کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


قائیمقامی دەربەندیخان ... ئاگات لێیە دەربەندیخان ئامێرێكی تیشكی تیانیە؟!

Tuesday, 26/10/2010, 12:00



سەرەتا حەزەكەم لەوێوە دەست پێبكەم كە مادام كەرتی تەندروستی پەیوەندی بەژیانی خۆمان و مناڵ و كەسوكارو هاونیشتیمانیانمانەوە هەیە كەس مافی ئەوەی نیە رێگای قسەكردنمان لەسەر ئەو كەرتە گرنگ و حەیاتیە لێبگرێت ودەبێت هەمیشە كەموكورتی و ناتەواوییەكانی ئەو بوارە لەشارەكەدا بخەینە روو چونكە هەر شكستێك یاخود وێرانبونێكی بواری تەندروستی زیانی بۆ ژیانی هەموان هەیە هەرچی كەسێكیش كە خۆی لێ بێدەنگبكات یاخود قسەی لەسەر نەكات لەگەڵ ویژدانی خۆیدا راستگۆ نیە.

لەوەتەی دەربەندیخان بوەتە قەزا هێندەی ئێستا بواری تەندروستیەكەی وێرانە نەبوەو خەڵكەكەشی هێندەی ئێستا بەدەست كەمی خزمەتگوزاریی تەندروستیەوە نەیناڵاندووە، بۆ نمونە رەنگە یەكێك پرسیار بكات و بڵێت ئەی ئەوە نیە بینایەكی گەورەو نەخۆشخانەیەكی گەورەمان هەیە، ئەوەنیە چەندین مەڵبەندی دیكەی تەندروستیمان هەیە، ئەوە نیە ئامێری سیتی سكانمان هەیە..منیش پێی دەڵێم راستدەكەیت ئەوانەمان هەیە ..بەڵام گرنگترین شتێك لەبواری تەندروستیدا بونی بینا نییە بەڵكو بەپلەی یەكەم بونی پزیشك و دواتریش بونی ئامێری پێشكەوتوی پزیشكی و دواتریش بونی دەرمانە.

بەمانایەكی دیكە ئەگەر پزیشك و ئامێرو دەرمانی پێویستت هەبێت هەبونی بینا كێشە نیە چونكە نەخۆش بینا چاكی ناكاتەوە بەڵكو ئەو سێ شتەی سەرەوە چاكی دەكاتەوە.

بابێن تەماشایەكی دەربەندیخان بكەین كە دانیشتوانەكەی نزیكەی 50هەزار كەس دەبێت بزانین لەبواری تەندروستیدا چی هەیە و چی نیە.

دەبێت سەرەتا جورئەتی ئەوە بكەم بڵێم لەم شارەدا كێشەی دەرمان نیە، دیارە ئەوەش بۆ خەمخۆری و لێهاتوی ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە كەلەبواری پەیداكردن و دابینكردنی دەرمان تازەو باش و كوالیتی بەرزدا كاردەكەن و كارمەندانی تەندروستی خۆیان دەتوانن ئەو شایەدییە بدەن.

بەڵام لەدەربەندیخان وەك وتمان بینا هەیە بەڵام پزیشك نیە،بۆ نمونە تەنها یەك پزیشكی ژنان و ئافرەتان هەیە ، پزیشكی شكاوی نیە، یەك پزیشكی گورچیلە هەیە، یەك پزیشكی بێ هۆشكاری هەیە،یەك پزیشكی سۆنەر هەیە، پزیشكی مناڵان نیە،یەك پزیشكی هەناوی هەیە.

ئاخر كەی رەوای هەقە دەربەندیخانی ساڵی 2010 ئەوەنە پزیشكی تیادابێت، ئەمە چۆن وڵاتێكە گوێ بەژیانی هەزاران نەخۆش نەدرێت و تازە بەتازە كێشەی نەبونی پزیشكیان هەبێت.

نەخۆش هەیە بەڵام ئامێر نیە، بۆ نمونە ئامێرێكی تیشكی (سیتی سكان)هەیە كەچی هەفتەی یەك رۆژ نەخۆش دەبینێت و تەنها تیشكی كەللە سەر دەگرێت، ئامێری تیشكی(اشعە) ئاسایی كە لەشارەكانی دیكەدا نەك لەنەخۆشخانەكاندا بەڵكو لەهەموو مەڵبەندێكی تەندروستیدا هەیە كەچی لەدەربەندیخان دوو ئامێرهەیە یەكێكیان لەمەڵبەندی ئێشكگریی 24كاتژمێرییە كە بەشكاوی بەمیرات بۆیان بەجێماوەو لەوەتەی ئەو مەڵبەندەش كراوەتەوە ئیشی پێنەكراوە، ئامێرێكی دیكەی (اشعە) هەیە لەنەخۆشخانەی گشتی دەربەندیخان ماوەی پانزە رۆژ زیاترە لەكاركەوتوە و تا ئیستا چارەسەر نەكراوە،ئامێرێكی ددان كە ئیتالییە لەكاركەوتوە. بیهێننە پێش چاوی خۆتان شارێكی پەنجا هەزار كەسی ئامێرێكی تیشكی تیادا نەبێت واتە ئەگەر كەسێك دەستێك یان قاچێكی شكا دەبێت بەپەلە بەو رێگا مەترسیدارە بفڕێندرێت بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی ئامێرێكی تیشكی بۆ بگیرێت،ئامێری ددانی تیادا نەبێت، پزیشكی مناڵانی تیادانەبێت، یەك پزیشكی سۆنەرتیابێت، ئەمە شارە یاخود لادێ؟.

جەنابی قائیمقامی دەربەندیخان دڵنیام تۆ ئاگات لەمە نیە چونكە ئاگات لەهیچ فەرمانگەیەكی شار نیە، كەی رەوای هەقە بەرێزتان قائیمقامی شارێك بن و ئاگاتان لەشار نەبێت ، ئەوەتا بپرسە بزانە ئەم شارە ئامێری (اشعە)ی تیادایە، بپرسە بزانە نەك لەكوردستان بەڵكو لە پەراوێزترین شاری ئەفغانستانیش شار هەیە ئەو ئامێرەی تیادا نەبێت بۆ ماوەی 15رۆژ، مەگەر خوداهەر بەتەنیا خۆی بزانێت كەی چاكدەكرێتەوە؟ كێ چاكی بكاتەوە؟ ئەوەنیە مەسعەدی نەخۆشخانەكە تەنها ماوەی هەفتەیەك كاری كرد و ئەو شكانە شكا تاوەكو ئێستا ساڵ زیاترە چاك نەكراوەتەوە.


من حەزەكەم جەنابتان یەك رۆژ ئەو نەخۆشانە ببینی كە بەنائومێدیەوە دەرۆنە ماڵەوە و دەبێت بڕۆن پارە قەرزبكەن تا دەڕۆن بۆ سلێمانی بۆ گرتنی (اشعەیەك).

جەنابی قائیمقام من وەك دۆستێكی یەكێتی و بەرێزیشتان كە نوێنەری یەكێتین لەو شوێنەدا پێم ناخۆشە یەكێتی لەم شارەدا باجی نەزانین وهەڵەی چەند كەسانێك بدات و هەر رۆژەی نەخۆشێك نا ئومێد دەكرێت دەنگێكی یەكێتی لەم شارەدا كەمبكات ، تكایە خەمێك بخۆن.
 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە