ئەتەوێ دەستی كێ بگری؟!
Monday, 18/11/2013, 12:00
1706 بینراوە
دەست ئەتوانێ
بە ئاماژە و پە پەنجەیە
بە مشتە كۆڵەو زلەیە ،
بە دوو پەنجە
بۆ سەركەوتن و بەرخۆدان ،
بە دوو دەستیش
تەواو خۆ بە دەستەوەدان ،
بۆ نزا بۆ سازش كردن
بۆ تۆڵە و هەڕەشە كردن،
بۆ تەوقە كردن بۆ واژۆ
بۆ چارە نوسی من و تۆ،
دەست ئەتوانێ
هەرچی بخوازێ وابكات ،
دەست ئەتوانێ
وڵاتێ وێران بكات و
وڵاتێكیش ئاوا بكات،
بۆیە ئەڵێم
دەست درێژ مەكە بۆ دەستێ ،
تۆ نەزانی و
دەستت بەرێ بۆ مەبەستێ ،
ئەگەر دەستی دوژمن زێڕ بوو
هێشتا هەر ماری پێ بگرە ،
ئەگەر دەستی دۆستت گەڕ بوو
مەترسەو چاوی پێ بسڕە ،
هەر دەستی دۆست
بەری چاوت ڕۆشن دەكات ،
هەر ئەو دەستە
دەستت ئەگرێ و
تۆ بەرەو سەركەوتن دەبات،
زۆر بە وردی تەماشاكە
دوژمن لە پشت دەستی زێڕی ،
سازو ئامادەی كردووە
سەدان چاڵی پیلانگێڕی ،
زۆر وریابە
بە یەك هەنگاوێكی هەڵە ،
دەستی زێڕی پیلانگێڕی
دەتخاتە ناو چاڵ و تەڵە ،
هەر ئێستاكە هەتا زووە
هەتا كارە ساتێكی شوم
لە دەستەوە دەرنەچووە ،
دەستی دەرەكی توڕهەڵدەو
دەستەكەی تر بگرە ئامێز ،
لەو دەستەوە وەریبگرە
دەریایە ڕێزو قەڵای هێز ،
ڕوو لە دنیای تاریك مەكە
دەستت بدە دەستی برا ،
هەر ئەو دەستە
لە شەوە زەنگی تاریكدا
بۆ تۆ خۆی ئەكات بە چرا ،
چیتر دەستی
زێڕی ژەهراوی مەگوشە ،
ئەو دەستانە بگرە بە دەس
پڕ لە خەبات و كۆششە ،
دەستت لە گەڵ ئەو دەستانە
تێكەڵ بكە
كە زادەی یەك نیشتمانەوە
لە چوار شوێنە ،
ئەو دەستانە
چوار دار بەڕووی سەریەك خاكەو
قەد و لق و گەڵاكانی
سورهەڵگەڕاوی یەك خوێنە،