ساتیرە باس: ئەگەر نازانێت خەستی بکەیتەوە بیدە با من بۆتی بکەم
Saturday, 09/11/2013, 12:00
1531 بینراوە
زۆربەی ئێواران راهاتبوم پێش خۆر ئاوابون تەلەفونی بۆ دەکردم، کە هەڵم دەگرت یەکسەر دەیگووت:" چی ئەکەیت عەمید؟"
منیش بە پێکەنینەوە وەک خۆی وەڵامم ئەدایەوە، دەموت:
- رۆحی عەمید ئەی تۆ چۆنیت!؟ پێش ئەوەی وەڵامم بداتەوە دەموت:
- وەڵڵا لە فڵان شوێنم و حەزم لە پیاسەیە.
ئیتر وەڵامم وەرئەگرتەوە
- زۆر چاکە ئامادە بە ئەوەندەی تر لاتم.
خۆم حازر ئەکرد و چاوەڕیم ئەکرد تا ئەهات بە دوامدا و پێکەوە پیاسەیەکی ناوشارمان ئەکرد. لە سەهۆڵەکە دائەبەزین و چایەکمان ئەخوارد، (لای ئێمە چا ئەگەر یەکێک پارەکەی بدات، ئەمە داهێنانە، دەبێت بڵێیت دەخورێت، نەک دەخورێتەوە)، یان گەر برسی بوینایە لە یەکێک لە دوکانی گەسەکان لامان ئەدا و دوو لەفە گەسمان ئەخوارد. جاری وابوو من ئەمکرد بە دوو لەفە، چونکە دەمزانی ئەو پارەکە ئەدات! هەرچەندە من سور دەبوم لەسەر ئەوەی دەبێت پارەی ئەم لەفانە لەسەر من بێت، دەموت
- ئێمە دەرەقەتی پارەی ئەو لەفانە دێین!
ئینجا بە شۆخییەوە من پێم ئەوت
- پارووی چەور و دەعەوەتە گەورەکان با لەسەر تۆ بێت! تا دەستیشم ئەکرد بە گیرفانە تەسکەکەی پشتەوەی پانتۆڵەکەمدا، بۆ ئەوەی جزدانەکە دەربهێنم ئەو لێ بووبووە و پارەکەی دابوو، ئەمە لە فاروقی مەلا مستەفاوە فێربووم، کاک فاروق وەکو هەموو دەیناسن کەسێکی پیسکە و رەزیلە، بۆی گێڕامەوە دەیگووت گیرفانی دواوە تەسک و چەسپە و هونەری تێدایە هەمیشە جزدان بخەرە گیرفانی دواتەوە، چونکە بە زەحمەت بۆت دەردێت و تا دەستی بۆ دەبەیت و بیهێنیتە دەرێ، هەیهۆ برادەرەکەی لەگەڵتایە ئەو حەوت زەمانە جزدانی خۆی دەرهێناوە و پارەکەی داوە. منیش ئەمە لە فاروقەوە فیربووم هەمیشە وا دەکەم، بۆیە تا من دەستم بۆ گیرفانم برد ئەو پارەی خستوبووە مشتی خاوەن گەسەوە. هەندێک جاریش خاوەن دوکانی گەسەکە دەیویست باقی پارەکە بداتەوە، ئەو دەیوت هەڵیگرە بۆ خۆت، لەو دەست بڵاوییەی خوام نەمابوو، بۆیە هەندێک جار ئەو کە پارەکەی ئەدا ئەگەر ناسیاوێکی لەو کاتەدا پەیدا بووایە و چاک و چۆنیان بکردایە، ئاگای لە خۆی نەدەما، من لە جیاتی ئەو باقییەکەیم وەردەگرتەوە، نەم دەهێشت کابرای خاوەن گەس باقیەکە وەربگرێت من وەرم دەگرتەوە، ئەگەر پێی بزانیانە دەیوت: عەقید گیان بە خوا نابێت فەرقمان چییە وا بزانە تۆ داوتە! قابیلە من وەریبگرمەوە!
هیشتا لە نزیکەوە نەمناسی بوو. قسەگەلێکی زۆرم لەسەر دەبیست. یەکێک ئەیگوت ئەم کابرایە دەوڵەمەندیکی هەڵتۆقیوە، یەک دولاریش هی خۆی نییە و تەنها بە روکەشی بەرپرسیارە گەورەکانە، منیش دەموت: ئەها مادام وایە کەوابوو پیاوەتی بە سەر ئاوی حەمامەوە دەکات و بە دۆلاری خەڵکی لەفە بۆ منیش دەکڕێت. یەکێکی تر ئەیوت تەنها بەرێوبەری پارەی ئەو بەرپرسانەیە، کە پارە ڕەشەکانیان سپی ئەکەنەوە، منیش دەموت: جا ئەگەر مەسەلە پارە سپیکردنەوە بێت، ئەوا منیش لە ورگمدا سپی ئەکەمەوە، یەکیکی تر ئەیگوت تا چەند ساڵ لەمەوپێش بە دوو سەد دولاری ئەوت پارەیەکی زۆرە! منیش ئەموت، هەموومان وابووین و تا خانەنشینی عەمیدیمان بۆ نەبڕابۆوە بە سکێک تێر و بە سکێک برسیی بووین، دەستی خۆش بێت، خۆ بەس نییە وەک فاروقی مەلا مستەفا پیسکە و رەزیل نییە!، کاتێکیش ناسیم بینیم خۆی هەموو ئەو شتانەی بیستوە. بەڵام هەمیشە من لەو کەسانە بوم، کە حوکم لەسەر کەس لە رێگەی دەنگۆ و قسەی خەڵکەوە نەدەم، بیرم ئەکەوێتەوە ئەو خەڵکانە چەند زۆرن کاتێک باسی من ئەکەن چ دەعەجانی و ئینسانێکی ناشرینم لێ دروست ئەکەن.
ئێوارانێکی زۆر پێکەوە پیاسەی ئیوارانمان ئەکرد و بە دەم باس و خواسی دنیاوە بە سەیارەکەی بەناو شاردا ئەگەڕاێن. چەندان هەرەشەی لێکرا لە نزیکەوە لەگەڵی بوم و بینیم. ئێستاش ئەو رۆژەم بیر ناچێت کە کاتیک لەگەڵیا سواری سەیارەکە بوم لێی پرسیم "ئەری عەمید گیان چۆنە تۆ ناترسی کە لەگەڵمدا سەر ئەکەویت" لەو رۆژەوە دەیانجار ئەم پرسیارەم بەر گوێ ئەکەوتەوە و بێزار ئەبوم لەوەی، کە بۆچی ئینسانیک ئەوەندە لەژێر هەرەشەدا بیت بەردەوام هەست بکات هەمیشە و هەموو کات ئەتوانێت روبەڕوی شتیکی ناخۆش بێتەوە. دەیانجار ئەو پرسیارەم لێکرد کە بۆچی کەمیک هێمن نابێت و وەک هەر دەوڵەمەندێکی تر زۆرتر سەرقاڵی پرۆژەکانی بێت، دەییانجار پێم ئەگوت وەک کەسێک، کە بەرژەوەندیت لەم وڵاتە هەیە، ئەبێت هەوڵ بدەیت لانیکەمی پەیوەندی باشت بە هەموو کەسێکەوە هەبێت، فشارم لیئەکرد سیستەمی پەیوندیەکانی بەهیز بکات و وێنەی خۆی بە جێ نەهێڵێت بۆ ئەوەی خەلکی تر بۆی دروستبکەن. بەلام لە وەلامی ئەم تێبینیانەدا هەمیشە شتیکم لی ئەبیست، کە نابێت نە قسەی ئینسانی خۆپەرست یان هەلپەرست یان چاوچنۆک بکات. (با لێرەدا وچانێک بدەم و بە خوێنەر بپرسم، ئەرێ کوڕینە لە داتاشیندا چۆنم، باشی لیدەزانم یان نا!؟ ئاخر پیاو لە قوتابخانەی عەمیدییە دەرچوبێت دەبێت بزانێت شتی ئاواش بنووسێت! بزانێت چۆن سابۆن لە بن پێی مەسئول و دەوڵەمەندەکان دەدات! مەسەلە لێرە پرەنسیپ و مەبدەئـ نییە، مەسەلە دۆلار و دراوە).
دیسان دێمەوە سەر ئەم بەڕیزە و دەڵێم من خەمبار ئەبم. خەمبار ئەبم کە بینیم لەتاو ئازار لێوی ئەگەزێت و لەبەر قەرەباڵغی دەوروبەری روی نایەت هاوار بکات، خەمبار ئەبم کە ئەبینم تاوانی گەورەی ئەم کوڕە ئەوەیە خەوێکی بۆ ئەم وڵاتە هەیە لە خەونی زۆر کەسی ترەوە نزیکە. خەوێک کە ئەیەوێت وەک هەر کەسیکی ئەم ولاتە بەو توانایانەی لەدەستیدایە، بەشداری لە هاتنە دیدا بکات.
قەدەری ئینسان سەیرە! ئەو رۆژەی تەقەیان لێکرد یەکێک لەو ئێوارە کەمانە بوو، کە بۆ پیاسەکە لەگەڵیدا نەبوم. هەر لە خۆمەوە وەکو هەستی شەشەمینم پێم بڵێت مەچۆ ئەو ئێوارەیە لەگەڵی مەبە، چونکە شتێک دەقەومێت، چش بکە لە چا و لە گەس، قابیلە ئەو ئێوارەیە بە برسێتی سەر بنێیتەوە.
٠٩/١١/٢٠١٣
سلێمانی - قوتابخانەی عەمیدیە