کوردستان "هەرێمێک لێوان لێو لە قەیران
Friday, 26/07/2013, 12:00
1694 بینراوە
قەیرانەکانی ئەم هەرێمی کوردسانە یەک لە دوای یەکن و زۆرێکیشیان بە یەکدیەوە بەستراون ، ئێمە هەر لەسەرۆکایەتی و سوڵتەو و حکومەت وکاروباری وەزیرەکانەوە کێشەمان هەیە تا ئەگاتە سەرەی بەنزین و نەوت و وەرگرتنی بڕە خۆراکی مانگانە ، ئەوە لە کاروباری دائیرە حکومیەکان هەر مەپرسە ، ئەگەر لە کوردستان ڕقت لە هەر کەسێک بوو ، پێی بڵێ خوایە ئیشت بکەوێتە دایرە حکومیەکان ، لەوێ تەعزیبێکی باشی دەروونی و جەسەدی ئەدەن ، تا ئیشەکەی بۆڕایی ئەکەن یان لە ئەخیردا ئەڵێن کاکە معامەلەکەت غەڵەتە و ناکرێت ! زۆر سەیرە لەم هەرێمی کوردستانە زۆر کەم ڕێز لە کەرامەتی ئینسان ئەگیرێت ، لە کاتێکدا مرۆڤ وەک مەخلوقێک لەلایەن خوای باڵادەستەوە ڕێزی لێ گیراوە ، بەڵام زۆر جار بە هۆی هۆکارێکی لاوەکی کەرامەتی هاونیشتمانیان لەکەدار دەکرێت !
ئەم فەوزایە لەبەر چی ؟
ئەمە پرسیارێکی ئاسایە و ئەکرێت هەموو هاوڵاتیەک بیکات ، زۆر جار دەبیستین خەڵکێکی ئاسایی زۆر بە ڕاشکاوی ڕەخنە لە ئەدای کاری حکومی و حیزبەکان دەگرێت ، سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەڕلەمان و کارەکتەرە سیاسیەکانی ئەم هەرێمە بە کەسانی بەرژەوەندی خواز و بێ ئیرادە و چەواشە کار و گەندەڵ پێناسە دەکات ، ئەمە لێکدانەوەیەکی لا ئیرادیە و هەست کردنە بە هەموو کەم و کورتی و نەقس و گەندەڵیەکان لەم هەرێمەدا ، ئەمە دیدی هاوڵاتیانە بۆ ئەدای کاری بەرپرسان و حکومەت و فەرمانگەکان ، بینینی حەقیقەتی کار لە کوردستاندا ، پەیوەندی بە ئاستی سەقافی و ژیری و ڕۆشنبیر و زانست و مەعریفەی هاونیشتمانیانەوە ، هەتا خەڵکی ڕۆشنبیر تر بێت زیاتر هەست بە مەسئولیەت دەکات ، کەی ئەو کەش و هەوایە خولقا بۆ هاونیشتمانیان ، کە خاوەنی ئیرادەیەکی ڕەها بێت ، قسەی هەبێت ، بتوانێت تەعبیر بکات ، دەمی پڕ نەکرێت لە گولـــلە ئەوکات ڕێژەی ڕەخنەگرتن زۆرتر دەبێت ئاڵوگۆڕ لە سیستمی حکوم ڕانیدا دروست دەبێت ، دیموکراسی چەکەرە دەکات، بەڵام بە مەرجێک گەل سەرچاوەی دەسەڵات و هەموو پلان و بەرنامەیەک بێت ، گەل خاوەنی دەنگ و ڕەنگێکی ڕەها بێت ، گەل پاشکۆ نەبێت لە وڵاتدا گەل چاودێر بێت ، گیانی هەست کردن بە مەسئولیەت لە ناو ناخی هەر هاوڵاتیەکدا هەبێت ، ئەوکات ئەتوانیت کۆنترۆڵی ئەو دۆخە جەنجاڵە بکەین
بۆ نمونە " لە زۆربەی زۆری فەرمانگەکاندا نا دادی ئەبینیت ، بێ ڕێزی کردن ئەبینیت ، گەندەڵی و نا شەفافی ئەبینیت ، لە هەمان کاتیشدا ئەو هاوڵاتیانەی کە ڕویان کردۆتە ئەو دەزگا حکومیە بۆ کاروباری پێویستی خۆیان ، تەنها لە خەمی ئەوەدان کە کار و بارەکەی خۆیان بۆ ڕایی بکرێت ، زۆر کەم بیر لەوە دەکەنەوە ئەم فەوزایە بۆ خولقاوە ؟ کارەکتەری ئەو نا دادیە چیە ؟ بۆچی ڕێز لە ئینسان ناگیرێت وەک پێویست ؟ بۆچی قودسیەتی مرۆڤەکان پێشێل دەکرێت ، ئاخر چی شتێک لە گیانی هاوڵاتی بەنرخترە ؟ ئەمە نەتیجەی دەیان ساڵە بێدەنگی و ژیانی مەڕ ئاسایە ، خەلەلی فەرمان بەر و کەسانی مۆزەفی حکومیش ئەوەیە لە کاتێکدا ئەرکی ڕاپەڕاندنی کاری خەڵکیان لەسەر شانە ،بەرامبەر بەو کارەی دەیکەن موچە وەردەگرن ، بەڵام ئەتوانم بڵێم ڕێژەی زۆرینە بوون بە کەسانێکی میزاجی و کاتێک ئەو کارە بۆ هاوڵاتیەک ئەنجام دەدەن وەک ئەوە وایە خێری پێ بکەن ، زۆر جاریش هیچ ڕێزێک بۆ ووجود و کەسایەتی ئەو کەسە دانانرێت !
ڕاستە دابین کردنی ژیانێکی ئاسودە بۆ هاونیشتمانیان بە دەرەجەی یەکەم ئەرکی سەرەکی حکومەتە ، بەڵام پێویستە هاوڵاتیانیش وەک بەچکە چۆلەکە هەر دەم نەکەنەوە و چاوەڕوانی شانسێک نەبن ، پێویستە هەموو تاکێکی کورد هەست بە مەسئولیەت بکات ، ئەبێت فێری ئەوە بین هەر بەکار هێنەر نەبین ، هەر کار بۆ کراو نەبین ، بەڵکوو داهێنەر بین خزمەت بکەین . کوردستان ماڵێکی گەورەیە بۆ هەموو کوردێک ، پاراستنی ئەم ماڵە و جوان کردن و ڕازاندنەوەی ئەرکی هەموانە ،
لە کۆتایدا ئەڵێم " گەر ئەم دۆخە هەر بەم شێوە بەردەوام بێت ، ئەوا نە وڵاتمان پێش دەکەوێت ، نە لە کاری سیاسیدا سەرکەوتوو دەبین ، نە دەتوانین ئیعلانی دەوڵەتی کوردی بکەین ، چونکە " ناو خۆی کوردستان توشی تەشەنوجات هاتوە ، لە کوردستاندا هەر بابەتێک بگریت ، لەسەر هەر بابەتێک قسە بکەیت ، خاڵی نیە لە کەم و کورتی و ڕەخنە ، لە کاتێکدا ئەکرێت زۆر بە سانایی چارەسەر بکرێت ، ئەمەش ئەرکی هاوڵاتیانە بە دەرەجەی یەک ، دووەم دەبێت حکومەت دەزگایەکی بنەماڵەی و حیزبی نەبێت ، بەڵکو خزمەتکاری هاوڵاتیان بێت .