فرۆشیار و کڕیار!
Friday, 04/06/2021, 1:48
650 بینراوە
فرۆشیار: پیاوەکانی بەرپرسی بنەماڵەی بارزانی.
کڕیار: دەوڵەتی رەگەزپەرستی تورک.
لە هەر کوێیەکی دونیادا دەوڵەتێك بە بێ ئیزن دارستانی وڵاتێکی دراوسێی خۆی ببڕێتەوە، سەرەتا دانیشتوانی ئەو وڵاتە دەنگیان لێبەرز دەبێتەوە، پاشان دەسەڵات هەڵوێستیی خۆی بە تووندی پیشان دەدا.
لە دەسەڵاتی بندەستی بنەماڵەی بارزانیدا کارەکە پێچەوانەیە، بۆیە زۆر بێ منەتانە سەرکونسولی رەگەپەرەستی تورک لە تەنیشت لۆمپەنێکی وەک هێمن هەوارامی دادەنێشێ و لە بەرچاوی مێدیاکاندا دەڵێت: ئێمە ئەو دارانەمان کڕیوە! خەریکە قەرزداریشمان دەکات!
رابردووی ئەو بنەماڵەیە لە زیان زیاترهیچ قازانجێکی بۆ کورد نەبووە، بۆ دوژمنیش بە لێشاو خێڕ و بەرەکەتی هەبووە!
ئەوەی ئەو رۆژانە دەرکەوت تەنیا بەشیکی بچووکە لە مامەڵەی نەهێنی و ژێڕ بە ژێری بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان. خەڵك ئەگەر لە باشووری کوردستان سڕ نەکرابایە دەیزانی لە مێژە وڵات بەرەو فرۆشتن دەچێ. هۆی ئەو کارەش تەنیا بۆ ئەوەیە، کە بنەماڵەی جامانەسووری سەری رەش بمێننەوە.
بۆ پێشمەرگە نەفرۆشڕاوە؟
پێشمەرگەیەک کە بەئاشکرا لە ناو بازاڕدا دەکەوێتە سواڵکردن و خەڵک خێری پێبکات، تا منداڵە نەخۆشەکانی بۆ چارەسەر بباتە لای دکتور و هاوەڵەکانیشی دەنگیان لێوە نایەت! ئیتر کوا ئەم چەک بەشانانە دەتوانن بەرگریی لە نیشتمان بکەن!؟ مرۆڤێک کە لە ئاست دوژمنی نەتەوەکەی بێدەنگ وبێهەست بێ، ئەو میللەتەش وەک فرۆشرابێت وایە.
مامۆستاکانی زانکۆ هەموویان هەر فرۆشراون!
زانکۆ ناوەندی کۆکردنەوەی زانستە. مامۆستایەکی زانکۆ کە پاڵپشتیی لەو خاک فرۆشانە بکات و دەنگی لێوە نەیەت، نەتوانێت ببێتە خاوەنی ئیرادەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خۆی، ئەویش کەسایەتیی فرۆشڕاوە! زۆربەی زانکۆکاران وەک رۆبۆت دێن و دەچن. تەنیا مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن ودەلەوەڕن!
ئەی شەنگال نەفرۆشرا؟
ئەردۆغان بە مەسعودی شەرواڵ شۆڕی گووت: شەڕی داعش مەکە و بڵێ، شەڕێکی ئایینیە ئێمە تێدانین، با داعش بەرەو بەغدا بڕوا! داعشی بەرەو بەغدا رۆیشت، لە پڕ بایداوە و پیلانی ئەردۆغان بۆ ئیزەدیەکان سەری گرت! فس فس پاڵەوانەکانی چەکداریی سەر بە بنەماڵەی بارزانیش، لاقێکیان کرد بە چوارلاق و هەڵاتن! بەوجۆرە شەنگالیش فرۆشرا!
ئەدی پارڵمان نەفرۆشراوە؟
پارڵمانێک بە زەبری پارەی دزیەتی کرابێتە زۆرینە و کەمینە، کە خاوەنی هیچ بڕیارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری نەبێ، بە چەقەنەی ئەردۆغان هەڵ سوڕێت وهەڵسوکەوت بکات، ئایا ئەمەش نەفرۆشراوە؟ ئەوەی ئەردۆغان هیچ ترسێکی لێ نییە نوێنەرانی سەربە بنەماڵەی بارزانییە.
نەوتیش هەر باس ناکرێت ئەی ئەو چی؟
گرێبەستی پەنجا ساڵەی ناپیاوەکانی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان بە بێ ئەوەی پرس بە تاکێکی کورد کرابێت، ئاکارێکی دیکە قێزەوەنیی ئەو بنەماڵەیە کە باشووری کوردستانی بەو ئاقارە ڕایکێشاوە!
کەمپی شەهید رۆستەم جودی مەخمورلە باشووری کوردستان:
ئەردۆغانی کوردکوژ بەئاشکرا دەڵێ، دانیشتوانی ئەو کەمپە بۆ ئێمە وەک دانیشتوانی سەر بە (PKK) چاولێدەکەین بۆ ئێمە جیاوازیی نییە! هەرکات بخوازین هێرشیان دەکەینە سەر، مەسعودی شەرواڵشۆڕی بارزانی سەودای فرۆشتنی ئەویشی بە ئەردۆغان کردووە.کۆتایی:
لە دادوەرێکیان پرسی؟ چی دەخۆی؟
گووتی: گۆشتی خەڵک!
گووتیان بە چی دەیخۆی؟
گووتی: بە خوێنی خەڵک!
لە دادوەریان پرسی؟ چی دەپۆشی؟
گووتی: پێستی خەڵک!
گوتیان، ئەوانە لە کوێ دێنێ؟
دادوەر گووتی: لە بێدەنگیی و خەمساردیی و نەزانیی خەڵک!