دارا ئه‌حمه‌د: ئه‌وان که‌ به‌ناو چه‌پ بن و له‌ راستیشدا راست بن هه‌رده‌بێ دووچاری ئه‌و شکسته‌ ببنه‌وه‌.

Thursday, 08/10/2009, 12:00


ئه‌من هه‌ست ناکه‌م ئێستا هیچ هێزێک یان لایه‌نێک هه‌بێ نوێنه‌رایه‌تیی چه‌په‌کانی کوردستان بکا .. چه‌په‌کانی کوردستان ئێستا له‌هه‌موو کاتێک په‌رشوبڵاوترن به‌ڵام له‌نێو هه‌موو هێزه‌کان قورسایی خۆیان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی ئاستێک بۆ خراپه‌کارییه‌کانی لایه‌نه‌ لیبراڵ و ناسیونالیست و دینییه‌کان دابنێ هه‌ر ئه‌وانن به‌تایبه‌تییش له‌ لایه‌نی پێشخستنی باری رۆژنامه‌گه‌ریی و کاری رۆشنگه‌ریی و پاراستنی فه‌رهه‌نگی چین و توێژه‌ نه‌داره‌کان و بردنه‌پێشی کێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی و به‌رگریکردن له‌ ماف و ئازادییه‌کانی هاوڵاتییان.

رزگار کۆچه‌ر: لەدوا هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان شکستى هێزە بەناو چەپەکانى کوردستانمان بینى هۆکارى شکستەکان بۆچى دەگەرێندرێتەوە ؟
دارا ئه‌حمه‌د: ئه‌منیش پیموایه‌ که‌ ئه‌و هێزانه‌ی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنیان کرد ته‌نیا به‌ناو چه‌پن و ئه‌وانه‌ی به‌شداریشیان نه‌کردووه‌ و ته‌نیا خۆیان خۆ به‌ چه‌پ ده‌زانن هه‌ر به‌ ناو چه‌پن. لای من چه‌پ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ ده‌توانن گوزارشت له‌ ویست و ئامانجه‌کانی چین و توێژه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌کانی کۆمه‌ڵ بکه‌ن و کارتێکردنێکیان هه‌بێ له‌سه‌ر دروستکردنی ژیانێکی باشتر بۆ ئه‌وان و چه‌ند هه‌نگاوێک ته‌کانیان دابێ به‌ ره‌وتی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی. ئه‌تو خۆت وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی خۆت دایته‌وه‌ .. ئه‌وان که‌ به‌ناو چه‌پ بن و له‌ راستیشدا راست بن که‌چی بانگه‌شه‌ی چه‌پبوون بکه‌ن هه‌رده‌بێ دووچاری ئه‌و شکسته‌ ببنه‌وه‌ و هۆکاره‌که‌شی هه‌ر ئه‌وه‌یه‌. ئێستا خه‌ڵکی کوردستان بای ئه‌وه‌نده‌ هۆشیارن که‌ ئه‌گه‌ر لایه‌ن و که‌سانێک هه‌ر به‌ناو چه‌پ بوون لێیان دوور بکه‌ونه‌وه‌ یان ده‌نگیان پێنه‌ده‌ن.

رزگار کۆچه‌ر: لە کوردستان تەنانەت هێزە ناسیۆنالیستەکانیش دەیانەوێت بەرگى چەپ بوون لەبەرخۆ بکەن من دەپرسم کامە هێز لە کوردستان نوێنەرایەتى چەپخوازانى کوردستان دەکات ؟
دارا ئه‌حمه‌د: هێزه‌ ناسیونالیسته‌کانی ئێمه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر لێانگه‌ڕێ و سندادنیان لێبدا، چونکه‌ ئه‌وان هه‌رکێیه‌ک و هه‌رچییه‌ک باو بێ یان هێزی هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌ون و خۆ به‌ ئه‌و داده‌نێن. سه‌رده‌مێک که‌ چه‌پی سۆڤیێتیی و ماویی و گیڤارایی هێزیان هه‌بوو و باویان بوو سه‌رجه‌می بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیی ته‌نانه‌ت به‌ کاژیک و پاسۆک و مه‌لا دینییه‌کانیشه‌وه‌ خۆیان به‌ چه‌پ و سۆسشیالیست ده‌زانی .. کارتێکردنێکیش که‌ ئه‌گه‌ر ئێستا له‌سه‌ریان مابێ ئه‌وا هه‌ر هی ئه‌و کاتی پێش داڕووخانی به‌ناو بلۆکی سۆشیالیستییه‌، ئه‌من هه‌ست ناکه‌م ئێستا هیچ هێزێک یان لایه‌نێک هه‌بێ نوێنه‌رایه‌تیی چه‌په‌کانی کوردستان بکا .. چه‌په‌کانی کوردستان ئێستا له‌هه‌موو کاتێک په‌رشوبڵاوترن به‌ڵام له‌نێو هه‌موو هێزه‌کان قورسایی خۆیان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی ئاستێک بۆ خراپه‌کارییه‌کانی لایه‌نه‌ لیبراڵ و ناسیونالیست و دینییه‌کان دابنێ هه‌ر ئه‌وانن به‌تایبه‌تییش له‌ لایه‌نی پێشخستنی باری رۆژنامه‌گه‌ریی و کاری رۆشنگه‌ریی و پاراستنی فه‌رهه‌نگی چین و توێژه‌ نه‌داره‌کان و بردنه‌پێشی کێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی و به‌رگریکردن له‌ ماف و ئازادییه‌کانی هاوڵاتییان.

رزگار کۆچه‌ر: بەرامبەر شکستەکانیان زۆرجار هێزە چەپڕەوەکانى کوردستان قسە لەسەر هۆکارە جیهانیەکان دەکەن پێت وایە لەپاڵ ئەم هۆکارە چەندین هۆکارى ترى ناوخۆ نییه‌ کە بونەتە رێگر لەبەردەم فروان بوونى بەره‌ى چەپ لە کوردستان.
دارا ئه‌حمه‌د: وه‌ک گوتمان هێزێک نییه‌ چه‌پ بێ بۆیه‌ چه‌پ شکستی نه‌هێناوه‌ به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ن که‌ ناویان له‌خۆیان ناوه‌ چه‌پ و شکستیان هێناوه‌، لای من چه‌پ شتێک نییه‌ که‌ وه‌ک بۆماوه‌ بۆت بمێنێته‌وه .. ده‌کرێ ره‌وت و هێزی لیبراڵیی و ناسیونالیستیی و دینیی له‌ قۆناغێکه‌وه‌ بۆ قۆناغێکیتر به‌ بۆماوه‌یه‌یی بمێننه‌وه‌ ده‌سته‌ ده‌سته‌ جێگای یه‌کتر بگرنه‌وه‌ چونکه‌ هزر و پێکهاته‌که‌یان ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێ به‌ڵام بۆ چه‌پ ئه‌وه‌ دروست نییه‌ چونکه‌ چه‌پ ئه‌و ره‌وت و پێکاته‌ هزریی و کرده‌ییه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵن و بۆ کۆمه‌ڵیشن .. که‌چی هێزه‌کانتیر زۆرکات ده‌کرێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ و له‌ژێر کارتێکردنی هه‌ندێک که‌سی به‌رژه‌وه‌ندخواز دروست ببن و نه‌ک هیچ بۆ کۆمه‌ڵ نه‌که‌ن ته‌نانه‌ت زۆر جار به‌ دروشم و قسه‌ی هه‌له‌ق و مه‌له‌ق ره‌وتی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵ بشێوێنن و بیچه‌وسێننه‌وه‌، به‌ڵام که‌ چه‌پ لایدا ئه‌وا تووشی سه‌رگه‌ردانیی و گه‌ڕه‌لاوژێ ده‌بێ و وه‌ک هێزه‌کانیتر ناتوانێ به‌شێوه‌ی بۆماوه‌یی پارێزگاریی له‌خۆی بکا واته‌ له‌ قه‌ل ده‌بێ و له‌ کۆتریش.

ره‌نگه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا که‌ خۆیان پێ چه‌په‌ له‌ سه‌رده‌مانێک هێزێک بووبن ته‌کانێکیان به‌ ره‌وڕه‌وه‌ی چوونه‌پێشی ژیان دابێ و وه‌ک به‌ره‌ی چاکی کۆمه‌ڵ له‌به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی خراپی کۆمه‌ڵ وه‌ستابنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه واتای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئه‌وان هه‌ر به‌ چه‌پیی بمێننه‌وه‌ و پشتاوپشت بۆیان بمێنێته‌وه‌‌ چونکه‌ له‌ سه‌رده‌مێکی وه‌ک ئێستا که‌ به‌هۆی زاڵیی سیسته‌می چه‌وسێنه‌ری سه‌رمایه‌داریی باری شۆڕشگێڕیی وه‌ک قۆناغێکی کاتیی لاواز بووه‌ چه‌پێکی ئاست به‌رزتر و نوێتر و به‌هێزتر پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێویستییه‌کانی سه‌رده‌م بێ ، راستیی و دروستیی چه‌پیش هه‌ر له‌وه‌دایه‌ که‌ گۆڕانێکی گشتگیر به‌سه‌ر جیهاندا دێ و قۆناغی نوێ دێته‌پێشه‌وه‌ ئیدی چه‌پی رابردوو‌ ناتوانێ گوزارشت له‌ چه‌پببوون یان ئه‌و هێزه‌ بکا که‌ ده‌کرێ کۆمه‌ڵ پێشبخا به‌ره‌و ژیانێکی باشتر به‌ڵکه‌ ده‌بێ نه‌وه‌یه‌کی نوێ به‌ هزر و سیاسه‌تێکی نوێ بێته‌ پێشه‌وه‌.. دیاره‌ هاتنه‌پێشی ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ش کاتێکی پێویستی ده‌وێ و به‌ چه‌قه‌نه‌یه‌ک نایێته‌ ئارا چونکه‌ له‌ لایه‌ک به‌هۆی تێچوونی چه‌په‌ کۆنه‌که‌ به‌ره‌ی خراپه‌کار به‌هێزتر ده‌بێ و له‌لایه‌کیتریش چه‌په‌ کۆنه‌که‌ش هێنده‌ به‌ ئاسانی رێگه‌ بۆ چه‌پی نوێ چۆل ناکا و له‌سه‌رووی ئه‌وانه‌ش داهێنان و کاری نوێ خۆی هه‌زار و یه‌ک کێشه‌ی هه‌یه‌ بۆخۆی به‌تایبه‌تیش له‌ ده‌می به‌سه‌رچوونی قۆناغی کۆن و چه‌که‌ره‌کردنی قۆناغی نوێ. جا بیانووی چه‌په‌ کۆنه‌کان بیانوو و هوڕێنه‌ی بێسه‌روبه‌رن بۆ لاوازیی و شکسته‌کانیان و واز له‌و قسه‌ خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌شیان ناهێنن تا به‌ ته‌واوی جێپه‌نجه‌یان ره‌شده‌بێته‌وه‌ و دیار نامێنن.

راسته‌ ئێستا چه‌پ وه‌ک هێزێک له‌به‌رچاودا نییه‌، هۆیه‌که‌شی هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستا قۆناغێکه‌ زانستی نوێی زۆر بایه‌خدار هاتۆته‌ ئارا و دێته‌ ئارا و سه‌رپای ژیانی مرۆڤه‌کانی گۆڕیوه‌ و ده‌گۆرێ به‌ڵام زیندوێتیی چه‌پ له‌وه‌دایه‌ که ‌هه‌رده‌م چاوه‌ڕوانی هاتنی ئه‌و زانسته‌ نوێیه‌ ده‌کا که‌ گۆڕانکاریی ریشه‌یی به‌سه‌ر ژیان و خودی مرڤ ده‌هێنێ و ده‌یخاته‌ قۆناغێکی جیاواز .. تا ئه‌ویش بتوانێ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و گۆڕانه‌ به‌ره‌ی گه‌ل واته‌ به‌ره‌ی چاکخوازیی بگونجێنێ و به‌ هزر و ئاسۆیه‌کی رۆشن چه‌کداری بکا به‌رامبه‌ر به‌ به‌ره‌ی خراپه‌کاریی و خراپه‌خوازیی ئیدی قۆناغ به‌ قۆناغ هه‌ر ئه‌وه‌ کاری ده‌بێ تا ده‌گا به‌وه‌ی هه‌ردوو به‌ره‌ له‌یه‌ک به‌ره‌ی ئه‌وتۆ بتوێنێته‌وه‌ که‌ ئیدی مرۆڤه‌کان ملمڵانێی یه‌کودوو ناکه‌ن و هه‌موو هێزێکیان ده‌خه‌نه‌کار بۆ ململانێکردن له‌گه‌ڵ سروشت و گۆنجاندنی بۆ به‌رده‌وام چاکترکردنی ژیان تێیدا.

رزگار کۆچه‌ر: تێکەل بوونى هێزە چەپ رەوه‌کانى کوردستان لەگەل دەسەڵاتداران و سازشکردنیان لەسەر مافى هاوڵاتیان تا چەند بۆتە رێگر بۆ ئەوەى چەپ پیگەى لاواز بێت.
دارا ئه‌حمه‌د: پرسیاره‌کانت هه‌ر بۆ ئه‌وه‌مان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵێک هێزی چه‌پ له‌ کوردستان هه‌ن‌ ، ئێمه‌ش ده‌توانیین هه‌ر بۆت دووباره‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌وان چه‌پ نین ، ئه‌گه‌ر نا چۆن ده‌توانن تێکه‌ڵ به‌ ده‌سه‌ڵاتداران - به‌ تایبه‌تییش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ کۆنه‌په‌رست و چه‌وسێنه‌ره‌ی کوردستان‌ - بن و سازش له‌سه‌ر مافی هاوڵاتییان بکه‌ن، من پێموایه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان بۆ لای ده‌سه‌ڵات نه‌‌چن و هه‌ر پێ له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ له‌ چه‌‌پ دابگرن ئه‌وا زیانیان پتر ده‌بێ بۆ چه‌پ چونکه‌ ناساندنی چه‌پ به‌و جۆره‌ی ئه‌وان پێگه‌که‌ی زۆر لاوازتر ده‌کا.. بۆیه‌ باشترێکه‌ که‌ ئه‌وان به‌ته‌واویی تێکه‌ڵ‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتداران بن چونکه‌ ئه‌و کات به‌رچاوی خه‌ڵکی دڵسۆز بۆ هزری چه‌پگه‌ریی رۆشنتر ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و پشێویی و ته‌مومژه‌ به‌ته‌واوی ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و ئاسانتر ده‌توانن رێگای خۆیان ببیننه‌وه که‌ چه‌پێکی نوێیه‌‌ به‌پێی بارودۆخی نوێ و پێداویستییه‌کانی.

رزگار کۆچه‌ر: ئیسلامیەکان پاش ئەوەى دوو هێزى بەناو چەپیان لە کوردستان لە بەرەیەک رێک خست تا لە هەڵبژاردنەکان بەژدار بن تاچەند ئەم بەرەیە واى نیشان دا کە چەپ لە کوردستان بەرامبەر بەرژەوندییه‌کان هەمیشە ئامادەیە قوربانى بە ئایدلۆژیاکەى بدات.
دارا ئه‌حمه‌د: ئه‌و دوو هێزه‌ی باسیان ده‌که‌ی هه‌ر ته‌نیا خۆیان خۆ به‌ چه‌پ ده‌زانن ده‌نا له‌ روانگه‌ی خه‌ڵک و به‌ پێی پێکهاته‌ هزریی و سیاسییه‌کانیان و له‌ کرده‌وه‌شدا فڕیان به‌سه‌ر چه‌په‌وه‌ نییه‌ به‌ تایبه‌تییش گروپه‌که‌ی (کاکه‌ حه‌مه‌) که‌ کوڕانی بنه‌ماڵه‌ی خێێڵێکن و به‌ پاڵپشتی ده‌زگا سیخوڕییه‌کانی کۆماری کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی ئێرانیی دامه‌زراون.

ئیدی که‌سێک یان گروپێک هه‌ر ته‌نیا به‌ ناو هه‌ڵگری هزر و سیاسه‌تێک بێ ئه‌وا لای ئاساییه‌ ملکه‌چی ده‌سه‌ڵات بێ و بۆ هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندیی - کورسی و پاره‌ - ئه‌و به‌ناو هزر و سیاسه‌ته‌ی‌ بفرۆشێ و ببێته‌ سه‌ربار به‌سه‌ر میلله‌ت و ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک پێشێل بکا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک لایه‌ن و هه‌ندێک که‌س که‌ پێشتر به‌ رێکه‌وت به‌ناو چه‌پ بوونه‌ کات و ماندووبوونێکی زۆریان گه‌ره‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگی چه‌پیێتیی له‌به‌رخۆیان دابماڵن .. بۆ نموونه‌ که‌سێکی وه‌ک (حوسێن سۆران) که‌ پێشتر به‌هه‌ر شێوه‌ک بووبێ چه‌پ بووه‌ ئێستا که‌ ده‌بینێ پارووی چه‌ور لای به‌ناو هێزه‌ چه‌په‌کان نه‌ماوه‌ هاتووه‌ یه‌ک په‌رتووکی قه‌باره‌ گه‌وره‌ - به‌ڵام نێوه‌رۆک پووچ- ی به‌ناوی (کارل مارکس و ئه‌فلاتون - له‌ تۆتالیتاریزمی فیکره‌وه‌ بۆ تیرۆرکردنی به‌های ئازادی!) نووسیوه‌ هه‌ر ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ستایشی سیسته‌می چه‌وسێنه‌ر و دڕنده‌ی سه‌رمایه‌داریی پێ بکا و خۆی به‌ ده‌روێش و دڵسۆزی ئه‌ندێشه‌ پووچه‌کانی نووسه‌ره‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانی وه‌ک مه‌ریوان و به‌ختیار و ... هتد* بناسێنێ به‌لکو ئێھ له‌ کونێکی ئه‌و سیسته‌مه‌ هار و هاجه‌ جێگه‌یه‌کی بکه‌نه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌که‌ن ناتوانن به‌ ئاسانی ببنه‌ جێگای باوه‌ڕی ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی که‌ بۆی هه‌ڵده‌گه‌رێنه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بێ زۆر له‌وان پتر هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر چه‌پ و هه‌ر هزر و رۆشنبیرییه‌ک که‌ له‌ راژه‌ی خه‌ڵکی نه‌دار و ئه‌و ره‌وته‌ پشکه‌وتووخوازه‌کاندایه‌ که‌ ده‌توانن به‌رانگژی چه‌وسێنه‌ران ببنه‌وه‌ و ره‌چاوی ئه‌وه‌یان لێده‌کرێ بتوانن ئازادیی و یه‌کسانیی و سه‌رئه‌نجام ئاسووده‌یی بۆ مرۆڤ وه‌ک تاک و وه‌ک کۆمه‌ڵ دابین بکه‌ن.
_______________________________
* جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌من نه‌مویستووه‌ و نامه‌وێ باسی ئه‌و جۆره‌ نووسه‌رانه‌ بکه‌م و به‌ چه‌ند رسته‌یه‌ک هێڵی راست و چه‌پیان به‌سه‌ردا بهێنم و پووچه‌ڵییه‌کانیان ده‌ربخه‌م به‌ڵکه‌ هه‌ر شایه‌نی ئه‌وه‌ش نین کاتیان پێ بکوژی چونکه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موو ئاواتێکیان ئه‌وه‌یه‌ (وه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی که‌ پسایی له‌ کانی ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خراپه‌‌ش بێ هه‌ر باسی بکرێ!) هه‌رچۆنێک بێ باسیان بکرێ له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کیدیش زۆر حه‌ز ده‌که‌ن پێنووسێکی راشکاوانه‌ی دژ به‌ سه‌رمایه‌داریی به‌رانگژیان ببێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌یه‌که‌یان لای ئاغاکانیان ده‌ربکه‌وێ و ببنه‌ جێگه‌ی باوه‌ڕیان، به‌لام وه‌لامی پرسیاره‌که‌ پێویستی به‌ نموونه‌یه‌کی له‌و بابه‌ته‌ هه‌بوو.

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە