کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژنامەى ئاسۆ بەحەوت سەموونى گەرمەوە

Wednesday, 14/09/2011, 12:00




"هەموو بەیانییەك پێش كاتژمێر حەوت..حەوت سەموونى گەرمو رۆژنامەیەكى ئاسۆ لەبەردەم شوقەكەتدا دادەنرێت بەنرخى 1000 دینار" ئەم دێڕە هەرگیز ریكلامكردن نییە بۆ رۆژنامەى ئاسۆ، بەڵكو ریكلامى (هونەر)ى سەموون فرۆشە كەدەیەوێت بەكەڵك وەرگرتن لەرۆژنامەى ئاسۆ سەرنجى دانیشتووانى شوقەكانى كوردستى باشورى شارى سلێمانى بۆ كرینى سەموونەكەى رابكێشێت.

پێرێ یەكەمین رۆژى جێبەجێكردنى ئەو ریكلامەى (هونەر)بوو كە پێشتر بە دەرگاكانى شوقەكانەوە هەڵیواسیبوو، بەڵێ رێك وابوو، كاتێك بینیم حەوت سەموونى گەرمو رۆژنامەیەكى ئاسۆ لەبەردەم دەرگاى ماڵەكەمان دانرابوو. ئەمەشیان ریكلامكردن نییە بۆ (هونەر)ى سەموون فرۆش كەگەنجێكە دەیەوێت لەرێگەى سەموون فرۆشتنەوە لەگەڵ خێزانەكەیدا درێژە بەژیانبدەن.

بەكورتىو بەكوردى، من نە مەبەستم بەرزكردنەوەى تیراژى رۆژنامەى ئاسۆیە، نە بەرزكردنەوەى تیراژى سەموونەكانى هونەرە، ئەوەندە نەبێت دەمەوێت ئەو هەوڵَو ماندووبونەى كاسپییەكەى" یان رونتر" بیرۆكەكەى (هونەر) بقۆزمەوە تاوەكو ڕەخنە لەو سیاسەتى بەرێوبردنى ماركێتینە بگرم كەئێستا رۆژنامەو گۆڤارەكانى هەرێمى كوردستان پەیڕەوى دەكەن. كە بەبێ گومان ئەو سیاسەتە، پارە پەیداكردن بۆ بەرهەمە رۆژنامەوانییەكانیان، تەنها ئەبەستێتەوە بە بەدەستهێنانى ڕیكلامى كۆمپانیاكانو ئاگادارییەكانى دادگاو ژورە بازرگانییەكان.

ئەگەرچى ریكلامى بازرگانى بۆ بەردەوامبوونو خۆژیاندنى رۆژنامەو گۆڤارەكان گرنگى خۆى هەیەو لەزۆرێك لەرۆژنامەو گۆڤارە ئەهلییەكان بەبڕبڕەى پشتى بەردەوامبوون دادەنرێت، بەڵام ئەوە تەنها یەك بوارى جیهانى ماركێتینە، ناكرێت بوارەكانى ترمان بیر بباتەوە كە گرنگترینیان گەیاندنى رۆژنامەكەیە بەئاسانترین شێوە بۆ فراوانترین جوراگرافیاو گوندە دورە دەستەكان، لەكاتێكدا دەكرێت خوێنەرى تۆ گەنجێك یان مامۆستایەكى قوتابخانەیەكى بنارى قەندیل بێت، یاخود فەرمانبەرێكى خانەشینكراوى 70 ساڵەى ناو شوقەیەكى قەراغ شار یان كەمئەندامێك بێت كە نەتوانن بەئاسانى بگەنە نێو بازاڕە سیخناخەكان بۆ كڕینى رۆژنامە.

لەدنیاى ئەمرۆى رۆژنامەوانی جیهاندا فراوانكردنى مەوداكانى بازاڕ بۆ فرۆشتنى رۆژنامەو گۆڤارەكان لەئاستێكى ئەوەندە فراوانە كە بە بەشداربوونێكت لەرێگەى ئۆنلاینەوە بۆ ڕۆژى دواتر دەگاتە ناو حەوشى ماڵەكەت.

وەك ئاشكراشە ئێستا لەهەرێمى كوردستاندا گفتووگۆیەكى گەرم لەسەر دابەزینى تیراژى رۆژنامەو گۆڤارەكان لەئارادایە. ئەوەى كە لەناو بازنەى زۆرینەى گفتووگۆكاندا دەخولێتەوە گەڕانەوەیە بۆ هۆكارى بەكارهێنانى ئەنتەرنێتو ئاى فۆن لەلایەن هاوڵاتیانو زۆربوونى سایتەكانى هەواڵو كەمبوونەوەى ریكلامى كۆمپانیاكان، هەندێك جاریش پەنجەى تۆمەت بۆ كۆمپانیاكان درێژ دەكرێت كەگوایە هۆشیارییان بەرامبەر گرنگى ریكلام نییە بۆ بەرهەمەكانیان، ئەگەر زۆربونى تەكنەلۆجیا بەشێكى هۆكارەكە بێت، ئەوا هەڵگرانى ئەم قەناعەتە ئەوەیان بیرچووە كە كۆمپانیاى خاوەن ڕیكلام بەدواى ئەو كەناڵانەدا دەگەرێت كەبەرچاوى زۆرترین خەڵك دەكەوێتو دەچێتە دورترین جێگە.

لەراستیدا ئەوەى تەماشاى ئەو هەوڵانەى بەشى ماركێتینى رۆژنامەو گۆڤارەكانى هەرێمى كوردستان بكات كەلەپێناو فراوانكردنى بازاڕ پەیداكردن داویانە زۆر بەسنوردارى دێتە پێش چاو، چونكە سنورى بڵاوەكردنەوەى بەرهەمەكانیان لەچەند چێشتخانەیەكو چەند ماركێتێكى گەورە تێناپەرێت. ئەم كەشەى كەئێستا كارەكانى ماركێتینى رۆژنامەگەرى كوردى پێدا تێدەپەرێت واباشترە سەرپەرشتیارانى بە (marketing officer) ى سەر "فەرشى سور". ناوزەندیان بكەین. كەلەپشت مێزەكانیانەوە دانیشتوونو بازاڕ تەنها بەپەیداكردنى ریكلامەوە دەبستنەوە نەك خوێنەر.

هەوڵەكەى (هونەر)ى سەموون فرۆش بۆ پەیداكردنى بازاڕى زیاتر بۆ سەموونەكەى هەوڵێكە دەكرێت ببێتە ئاشكراكردنى بیرۆكەیەكى نوێ بۆ بەشى ماركێتینى دامەزراوە رۆژنامەوانییەكانى ترى هەرێمى كوردستان، راستە رەنگە زۆربەیان بڵێن هەوڵى گەیاندنى بڵاوكراوەكان بەماڵەكان پێشتر لەئارادابووەو دواتر شكستى هێناوە، بەڵام ئەم بیرۆكەیەى (هونەر) هونەرێكى ترى بڵاوكردنەوەیەو كەڵك وەرگرتنەكەشى دووجەمسەرە، هەم بۆ سەرفكردنى رۆژنامەكەو هەم بۆ فرۆشتنى سەموونەكە.

ئێستا وەك هەنگاوى یەكەم، دەرفەتێكى باش لەبەردەم بەشەكانى ماركێتینى دامەزراوە رۆژنامەگەرییەكان لەئارادایە تاوەكو كەڵك لەو تەقینەوەیە وەرگرن كەلەچواردەورى شارەكانى هەرێمى كوردستان لەبوارى دروستكردنى یەكەى نیشتەجێ بوون لەئارادایە بەوەى لەگەڵ سەموونى گەرمدا بەیانیان بەرهەمەكانیان بگەیەننە ماڵەكان. دیارە ئەم پرۆسەیە پلانى پێش وەختى دەوێت، بۆ سەركەوتنى ئەو پلانەش سەموونى گەرمو هەواڵى گەرم باشترین كەرەستەیە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە