پرۆفیسۆر میرێللە گەڵێتی، دۆستی دێرینی كورد كۆچی ناوادەیكرد
Wednesday, 12/09/2012, 12:00
لە 25/02/ 1949 لە شاری بۆلۆنیای ئیتالیا لە دایك بووە ، لە 4/9/2012 لە شاری رۆما لە ناكاو بە ناوادە كۆچی دوایكرد، لە 1974 كۆلێژی علومی سیاسی "بەشی سیاسەتی كۆمەلایەتی" تەواو دەكات، تێزەكەی بەناوی "ستراكتەری سیاسی و بەها كولتوریەكانی كۆمەلگای كوردەواری"ە.
Struttura politica e valori culturali nella societ curda.
بە پێی زانیاریەكانی لەبەردەستی ئێمەدایە ئەوە یەكەم توێژینەوەی زانكۆیە لەسەر كوردو كوردستان لە سەدەی 20 زا لە ئیتالیا ئەنجامدرابێت.
گەڵێتی لە تەمەنی گەنجێتی ئاشنایەتی دەگەل دۆزی كورد پەیدا كردوە، لە سالی 1967 لافاوێكی گەورە شاری فلۆرانسای گرتەوە، ئەم شارە خۆی لە خۆیدا ئەرشێڤێكی گەورەیە، لە هەموو لایەكی ئیتالیا و ئەوروپا دەستە بە دەستە كوڕو كچان دەگەیشتنە شاری فلۆرانسا بۆ رزگارگردن و پاراستنی ملیۆنەها كتێب و دەستنووس و دۆكۆكێنتە مێژوویی و بەنرخەكان لە فەوتان. لێرە، بۆ یەكەمجار خاتو میرێللا ئاشنایەتی لەگەل ئەرشیف و كتێبە كۆنەكان پەیدا دەكات، لەناو قزڕ و لیتەی لافا، كتێبەكی دەربارەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەكەوێتە بەردەست و چەند شتێك لەسەر كوردستان دەخوێنێتەوە.
لە زانكۆ بریار دەدات تێزەكەی لەسەر دۆزی كورد بنووسێت، بەبێ سەرچاوەو زانیاری قۆلی لێهەلدەكات، لە دوای بەیانی ئازاری 1970 لەسەر ئەركی خۆی سەردانی عێراق دەكات، لە بەغدا دەچێتە كۆری زانیاری كورد و لەوێ ئاشنایەتی لەگەل سیاسەتوان و ئینتێلێكتوالی كورد پەیدا دەكات و سەردانی سلێمانیش دەكات، بە كۆمەلە كتێب، گۆڤار و رۆژنامەی كوردی و عەرەبی دەگرێتەوە ئیتالیا، لە 1972/73 هەندی خوێندكاری خوێن گەرمی كورد دەناسێ لەوانە د. عیسام داود، نەجات تالەبانی، د. شاهین سابیر و د. عیزەت سەیدۆ، ئەم دوانەی دواوە كوردی رۆژاوان و لە 1970 لە ئیتالیا دەژیێن، زۆر یارمەتی دەدەن لە وەرگیران بۆ زمانی ئیتالی، د. عیسام بە هۆی زانینی كوردی سۆرانی و عەرەبی بە بەردەوامی هاواكاری دەكات.
لەم كاتەوە پرۆفیسۆر گەللێتی بە بەردەوامی، وەكو پێشمەرگەیەكی ماندو نەناس، هەموو تواناو كەسایەتی خۆی بۆ خزمەتی دۆزی كورد تەرخان دەكات،
زیاد لە 15 كتێب، 150 توێژینەوە (بەشی هەرە زۆری لەسەر كوردستانە) و سەدان ووتاری جۆربەجۆری لەسەر كوردو كوردستان نووسیووە، لە ئیتالیا بەشداری سەدان كۆر و كۆنفۆانس و مێزگردی تەلەفزیۆنی كردووە، سەرپەرشتی دەیان نامە و تێزی ماستەر و دكتۆرای كردوە كە لەسەر كوردستان نووسراون.
لە زانكۆكانی بۆلۆنیا، ڤینیسیا، تریێستێ، كالیەری ، رۆما و ناپۆلی وانەی "مێژوو و ئەدەبیاتی كوردی" و "میّژوو و قانونی ئیسلام" گۆتیتەوە. لەم 8 سالەی دوایدا بە بەردەوامی و جێگیر لە زانكۆی ناپۆلی بوو كە یەكێكە لە زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان لە بواری رۆژهەلاتناسی.
كارەكانی پرۆفیسۆر گەللێتی، بە داخەوە، تاكو ئێستا نەكراونەتە كوردی كە مایەی گرنگی پێدان و بەرزنرخاندنن، هەموو بواروكانی مێژوو، كەلتور، سیاسەت، داب و نەریت، ئاین، زمان و ئەدەبیات، داستان و چیرۆكی مندالان، یاسای نێودەولەتی و ..... تاد دەگرێتەوە. لەبەر دەولەمەندی ئەدەبیاتی ئیتالی لەسەر كوردستان زێدە رۆی نیە ئەگەر بڵێتن "تاكو ئێستا كەم توێژەری ئەكادیمی هەیە وەكو میرێلا گەلێتی شارەزایی مێژووی كوردستان بوو بێت و شەوەندە توێژینەوەی لەسەر كردبێت.
لە ماوەی ژیانی زۆربەی هەرەزۆری سەركردە و ئێنتلیجێنسیای بزوونتەوەی رزگاریخوازی كوردستان ناسیووەو چاوپێكەوتنی دەگەل سازداون.
لە سالانی 1970 ـ 1980، جگە لە هەندێ ووتاری سادەی رۆژنامەكان، ووتارو توێژینەوەكانی گەللێتی تاكە سەرچاوە بوون لەسەر كوردستان. هەر لەبەر ئەوەیە هەندێ لە كوردەكانی ئیتالیا دەلێن میرێللا گەللێتی، خۆی و نووسینەكانی، بۆ كوردستان و خۆیندكارانی كورد وەك "چرا"یەك بووە.
نووسین و كارەكانی پرۆفیسۆر گەللێتی دەكرێت پۆلین بكرێن بۆ؟
ــ ووتارە رۆژنامەوانیەكان، سالانی 1970 ـ 1980 كە لە روژنامە و گۆڤارەكانی ئیتالی بلاوكراونەتەوە، بە زمانێكی سادە و رەوان نووسراون تا زۆرترین كەس لێی تێبگات.
ــ ووتارو توێژینەوە سیاسی و ئەكادیمیەكان، كە بە زۆری لە گۆڤاری "سیاسەتی نێودەولەتی و رۆژهەلاتی نوێ".
Politica Internazionale; Oriente Moderno
بلاوكراونەتەوە و ژمارەی خوێنەرەكانی زۆر كەم بوون.
ــ كتێب و نامیلكەكانی دوای 1990 و تاكو ئێستا زیاد لە 10 بلاوكراونەتەوە.
ــ كۆكردنەوەی دەستنووس و نامە و بەلگە مێژووییەكانی (نەخشە جوگرافی و تابلۆ هونەریەكان كە كەم و زۆر باسی كوردستان دەكەن) سەدەكانی رابردوو بە زمانی ئیتالی و لاتینی و دووبارە چاپكردنەوەیان.
بە دلنیایەوە ئەدەبیاتی ئیتالی دەولەمەندترین ئەدەبیاتی ئەوروپیە كە باسی مێژوو و كۆمەلگای كوردستان دەكات، ئەوەتە ماركۆ پۆلۆ(1254 ـ 1324) ، لە كتێبە بەناوبانگەكەی (ملیۆنەك) یەكەم كەسە ووشەی "كوردستان" بەكار دەهێنێت: مەوریتسیۆ گەرسۆنی یەكەم "فەرهەنگ و رێزمانی كورد ـ ئیتالی" لە سالی 1787زا لە رۆما چاپدەكات: گیۆزێپێ كەمپەنیلێ (1761 ـ 1836) لە سالی 1818 كتیبَێكی پڕ زانیاری بە ناوی "مێژووی كوردستان و ئاینزاكانی" بلاودەكاتەوە: لە سالی 1863 ئەلێساندرۆ دێبیانكی كتێبێكی، زۆر بە نرخ و پڕ زانیاری "گەشتێك بە ئەرمینیا، كوردستان و لازیستان" بە چاپ دەگەیەنێت.
خاتو میرێلا، لە سالی 1978 توێژینەوەیەكی زۆر نایابی، بە ناوی "كوردو كوردستان لە نووسراوەكانی ئیتالیدا: لە سەدەی 13 ـ 19 زا" بلاوكردەوە كە باسی زیاد لە 40 كتێب و دەستنووس و نامە دەكات كە پەیوەندیان بە مێژوو و بەسەرهاتەكانی كوردستان هەیە، لە 1987 وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و لە سوید چاپكراوە.
یەكێك لە كارە دەگمەنەكان كە تاكو ئێستا مێژوونووس و توێژەرە ئەكادیمیەكان پەیان پێ نەبردوو یان گرنگیان پێ نەداوە بریتیە لە كارە هونەریەكان "تابلۆ و پەیكەر "، میرێللا گەلێتی هەولیداوە ئەم كەلێنەش پڕ بكاتەوە، لەم چەند سالەی دواییدا بە دوای ئەم كارە هونەریانە دەگەرا بۆ ئەوەی زانیاریەك یان بەلگەیەك لەسەر مێژوو و شارستانیەتی كوردستان كۆبكاتەوە. لێرەش ئەنجامی باشی بەدەست هێناوە، تابلۆیەكی زەیتی (3 مەترو نیو بە 2 و نیو) دۆزیەوە بەناوی "داستانی چالدێران" دۆزیەوە. توێژینەوەیەكی درێژی لەسەر كردووە و چاپكردووە. وەك لەم توێژینەوە ئاماژەی بۆكراوە لە دوای "شەڕی چالدێران"، بە دەست و خامەیەكی رەنگین كراوە، لە بنەوەی تابلۆیەكە باسی سال و رۆژ و ژمارەی شەركەرەكانی عوسمانلی و سەفەویەكان كراوە. بە درێژی باسی تێزی عوسمانلی و سەفەوەیەكان دەكات سەبارەت بە شەرەكە، بۆ یەكجاریش باسی ئەو تابلۆیە دەكات و وێنەكەی بلاودەكاتەوە.
لە هەندێ لە كەنیسەكانی شاری رۆما و شارەكانیتری ئیتالی زۆر تابلۆ و كاری هۆنەری دۆزیوەتەوە كە ئاماژە بە كوردستان و پەیوەندیە بەردەوامەكانی هەردوو لا دەدەن، هەر بۆیە كتێبێكی تایبەتی، لە 2004، بە ناوی "كریستیانەكانی كوردستان" بە چاپگەیاند.
كەی و چۆن خاتو میرێللا گەللێتیم ناسی!؟
بە پێ زانیاریەكانی دەست ئێمە كورد بە 3 وەجبە رووی لە ئیتالیا كردووە،
ـ ئەوانەی پێش هەلگیرسانی شەری عێراق ـ ئێرانی 1980 هاتوون كە ژمارەیان زۆر كەم بوو،
ـ دوای دەستپێكردنی جەنگی ئێران و عێراق، نزیكەی 300 كەس بە نیازی خوێندن گەیشتنە ئیتالیا، زۆربەیان هی باشوری كوردستان بوون،
ــ وەجبەی دوای راپەرینی 1991
لە نەورۆزی 1982، تازە من سالێك بوو گەیشتبوومە ئیتالیا ئاهەنگی نەورۆز لە شاری تۆرینۆ سازكرابوو، منیش لە شاری پیزا دوو رۆژ پێش نەورۆز گەیشتمە شارەكە، برادەران هەموو شتێكیان ئامادەكردبوو بۆ ئاهەنگی نەورۆز، ئیجازەی هۆلێكی گەورە وەرگیرابوو، تیپی مۆسیق و هەلپەركێ ئامادەبوون، پاش نیوەرۆی 23/3/1982 چووین بۆ شوێنی ئاهەنگ پۆلیسێكی زۆر لە شوێنەكە بوون. دوای زانیمان سەفارەتی عێراقی فشاری زۆریكریدبوو بۆ رێگەگرتن لە ئاهەنگی نەورۆز، بە گشی هەموو لایەك ورەیان زۆر بەرز بوو واماندەزانی "لە شاخەكانی كوردستانین"، ئەم رۆژە بەرێز عومەر شێخ موسی ئەندامی سەركردایەی ینك ئامادەبوو و چەند قسەیەشكرد. زۆربەی خوێندكارە كوردەكانی باشور، لە زانكۆ، لە بەشی "تەلارساز"ی دەیانخوێند، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتێكنیكۆی شارەكە كە ئاشنایەتی لەگەل دۆزی كورد پەیدا كردبوو و داوەتی ئاهەنگەكەش بوو لەسەر مەسوئلیەتی خۆی، بۆ ئێوارەكە، هۆلێكی زانكۆی پێداین. د. عیسام داود كەركوكی كە دەسالێك دەبوو لە ئیتالیا دەژیا حەریف حەفل بوو، زۆر بە حەماس و رقەو قسەی دەكرد، ئافرەتێكی ئیتالی، جلی كورد لەبەردابوو، هێنا سەر سەكۆ و گۆتی "ئەمە میرێللا گەللێتیە، پێشمەرگەیەكی كوردی ماندونەناسی ئیتالیایە .... هتد"، هەموو لایەك دلمانخۆش بوو و بە چەپلەرێزان پێشوازیمان لێكرد. ئەویش كۆمەلە قسەیكرد "بژی كوردستان، ئەی رەقیب" و چەند قسەیەكیتری كرد.
كە گەرامەوە شاری پیزا و لەگەل زانكۆ خەریك بووم و لە 1983 بەشداری كۆرو سێمینارمكرد بە زمانی ئیتالی، سەرچاوەە زۆر كەم بوو، ئەوكات، بەلای كەمی، رۆژانە تەماشای 4 ـ 5 رۆژنامەی ئیتالیم دەكرد، بە تایبەتی لاپەرە هەوالەكانی دەرەوە، زوو زوو گوتاری میرێللا گەللێتیم دەكەوتە بەرچاو و كۆمدەكردنەوە. پاشان لە 1985 زۆربەی وتارەكانی گەللێتی لە گۆڤاری "سیاسەتی نێودەولەتی و رۆژهەلاتی نوێ" كۆكردەوە و بە یارمەتی شارەوانی پیزا و نەقابەی كرێكاران بە هەزاران دانەیان بۆ كۆپیكردمەوە.
لە نەورۆزی 1987 لە شاری پیزا زنجیرە چالاكیەك دەربارەی كوردستان لە 13 تا 24/3/1987، بە یارمەتی هاورێ ئیتالیەكان، ئامادەكرد، تا 2006 تەنها كوردێك بووم لە شاری پیزا. چالاكیەكان بریتیبوون لە.
ـ پێشانگایەكی فۆتۆگرافی لەسەر كوردستان،
ـ كۆرێك بە ئامادەبوونی خاتو گەللێتی، د. كەمال فواد و بەندە.
ـ 24/3 ئاهەنگی مۆسیقاو هەلپەریكێ.
كە تەلیفۆنم بۆ میرێللا كرد و باسی چالاكیەكەم بۆیكرد گۆتی "تۆ بە تەنهای كو ئەو هەموو چالاكیەت ئامادەكردووەو كێ مەسروفەكە دەكێشێ!!".
لە چەپەوە، د. جاسم تۆفیق خۆشناو، د. تێرێزە لۆنگۆ، پرۆفیسۆر میریللا گەللێتی، د. كەمال فواد و خاتونێك ووتارەكەی د. كەمالی لە ئەلمانی دەكردە ئیتالی، شاری پیزا ـ ئیتالیا 24/3/1987
كە هات دلی زۆر خۆش بوو، بە تایبەتی زۆر لە نووسینەكانی خۆی، وەكو مەلزەمە، دانرابوون، یەكسەر دەستیكردە توێژینەوەكەی " كوردو كوردستان لە نووسراوەكانی ئیتالیدا: لە سەدەی 13 ـ 19 زا" و گۆتی "ئەوەت چۆن و لە كوێ دەست كەوتووە؟"، منیش وەلامم دایەوە و پێم ووت "ئەوە خەریكم بیكەمە كوردی"، لە راستیدا هەموو كارەكەم تەواو كردبوو. داوەتیكردم بۆ مالەكەی لە شاری بۆلۆنیا كە بۆ خۆی پەرتوكخانە و ئەرشیڤێكی گەورە بوو، لیستی ئەو ووتار و توێژینەوانەی پێدام كە ئەنجامیدابوون.
لە 11/12/1980 وتارێكی، لە جیاتی ناوی خۆی، بە ناوی "لەیلا قاسم" لە رۆژنامەی "ئەڤانتی" بلاوكردبووەو دامە دەست.
لەم كاتەوە بە بەردەوامی پەیوەندیمان بەیەكەوە هەبوو، بەیەكەوە بەشداری زۆر كۆرو سێمینارمان كردوە لە شار و زانكۆكانی ئیتالیا لە مانگی 6ی 1990 بە رێز فەرەیدون عەبدولقادر، وەكو ئەندامی سەركردایەتی ینك سەردانی ئیتالیاكرد، من و بەرێز جەبار موستەفا باخەوان (تەلار ساز و مامۆستای زانكۆ) لە نزیكەوە یاوەریمانكرد، لە رۆژانی 7 و 8 چووینە مالی پرۆفیسۆر گەللێتی، كاك فەریدون بەم پەرتوكخانە گەورە و دەولەمەندە سەرسام بوو، ئەو ماوەیە زۆر قسە و باسمانكرد.
لە بەیانی 9/4/2003، رۆژی كەوتنی رژێمی سەدام من و میرێللا گەللێتی بەشداری مێزگردیەكی تەلەفزیۆنیمان كرد لە شاری رۆما، لە كەنالی یەكی دەولەتی (لە رایی).
ناوی هەندێك لە كتێب و نامیلكەكانی پرۆفیسۆر گەللێتی بە زمانی ئیتالی
Curdi e Kurdistan nelle opere italiane dal XIII-XIX secolo, Oriente Moderno, 1978
كوردو كوردستان لە نووسراوەكانی ئیتالیدا: لە سەدەی 13 ـ 19 زا
I Curdi nella storia, CHIETI, Vecchio Faggio, 1990
كوردەكان لە مێژودا،
Fiaba curda: La volpe e la vecchina, Bologna, Campomarzo Editrice, 1992
حیكایەتێكی كوردی: مام رێوی و پیرێژن، جیرۆك بۆ مندالان
Favole curde, Bologna, Campomarzo ed, 1996
حیكایاتی كوردی، جیرۆك بۆ مندالان
Cristiani del Kurdistan, Jouvenence, 2003
فەلەكانی كوردستان
Storia dei Curdi, Jouvence, 2004
مێژووی كورد
I Curdi: un popolo transnazionale, Roma, Studi & Saggi, 1999
كوردەكان: میللەتێكی ترانس نەتەوەیی
Cucina e tradizioni del popolo curdo, Ananke, 2008
خواردن و داب و نەریتی گەلی كورد
Le relazioni tra Italia e Kurdistan, Roma, 2001
پەیوەندیەكانی نێوان ئیتالیا و كوردستان
Storia della Siria contemporanea. Popoli, istituzioni e cultura (Bompiani, Milano, 2006
مێژووی سوریای هاوچەرخ
Sviluppi del problema curdo negli anni 80 (prima parte), in Oriente Moderno, 1990
پەرەسەندنەكانی دۆزی كورد لە سالانی 1980 (بەشی یەكەم)
Sviluppi del problema curdo negli anni 80 (seconda parte), in Oriente Moderno, 1992,
پەرەسەندنەكانی دۆزی كورد لە سالانی 1980 (بەشی دووەم)
La politica italiana verso assiri e curdi (1920-1943), in Storia Contemporanea, giugno 1994 n. 3.
سیاسەتی ئیتالیا بەرامبەر بە ئاشوری و كوردەكان لە سالانی 1920 ـ 1943
Iraq: il cuore del mondo, Edizionilabrys , 2011
عێراق: دلی جیهانە
1
Alle radici del dialogo tra Curdi e Turchi, in in Kervan Rivista Internazionale di studi afroasiatici, n. 1 gennaio 2005.
رەگی دیالۆگی نێوان كورد و تورك
Un dipinto della battaglia di Cialderan in Sicilia, in Kervan Rivista Internazionale di studi afroasiatici, n. 2 luglio 2005.
تابلۆیەكی زەیتی لەسەر شەڕی چالدێران
ئێمە كە بەشێكی زۆر كەممان لە توێژینەوە ئەكادیمیەكانی خاتو گەللێتی لەبەر دەستایە و خوێندۆتەوە شاهیدی دەولەمەندی، مێتۆدی زانستی، پوختەو راستگۆیی بابەتەكان دەدەین، تیشكی رووناكی خستۆتە سەر زۆر لایەنی شاراوەی مێژووی كوردستان. بە هیوای ئەوەی لە ئایندە كەسانی پسپۆر و شاۆەزا شەن و كەونی ئەم سەرمایە بە نرخانە بكەن و لە فەوتان رزگاریلن بكەن.
هەوالی كۆچی دوایی پرۆفیسۆر گەللێی.
بەیانی 5/9/2012 كە گەیشمە ئۆفیسەكەم پۆستی ئەلكترۆنیم كردەوە نامەیەكی گەللێتیم دیت، یەكسەر كردمەوە و "سامگرت"ی بووم، دەلێ "سلاو بەرێزان، من (ئەندریًیە)ی برازای پرۆفیسۆر گەللێتیم، بە دلێكی پر لە ئازار و خەمناكەوە پێتان رادەگەییەنم كە پلكی خۆشەویستمان كۆچی دوای كرد و لە نێومان نەما".
بە رێز ئەندرێیە ژمارەی تەلیفۆن و پۆستی خۆی رەوانەكردبوو، بۆ ماوەیەك ئاگام لە خۆم نەما، كزو مات بووم، دەمودەست پرسەنامەیەكی كورتم رەوانەكرد، و هەوالەكەم بۆ ژمارەیەك هاورێ و دۆستی كورد لە ئیتالیا و دەرەوە رەوانەكرد. ئەندرێیە هەوالەكەی بۆ 40 كەس و لایەن رەوانكردبوو كە ئەدریسەكانیان لای پوری هەبوون، من ناوی چەند كەس و لایەنێكی كوردستانیم ناسی، لەوانە: مەكتەبی حكومەتی هەرێم لە ئیتالیا، سەفیری عێراق لە ئیتالیا(د. سەیوان بارزانی)، كۆنگرەی نەتەوەی كورد لە ئەمەریكا، ئەنستیتوی كورد لە پاریس، ئەكادیمیای كوردستان لە هەولێر ... هتد.
پاشان سەعاتی 9 بەیانی بە تەلیفۆن پەیوەندیم بە د. عیسام داود و ئەندازیار جەبار موستەفا باخەوان كرد كە هەردووكیان لە نزیكەوە دۆستی پرۆفیسۆر گەللێتین. لە رۆژانی داهاتوو 3 جار بە تەلیفۆن پەیوەندیم بە بەرێز ئەندرێیە كرد و ووتی رۆژی 8/9 مەراسیمی بە خاكسپاردنی لە شاری رۆما دەكەین.
میرێللا گەللێتی ژیانی خێزانی پێك نەهێناوە، ئەو تەنها "پەیامێكی" هەبوو ئەویش خزمەتكردنی مێژوو، شارستانی و دۆزی كوردستان بوو. تەنها دوو برازای هەیە بە ناوەكانی "ئەندرێبیە و سێرێنە" كە لە شاری بۆلۆنیا دەژین.
روژی 8/9 بۆ بەشداری لە مەراسیمەكە چوومە رۆما، پێشبینیم دەكرد سیاسەتمەدارو روناكبیرانی كورد دەستە بە دەستە ئامادەبن كەچی بە داخەوە یەك كەس ئامادەنەبوو، 4 سفیری عێراق لە ئیتالیا، ڤاتیكان، فاو و لە كۆمكاری عەرەبی، بە خۆیان و ستافەكەیان ئامادەبوون، بە دلنیایەوە ئەمەش بە هەول و هیمەتی د. سەیوان بارزانی بوو. من دووجار دەرفەتم بووە سەفیری عێراق ببینم و بە كورتی قسەم دەگەل كردوە، خوێندنی زانكۆی لە پاریس تەواو كردووە و نوێنەری پدك بوو، كەسێكی رووخۆش و زیرەك دێتە بەرچاو، دۆستی نزیكی پرۆفیسۆر گەللێتی بوو و زوو زوو سەردانی دەكرد، بە قسەی خۆی 2 رۆژ پێش مردنی (1/9/) سەردانی مالەكەی كردبوو و ماوەی 3 سەعات لای بوو و هەندێ وێنەشی گرتووە، وا هەست دەكرێت د. سەیوان بارزانی ئاخیر كەس بووە گەللێتی بینیووەو قسەی لەگەل كردووە. قەدەر وابوو ئەجەل هاتووەو بە ناوادە دلە گەورەكەی لە لێدان كەوتووە. ئەندرێیەی برازای رۆژانی 2 و 3 تەلیفۆن دەكات و وەلام نیە، مەسیج و ئێمەیل دەنێرێ بۆ پلكی و وەلامی نیە، بە ناچاری پۆلیس ئاگادار دەكەنەوە و ئەو راستیە تالەیان بۆ ئاشكرا دەبێت.
مەراسیمی بە خاكسپاردنی پرۆفیسۆر میرێللا گەللێتی، سەفیری عێراق لە ئیتالیا، د. سەیوان بارزانی ناوی لە دەفتەری پرسەنامە تۆمار دەكات.
تەرمی خوا لێخۆشبێت پرۆفیسور میرێللا گەللێتی
تەرمی خوا لێیخۆشبێت پرۆفیسور میرێللا گەللێتی
مەراسیمی بە خاكسپاردنی پرۆفیسۆر میرێللا گەللێتی لە شاری رۆما، لە 8/9/2012 لە كەنیسەی:
Basilica dei SS. XII Apostoli in Piazza dei Santi Apostoli, 51 ـ Roma
بە پێی بەلگە پزیشكیەكان، لە دەمی ئەندرێیەی برازای، دەبێت 2/9 دڵی وەستابێت و ئەمری خەای كردووە، بە فەرمی رۆژی مردنی 4/9.
لە كوردەكانی ئیتالیا كە ئامادەی مەراسیمەكە بوون:
د. عیزەت سەیدۆ، د. شاهین سابیر (شێرۆ)، زیاد لە 40 سال دەبێت میرێللا دەناسن، د. عیسام داود، 40 سالە یەكتر دەناسن و لەیەك شار (بۆلۆنیا) بوون، نەجات تالەبانی، سۆران یاسین و هێڤی دێلارا.
لەبەر دەرگای ئەو كەنیسەیەی مەراسیمی مالئاوایی پرۆفیسۆر گەللێتی لێئەنجامدرا، لە راستەوە:
د. جاسم تۆفیق خۆشناو، د. عیسام داود، د. سەیوان بارزانی، نەجات تالەبانی، هێڤی دێلارا، د. شاهین سابیر (شێرۆ)، دیار سەعید، د. عیزەت سەیدۆ.
خاتو میرێللا لە كاتێكی زۆر دژوار و ناسك خەمی كوردی خستە سەر شان، زەماوەندی ئەبەدی لەگەل دۆزە روایەكەی كرد، زۆر بە ویژدان، راستگۆیی و دلسۆزی خزمەتیكرد. زۆرجار كەوتبووە ژێر فشار و هەرەشەو مەترسی، ئێمە ئاگادار و دلنیایین كە زۆرجار، لە لایەن دەولەتانی داگیر كەری كوردستان، هەولدراوە بە پارەو پول و پۆستی ئەكادیمی پرۆفیسۆر گەللێتی بێدەنگ بكرێت و رێرەوی توێژینەوەكانی پێ بگۆڕن بەلام ئەو وەك چیا سەركەشەكانی كوردستان سەری بەرز و پڕ لە شكۆی دانەنواند و تا دوا هەناسە رووی لە خەو، خەم و پەیامی گەلی كوردسان وەرنەگێڕا. مەخابن لە رۆژی مەراسیمی بە خاك سپاردنی نوێنەری هپچ حیزب و دامەزراوەی كوردستانی ئامادە نەبوو، تاكو ئێستاش میدیای كوردستانی بە دوو وشەش باسیان نەكردووە.
میرێللا گەللێتی كەلێنێكی گەورە لە مێژوو، ئەدەبیات و توێژینەوەی ئەكادیمی بەجێدێلێت كە بە زەحمەتی پڕ دەكرێتەوە، پە پێویستی دەزانم بۆ بەرزراگرتنی یادی ئەو كەڵە ژنە، ئەو پێشمەرگە ماندوو نەناسەی كوردستان چەند پێشنیارێك بخەمە بەردەستی دامەزراوە فەرمیەكانی كوردستان: حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، وەزارەتی رۆشنبیری و خوێندنی بالای هەرێم و ئەكادیمیای كوردسان.
1 ـ كڕینی خانوەكەی پرۆفیسور گەللێتی لە شاری رۆما، بە رەزامەندی و راوێژی واریسەكانی، كردنەوەی "سەنتەری كولتوری كوردستان ـ میرێللا گەللێتی". دەبێتە پێگەیەكی مەعنەوی و كولتوری بۆ كوردستان و دەبێتە هۆی پاراستنی ئەرشیڤەكە بۆ نەوەی نوێ و ئایندە.
2 ـ كردنەوەی هەمان سەنتەر لە هەرێمی كوردستان، كۆپیكردنی (كاغەز و دیجتال) هەموو ئەرشیڤەكەی ئیتالیا و بردنی بۆ كوردستان بە مەبەستی پاراستن و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی. هەولدان بۆ وەرگیڕانی كارەكانی میرێللا گەللێتی لە زمانی ئیتالی بۆ سەر زمانی كوردی و زمانەكانیتر.
3 ـ ناونانی قوتابخانەیەك لە شارەكانی كوردستان بەناوی "میرێللا گەللێتی".
4 ـ دانانی خەلاتی "میرێللا گەللێتی" بۆ توێژینەوەی ئەكادیمی لەسەر مێژوو و شارستانیەتی كوردستان.
5 ـ چاندنی نەمام و درەخت بە ناوی میرێللا گەللێتی لە پارك و باخەكانی كوردستان.
6 ـ سازكردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی بۆ ناساندنی میرێللا گەللێتی و كارەكانی بە نەوەی نوێ، چاوپێكەوتن دەگەل ئەو كەسانەی لە نزیكەوە میرێللا گەللێتیان ناسیووە، چ لە ئیتالیا و چ لە دەرەوەی ئیتالیا.
پیزە ـ ئیتالیا، 11/9/2012
لە شارۆچكەی ئەنزولا دیللا ئێمیلیا Anzola dellWmilia لە دایك بووە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست