کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گرێنتی، کۆمه‌ڵگای نا گه‌نده‌ڵ، خێزانی مۆدێرنه‌...

Friday, 13/02/2009, 12:00


چاکسازی، وشه‌یه‌کی ئه‌فسووناو‌یه‌، له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا و له‌سه‌رزاری کاربه‌ده‌ستانی ناو ده‌زگا جۆراوجۆره‌کان به‌سڤیل و ناسڤیل، ته‌نانه‌ت له‌ناو یه‌که‌ی بچووکی خێزانیش ده‌وترێت و ده‌بیسترێته‌وه‌، مه‌به‌ست لێی و سه‌رهه‌ڵدانی و دووباره‌کردنه‌وه‌ی نیشانه‌ی قه‌یران و کێماسییه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌تا مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاش هه‌بێت کێشه‌کان نابڕێنه‌وه‌، که‌واته‌ پێویستمان به‌چاکسازی ده‌بێت
به‌ڵام، چاکسازی له‌کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه‌ بۆ یه‌کێکی دی جیاوازه، وه‌ک هه‌ر دیارده‌یه‌کی دی ڕێژه‌ییه‌ گه‌ر وردتری بکه‌ینه‌وه‌، بڕوانینه‌ ڕه‌وشی ئێستای هه‌رێمی کوردستان، که‌سه‌دای چاکسازی له‌هه‌موو کاتێک به‌گووڕ و تینتره‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قووڵی کێشه‌کان، بۆته‌ مایه‌ی پشتشکاندنی له‌سه‌دا شه‌ستی خه‌ڵکی!
ئه‌و باره‌ وای کردووه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ژماره‌ییه‌ک له‌سیاسه‌تمه‌دار، تا دوێنێ به‌شێک بوون‌ له‌چێکردنی ئه‌و ڕه‌وشه‌، بهێنێته‌ په‌یڤین و بێده‌نگی بشکێنن. که‌سانی پله‌یه‌کی نێو ده‌سه‌ڵات، ده‌زانن مه‌ترسییه‌که‌ خه‌ریکه‌ سه‌ریان ده‌خوا و خه‌ریکه‌ له‌گرێژه‌نه‌ ده‌رده‌چێت، پلاتفۆرم بۆ چاکسازی ده‌خه‌نه‌ ڕوو!
زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌گومانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌و هاتنه ‌پێشه‌وه‌یه‌، گرنگ نییه‌، بزووتنه‌وه‌که‌ ڕوو له‌سه‌ره‌ و زیندووه‌، ئه‌نجامی باشی ده‌بێت و نیشانه‌ی پۆزه‌تیفی ئه‌و که‌سانه‌، هاوکات حه‌قانییه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌گه‌یه‌نێت.
بزووتنه‌وه‌که‌ وه‌ک لای کوره‌ دانیشتنه‌که‌ی لێهاتووه‌، قابیل به‌وه‌یه‌ هه‌موو پریشکیان به‌ر بکه‌وێت. پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆی به‌هه‌ڵه‌دا ده‌بات وای پیشان بدات، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ته‌نها سه‌روچاوی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و به‌شێک له‌ناوچه‌کانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌!
بێگومان ئه‌وان له‌هه‌موو که‌س زه‌ره‌رمه‌ندتر ده‌بن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌دوو شاری هه‌رێمدا پر نفوزترن، خه‌ڵکی له‌وان پڕترن و داخله‌دڵترن، پشکی شێریان له‌گه‌نده‌ڵی به‌رده‌که‌وێت، هه‌موو ئه‌و په‌یڤانه‌ی گوایه‌ ناوچه‌کانی ئه‌وان ئاوه‌دانترن، دادیان نادات.
ئایا ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی چاکسازییه‌ به‌رئه‌نجامی ده‌بێت، بۆ ماویه‌کی دیاریکراو نییه‌، جۆرێک له‌خه‌ڵاتانن نییه‌؟ ڕیگاچاره‌ بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه‌ ، بێجگه‌ له‌و پێشنیار و هه‌نگاوانه‌، کاتێک ده‌وری ده‌بێت کار بۆ ئه‌وه‌ بکرێت له‌نێو یه‌که‌ی بچووکی نێو کۆمه‌ڵگا که‌ خێزانه‌، چاکسازی بکرێت.

چوونکه،‌ هه‌موو ده‌زانین و هه‌ر یه‌که‌ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا به‌ده‌ست ناشیرینی نێو خیزانه‌کانیانه‌وه‌ قه‌هر ده‌خۆن، ژن له‌گه‌ڵ مێرد و خوشک له‌گه‌ڵ برا، برا له‌گه‌ڵ برای بچووک، باوک له‌گه‌ڵ کور و کچیدا ناڕاستگۆن!
هه‌ر یه‌که‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئه‌ویدیدا زاڵ بکات، هیچ شتێک ڕوون و ئاشکرا نییه‌ و هه‌موو پر له‌نهێنی و پڕ له‌ناشیرینی و له‌هه‌وڵی داونانه‌وه‌ بۆ ئه‌وی تردایه‌!

جا ئه‌وه‌ حاڵی یه‌که‌یه‌کی بچووکی ناو کۆمه‌ڵگا بێت، بێگومان له‌ئاستی گشی ناو ده‌ریاکه‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌؛ وڵاتێکی پڕ له‌ناکۆکی و په‌شێوی و دزێوی دروست ده‌بێت، که‌س به‌سه‌رکه‌سه‌وه‌ نابێت و که‌س خۆی به‌به‌رپرس له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وی دیدا نازانێت، به‌ها هاوبه‌شه‌کان ونوو و بزر ده‌بن!

که‌واته‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ته‌رحانه‌دا، کار بۆ دروستکردنی یه‌که‌ی بچووکی خێزانی ته‌ندروست و مۆدێرن که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مافی مرۆڤ و ئازادی تاک بنیات بنرێت، باوکی هه‌موویه‌تی. دیاره‌ ئه‌وه‌ کاره‌ درێژماوه‌ ده‌بێت و هه‌وڵوتێکۆشان و وزه ‌و ماتریاڵی زۆری گه‌ره‌که‌، نه‌واته‌کانی بوونی هه‌یه‌‌، هه‌رچه‌نده‌ که‌مایه‌تین، به‌ڵام مایه‌ی دڵخۆشییه‌ و هیوایه‌که‌ به‌ره‌و چاکبوون... 2009.1.19

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە