرنگ نییه‌ پێش یا پاش نان "ده‌رخواردت" بده‌ن،گرنگ ئه‌وه‌یه‌ "زمانت" بسوتێنێت.

جا بۆیه‌ تا له‌ ته‌واوی ئه‌و ڕاستییانه‌ ڕابكه‌ین و به‌ به‌زه‌ییه‌وه‌ بڕوانیینه‌ گه‌لانی لیبیا و میسر و تونس و یه‌مه‌ن و جه‌زاییر،ئه‌وا بێگومان ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌و دوامان ده‌بات،ئه‌و كات گه‌لی لیبیا فرمێسكی به‌زه‌ییانه‌ بۆ ماڵی بێ ماڵی كورد ده‌ڕژن! هه‌رچه‌ند فرمێسكی تیمساحی قه‌زافی دادی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال و شه‌هیدانی نه‌دا. تا ئێستا ده‌بێت حاجیانی كورد له‌وه‌ گه‌یشتبن كه‌ ئێستا "شه‌یتان" له‌ كوردستان خۆی مه‌ڵاس داوه‌ و، گورگه‌ و له‌ پیسی مه‌ڕدا. ئه‌و "گورگه‌" جه‌رگی ڕه‌ش ڕه‌ش و سه‌ر و سیمای سوور سووره‌،بۆ نه‌گبه‌تیش له‌ نرخی گوڵاڵه‌ سوره‌ی دابه‌زاندووه. جا بۆیه‌ حه‌جی هیچ "حاجییه‌ك" بێ "به‌ردباررانی" قبوڵ نییه‌ و،به‌هاری هیچ گوڵاڵه‌ سوره‌یه‌كیش له‌ بوونیدا تنۆكێ "ئاو" چییه‌ ناخواته‌وه‌. كورت و بێ په‌رده‌،گه‌ر حه‌ج له‌ كوردستان بێت،چیمان داوه‌ له‌ عه‌ره‌بستان؟!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە