پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان... مەهزەلە و كۆمیتە
Tuesday, 05/06/2012, 12:00
بریاڕم دا بوو هیچ نەڵێم .. سەری ئەم بابەتە داخەم و بیدەمە دەست خوا و مەڵبەند یان كۆمیتەی ئێستای دەربەندیخان ، بەڵكو ئەمە خوایە ئاوێك بكەن بەم ئاگرە دا ، لە نزیكەوە دووكەلأ و زیانەكانی كەم بكەنەوە ، و لەوە زیاتر ناوی ئەم شارە ئازیزە ناشیرین نەبێت..
پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان ، كە مافێكی ڕەوای شارەكەمانە لەوەش زیاتری بۆ بكرێت ، لە كاتێكی ناسك و سەردەمێكی ناسك دا لە دایك بوو ، وەك هەموو فەرمانگە و دام و دەزگاكانی تری ئەم حكومەتە ، مەڵبەندی ئەو كات دەستی شەریفی تێدەخات و لە نزیكەوە پیاوێكی بۆ تەرخان دەكات ، كە ئەزموونی لە ئەزموونی خوێندكارێكی زانكۆ زیاتر نەبووە لەو كاتە دا ، پیاوێك لە زانكۆی سلێمانی شارەزاییەكی بێ وێنەی هەبوو لە تۆمار كردنی غیابات و ئامادە بوونی سەر هۆڵەكانی تاقیكردنەوە و ڕێكخستنى كتێبەكانی كتێبخانەی زانكۆی سلێمانی بەشی كارگێری و ئابووری ، ئەم پیاوە لە كاتێك دا بوو بە ڕاگری پەیمانگایەكی تازە لەدایك بوو لە سنووری شارەكەمان دا كە بازنەی زانیاری و توانا كارگێڕیەكانی لە هەمان ئاستی ئەو كاتب و نوسەرانە دا بوون كە بۆ ئەرك سووك كردنی مامۆستاكانی زانكۆ داوای یارمەتیان لێ دەكرا ، وەك هەموو جارەكانی تر ئەم جارەش مەڵبەندی پارێزگاى گەرمیان كە ئەو كات بەڕێز (حمە قاشتی) بە هۆی كوتلەكاریەوە پۆستی سەرۆكی ئەم مەڵبەندەی وەرگرت ، ئەم پیاوەى لە زانكۆی سلێمانى هێناوەیەوە و لە چاودێری كتێبخانەی كۆلێژەوە كردی بە ڕاگری پەیمانگەیەكی تازە سەر پێ كەوتوو ، كە دیارە هەزارەها هەڵبژاردنی تری لە بەر دەست دا بوو بۆ ئەوەی پیاوێكی تری حیزبی لە زانكۆی سلێمانی یان پەیمانگای تەكنیكی سلێمانیەوە بهێنێتە جێگەكەی ، بە مەرجێ خزمەت و شارەزایی و لێهاتوویی زیاتر بێت و چەند كەسێكی وەك چاودێری كتێبخانەكەی لەمەڕ خۆمان شارەزا بكات بە كار و باری بەڕێوەبردنی پەیمانگەیەكی تازە ،سەیر لەوە دایە ئەم پیاوە كاتبەی ناو كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی سلێمانی بە ئینتیمایەكی تۆخ سەر بە یەكگرتووی ئیسلامی یە و خەڵكی شارەكەش گەواهی ئەو مەسەلەیە دەدەن ، لەوەش هەزەلی تر ئەوەیە لە جیاتی كەسێكی خزمەتكاری شۆڕشی گەلەكەیان كە وەك خۆیان دەڵێن هەمیشە خزمەتكاری ئەو خێزانە شەهیدانەن ، لە جیاتی ئەوە ئەم پیاوە كاتبەی كۆلێژی كارگێڕی و ئابورری هێنایەوە كە خوا پێم نەگرێ دەڵێن باوكی لە سەر جاشایەتی شەهید كراوە ، لە كاتێك دا مەڵبەند هەمیشە دژی لایەنگر و هەوادارنی ئەو دوو ئۆپۆزیسیۆنە بوونەتەوە بە تایبەتی برایانی یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان . ئەمە جگە لەوەی كە بە دان پێدانانی ئەندامانی مەڵبەندی ئەو كاتە و كۆمیتەی ئێستای دەربەندیخان چەندین جار ئەم كاتبە بانگ كراوە بۆ مەڵبەند و لێپرسینەوەی زۆری لەگەلأ دا كراوە لەسەر ئەو مەسەلانە ، بە تایبەتی پاش ئەوەی كە بەڕێز " مەردان چاو شین " بووە سەرۆكی مەڵبەند لە سنووری دەربەندیخان . خوا پێم نەگرێ وەك ئەوەی دەگێڕنەوە چەندین جار ئەندامانى مەڵبەند تەپڵەكەی جگەرەیان بە ڕوو دا بەرز كردوەتەوە و كاكەی چاو شین نەیهێشتووە شتی خراپ ڕوو بدات .
ڕاگر و پرۆژەكانی :
ئەم پیاوە كاتبەی كە ئێستا ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی دەربەندیخانە ، بەختێكی خراپی هەیە لە هەڵبژاردنی شتەكان دا ، من تەنها بە دوو نمونەی بچووك دەچمەوە سەر كارەكانی كە لە نزیكەوە ئاگام لێی هەبووە ، یەكەم : ئەم پیاوە كاتبەی زانكۆی سلێمانی بۆ دەرخستنی دەسەڵات و شارەزایی خۆی لە سەرەتای كردنەوەی پەیمانگەكەوە هەوڵی دا ، لقێكی یەكێتی ئابووری ناسان بهێنێتە دەربەندیخانەوە ، كە ئەو كات مایەی دەست خۆشی و پێداهەڵدان بوو ، من لە ڕێگەی كۆمەڵێك هاوڕێ و هاوپیشەوە ئاگادار كرامەوە كە وێنەی و پرۆفایلی خۆم بدەم بە چەند كەسێك بۆ ئەوەی ناسنامەی ئەم ڕێكخراوەم بۆ دەربكەن و شانازی بكەم بە ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان لە دەرچووی ئەم كۆلێژە بووم (لە زانكۆی سەلاحەدین) ، بەڵام ئێستاشی لەگەلأ دا بێت نە هەواڵێكی ئەم ڕێكخراوە و نە ئەندام و نە لق و نە پرۆفایل و نە وێنەكەم نازانم ، كە ماوەیەك پێش ئێستا بە ڕێكەوت لەگەلأ هاوڕێیەك دا باسم كرد ، وتی ئەو پیاوە دەست بداتە هەر كارێك ئەنجامەكەی لەوە باشتر نابێت .
دووەم : وەك بیرتان بێت ماوەیەك لەمەو پێش بە هەوڵی چەند لایەنێك ئەم پیاوە كاتبە بۆ ئەركێكی گرنگ پرسی پێ كرا و ڕاسپاردەى خەڵكی خرایە ئەستۆ ، بەوەی هەڵمەتێكی پاككردنەوەی ئاوی سیروان لە ئەستۆ بگرێت ، لەبەر ئەوەی جەنابیان بە هۆی ئەو مەقام و پایەوە لەوانەیە كەسی گرنگ بناسێت ، پاش دوو كۆڕ و كۆمەڵێك سەردان و ماسی خواردن لە ئوتێل پاڵاسی دەربەندیخان لەگەلأ برادەرانی مەڵبەند و كۆمیتە دا ، نە ئاوەكە ئەسەری ما و نە ئەم كاتبەش جارێكی تر مەسەلەی ئەزمەى ئاوی لە شارەكە دا خستەوە بیری خۆی . (بێ گومان تەنها بە كورتی بواری ئەوەم هەیە باسیان بكەم) .
ڕاگر و فەرمانبەر و تەزكیەی حیزب
لەبەر ئەوەی پێشتر و لەم بابەتە دا ئاماژەم بە هەڵبژاردنی ئەم كاتبە باڵە فڕەیەی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری كرد كە چۆن لەو سەری ئیسلامەتیەوە بۆ ئەم سەری سۆسیال دیموكرات سەنگەری گواستەوە و بە هۆیەوە كرا بە ڕاگری پەیمانگەكە ، ئێستا بە كورتی دەمەوێ ئەوە بڵێم كە ئەم پیاوە یەكەم كەس بووە لەو پەیمانگەیە دا چەند كەسێكی بە بڕونامەی پەیمانگە دامەزراندووە و تەنها یەك كەسی تێدایە كە سەرۆكی بەشی ژمێریاری یە و بڕونامەی بەكارلۆریۆسی هەیە (لە زانكۆی سەلاحەدین) ، جگە لەوەش لەو پەیمانگەیە دا دەرچووی بەشەكانی وەرزش و تەندروستی و بڕوانامەی ئامادەیی تێدایە ، كە بە هیوام كۆمیتەی دەربەندیخان ئەوەندە جورئەتیان بجوڵێ و هەموو ئەو ناوی خوێندكارە دەرچووانەی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری بڵاو بكەنەوە كە ناویان لەم پەیمانگەیە دەرچووە و بە هۆی ئینتیمایان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یان یەكگرتوو خەتێكی ڕەشیان بە سەر ناوەكەیدا هێناوە ، سەرەڕای ئەوەی ئەو كاتبە بەڕێزە چەند جارێك بانگهێشتی مەڵبەند كراوە و لە سەر ئەوە شتی زۆر كەوتووتە نێوانیانەوە .
لەم نوسینە دا تەنها ویستم لە سەر یەك لایەن قسە بكەم ، ئەویش دەرچوونی ئەو خوێندكارانەیە كە بە بڕوانامەی دیبلۆم سبەینێ دەردەچن ، من دەست خۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم بە دڵسۆزی یەوە كار لەم شوێنە دا دەكەن ، بەڵام گەورەترین مەهزەلەیەك كە لەوانەیە لە قوتابخانەیەكی بنەڕەتیش دا ڕوو نەدات ئەوەیە كە :
1. بە ئاگاداری ئەو كاتبەی پێشووی زانكۆی سلێمانی و ئەم ڕاگرەی ئێستاى پەیمانگەی دەربەندیخان ، بەحسی تخرج دەدرێت بە فەرمانبەرەكانی ئەو پەیمانگایە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی بەحسەكە بكەن و گفتوگۆی لەسەر بكەن (جگە لە م. سەرگولأ حسن) . لە كاتێك دا لەوانەیە زۆربەیان بڕوانامەی ئەو خوێندكارانەیان نەبێت كە بەحسەكەیان لێ وەردەگرن .
2. ئەو فەرمانبەرە بەڕێزانەی لەو دەزگا فێرخوازیە دا كار دەكەن ، هەڵگری بڕوانامەی پەیمانگا یان ئامادەیی یان هەر شتێكی ترن كە مافی ئەوەیان نییە سەرپەرشتی شتێكی لەو شێوەیە بكەن ، گفتوگۆی بكەن ، پلەكانى وەرگرتنی ئەو بەحسە دیاری بكەن ، چونكە لە بنەڕت دا خۆیان بە ئەزموونێكی لەو شێوەیە دا گوزەریان نەكردووە (لەگەلأ ئەوەی هەندێك لەو فەرمانبەرانە ئێستا دەستیان كردوەتەوە بە خوێندن لە زانكۆكانی قەرەداغ و لە تایبەتمەندی جیاواز دا ، وەك كاكەی كاتب لە وەڵامەكەی بۆ ڕووناكی پرێس دا ڕوونی كردوەتەوە " كە هەندێكیان بۆ خوێندنی ماستەر وەردەگیرێن و خوێندنیش گوناح نییە ... واى كە هێشتا ئەوەندە بیر تەسكی ، ئاگای تەزكیەی حیزب و هەوڵە مایە پووچەكانی مرۆڤە جیەكان پێ نازانی ..) .
3. ئەوەی كە مایەی پێكەنینێكی نەبڕاوەیە ئەوەیە كە ئەم فەرمانبەرە بەڕێزانە ، وەك ئەوەی خۆیان بڕوانامەیەكی بەهێزیان نییە كە تەحەددای پێوە بكەن ، یارمەتیەكی زۆری ئەو خوێندكارانە دەدەن بۆ تەواو كردنی بەحسی تخرجەكە ئەوەش بە هێنانی بەحسەكان لە ئینتەنێتەوە و بە ئامادە كراوی ، بە شێوەیەك لە سەر هەر بابەتێك بتەوێ ئەو فەرمانبەرە بەڕێزانە زۆر لە خۆ بووردانە كار لە سەر ئەنتەرنێت دەكەن و یارمەتی خێرا و خۆڕاییت لەو بوارە دا پێشكەش دەكەن ، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن لەو خوێندكارانە خۆیان بپرسنەوە ، لەوەش خۆشتر ئەوەیە كە ئەو بەحسانە لە زانكۆیەكی دەرەكی پێشكەش كراوە و دەزگا یان دامەزراوە یان بانك یان ڕێكخراوێكی بە بەحسی مەیدانی وەرگرتووە كە نە خوێندكارەكە و نە سەرپەرشتیارەكە و نە ڕاگرەكەش بە ڕێكەوت ناویان نەبیستووە ، و بە چەند ساڵی تریش بنكەیەكی بچووكی ئەو دامەزراوانە نایەنە ئەم هەرێمەی ئێمەوە .
بە هیوای ئەوەی كە مەڵبەند و كۆمیتەكەی لەمەڕ خۆمان لە نزیكەوە خەمێكی جددی ئەم بابەتە بخۆن ، چونكە لە سەرەتاوە خۆیان تەشریفی كردنەوەیان فەرموو ، ئێستاش دەتوانن لە نزیكەوە بە چاوێكی خزمەتكارانەوە بە مەسەلەكە دا بخشێننەوە ، با لەوەش زیاتر نەبینە مەسخەرە و گاڵتەجاڕی ئەو خوێندكارانەی كە لێرە و لەوێ گلەیی قورسیان لە پەیمانگەكە و كاتبەكەی هەیە .
كاردۆ دەربەندنی
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست