کابینەی هەشتەم بەبێ وەزارەتی سامانە سرۆشتیەکان
Tuesday, 22/10/2013, 12:00
1818 بینراوە
یەكی لەو سیناریۆ نوێیەی پارتی لە کابینەی هەشتەم دەرهێنانی چەند وەزارەتێکە کە ڕەنگە بدرێت بە چەند لایەنی بەشداربووی حکومەتە بنکە فراوانەکە. دیارە پارتی هەروا نایەت و ئەو وەزارەتە گرنگانەی وەك (سامانە سروشتیەکان، ناوخۆ، ئاسایشی گشتی و دارایی) کەوا مشتومڕێکی زۆری لەسەرە کە ئاخۆ جگە لەپارتی ، چ لایەنی تر داوای ئەکەن و ڕەنگە پارتیش دەست بەرداری هەندێکی بێ. بۆیە بۆ ئەوەی بتوانێ لایەنەکان ڕازی بکا لەو حکومەتە بنکە فراوانە، پارتی دێت و جگە لەچەند وەزارەتێك بۆ خۆی و ڕەنگە بۆ هاوپەیمانەکەی(یەکێتی)، ڕازی ئەبێ بەوەی کەوا هەریەك لە(گۆڕان و ئیسلامیەکان) هەندێ پۆستی گەورەیان چنگ بکەوێ.
ڕەنگە ئاسایی بێ لای هاوڵاتی کە (گۆڕان و ئیسلامیەکان) پلەو پۆست و وەزارەت وەربگرن بەمەرجێ ئەو پۆستانە توانای ئەوەی هەبێ هەندێ چاکسازی و ڕیفۆرم لە کابینەی نوێ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەئەنجام بگەیەنێ، لێ لەڕاستیدا ئەو نەخشە ڕێگایەی گۆڕان و لایەنەکانی تر بەتەمان لەڕێگای ئەو پۆست و وەزارەتانەدا چاکسازی تیا دروست بکەن هەروا ئاسان نابێ و ڕەنگە نەتوانن هەموو ئەو ئاوات و داواکاریەی خەڵکی جێبەجێ بکەن. ئەویش لەبەرئەوەی کەوا پارتی هەروا بەئاسانی دەست بەرداری ئەو وەزارەتانە نابێت کە ئۆپۆزیسۆن چاوی لێبڕیون.
وەزیری سامانە دزراوەکان(ئاشتی هەورامی) بەنیاز نیە وەك وەزیر لەکابینەی نوێ بمێنیتەوە. بەو پێیەش پێشنیاری کردوە کە وەك وەزیرێکی بێ جامتا بمێنێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا ، ئەو پێشنیارەی ئەو گەورە مافیاو دزە تەنها بۆ ئەوەیە کەلەدەرەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان (ئەنجومەنی تەرخانکردنی پارەی نەوت) دروست بکاو خۆی وەك کۆمپانیایەك چاودێری بکاو بەشێك نەبێ لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان. بەمەش پارتی ئەتوانێ واز لەداواکردنی ئەو وەزارەتە بێنێت و لەهەمان کاتیشدا لەدەرەوەی وەزارەت کەسیكی وەك ئاشتی هەورامی بمێنێتەوە بەڵام بەناو و نیشانێكی نوێ و پلەو پۆستێکی تر.
هەمان سیناریۆ بۆ ئەو وەزارەتانەی تریش هەروا ئەبێ کە ڕەنگە پارتی دەست بەرداریان بێت. بەمانایەکی تر تەنها بۆ فریودانی شەقام و لایەنەکانی تری پرۆسەی دامەزاراندنی کابینەی هەشتەمە.