گەمەكردن بە شعوری خەڵك بەسەرچوو؟!
Wednesday, 15/04/2009, 12:00
روفاتی ئەنفالكراوان ئەهێنرێنەوە بۆ خاكی نیشتیمان، وەلێ ئەنفالچیەكان هێشتا خاوەن قەدرو پێگەو پایەی سیاسی و كۆمەڵایەتین، هێشتا عەلی كیمیایی و سوڵتان هاشم و دەیان بكوژوجەللادی وەك فرۆكەوانەكە لە ژیاندان، هێشتا لە كوردستان جاش لە شەهید و جاسوس لە كوڕە شەهید سودمەندترە، هەڵەبجە هێشتا كەلاوەیەو گەرمیان پرسەخانە، یەكێتی و پارتی تاقە دوو حیزبی عیراقی كوردین كە نەیانویستووە یان نایانەوێت كارەسات و رەشەكوژیەكانی میللەتی خۆیان بكەن بە سەرمایەیەكی رەمزی واتە "ئەنفال و هەڵەبجە" بناسێنن وەك ناسنامەو شەڕی دەستوری و پەرلەمانی لەسەربكەن و وەك جینۆسایدێكی نێودەوڵەتی و عیراقی بیناسێنن بەیاسا، بەڵام دەیان شەڕی دەستوورو پەرلەمانی ئەكەن و گەشتی خێرا خێرای (رفیع المستوی) ساز ئەكەن بۆ بەغدا بەمەبەستی پرۆتۆكۆلاتی نەوت و بودجەو داهات و سەرمایەگوزاری لە بیرە نەوتەكانی كوردستان و دەیان كەمتەرخەمی ئەنوێنن بۆ مادەی 140 و كەركوك و پاشەكشەكردن لە هەندێ لە برگە دەستوریەكان، دەشیانەوێت لە هەڵبژاردنی ئایندەشدا براوەبن و خەڵكی دەنگیان بداتێ و وەك جاران بێ ركابەر بن و كەسیش لیستی جیاوازی نەبێت و لیستەكانیش بەدڵی ئەوان داخراوبێ و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بەغدادیش دەستوەردان نەكەن و لیژنەی نەزاهەش لە خۆیان بێ!! ئەمە پێی دەوترێت دیموكراسیەتی فاشی، ئێستا ئەو دووحیزبەی كە 18 ساڵە داهات و سیاسەت و بەرێوەبردنی ئەم هەرێمەیان كۆنترۆڵكردووە، دەیانەوێت لاواندنەوەی خانەوادەی شەهیدەكان و ئەنفالكراوەكان و سەروەری و برینەكانی رابردوو، نمایشكردنی هەندێ دەستكەوتی لاوەكی و لۆژیكی دەمانچە، وەك سیناریۆیەكی فریودەرانەو ئەجندای هەڵبژاردن بەكار بهێنن بۆ كڕینی دەنگ و ئاشتكردنەوەی خەڵكی و لیستە جیاوازو سەربەخۆكانیش بكەنە نەیارو دوژمنی كورد، دەبێ ئیدی خەڵك بزانێت دەنگ بە كێ ئەدات و كێ گەمە بە شعوریەوە ئەكات، كێ وێنە ساختەكانی نیشتیمانپەروەری و دەستی دەرەكی بڵاو ئەكاتەوە بە ناو خەڵكیداو خەڵك پڕئەكات بە ئاراستەی بەمۆدێلكردنی یاسا فاشیەكان بۆ كاتی هەڵبژاردن و بەدوژمنكردنی لیستە سەربەخۆكان و بە جاسوسكردنی رۆژنامەنوسان و كاراكتەرانی ناو میدیای ئازادو بەدگومانكردنیان لای خەڵكی؟ ئەودەسەڵاتەی كە 18 ساڵە بە غرورێكی دەسەڵاتگەریانەوە هەموو شەرعیەت و دەستكەوتەكانی بۆ خۆی بردوەو نەیتوانیوە شارێكی مۆدێرن و گوندێكی ئەوروپی و ئەمریكی وەك ئەوانەی هەولێرو سلێمانی لە گەمیان و هەڵەبجە دروست بكات چۆن لە رووی دێت باسی سەروەری و دەستكەوت و خزمەتكردن بە خانەوادەی شەهیدەكان بكات؟ ئایا خەڵك بێ بەڵێنی و كەمتەرخەمی و جیاوازیە چینایەتیەكان و خزمایەتیەكان و لوتبەرزیەكانی ئەوانی بیر ئەچێتەوە؟ ئەو دەسەڵاتەی كە 18 ساڵە ناتوانێ كارەبا چاك بكات و جوتسایدێكی رێك و پێك بەرێتەوە بۆ هەڵەبجەو گەرمیان كە دوو ناسنامەی كارەساتی ئێمەن چۆن زاتی ئەوە ئەكات جارێكی تر خەڵكی ئەو ناوچانەو رای گشتی بە بەڵێنی زەردو سەوز ئاشت بكاتەوە؟ وەك چۆن بەڵێنی جێبەجێنەكراو بەسەرچوو رەنگە گەمەكردنیش بە شعوری خەڵكی كاتی بەسەرچوبێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست