بەر لە دەست بەكاربوونی پرسەی كابینەی شەشەم راگەێندرا.
Sunday, 04/10/2009, 12:00
ئەوەی سەرنجی راكێشام بۆ نوسینی ئەم بابەتە دوو گۆشەی نیگا بوون یەكێكیان پەیوەندی بە تەشكیلەی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان بوو كە مەسعود بارزانی دكتۆر بەرهەم و ئازاد بەرواری راسپارد....ئەوی تریان پەیوەندی بەخۆپیشاندانی خوێندكار و قوتابی و فێرخواز و خوێندەڤانانی بەشی ناوخۆی شەهید شەوكەتەوە هەبووە كاتێك ئەو بەستەزمانانە تەنانەت لە ئاوی خواردنەوە بێ بەش كرابوون و ماوەی چەند رۆژێك بوو ئاویان لەسەر بڕابوو. جا نازانم ئەمە وەك سزادانبوو یان هەر بە قودرەتی قادر چارەنوسی رەشی ئەو خوێندكارانە بوو كە لەم كوردستانە پڕ خێر و بەرەكەتە ئەوان بێ ئاو بن و بە قەولی فێرخوازێكیش نەتوانن (غوسل لەخۆیان دەربكەن). ئیدی لەوكاتە قوتابیەك هاتە پێش كامیرا و گوتی ئەوە سەرفەتاحی كابینەی شەشەمی حكومەتی كوردستانە كە لەجیاتی پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئاومان لەسەر دەبڕی. بەهەرحاڵ ئەوەی پەیوەندی بە خاڵی یەكەمەوە هەیە ئەوە كاك مەسعود مژدەت پێ دەدەم كە ئەم كابینەیە لەبەر چەند هۆیەك هیوا و حەز و خەوی جەنابتان بەدی ناهێنێ لەبەرئەوەی.
یەكەم/ كابینەیەكی بەرتەسك كراوی یەكێتی و پارتی دەبێ، ئەوانەشی دێنە رێزی ئەم كابینەیەوە یان لەڕووی سیاسیەوە ئیفلاس بوونە و پێگەی جەماوەریەتیان نەماوە و دەیانەوێ لەم دەریای حكومەتی هەرێمە دەستی خۆیان بە پوشكەیەك بگرنەوە، یان ئەوەتا جەماعەتی ئەشهەد و بیللان و چاویان تەنها بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەخوێنێتەوە.
دووەم/ بێگومان ئەمەیان لە خاڵی یەكەم گرنگترە چونكە ئەگەر بە لۆژیكی عەقڵ تەماشای هاوكێشەی سیاسی كوردستان بكەین ئەو حەقیقەتەمان بۆ روون دەبێتەوە كە جەنابی كاك دكتۆر بەرهەم پێیەكی لە ئەرزە و پێیەكەی تری لە ئاسمان. دیارە ئەمەش نە تەشهیرە و نەسوكایەتی پێ كردن بەڵكو واقیعێكی حاشا هەڵنەگرە رەنگە بپرسێ بۆچی؟ سەر هەردوو چاوم وەڵامەكەی زۆر ئاسانە، لەلایەك سلێمانی شارە حەیاتەكەی جاران نیە، چونكە ئێستا وەك بینیمان كودەتای بەسەر یەكێتیدا كردووە و بۆتە گۆڕان. لەچاوی گۆڕانخوازەكانیش دكتۆر بەرهەم لە لیستی گەندەڵ و گەندەڵكارانە بە قەولی ئەوان مشەخۆرەكانن و باویان نەماوە و بەچاو قایمی لە سلێمانی ماونەتەوە.
هەولێر قەڵا و منارەش بەپێی تەوازوونی حیزبی سێ بەشی پارتین و بەشێكی بچووكی كۆسرەتی و یەكگرتو و شیوعی و بێ منەتەكانی كوردستانن. بەواتای ئەوەی ئەگەر كارێك یان بڕیارێك سەدجار دكتۆر بەرهەم سەرۆكی حكومەت بێ. ئەگەر جەنابی ئازاد بەرواری رای لەسەر نەبێ بێگومان رەت دەكرێتەوە و جێبەجێ ناكرێ. ئیدی ئەم هاوكێشە ئاڵۆزە چ ناوێكی لێ دەنێ كەیفی خۆتە؟!!!
دهۆكیش چاكتر وایە باسی نەكەین چونكە لە یەكگرتوو خەراترمان بەسەر دێنن.
كەركوكی دڵی كوردستان و قودسی كوردستانیش جارێ بەو شێوەیە بێت چارەنوس وەكو نەوتەكەی رەشە.
سێیەم/ ئەم خاڵە لە هی دووەمیش گرنگترە چونكە جارێكی تر سیاسەتی 50/50 زیندوو دەكاتەوە جگە لەمەش ئەگەر پێشتر (40) وەزارەتمان هەبوو ئەمجارەیان دەبێتە (60) وەزارەت لەبەرئەوەی جێگری وەزیر یان راستر بڵێین رێگری وەزیری وەك سیستەمی كۆن دووبارە دەبێتەوە. ئۆپۆزیسیۆنیش با هەر سەری خۆی لە دیوار بدات چونكە بە قەولی یەكێتی و پارتی پۆستەكان دەدرێتە كەسانی تەكنۆكرات بەمانای ئەوەی پێشوەختە ئاگادار كراوینەتەوە كە ئەمانە هەڵە ناكەن و پسپۆڕن لە كارەكانیان بۆیە دەڵێم جەنابی سەرۆك چاكی مەكە با خەراپتر نەبێ چونكە وەك دەڵێن مریشك لە ریقنەی دیارە مردار دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست