كۆتایی سیاسیی تاڵه‌بانی و چاره‌نووسی پڕ مه‌ترسی كوردستان (به‌شی یه‌كه‌م)
Tuesday, 05/05/2009, 12:00
2051 بینراوە
په‌راوێزكردنی تاڵه‌بانی به‌و شێوه ناشیرینه‌و نه‌هێشتنی به‌شداریكردنی وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق له كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وحه، دوای ئه‌وه‌ی له 8 ی مارته‌وه ئه‌میری قه‌ته‌ر به ره‌سمی داوه‌تی كرد (1) و سه‌لماندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌وره‌كه‌ی ته‌نیا تهشریفاتییهو (2) موناوه‌ره فاشیله‌كانی خۆی بۆ خۆسه‌لماندنه‌وه‌ی یان كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌سێتیی- شكانه‌كه‌ی به داوا كردن له هاشمی كه له جیاتی ئه‌و به‌شداری بكات، ره‌فزكردنی هاشمی كه ئه‌م كاره بكات (3) دوا نیشانه‌ی كۆتایی سیاسسی پراكتیكی تاڵه‌بانی بوون له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسیی عێراقی‌و جیهانیدا.
تاڵه‌بانی ناسراوه به‌وه‌ی له مه‌سه‌له تاكه‌كه‌سییه‌كاندا كه پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتی شه‌خسیی خۆیه‌وه هه‌یه، قیرسچمهو كهڵهگاییو درێژدهستهو ده‌گمه‌ن ئه‌و كارانه قبووڵ ده‌كا كه خۆی وه‌ك مه‌ركه‌زی ده‌وره‌كان، هه‌ر ده‌ورێك بێ دروست یان نادروست، جوان یان ناشیرین، په‌راوێز بكا. پێشتر، هه‌مان سیناریۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو جه‌عفه‌ری ده‌رباره‌ی نوێنه‌رایه‌تی عێراق له نه‌ته‌وه یهكگرتوهكانداو سه‌فه‌ری جه‌عفه‌ری بۆ توركیا بێ ئاگاداری ئه‌و دروست بوو. (4) ئه‌وسا تاڵه‌بانی بردیه‌وه به‌به‌كارهێنانی كارتی كورد له په‌رله‌مانی عێراق، چونكه ده‌وری كورد زۆر له ئێستا به‌هێزتر بوو، زۆر ده‌وریش مابوون كه عه‌ره‌به‌كان‌و ئه‌مریكاش ده‌یانه‌ویست تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بارزانییدا بۆ دروستكردنه‌وه‌ی عێراقی عهرهبیو ئارامكردنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌رو به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی رێكه‌وتنی ئه‌منی ستراتیجی عێراق‌و ئه‌مریكا، بیانبینێ. ئێستا نه كورد ئه‌و هێزو شوێنه‌ی جارانی ماوه، نه تاڵه‌بانیش ده‌ورێكی یان تاقه‌ت و بزێوییهكی ئه‌وتۆی گرنگی ماوه بتوانێ ده‌وره په‌راوێزییه ماوه‌كان بیبینێ گه‌رچی باری ئاسایشی عێراقیش به‌ره‌و تێكچونهوه بچێته‌وه. مێژوو دووباره نابێته‌وه به شێوه‌ی كاریكاتێری ئه‌سڵه‌كه‌ی نه‌بێ.
گه‌ر له زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته عێراقییه‌كاندا ته‌نیا ده‌ورێكی ته‌شریفاتی به تاڵه‌بانی دراوه كه كه‌م یان زۆر كۆتاییان هاتووه، به داخه‌وه به نیسبه‌ت كورده‌وه نه ده‌وره‌كه‌ی به ته‌شریفاتی دانرا، نه ده‌وره كوردییه‌كه‌شی جارێ ته‌واو ته‌واو بووه...
له‌كاتێكدا هه‌موو ده‌وره عێراقییه تهشریافاتییهكهی بۆخۆبردنهپێشهوه كرده ده‌ورێكی گرنگ‌و بنیاتنه‌رانه بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی عه‌ره‌به یهكتركوژهكانو دروستكرنه‌وه‌ی عێراقی شوناس عه‌ره‌بیی، ده‌وره كوردییه‌كه‌ی ته‌شریفاتی نه‌بوو. به‌ڵكو وه‌ك ناوی به‌رنامه‌كه‌ی العراقیه رجل القرار بوو. (5) راست و كاریگهرو كوشنده بوو.
ئه‌وه‌ی پێویستیان پێ‌بوو-و پێویست نه‌بوو بیكا به خۆشی خۆی كردی به‌بێ ئه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌ی خۆی، یان په‌رله‌مانیان ده‌سته رۆشنبیره گهندهكهی كارخانه‌ی پاره‌ی حه‌رامی حیزب یان ده‌ره‌وه‌ی حیزب یا میلله‌ته داماوه‌كه‌ی یا پێشمه‌رگه دێرین‌و نێرینه‌كانی فزه‌ی ناڕه‌زاییه‌ك بكه‌ن یان لێێ بپرسنه‌وه یان خۆیان له هه‌ڵوێسته‌كانی دوورخه‌نه‌وه.
سێ هه‌ڵوێستی خه‌ته‌رناك : سێ بڕیاری تاكڕه‌وی دژه‌نه‌ته‌وه‌یی خه‌ته‌رناكی تاڵه‌بانی خێرا له سه‌ر كورد كران به ماڵ.
1- كه‌مكردنه‌وه‌ی دهنگوسهنگی دیموكراتی هه‌ڵبژێردراوی كورد له كه‌ركوك كه له سه‌دا 57 بوو و به مافی دیموكراتی خۆی له ئه‌نجومه‌نی كه‌ركووكدا زۆربه بوو، بۆ له سه‌دا سی‌و دوو. تاڵه‌بانی سه‌فه‌ری كه‌ركوكی كرد نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێ له‌و بلیۆنانهی پاره‌ی گه‌ل كه چه‌ندین بلیۆنهرو ملیۆنه‌ری تازه‌ی له سلێمانی دا پێدروست كردوون (6) بۆ ئاواره‌كانی كهركووكو گه‌ڕه‌كه وێرانه‌كانی كورد كه به درێژایی حوكمی عێراقی چه‌وساوه بوون، سه‌رف بكات.
نا بۆ ئه‌وه چوو ئیراده‌ی دیموكراتی كورد له كه‌ركوك پێشێل كاو سه‌دی په‌نجاو حهوتهكهیان به شێوه‌یه‌كی نایاسایی‌و ناشهرعیو قه‌ره‌قوشی بكا به له سه‌دا سی‌ودوو بۆ خاتری مهرحهبایهكی ساردی رژێمی ره‌گه‌زپه‌رستی توركیا. بێگومان گه‌ر ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی كورد بایه، به‌غداو ئه‌نقه‌ره خێرا ده‌یان وت ئه‌مه له سوڵته‌ی ته‌شریفاتی تاڵه‌بانیدا نییه ئه‌مه بكا، به‌ڵام چونكه دژی كورد بوو خێرا قۆستیانهوهو كردیان به بڕیار‌و یاسا! به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌زگایه‌ك، ده‌نگێك، په‌رله‌مانێك، هه‌بێ له ناو كوردا دژی ئه‌مه بوه‌ستێته‌وه .
2- چوونی بۆ توركیا به‌بێ ئه‌وه‌ی توركیا ئاماده‌بێ پێشوازیبكات وه‌ك سهرۆكو پێشنیازكردنی دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی باڵای ستراتیجی ئه‌منی له نێوان عێراق‌و توركیا بۆ مه‌سه‌له‌ی ئه‌منی دیاره دژی كورد. كه ئه‌مه‌ش دهسبهجێو به‌بێ دواخستن له‌لایه‌ن ئۆردهگانو مالكی یه‌وه قۆزرایهوهو ئه‌و لیژنه ستراتیژییه دژ به په‌كه‌كه به تایبهتیو به‌كورد به‌گشتی وه‌ك ستراتیژێكی درێژخایه‌ن پێكهات.
3- له‌م دواییه‌شدا وه‌ك چه‌پكه گوڵێكی دیاری بۆ عه‌بدوڵڵا گوڵ، داواكردنی چهكدانانو ده‌ركردنی په‌كه‌كه له خاكی كوردستانی خۆیان بوو له لایه‌ن تاڵه‌بانی یه‌وه وه‌ك سه‌رۆكی عێراق، بێگومان ئه‌مه‌ش به راگه‌یاندنێكی ته‌شریفاتی دانه‌نرا. (7)
ئێستا نه‌ك ته‌نیا توركیا‌و عێراق، به‌ڵكو ئێران‌و ئه‌مریكاش له‌و ستراتیژییه‌ی تاڵه‌بانی نه‌ك دژ به په‌كه‌كه، به‌ڵكو دژی كوردی باكوور‌و دیموكراسی بۆ كوردستان، بهشدارنو دهورێكیش ده‌ده‌ن به ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ حكومه‌تی هه‌رێم راستییه‌كه‌ی حكومه‌تی كاك نێچیر بۆ دوو مه‌به‌ست::
1-شهرعییدان به لێدانی په‌كه‌كه و ناونانی به تێرۆریست به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی تاقه دهنگو هێزی ئازادیخواز‌و پاك‌و راسته‌قینه‌ی كورد. مه‌به‌ستی كۆنفرانسه‌كه‌ی هه‌ولێر ئه‌مه بوو. به‌ڵام وا دیاره سه‌ركه‌وتنی ده‌ته‌په له هه‌ڵبژارده‌كانی باكووردا ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه. ئێستا ده‌یانه‌وێ بێ هه‌راو هوریای كۆنفرانس به شێنه‌یی‌و به خشكه‌یی ئه‌م ده‌وره به حكومه‌تی هاوپه‌یمانی تاڵهبانیو نێچیروان بارزانی له هه‌ولێر ببینن. بۆیه‌ش مه‌به‌ستیان نییه هیچ گۆڕانێك له‌و حكومه‌ته‌دا بكرێ‌و هێچ موحاسهبهیهك بكرێ تا گه‌ر بتوانێ ئه‌و ئامانجه‌ی ته‌واو ده‌كا.
2- زه‌بر وه‌شاندن له كوردی دیاربه‌كر به تایبهتیو كوردستانی باكوور به گشتی، وه‌ك چۆن ئیراده‌ی دیموكراتی ئازادی كوردی كه‌ركوكیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه ئاواش هاوكاری بكه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی ئاشتیخوازیی به‌هێزی گه‌لی كوردستانی باكوور كه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی توركیادا خۆی دهرخستو ده‌وڵه‌تی توركی هه‌ژاند. بۆیه شانبه‌شانی سه‌فه‌ری عهبدوڵلاگولو دوایی وه‌زیری ناوخۆی توركیا بۆ به‌غداو سه‌فه‌ری وه‌فده ئه‌منییه‌كه‌ی تاڵهبانیو نێچیر بۆ تاران، لێدان‌و راوهدوونانو گرتنی نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌كانی كورد و سه‌ركرده‌كانی ده‌ته‌په له كوردستانی باكوور زۆر به شێوه‌یه‌كی فراوان‌و دڕندانه ده‌ستی پێكرد كه تا ئێستا گه‌یوه‌ته گرتنی سه‌دان كه‌س به‌بێ ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی دیموكراسیخوازو كوردستانی ده‌نگێك یان ره‌خنه‌یه‌ك دژی ئه‌م هێرشه دژی دیموكراسییه له كوردستانی باكووردا بڵێ، له كاتێكدا سووپاو چهكو هێزی كۆماندۆی توركیا بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی دژه-گه‌ریلایی به پاڵپشتی كۆماندۆی ئیسرائیلی دژی جه‌نگاوه‌ره‌كانی په‌كه‌كه به به‌كارهێنانی هه‌موو چه‌كێكه‌وه، له وانه ده‌شێ چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی ناپاڵم‌و ته‌نانه‌ت كیمیاییش، له‌سه‌ر سنوور ئاماده‌كراوه. ده‌وری دیاریكراو بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیر/تاڵه‌بانی گه‌ر هه‌ڵبژێردرێنه‌وه هاوكاریكردنی راسته‌وخۆ ده‌بێ له گه‌یاندنی زانیاری جاسووسی‌و دانی ده‌وری راسته‌وخۆ به هێزی جاسووسی عه‌سكه‌ری توركی له هه‌ولێرو هه‌وڵدانی كڕینی هه‌ندێ گه‌ریلاو دروستكردنی ئاژاوه‌و هه‌لومه‌رجێ كه یارمه‌تی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی تورك بدات.
مادده‌ی سهدوچلو جه‌دوه‌لی كات‌و حیساب
ئێستا ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی تاڵهبانیو نێچیروان هه‌رسێكیان بوونه‌ته سیاسه‌تی ره‌سمی نه‌ك ته‌نیا عێراق‌و توركیا، به‌ڵكو هی عێراق‌و توركیا‌و ئهمریكاو ئێرانیش و به پراكتیكی دژی كورد پیاده ده‌كرێن.له كاتێكدا مه‌سه‌له‌ی وه‌ك مادده‌ی 140 به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن سه‌رانی كورد خۆیه‌وه فرامۆش كرا‌و سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌و راستی هه‌ن كه جگه له بردنی مۆدێلی دیموكراسی پارتی‌و یه‌كێتی واته دزی‌و تاڵان‌و داگیركردنی بینایه‌ی حكومهتو فه‌رهودو مونافه‌سه‌ی حیزبی ناشه‌ریفانه، كه له كوردستاندا به شه‌ڕی خوێناوی و ماڵوێرانكه‌ری ناوخۆ شكایه‌وه،و به‌كارهێنانی میلیشیا حیزبییه‌كانیان بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق، له‌م پێنج ساڵه‌دا هیچ هه‌وڵی جددی‌و به‌رنامه‌و ستراتیژێكیان له ناوه‌وه یان ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا له هیچ كاتێكدا بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك‌و كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نه‌بووه‌و نییه .
مادده‌ی 140 بۆ خۆی مادده‌یه‌كی بهرنامهكراوهو جه‌دوه‌لی زه‌مه‌نی هه‌یه‌و گه‌ر به‌ڕاستی‌و به ههستو ستراتیژێكی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتووه‌وه ئیشیان بۆ بكردایه له كاتی خۆیدا، كه وه‌ره‌قه‌ی كورد زۆر به‌هێز بوون، جێبه‌جێ ده‌بوو.. به‌ڵام جه‌دوه‌لی زه‌مه‌نی هه‌میشه‌یی ئه‌وان جه‌دوه‌لی حیسابی پاره‌و جه‌ده‌لی گه‌نده‌ڵی بووه، بۆیه هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستیی بابه‌تیی به ئاسانی ده‌یسه‌لمێنێ جگه له‌و دوو ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه نه ئه‌مریكا نه عێراق له چاره‌نووسی مادده‌ی 140 به‌رپرسیار نییه. له‌به‌رئه‌وه ئێستا عێراقییه‌كانی دژ به‌و مادده‌یه ئه‌و به‌ڵگه یاسایی‌و دیفاكتۆیهیان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه ئه‌و مادده‌یه فت بووه. بۆیه نوێنه‌رێكی عه‌ره‌بی كه‌ركوك له په‌رله‌مانی عێراقی عومه‌ر جه‌بوری ده‌رباره‌ی كاری مادده‌ی140 ده‌ڵێ ئه‌و مادده‌یه ماوه زهمهنییهكهی به پێی ده‌ستوور به‌سه‌رچووه‌و حوكمه‌كه‌ی له 31 ی دیسه‌مبه‌ره‌وه كۆتایی هاتووه. ئه‌گه‌ر بخوازرێ ژیانی به‌به‌ردا بكرێته‌وه ده‌بێ ئه‌مه به پێێ میكانیزمی هه‌مواركردنه ده‌ستوورییه‌كان بێ كه بڕیاره به پێی مادده‌ی 142 ی ده‌ستووری عێراقی بكرێن. (8) جه‌بووری زیاتر ده‌ڵێ:
الماده 140 هی بالاساس ماده خلافیه تحتاج اژا مارید تمدیدها الی تعدیل دستوری، أما الماده 23 فهی ماده قانونیه بڕمكان مجلس النواب تمدید عملها حالها حال جمیع لجان البرلمان الدائمه والمۆقته ولجنه الماده 23 من النوع الپانی واستمرار عملها مرتبگ بتفسیر الالیات المنسوس علیها فی ژات الماده. واته مادده‌ی 140 له بنه‌ڕه‌تدا مادده‌یه‌كی ناكۆكیی له‌سه‌ره. گه‌ر خوازرا درێژبكرێته‌وه پێویستی به هه‌مواركردنی ده‌ستووریی ده‌بێ، بهلاَم مادده‌ی 23 مادده‌یه‌كی یاسایی یه، ئه‌نجومه‌نی په‌رله‌مان ده‌توانێ كارپێكردنه‌كه‌ی درێژبكاته‌وه وه‌ك حاڵی هه‌موو لیژنه كاتی‌و هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان. لیژنه‌ی مادده‌ی 23 له جۆری دووه‌مه‌و به‌رده‌وامی كاره‌كانی بهستراوهوهتهوه به لێكدانه‌وه‌ی میكانیزمی ده‌ستنیشانكراو له‌و مادده‌یه‌دا. ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنیش له پاریزگای كه‌ركوك دا، جه‌بووری ده‌ڵێ: مادده‌ی 23 ده‌ڵێ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگا دوای دابه‌شكرنی سوڵته ده‌بێ مه‌به‌ستی %32 وه‌كه‌ی مام جه‌لال-هو فه‌قه‌ره سێی ئه‌و مادده‌یه ده‌ڵێ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه روو نادا هه‌تا راسپارده‌ی رازیبوونكهر پێشكهشنهكرێن. واته دوو مه‌رج هه‌یه یه‌كه‌م پێوه‌ندی به هاوبه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته له پارێزگاكه له نێوان هه‌مواندا، دووه‌م: به پێشكه‌شكردنی راسپارده‌وه، گه‌ر ئه‌م دوو مه‌رجه جێبه‌جێنه‌كرێن هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك نابێ.
هه‌ر به‌رپرسێكی عه‌ره‌ب له په‌رله‌مان یان ده‌ره‌وه‌ی كه قسه ده‌كا ده‌زانێ چ ده‌ڵێ و چۆن‌و له چ چوارچیوه‌یه‌كی یاسایی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا قسه ده‌كه‌ن. قسه‌ی لێپرسراوانی كوردیش هیچ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی‌و لۆجیكی نییه‌و ده‌ڵێی قسه‌ی سه‌ر جاده‌یه. ئێره جێی نییه ئه‌گینا ده‌توانم به ده‌یان نموونه‌ی قسه‌ی بۆشی به‌رپرسانی كورد بێنمه‌وه له بۆنه‌ی جیادا: وه‌ك: ئه‌مه مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌و كه‌س ناتوانێ بیگۆڕێ، چاره‌نووسی یه‌كێتی عێراق به‌م مادده‌وه به‌نده، قبوڵی ناكه‌ین ده‌سكاری ده‌ستوور بكرێ، هه‌رگیز رازینابین سووپای عێراق بێته كه‌ركوك، ئیتر ئه‌م قسه بۆشانه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێك بۆ یاساییكردنی ده‌سكه‌وته‌كانی كورد بكرێ‌و وه‌ك تووتی ئه‌وه دووباره ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌ستوور هه‌موو شتێكی تێدایه: فیدراڵی، 140، بودجه‌و به‌ڵام سه‌ری خۆیان له لمی گه‌مژه‌یی دا ناشتووه. گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته نه‌ك ده‌ستوور. په‌رله‌مانیش نوێنه‌ری گه‌له، كه‌وایه په‌رله‌مان ده‌توانێ ده‌ستوور هه‌موار بكا. مادده‌ی 142ی ده‌ستووری عێراقی خۆی رێگه‌ی ئه‌و هه‌مواركردنه ده‌دا. هه‌مواركردن به دهنگدانو زۆربه‌ی ده‌نگ ده‌بێ. عه‌ره‌ب زۆربهیهو له‌ئاكامدا به‌و شێوه ده‌ستوور ده‌گۆڕن كه دژی به‌رژه‌وه‌ندی كورد بێ. سوپای عێراقیش دهیهوێو ده‌توانی پێشمه‌رگه له هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خه‌تی 26 ده‌رپه‌ڕێنێ. دره‌نگ یان زوو ئه‌مه‌ش ده‌كا. ئیدی كوا سووپاو ته‌یاره‌و چهكو هاوپهیمانو ته‌نانه‌ت پشتگیری و باوه‌ڕبوونی گه‌له‌كه‌ی خۆشتان تا فسفسپالهوانانه قبووڵی نه‌كه‌ن؟ چ رێكه‌وتنێكی نێونهتهوهییت له‌گه‌ڵ ئهمریكاو به‌ریتانیاو نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و عێراقهش كه خۆتانن و خۆتان دروستتان كرده‌وه، وه‌ك نوێنه‌ری كورد، ئیمزاتان كردووه؟ تكایه رێكه‌وتنه نهێنییه گرنگه‌كانتان له‌گه‌ڵ جۆرج بۆش‌و هاوپه‌یمانه‌كانتان ده‌رخه‌ن؟ یان ئه‌وانیش به‌شێكن له رێكه‌وتنی ستراتیژی پارتی و یهكێتیو ناتوانن له‌به‌ر گرنگی‌و هه‌ستیارییان ئاشكرایان بكه‌ن؟
ماوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی تاكتیكی پووچهڵو لاوازی وه‌ك به‌كارهێنانی ئه‌نجومه‌نی كه‌ركوك تا داوای ئه‌وه بكا كه‌ركوك بخرێته سه‌ر هه‌رێم له كاتێكدا له لایه‌كی تره‌وه هه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه به یه‌ك قه‌راری قه‌ره‌قوشی چووك ده‌كرێته‌وه بۆ له سه‌دا سی‌و دوو. یان خۆپێشاندان به كوردی كه‌ركووك ده‌كرێ له كاتێكدا پێشه‌كی ئه‌وه دیار بوو كه ته‌قه‌یان لێده‌كرێ و كوشتار ده‌بێ. خێزانی قوربانییه‌كانیش هه‌دیه‌ی 1000 دۆلار‌و 2000 دۆلاری سید الرئیس یان دهدرێتێو ده‌بێ دوعای تهمهندرێژییش بۆ جه‌نابی سه‌رۆك بكه‌ن.. ئێستاش هه‌نگاوێكی تری پووچه‌ڵتر كه كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزایه. ئه‌مه كورد ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه له‌و ناوچانه كه كه‌س نییه بیانپارێزێو سووپای عێراق ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی په‌یدا كردۆته‌وه. ئه‌م كاره فشه‌و بێبهرنامانهی پارتی‌و یه‌كێتی دانیشتووانی كورد زیاتر ده‌كاته ئامانجی كاری تێرۆریستانه بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی كورد له خاكی خۆیان له كاتێكدا عه‌ره‌بی هاورده له جێێ خۆیهتیو عه‌ره‌بی هاورده‌ی فه‌له‌ستینی بهعسیشمان بۆ دێنن.
ده‌بێ كورد له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان‌و ئهمریكاو به‌ریتانیا، پێش كشانه‌وه‌یان، بگاته چاره‌سه‌رێكی یاسایی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پاراستنی كورد له‌و ناوچانه، چونكه مادده‌ی 140 خۆشی ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵێكی به‌سه‌رچوو-و نه‌دراوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی ههرێمو ، ئه‌وه‌نده‌ش هۆكارێكی به‌كاره بۆ دۆڕاندنیان به هۆی ناونانی كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به ناوچه‌ی كێشهلهسهرو به‌ستنه‌وه‌ی میكانیزمی چاره‌نووسیان به ئیراده‌ی ده‌وڵه‌تی دووباره دروستكراوه‌ی عێراق و گۆڕینی ده‌ستووری عێراق له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه كه بێگومان زۆربه‌ی ئه‌ندامانی له هه‌موو كاتێكدا عه‌ره‌ب ده‌بێ، هیچ عه‌ره‌بێكیش نییه پشتگیری كوردستانیبوونی كه‌ركوك بكات. هه‌روه‌ها وه‌ك پێشتر باسمان كرد نه‌ك هه‌ر هیچ پرۆژه‌یه‌كی ئاوهدانیو نیشته‌جێكردن و قه‌ره‌بوكردنه‌وه بۆ ئاواره‌و خه‌ڵكی بێلانه‌و ژیانی كوردی كه‌ركوك نه‌كرا، به‌ڵكو ئیراده دیموكراتییهكهشتان لێسه‌ندرایه‌وه‌و كران به كه‌متر له سێیه‌ك و خراونه به‌رده‌می مه‌ترسییه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌شه‌وه. له كاتێكدا ده‌توانرا هه‌ر له سێ مانگی یه‌كه‌می دوای رووخانی به‌عس پرسی كوردستیانیببونی كه‌ركوك له‌گه‌ل ئهمریكییهكانو موعاره‌زه‌ی لاوازی عێراقی‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان یه‌ك لاكرابایهوهو به‌بێ ئه‌و یه‌كلاكردنه‌وه‌و دیاریكردنی سنووری ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌شه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی سه‌رده‌می سه‌ددام یشه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری له دروستكردنه‌وه‌ی عێراق نه‌كرابا. ئه‌مه بیرێكو پێشنیازێك نییه كه ئێستا بیكه‌م، له یه‌كه‌م رۆژی روخانی سهددامو گرتنی كه‌ركوكه‌وه به ده‌یان جار به پرۆژه‌ی ته‌واوه‌وه ئه‌م پێشنیازه‌م كردووه.به‌ڵام دیاره هێزی گوێپێگرتن و قه‌ناعه‌تپێكردنی بلیۆنه‌ها دۆلار له بیرۆكه‌ی نووسینێك زۆر به‌هێزتره. به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێستا وه‌ك نه‌ته‌وه‌و خاك نرخی ئه‌و بلیۆنه دۆلارانه ده‌ده‌ین كه هه‌قی ره‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوون‌و چوونه گیرفانی حیزب و بنهماڵهكانهوهو بوونه دروستكه‌ری گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی گه‌نده‌ڵیش.
له سه‌دا سیودووی كورد له كه‌ركوك یان له سه‌دا دوو-و سێ
ئایا ئه‌و له سه‌دا سیودووهی كه‌ركوك جگه له كه‌مكرنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیموكراتی كورد مانای ئه‌وه‌یه له سه‌دا سیودووی فهرمانبهرانو كارمه‌ندان و كرێكاران له كه‌ركوكدا له هه‌موو بواره‌كاندا كورد ده‌بن؟ له په‌روه‌رده، له پیشه‌سازی نه‌وت، له ده‌زگاكانی حوكمڕانی ناوچه‌یی؟ له سووپا، بودجه و خزمه‌تگوزاری؟ با لیگهڕێین به‌رێز تاڵه‌بانی خۆی وه‌ڵاممان بداته‌وه: له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ل به‌رنامه‌ی رجل القرار ی العراقیه دا ده‌ڵێ:
بعد ژلك یتحدپون عن نفوژ الكرد، ماژا اكتسبنا نحن من ای شی‌و؟ لا تدعنی اكشف كل ما فی قلبی من معاناتنا، كفایه، كان مقررا انشاو مسفی نفگی فی كویسنجق والدكتور ابراهیم بحر العلوم وچع الحجر الاساس لبنائه ولحد اڵان لم یوچع حجر علی هژا الحجر، حتی اڵان المناگق الكردیه محرومه من السكك الحدید ولا توجد بها ای سكك حدید، الی اڵان المشاریع الاستراتیجیه التی مخسس لها ملیارات الدولارات ولا یوجد مشروع استراتیجی فی المناگق الكردیه.
هناك مپال ێ‌خر،نحن قلنا ان فی كركوك الكرد والعرب والتركمان ویجب توزیع الوڤائف بالتساوی (32%) للعرب و(32%) للكرد و(32%) للتركمان و(4%) للكلدوێشور، فی شركه النفگ فی هژه المحافڤه من چمن (15) الف عامل وموڤف فی شركه نفگ كركوك هناك (450) عاملا كردیا موجودا فی الشركه، فلژلك نقول انه وفق الدستور یجب ان یكون هنالك تعاون بین الحكومه المركزیه والحكومه الاقلیمیه لتنڤم الاداره، اما الپروه فتكون مركزیه، الپروه تكون للحكومه المركزیه، ولكن هل من المعقول هژا التوزیع للوڤائف الژی جا‌و فی زمن سدام حسین بهدف التعریب وگرد العمال الكرد والتركمان وجاو بێخرین من الجنوب العراقی.
ئه‌مه ده‌قی قسه‌كانی تاڵه‌بانی یه بۆ العراقیه:.
باسی دهسهلاَتی كورد ده‌كه‌ن. ئێمه چیمان ده‌ستكه‌وتووه؟ با هه‌ر مه‌ینه‌تییه‌ك له دڵمایه هه‌ڵی نه‌ڕێژم. به‌سه! بڕیار بوو پالاوگهیهكی نه‌وت له كۆیه دروستبكرێ و دكتۆر ئیبراهیم بحر العلوم به‌ردی بناغه‌كه‌ی دانا، بهلاَم تا ئێستا به‌ردێكی له‌سه‌ر به‌ردێكی دانه‌نراوه. هه‌تا ئێستا ناوچه كوردییه‌كان بێبه‌شن له سكه‌ی ئاسن ، تا ئێستا له‌و پرۆژه ستراتیژییانه‌ی ملیارات دۆلاری بۆ داده‌ندرێ پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی له ناوچه كوردییه‌كان نییه. نموونه‌یه‌كی دی، ئێمه وتمان له كه‌ركوك كورد‌و عهرهبو توركمان به یه‌كسانی له سه‌دا سیودوویان هه‌بێ، وه‌زیفه به یه‌كسانی به له سه‌دا سی‌ودوو بۆ كورد، %32 بۆ عهرهبو %32 بۆ توركن، به‌ڵام له 15000 كرێكار‌و فه‌رمانبه‌ری كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوك ته‌نیا 450 كرێكاری كورد هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ڵێین به‌پێی ده‌ستوور ده‌بێ هاوكاری له نێوان حكومه‌تی ناوهندو حكومه‌تی هه‌رێم هه‌بێ بۆ رێكخستنی ئیداره، به‌ڵام سامان مه‌ركه‌زیی ده‌بێ ، سامان بۆ حكومه‌تی مه‌ركه‌زی ده‌بێ، بهلاَم ئایا عه‌قڵ ده‌یبڕێ وه‌زیفه‌كان ئاوا دابه‌شبكرێن وه‌ك له‌كاتی سه‌ددامدا به ئامانجی به عه‌ره‌بكردن و ده‌ركردنی كرێكاری كورد‌و توركمان هه‌بووه‌و خه‌ڵكی تریان له خوارووی عێراقه‌وه هێناوه؟
له چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ل فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی یهكێتیو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیشدا چه‌ند جار مام جه‌لال دووباره‌ی كردۆته‌وه كه ریژه‌ی كورد له سووپای پرۆفێشناڵی تازه‌ی عێراقدا ، له‌وانه فیرقه‌ی دوازده‌ی كه‌ركوك، له %8 زیاتر نییه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاڵه‌بانی له سه‌ر سیاسه‌ت دژه كوردی خۆی به‌رده‌وام بوو. وه‌ك نووسه‌رێكی گه‌نجی كه‌ركووكی هیوا شوانی ده‌نووسێ: له‌سه‌ردانه‌كانی پێشوودا پێشبینیكردنی رێژه‌ی پۆستی شاره‌كه 32 بۆ كورد‌و 32 بۆ عه‌ره‌ب و 32 بۆ توركمان پێشنیاری مامه بوو. ئه‌وه‌بوو هه‌ر كه ئه‌م پێشنیاره‌ی مامه كرا یه‌كسه‌ر توركمان‌و عه‌ره‌به‌كان خۆیان كۆكرده‌وه كردیانه قاڵبی جێبه‌جێكردنه‌وه، كه ئێستا خۆمان ئه‌یبینین له كه‌ركوك رۆژبه‌ڕۆژ ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌مانایی كوردستانی بوونی كه‌ركووك له‌لاوازبوون دایه.سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌شی مام جه‌لال به‌ڕاستی دڵی من‌و كوردستانیانی هه‌ژاند، چونكه له‌جێی ئه‌وه‌ی كه فه‌رمانی ئه‌وه بده‌یت كه ئه‌بێت له‌كه‌ركوك خوێندنگاكان بایه‌خ به‌خوێندنی كوردی زیاتر بدهنو له‌قوتابخانه‌كان‌و زانكۆكان كورده‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت به‌زمانی كوردی وه‌ڵامی وانه‌كانیان بده‌نه‌وه، به‌ڵام له‌جێی ئه‌مكاره مامه بڕیاری دا 100 شوقه‌ی نیشته‌جێ بوون بۆ شه‌هیدانی توركمان‌و مووچه بۆ ٣٨٧ خوێندكاری توركمان ببڕێته‌وه كه ئێستا له توركیا ده‌خوێنن. من لێره‌وه لهمامهی پێشمه‌رگه ده‌پرسم ئایه ئهوخوێنكارانهی كه له‌توركیا ده‌خوێنن پاش ته‌وابوونی خولی په‌روه‌رده‌یان به بیری كه‌مالیزم وگه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كه‌ركوك نابن به٣٨٧ كه‌مال ئه‌تاتورك، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك مه‌شقی ئه‌تاتوركیان پێناكه‌ن نابنه رێگر له‌به‌رده‌م خۆماندا. (9)
لیستی برایه‌تی كه‌ركوك‌و لیستی حه‌دبای موسڵ
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی تاڵه‌بانی به‌رامبه‌ر كه‌مكرنه‌وه‌ی ده‌نگی كورد به‌بێ كه‌مترین ده‌سكه‌وت بۆ كوردی كه‌ركوك به تایبه‌تی و بۆ كورد به‌گشتی ده‌بێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی لیستی حه‌دبادا به‌راورد بكرێ. حه‌دبا، كه هاوپه‌یمانییه‌كی عه‌ره‌به‌كانی موسڵ‌و كورده‌كانی دژ به ده‌سه‌ڵاتی پارتییه، دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ده‌نگیان هێنا، ده‌سه‌ڵاتی دیموكراتی خۆیان به‌و شێوه به‌كاردێنن كه دهیانهوێو خزمه‌تی مه‌به‌سته‌كانی سیاسیی خۆیان ده‌كات گه‌رچی لیستی برایه‌تی یهكێتیو پارتی دووه‌م لیسته، په‌راوێزیان كردووه‌و هیچ حیسابێكی بۆ ناكه‌ن. له‌م باره‌وه كاك عه‌بدولغه‌نی عه‌لی یه‌حیا وته‌بێژی پێشووی لیستی برایه‌تی نه‌ینه‌وا له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی دا (10) ده‌ڵێ:
لیستی حه‌دباو برایه‌تی نه‌ینه‌وا هیچ خاڵێكی هاوبه‌ش له نێوانیاندا نیه، بۆچوونه‌كانیان زۆری له‌یه‌كتر دووره‌و تابڵێی دژ بهیهكترن. به‌رله‌وه‌ی ئه‌م دوو لیسته بچنه ناو هه‌ڵبژاردن، نوێنه‌رانی ئه‌م دوو لیسته له‌گه‌ڵ یه‌ك نه‌گونجاو بوون‌و دژبه‌یه‌كتر بوون، لیستی حه‌دبا به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن داوایان ده‌كرد هێزی پێشمه‌رگه له هه‌موو ناوچه تازه ئازادكراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا پاشه‌كشێ بكات‌و تا سنوری هێڵی36، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی كوردستان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌و به‌هه‌مان شێوه‌ش داوای ئازادكردنی ده‌ستگیركراوه عه‌ره‌به‌كان ده‌كه‌ن له هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدا كه زۆرینه‌ی ئه‌م ده‌ستگیركراوانه له‌سه‌ر تۆمه‌تی تیرۆرستی به‌ندكراون، بۆیه رێكنه‌كه‌وتنی ئه‌م دوو لیسته شتێكی چاوه‌ڕوانكراوبوو، پێشتریش له چه‌ندین بۆنه‌و لێدواندا رێكنهكهوتنم به شتێكی چاوه‌ڕوانكراو داده‌نا. هیواداریشم رێگه به‌ئیداره‌ی نوێی موسڵ نه‌درێت بستێك له‌سنوری شاره‌وانی موسڵ به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات یان باكوری رۆژئاوای موسڵ ده‌ربچێت، له‌شكرێكی سوپای عێراق بۆ ناو موسڵ به خیانه‌تێكی گه‌وره‌ی دهزانمو پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ. هاوڵاتی 21/4/09
ده‌رباره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی لیستی برایه‌تیش ده‌ڵێ زۆرینه‌ی قه‌زاكانی موسڵ كورد نشینن، به‌ڵام بۆچی سه‌ركه‌وتنی نه‌هێنا له‌موسڵ به تایبه‌ت؟ بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه لیستی ئێمه له پارێزگاكه له 2005 پێكهات، ئه‌م لیسته به درێژایی ئه‌م 4 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی به‌داخه‌وه خزمه‌تێكی وای نه‌كرد بۆ جه‌ماوه‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وا، تاوه‌كو خه‌ڵكه‌كه راكێشێو ده‌نگی پێبده‌ن. له‌كاتێكیشدا پارتی شه‌وورۆژ باسی هاوكاری مه‌سیحی و شه‌به‌ك‌و یه‌زیدییه‌كان ده‌كه‌ن، جگه له كورده‌كانی زێباری‌و هه‌ركی ئه‌وانیش پشتیان له كورد كرد. له‌م باره‌وه عه‌بدولغه‌نی ده‌ڵێ: من وای بۆ ده‌چم كه لیستی مه‌سیحییه‌كان له‌به‌ر ئه‌م هۆیه خۆیان داوه‌ته پاڵ لیستی حه‌دبا، به‌ر له 12/4/2009 نامۆییه‌ك به هه‌ڵوێستیانه‌وه دیار بوو، بۆیه له دواجار خۆیان‌و هه‌ریه‌ك له كۆتای ئێزیدی‌و شه‌به‌كیش خۆیان دایه پاڵ لیستی حه‌دبا، ئه‌مه‌ش بۆ كه‌موكوڕی ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه 6 ساڵ له پاش 9/4/2003 كه ئێمه ده‌سه‌ڵاتدارین له ناوچه‌ی مه‌سیحییه‌كان‌و ئێزیدی‌و شه‌به‌ك، بێگومان ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئێمه وه‌كو پێویست شتێكی وامان بۆ جه‌ماوه‌ر نه‌كردووه.
لیستی حه‌دبا لیستی ته‌نیا عه‌ره‌ب نییه وه‌ك پارتی‌و یه‌كێتی دیعایه‌یان بۆ ده‌كه‌ن، له ئه‌نجامی هه‌ڵه‌و تاوانی حیزبه كوردییه‌كان بردوویانهتهوهو، بردنه‌وه‌كه‌یان بۆ خزمه‌تی ئامانجه سیاسییه‌كانی خۆیان به كاردێنن. ئه‌مه‌ش له دیموكراسیدا شتێكی ره‌وایه گه‌رچی راست‌و لۆجیكیش نه‌بێ. تۆ بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ی هه‌ڵبژاردن ببه‌یته‌وه تا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ده‌ست بێنی، بۆیه‌ش ده‌سه‌ڵاتی سیاسییت ده‌وێ تا ئامانجه سیاسییه‌كانی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی خۆت به‌وشێوه جێبه‌جێ بكه‌ی كه یاسا رێت ده‌دا. ته‌نیا حیزبه كوردییه‌كانن به ته‌وافوق یانه‌وه گرتووه‌و به راست‌و چه‌پدا به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كورد‌و مافی یاسایی‌و دیموكراتی ره‌وای خه‌ڵكی كورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆپه‌رستانه‌و بنهماڵهییو حیزبیی ههڕاجدهكهنو ئه‌وی حیسابی بۆ نه‌كه‌ن دیموكراسیه‌ت‌و یاسا‌و ته‌نانه‌ت به‌های ئینسانی‌و ئه‌خلاقیشه. به لای ئهوانهوهشتێك نییه پێی بوترێ ئینسان و مافی مرۆڤ، خه‌ڵك‌و مافی خه‌ڵك، ستراتیژ‌و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌موو ده‌سكه‌وت‌و داهاتێك، خاكوخۆڵو ته‌نانه‌ت خه‌ڵكیش به موڵكی بنه‌ماڵه‌یی و حیزبیی خۆیان دهزاننو واده‌زانن حوكمه‌كه‌یان ئه‌به‌دییه‌و كه‌س ناتوانێ رۆژێك حیسابوكیتابیان له‌گه‌ڵدا بكا. كاك عه‌بدولغه‌نی عه‌لی یه‌حیا زیاتر له‌سه‌ر هۆكانی داشكانی كورد له موسڵ قسه بۆ هاوكاری دهكاو ده‌ڵێ: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی بۆ خه‌ڵكه‌كه دابین نه‌كرد له 31 كورسیه‌وه هاته 12 كورسی، خه‌ڵكه‌كه كه بینیان خزمه‌تیان ناكرێ وه‌ك پێویست‌و گیروگرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر ناكرێ، ئۆتۆماتیكیهن به په‌رۆش نابن بۆ ده‌نگدان بۆ ئه‌م لیسته‌و گه‌نده‌ڵیش یه‌كێك بووه له هۆكاره‌كان، هه‌روه‌ها پاڵێوراوانی لیستی برایه‌تی نه‌ینه‌وا كه‌سایه‌تییه‌ك نه‌بوون وه‌ك خاوه‌ن هه‌ڵوێست هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ریشه‌وه نه‌ناسراون، كه‌چی لیستی حه‌دبا پڕه له كه‌سایه‌تی ناودار، به‌هه‌مان شێوه‌ش سیاسه‌تی كورد له ناو شاری موسڵ شكستی هێنا، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر لێمان رازیبوایه ده‌نگی نه‌ده‌دا به لیستی حه‌دبا. هاوڵاتی 21/4/09