دیدێکی تر بۆ تیرۆری سێ ژنە سیاسەتمەداری کورد
Tuesday, 15/01/2013, 12:00
هەمیشە قوربانیدان وەرچەرخان دەخوڵقێنێت. هەمیشە جەلادەکان لەسەرەمەرگدا گەمژەیی خۆیان دەبینن. ئەگەر سەدام بە ڤیدیۆیەک ڕوخاندنی پەیکەرەکانی خۆیی و هەڵواسینی بە سێدارەکەدا پیشان بدرایە، هەرگیز چەکی کیمیاوی بەکار نەدەهێنا و ئەنفالی میللەتێکی سیڤیلی نەدەکرد. جەللادەکان ئەگەر بیانزانییایە سەردەشت و سۆران دەبنە ئەم سیمبۆلە جوانەی ئازادی هەرگیز دەستیان لە خوێنی ئەو دوو مرۆڤە جوانە وەرنەدەدا. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا و فاشیستەکانی ئەو وڵاتە بیانزانیایە ئۆجەلان ئەم ماندێللایەی لێ بەرهەم دێت پەنایان بۆ زیندانیکردن و دورخستنەوەی لە دنیا نەدەبرد.
پێم وایە شەهیدکردنی سێ ژنە سیاسەتمەداری کورد لە ناوجەرگەی ئەوروپا، لە وڵاتێک کە سەقامگیری و ئاسایش لە ترۆپکی خۆیدایە، بەئاسانی تێناپەڕێت و ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دەشێت وەرچەرخانی گەورە بخوڵقێنێت. گرنگە گەلی کورد لە باکور بە ستراتیژێکی نوێوە، ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر بۆ ئازدی. گرنگە گەلی کورد لە هەرشوێنێکی دنیا خۆی بەخاوەنی ئەم قوربانییە بزانێت و مامەڵەیەکی نەتەوەیی یەکگرتووانەی لەگەڵدا بکات. ئەم قوربانییە مەزنە دەکرێت ببێتە چەکێکی مەزن بۆ سەندنەوەی مافە زەوتکراوەکان. لێرەوە دەروازەیەکی نوێ دەکرێتەوە بۆ ناچارکردنی دنیا بە داننان بە مافە ڕەواکانی گەلێکی خاوەن ماف. لەبەر ئەوەی ئەم تیرۆرە لە وڵاتێکی تردا و لەدەرەوەی چوارچیوەی کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا ئەنجامدراوە، گرنگە ئەم کەیسە روبەڕوی وڵاتانی پەیوەندیدار بکرێتەوە و کێشەی کورد لە بابەتێکی ناوخۆیی تورکیاوە بکرێت بە بابەتێکی جیهانی و وڵاتانی خاوەن هێز بەرپرسیارێتی خۆیان پیشان بدەن لە دەستوەردان لە باسێک کە لەڕاستیدا پەیوەندی بە جیهانەوە هەیە و مافەکانی میللەتێکی چل ملیۆنی تێدا لە بەرداشی فاشییەت و نادادپەروەریدا دەگوزەرێت.
ئێستا چاوی میدیاکان، سیاسییەکان، مرۆڤدۆستەکان، مافبەدەستەکان لەسەرتاسەری دنیادا ڕوو بە کێشەی کورددا ئاوەڵایە. گرنگە پیشاندانی هەڵوێستێکی نەتەوەیی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانە و جوامێرانە کە نمایشی ڕەهەندێکی مۆدێرن و شارستانی و دور لە توندوتیژی بکات. گرنگترین هەنگاو لە ئێستادا خۆبەدورگرتنە لەهەر شەڕێکی نەتەوەیی و خۆ دەربازکردنە لە باڵای کورتی فاشییەتی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا. ئێستا وەختی هەنگاونانە بەسەر ئەو تەوژمە فاشییە شەڕخوازەی کە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بیرکردنەوە لە ئازادی ڕاستەقینە و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ داهاتووی کوردستان. ئێستا ساتەوەختی ئەوەیە زلهێزەکانی دنیا ناچاربکرێن بە ملدان بۆ دەستبردن بۆ چارەسەری کێشەی کورد. کاتی ئەوەیە لە دەرگا گەورە و ئاوەڵاکانەوە بە پڕۆژەی گەلێکی قوربانییەوە بەدوای مافی خوراوماندا بگەڕێین و داوا بکەین.
تیرۆری ئەو سێ سیاسەتمەدارە پێویستە بکرێت بە مەشخەڵێک بۆ هێنانەدەرەوەی پەکەکە لە لیستی ڕێخراوە تیرۆریستەکاندا و داواکردنی بەفەرمی ناسینی وەک ڕێخراوێکی خاوەن ماف و داکۆکیکەر لە مافی میللەتێکی قوربانی. پێویستە خودانی ئەم قوربانییە کە دەکاتە پەکەکە و کوردانی باکور لە ڕووە سیاسییەکەیەوە، پڕۆژەیەکی ئینسانی دەوڵەمەند بە مافە نەتەوەییەکان ئامادەبکات بەڕووی جیهاندا. گرنگە پەکەکە خۆی بەدوربگرێت لەهەر کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە لەڕێگای تیرۆر و پەنابردن بۆ کوشتن و قوڵبوونەوە و مانەوە لە خوێنڕشتندا.
خۆپیشاندانی جەماوەری و ڕژانە سەر شەقامەکان لە هەموو وڵاتانی دنیادا بەتایبەتی لە پاریس یەکێکە لەو ئەرکە گرنگانەی کە کاریگەرییە بەرجەستەکان دەخوڵقێنێت، بەشداریکردنی هەر تاکێکی کورد گرنگی و قورسایی خۆی دەبێت. گرنگە دروشمی خۆپیشاندانەکان تەنها لە داواکردنی دۆزینەوەی تیرۆرستاندا خۆی نەهێڵێتەوە و مافە نەتەوەییەکان بەڕوونی بەرجەستەببێت لە داواکاریی و دەربڕینەکاندا. پاشان خۆپیشاندانێکی وەها گەورە و کاریگەر و جێگای سەرنجی دنیا، دەکرێت بە مۆراڵێکی بەرزی ئینسانی و کوردانەوە بەرێوەببرێت، گرنگە ئەگەر خۆپیشاندەران خۆیان بەدووربگرن لەهەر کارێکی تێکدەرانە و کاولکاری. پیشاندانی ڕوویەکی جوان لە خۆپیشاندانەکاندا خوێندنەوەی گەورەی بۆدەکرێت. وەک گەلێکی شارستانی و خاوەن ڕەوشتی بەرزی کۆمەڵایەتی.
دۆزینەوەی ئەو لایەنەی ئەم تیرۆرەی ئەنجامداوە و ڕاگەیاندنی بەڕووی جیهاندا دەستکەوتێکی مەزنی تر دەبێت. شەهیدکردنی سێ ژنی سیڤیلی سیاسی خاوەن ناوبانگ پێمان دەڵێت کێ تیرۆریستە و کێ خاوەن مافە لەو کەیسەدا کە بەکێشەی کورد ناسراوە لەسەر ئاستی جیهان. لە هەمانکاتدا وەڵامدانەوەیەکی پڕاوپڕ دەبێت بە هەموو ئەو میدیا و ڕاگەیاندنانەی بە کردار کار لەسەر ناشرینکردن و بەلاڕێدابردنی خەڵک دەکەن لەو بابەتە هەستیارەدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست