کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(تەنزى سیاسیی) نەعلەت لەوەى تەقاندى!

Thursday, 15/07/2010, 12:00


+ بەڵام خۆ بە خوا پێموابێ ئەوانەى ئێستا كە ئەڵێن ئێمە تەقاندوومانە كەس ناگرێتەوە!
- چۆن وایە؟
+ لەبەینمان دەرنەچێ ئەم قسەیە و پاشان جرتە نەكا و لە پێناو 500 هەزار دینارا نەبێتە راپۆرتى مانگانەى دەزگایەك! وەك بیستوومە ئەڵێن مێژووى تەقاندنى ئەو فیشەكە لە نێوان وڵاتێكى دراوسێ و (حەمە) دایە!
- ئەمەى لاى خۆمان؟
+ كورە دەنا نا، كوڕەكەى (مەلا شەریف).
- ئێ باشە كاتى خۆى ئەم حیزبانە كوڕەكەى (مەلا شەریف)یان بە چەتە دائەنا؟!
+ بەخوا زۆڵ و حەرامزایەن تۆ بزانە بیانەوێ یەكێك سوك بكەن چی لێ ئەكەن! ئەمەش لە پێناو ئەوەى كە ئەو مێژووە بۆ ئەو تۆمار نەبێ!
- ئەى ئەگەر چەتە بوو بۆ كاتى خۆى رادیۆى بی بی سى و مۆنتیكارلۆ و تەواوى رادیۆكانى ئەو سەردەمە ئەیانوت كورد بە رابەرایەتى (محمد ملا شریف) چونەتەوە شاخ؟!
+ وەڵا ئیتر ئەڵێى چى ئەمە زەمەنە و باش ئەبێ بە خراپ و خراپیش ئەبێ بە باش!
-باشە باش، تاكو ئێستا كەس نازانێ قەوانى ئەو فیشەكە لاى كێیە؟!
+ كورە بۆ چیتە ماڵت ئاوابێ؟!
- بۆ ئەوەى ببێتە بەڵگە و ساغ بێتەوە كە كێ تەقاندوویەتى، بۆ ئەوەى چیتر مێشكمان نەبەن هەریەكە و لە ئاست خۆیەوە بڵێ من تەقاندوومە!
+ وەڵڵا زۆر زەحمەتە ئەو قەوانە بدۆزرێتەوە!
- ئەه قوڕ بەسەر ئەم میللەتە!
+ دە وەڵڵاهى ئەو قەوانە نەدۆزرێتەوە هەتا مردن ئەم میللەتە ئەبێ چاو شۆڕى ئەم حیزبانە بێ و هەموو ساڵێ لە مانگى حوزەیرانا كەناڵى راگەیاندنەكان چاومان دەربێنن و هەموویان لە یەككاتا پێمان ئەڵێن من تەقاندوومە!
- تۆ بزانە چەن بێ چاو و روون! رۆژانە ئەو هەموو داهاتە ئەدزرێ كەس خۆى لێ ناكا بە ساحێب! بزانە كەس ئەڵێ من دزیومە؟! كەچى بۆ تەقاندنى ئەو فیشەكە هەموو خۆى كردوەتە باوەپیارەى مێژووى تەقاندنى ئەو فیشەكە!
+ دە واز لەو وەزعە بێنە بە تۆ راست نابێتەوە! هەر بە خوارى هاتووە و هەر بە خواریش ئەڕوا! تۆ بزانە ئەم هەرێمەى لە بزن خۆمان ببورن مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەم هەرێمەى لە مەڕ خۆمان، چۆن وەك قوماشى رانكوچۆغەى لێهاتووە، كە گەورە و بچوك ئەچینە لاى بەرگدروو پێمان ئەڵێن بە گیرفانى دفنەوە سێ مەتر و نیو بەشت ئەكا.. ئاخر ئێمەیەك كە ئازادى قسە كردن و بڕیاردانمان تەنها لە سێ پارێزگا و چەند گەڕەكێكى میللى عەدەى كوڕى میمكە مەلەكە تێپەڕ ناكا، كەچى دێین بە نیازین هەموو ئەو ماندووبوونە گشتییەى ئەم میللەتە بكەینە ساقەسەرى تەنها دوو نازناوى خانەوادەى سیاسیى و لەپاڵ ئەمەشدا هەرچى كەرتى گشتیمان هەیە كردوومانەتە بەڵاگێڕى قازانجى گیرفانە داخراوەكان! لەولاشەوە لەبەر دروشمى ململانێ لە پێناو مانەوەدا هەرچى دەرگاى سنوورەكانى هەرێمە بە رووى كۆمپانیا زەبەلاحەكانى دراوسێكانماندا كردوەتەوە، ئەویش بە خاترى ئەوەى هەرچى جاسووسى كۆن و نوێ هەیە لەو رێگەیەوە بتوانن تەراتێنى تیابكەن، دەمێ بە ناوى (ئاپارتمان) و (بەرزە پرد) و تونێل و گوندى ئەفریقا و مالیزیا و ئەندەنوسیا و (دەشتى جەهەننەم)، كە لە ژێر دروشمى (چوچوك هەى..مەزن هەى تا دێمەوە گەرەكمە بۆ میللەتى خۆم بەرزەوە بێ) ئەم كاریكاتێرە سیاسییە جەرگبڕانە شەو و رۆژ لە راگەیاندنەكانا لە بەین دوو هەواڵى كردنەوەى قونسوڵخانە و بڕینى شریتى تەنها بۆرى ئاوەڕۆیەكى خانوە بێ تاپۆكان و هەواڵە بەردەوامەكانى زیاتكردن و كەمكردنەوەى كاتەكانى كارەبا لە ژێر دروشمى بەزیابێ و خوایە وەتەن ئاوا لێ بكەى نیشانمان دەدەن! ئاخر میللەتێ كە سەرگەردانى دەسەڵاتە سیاسیەكەى بوو.. وەك ئەم كوردە سەر بە هەشەى لێ یەت.. ئەوەتا هەموو ساڵێ كە پێ ئەخەینە مانگى حوزەیرانەوە ئەم حیزبە سیاسییانەى كە دەسەڵاتى ئیدارییان بۆ خۆیان كردوەتە مێژووى عیدى میلادى دۆلارەكانى دواى راپەڕینیان.. لەدواى یادكردنەوەى شەهیدانى حوزەیرانى 1963 بە گشتى و چوار ئەفسەرەكە بە تایبەتى كە لەگەڵ هەواى شمشاڵەكەى قالە مەڕەى خوالێخۆشبوو دەمانخەنەوە دەریاى خەیاڵێك ئینسان هەر حەزئەكا لەو كاتەیا جارێكى تر تڕوتفاقى پێشمەرگایەتى لە خۆى ببەستێ و بچێتەوە شاخ.. قیر و سیا هەرچەنە لە دواییدا دەكەوینەوە بەر پلارى مناڵە بزنسمانەكانى ئەمڕۆى ناو شوەیفات و پێمان ئەڵێن ژنمان بۆ نەهێنا بۆیە بووە بە پێشمەرگە!
لە پاش ئەم یادكردنەوەى شەهیدانى حوزەیران بە گشتى پەخشان نووسە حیزبیەكان باراشى خۆیان لە ئاشى زەمانە ئەكەن و وشە لە دواى وشە بێ ئەوەى ئیجازەى كۆمپانیایان هەبێ دەكەونە رازانەوەى قەڵبەزە و مەتەرێز و جامانە و بڕنەوى دار شوشە و كڵاشینكۆفى سیخۆ و پێنج بزمار.. هەمیشە خۆیان بە خاوەنى خۆڕاگرى و بەرخودان ئەزانن.. بەڵام كاتێ ئەمریكا وەك ئاغاى ئێرانى پشت ئەكاتە شۆڕش و دەسەڵات ئیدى زاراوەى شكست و هەرەس و ئاشبەتاڵ ئەبێتە چارەنووسى ئەم میللەتە و كەس خۆى ناكاتە ساحێبى ئەو هەڵانە و سەرى زمان و بنى زمانیان ئەڵێن قەدەر واى بەسەر ئەم میللەتە هێنا! كەچى تاكو ئێستاش بەكارهێنانى ئەو وشانە بە تەشهیر و هێڵى سوور بەزاندن ناو ئەبەن.. ئاخر نەگبەتیەكەى ئەم میللەتە لەوایە ئەم حیزبانەى ئەمڕۆ كە تا دوێنێ لە شاخ بە دەم خواردنى ساوەر و قەرەخەرمان و نیسكەوە هەمیشە باسیان لە بیرى نەتەوایەتى ئەكرد.. هەندێكیشیان جارجارە لە ئاخوڕى سۆسیالیزم دەمیان ئەكوتا.. كەچى ئێستا بە دەم خواردنى برنجى كەڵەشێر و هود هود و مەحموود لە دوایین قڕقێنەى (سپرایت) هەرچى بیرى نەتەوایەتى و سۆسیالیزم هەیە بوەتە بیرى نەوتاوى و گازى سروشتى تەنكەر بە تەنكەر ئەڵێ پاڵەپەستۆ.. كەچى كەسیش نازانێ كێ ئەیفرۆشێ و كێ ئەیخوا.
- كورە تۆ زۆر سەیرى كاكە.. وەڵڵا ئەمان بەڵگەیان لایە خۆیان تەقاندویانە!
+ بێ عەقڵ مەبە ئەمانە خۆیان نەیانتەقاندووە!
- چۆن؟!
+ تۆ تەماشاكە 8 ساڵ لە نێوان عێراق و ئێران شەڕ بوو.. چونكە هەردوولا دەوڵەت بوون لە ترسى یاسا نێودەوڵەتیەكان و میللەتى خۆیان هیچ لایەك نەیدەوێرا بڵێ یەكەم جار من تەقاندوومە.. بە پێچەوانەوە هەمیشە یەكتریان تاوانبار ئەكرد و ئەیانوت ئەو یەكەمجار تەقاندوویەتى! چونكە شەڕ ماڵ وێرانى لە دوایە و پاشان بارى ئابووریش روو لە هەرەس هێنان ئەبێ! بەڵام تەقاندنى ئەم فیشەكەى ئێمە پێچەوانەى دەوڵەت و یاسا بوو!! چونكە شۆڕش هیچ یاسا و ترسێك لە خۆ ناگرێ و ئایندەكەشى زیاتر سەرچۆپى كێشانە بۆ گیرفان پڕكردن..هەروەك ئەم وەزعەى ئێستا كە ئەیبینین! بۆیە هەر یەكە لە بڵندگۆكانیانەوە ئەڵێن من تەقاندوومە.. بۆ ئەوەى قازانجى كۆمپانیا و داهاتەكانیان زیاتر بێ! هەریەكە بە شان و باڵى مێژووى ئایدۆلۆژیا و كەسایەتیەكانى ناوخۆیانا هەڵئەڵێن و میللەتیش لەولاوە چاوەزەققە و چاوەڕوانى زەكاتى كۆمپانیاكانى ئەوانن!
- دەى ئەگەر ئەو فیشەكەى دوێنێ لە پێناو ناعەدالەتى ئەمڕۆ تەقێندراوە بە خاترى كۆكردنەوەى سەروەت و سامان..نەعلەت لەوەى تەقاندنى!
+ دەى هەزار جار...!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە