پەیامی جەماوەرئ ئازادی خوازی تونس بۆ خەڵکی کوردستان

Monday, 17/01/2011, 12:00


 
لەماوەیەکی کورتی مێژووییدا و دواجار لەلایەن جەماوەری ئازادی خوازی تونسەوە سەرۆکی ئەووڵاتەیان کردە پەندی زەمانەو بەسەری شۆڕەوە پەنای بردە بەر هاوشێوە دیکتاتۆرە شێخ نشینەکەی ووڵاتی سعودیە و، لەوپەڕی ڕسواییدا داوای مافی پەنابەری کرد..
جەماەری ئازادی خوازو وەتەنگ هاتووی تونس ٢٣ ساڵە لەژێر سایەی حکومەتی دیکتاتۆری " زین العابدین " دا لە ژێر هێڵی هەژاری و نا عەدالەتی و بێ ئازادیدا ژیانیان دەگوزەراند و لە سەرەتایی ترین ماف و ئیمکاناتی ماددی بێ بەش بوون .. سەرکووتی بێ پەردەی ئازادی یەکان و کۆت و بەند کردنی ئازادی بەیان و خۆپیشاندان و بڵاوکراوەکان ، هەڵمەتی گرتن و تیرۆر کردنی نەیاران و ڕۆشنبیرانی ڕادیکاڵ و چەپ بەگشتی سیمای هەرە دیارو ئاشکراتری حکومەتەکەی عابدین بوو لە چەند ساڵی ڕابردوودا .. نمایشی مەزنی ئەم جەماوەرە ئازادی خوازو زەحمەت کێشە هێندە بەدەست و برد هاتە مەیدانەوە کە نەک تەنها ئۆقرەی لەسەروکەلەی وورد و درشتی دەسەڵاتدارە فاشستە قەومی و ئیسلامیەکان هەڵگرت، بەڵکو لووتی سەرۆکە زلهێزەکانی جیهانیشی بەجۆرێک شکاند کە ناچاربوون مل بۆ گەورەیی و شۆڕشگێڕێتی پۆنگ خواردووی دەیان ساڵەی خەڵکی بەشمەینەتی تونس نەوی بکەن و پیرۆزبایی بکەن لەجەماوەری ڕاپەڕیوو کە لەدژی یەکێک لە دۆستە هەرە نزیکەکانی ئەوان هاتنە مەیدان و تەپڵی ڕیسواییان بۆ لێ دا..
٢٣ ساڵە حکومەتی سەرمایەدارو دڕندەی عابدین ئەوەندەی لە فشارەکانی بزووتنەوەی چینی کرێکاری ئەو وڵاتەوە دوور بوبێت هیچ جۆرە سڵێکی نەکردبۆوە لە سەرکوتی بێ پەردەی ئازادیەکان و لەژێر بیانووی بەرگرتن بەبزووتنەوەی فاشیستی ئیسلامی پەلامارە یەک لەدوایەکەکانی بۆ سەر حورمەت و مافەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەی بە ئاشکرا پیادە دەکرد.. بێ کاری و گرانی شت و مەک ، نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی و خەستەخانە ، دەست ڕانەگەیشتن بە ئیمکاناتی ماددی ، بی خانەو لانەیی و موحتاج بوون بۆ نانی ڕۆژ ، هەوڵدانی بێ ووچان بۆ لە نووزە خستنی دەنگی ئازادو ، ئازادی ڕۆژنامەگەری و خۆپیشاندان ، کۆنترۆڵ کردن و دەست بەسەرا گرتن و قۆرخ کردنی جومگە ئابووری و بازرگانیەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن بنەماڵەو هاوسەرو کەس وکاری عابدینەوە سەرخەتی گشتی ئەم ڕاپەڕینە مەزنە جەماوەریەی خەڵکی تونس بوو لە بەرامبەر یەکێکی تر لە هارترین حکومەتەکانی ووڵاتانی عەرەب و ناوچەکە.. بەڵام دەرس و تەجروبەکانی ئەم نەبەردە مرۆڤ دۆستانەیە بۆ ئاسۆیەکی تر ، بۆ ئاسۆی بە مرۆڤ بوونەوەی کۆمەڵگای تونس ، بۆ ئاسۆی دنیایەکی باشتر و بێ چەوساندنەوە ، بۆ ئاسۆی بیمەی تێرو تەسەل ، بۆ ئاسۆی دەست ڕاگەیشتن بە هەموو توانا ماددی یەکان ، بۆ دنیایەکی ئازادو بەرابەر هێشتا غائیبە و ئەگەر خەڵکی ئازادی خوازی تونس بە دەوری پلاتفۆرمێکی مرۆڤ دۆستانەوە پەیوەست نەبن ، لەدەوری داخوازیەکانیان ، بۆ ئازادی یەکانیان ، بۆگێڕانەوەی ئیرادەیان بۆدەستی خۆیان لەمەیداندا ئامادە نەبن و هێڵی سوور لەنێوان خۆیان و بزووتنەوە دینی و قەومیەکان دانەنێن ، ئەوا لەنزیکەوە ئیسلامیەکان و ناسیونالیستەکان خۆیان خزاندۆتە ناو ئەم بزووتنەوە مەزنەی خەڵکەوەو لیک بەلای لێویانەوە دێتە خوارێ بۆ ئەگەری سبەینێ ی دەسەڵات و حوکم ڕانی یان بۆ دووبارەو چەند بارە بوونەوەی هەمان تراجیدیای کۆنی ٢٣ ساڵە.. یەکێک لەخەتەری سەرسەختانەی ئەم ڕەوەندە بزووتنەوەی هارو وەحشی ئیسلامیە کە ئەگەر بچێتە دەسەڵاتەوە ئەوا تەجروبەی ساڵانی نەوەدەکانی جەزائیر بەڵام بەچەشنێکی دڕندانەتر دووبارە دەبێتەوە ، هەروەک چۆن دەسەڵاتی مرۆڤ کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەناوی خەڵکی بەشمەینەت و چینی کرێکارەوە ، وە بەناوی شۆڕشەوە خۆی ڕێک خست لەساو پەنای وەهم و خۆش باوەڕی یەکانی خەڵکی ئێڕان و دواتر بوو بە یەکێک لە خوێن ڕێژ ترین و دڕندەترین حکومەتی مەلا و ئاخوندەکان لە ئێران.. یان وەک چۆن لەدوای پرۆسەی وێران کردنی عێراقەوە چەندین دەستەو تاقم و چەقۆکێش و جڕو جانەوەرانی ئیسلامی و قەوم پەرستەکان عێراقیان کردە شانۆی خوێناوی ترین ڕوداوەکانی جیهان و بەسەدان هەزار مرۆڤی سڤیل و بێ تاوانیان کردە قوربانی سوونەتەکانی حەزرەتەکانی جزیرەی عەرەب و لەسەر ناوچەی نفوزو دەسەڵات و بەرژەوەندی یەکانیان سیناریۆیەکی ڕەشیان بۆ خەڵکی ئازادی خوازی عێراق هێناوەتە پێشەوە و بەئاشکرا سەروەت و سامانی ئەم ووڵاتەیان فەرهودی کردو خەڵکی دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانیان کردۆتە سواڵکەری بەردەرگای نێو دەوڵەتی و هەموو لایەکیان ڕێکەووتوون کە ئەم ووڵاتە بگێڕنەوە بۆ سەردەمی جەهالەت و ژێر سایەی جەللادان و خوێن ڕێژەکانی جەزیرەی عەرەب .. ئەمە ئەو دەرس و وانەیەیە کەبەداخەوە لەناو ئەم شەپۆلە مەزنە جەماوەری یەی خەڵکی تونسدا بەئاشکرا دیارە .. سەرباری بەهێزبوونی بزووتنەوەی چەپی ئەو ووڵاتە ، غائیب بوونی ئاسۆی سۆسیالیستی لەم نەبەردە مرۆڤ دۆستانەیەدا گرنگ ترین زوعفی ئەم بزووتنەوەیەیە کە ناتوانێت دواجار خۆی جیا بکاتەوە لە بزووتنەوە ی قەوم پەرست و ئیسلامیە کان و ڕۆڵی ڕاستەقینەو واقیعی خۆی ببینێت لەدیاری کردنی چارەنووسێکی مرۆڤ دۆستانە بە قازانجی گشتی خەڵکی بەشمەینەت و ئازادی خوازی تونس . ئەمە سەنتەری یەکلایی کردنەوەی دوو بەرژەوەندی جیاوازی چینایەتیە بەرەو دنیایەکی باشترو بەرەو ئاسۆی ڕزگاربوونی هەرچی زیاتر لەزوڵم و چەوساندنەوە ، بەرەو ژیانێکی شایستەی مرۆڤ دۆستانە.. بۆ بەلاڕێدا نەچوونی ئەم بزووتنەوەیەو ، بۆ بە ئاکام گەیاندنی ئامانجە بەرهەقەکانی ئەبێت ئەم ئاسۆیەیە لای خەڵکی تونس ئاشکرا بێت و لەژێر چەتری ئەم جیهان بینی یەدا پەیامی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بدەن بە ووڵاتانی ترو تا ئێرەش بە کوردستان .. ئێمەش لێرەوە وێڕای ڕێزو نەوازشمان بۆ بەرەی ئازادی خوازو خەڵکی ستەم دیدەی تونس ، وێڕای دەست خۆشی بۆ گڕو تینی نەپساوەیی ٣٠ ڕۆژەتان کە بەبرسێتی و بێ پارەو پوول ڕۆژتان لەسەر شەقامەکانی ترسدا ئەکردەوە لە پێناوی شاربەدەرکردنی عابدیندا و لە پێناوی وەدەست هێنانی ئازادی یەکانتاندا ، ئێمەش لە سەنگەری پارێزگاری کردندا ئەبین لە ئازادی و لە کەرامەتمان بەرەو ئاسۆیەیەکی مرۆڤ دۆستانە ، بەرەو دنیای بێ چەوساندنەوە ، بەرەو ئەو جیهانەی کە تەنها جێگای بت و جڕوجانەوەرانی تێدا نابێتەوە.. هەربژی بەرەی ئازادی خواز ..
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە