کۆمیتەی بەلجیکای حیزبی دیموکرات بهرپرسى رێكخراوێكى مهدهنى لە بۆنەکانی بایکۆت دەکات!
Monday, 03/02/2014, 12:00
2328 بینراوە
کۆمیتەی بەلجیکای حیزبی دیموکراتی ئێران، بەهۆی رەخنە و نارەزایی توندی بەرپرسی رێکخراوی کوردستان فۆروم (پێشرەو ئیسماعیل) بە تەلەفۆن داوایان لێ کردووه کە ئیتر ئامادەی بۆنە و ئاهەنگەکانیان نەبێت.
بەرپرسی رێكخراوى كوردستان فۆروم وەک ههر تاکێکی رەوەندی کوردی تر و پاش کرینی بلیتی چونە ژورەوە، خۆی و خێزانەکەی و مناڵهكانيان بەشداریان لە ئاهەنگی دامەزراندنی کۆماری کوردستان کرد. لە کاتی ئاهەنگەکە راستەوخۆ رەخنەی توندی لەو حیزبە گرتبوو بههۆى مامەڵەی تایبەتی بەرپرس و ئەندامانی کۆمیتەی ئەو حیزبه و چاودێرانی ئاهەنگەکە بەرامبەر بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی لە ئاستەکانی لیژنەی ناوچەی پارتی و کۆمیتەی بەلجیکای یەکێتی، بەوەی کە چاوپۆشیان کردبوو لە هاتنە ژورەوەیان بە بێ بلیت، ئهمه لە کاتێکدابوو بەهۆی گرانی بلیتەوە بەشێک لە رەوەندی کوردی نەیانتوانی ئامادەی ئاهەنگەکە بن.
بەرپرسی کوردستان فۆروم بە شێوازی توند و لەهەمان کاتدا گاڵتە ئامێز رووبەرووی ئەندامانی کۆمیتەی حیزبی دیموکرات و بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی بوەوە کە لە ریزەکانی پێشەوەی هۆڵەکەدا کورسیان بە جیاواز و لە پێشەوە بۆ دانابوون و خواردنەوەی بێ بەرامبەریان دەخرایە بەردەم، لەکاتێكدا تەواوی ئامادەبوان دەبوایە خۆیان خواردنەوەکانیان بهێنن و بە نرخی گرانتر لەشوێنە گرانبههاکانی ئەم وڵاتەش بوو.
بەرپرسی کوردستان فۆروم بە تەنزئامێز بەرپرسی حیزبەکان و فەرمانبەرانی ئامادەبووی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی بە "نەخۆشی دەرونی و قەوارە بەتاڵ و شەیدای خۆگەورەکردنی وەهمی و شەیدای ریزەکانی پێشەوە" ناوبردبوو. لەهەمان کاتدا رووبەرووی ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوبۆوە و بە بچوکی بچوکەکان ناوی بردبوون و ئاهەنگەکەی بەجێهێشت بوو.
پێشرەو ئیسماعیل لە پەیجی تایبەتی خۆی لهتۆرى كۆمهلايهتى فهيسبووك بە ناوی خۆی و ئەندامانی دهستهى سهرپهرشتيارى رێکخراوی کوردستان فۆروم بە یادی هێناونەتەوە کە ئەوە ئەندامانی رێکخراوەکەی و رێکخراوەکەی ئەوان بووە کە لە چالاکیەکانیان دژ بە تاوانەکانی رژێمی ئاخوندەکانی ئێران هاوکار و پشتیوانیان بوون و تەنانەت پێشرەویان بوون، نەك بەرپرس یان ئەندامانی حیزبەکانی دەسەڵاتی هەرێم. هەروەها داوای لە دڵسۆزانی ناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەلجیکا کردووە و نوسیویەتی (چاوتان بکەنەوە و ببینن کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە سنورێک دابنێن بۆ خۆ بچوککردنەوە و خۆ هەڵواسین بە فەریکە بەرپرسە حیزبی و حکومیە بودەڵەکانی هەرێمی کوردستان. داواتان لی دەکەین رێز لە خەباتی دڵسۆزان و شەهیدانی حیزبەکەتان و ئیرادەی رەوەندی کوردی ئەم وڵاتە بگرن و واز لە نەریتی دەست بە سنگەوە گرتن و مامەڵەی تایبەتی و تەرخانکردنی ریزەکانی پێشەوە و مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ حیزبیە هیچ لە بارانەبوەکان بهێنن. ئێوە هاوکاری ئێمە بن رەوەندی کوردی ئەم وڵاتە فێری سەربەرزی بکەین و نرخی خۆیان بزانن نەك ئەوەی بەشداربن لە پەیرەوکردنی نەریتی گەورە و بچوکی و کۆیلایەتی لەسەر بنەمای حیزب و دەسەڵات).
هەروەها لە وەسفی رێکخراوەکەی و ئەندامەکانی رێکخراوەکەیدا نوسیویەتی (ئێمە رێکخراوێکین کە خاتروخۆتری هیچ کەس و لایەنێکمان لانیە و هیچ بەرژەوەندیەکيشمان بە کەس و لایەنێك نيه، هاوكات زۆر سەربەرزين و شانازى بهخۆمانهوه دهكهين لە رووبەرووبونەوە رەواکان هەرگیز ناسڵەمینەوە).
لە کۆتایدا بەرپرسی کوردستان فۆروم هەرەشە ئامێزانە دەڵێت (ئێمە رێزمان بۆ حیزبەکەتان هەیە لەسەر بنەمای رابوردووی تێکۆشەرانتان نەك رەفتارەکانی ئێوە کە بەداخەوە رۆژانە دەیانبینین و هەستی پێ دەکەین و بێزارو تورەمان دەکات. کارێك مەکەن ئێوەش بخەینە هەمان پۆلی ئەو حیزب و کەسانەوە و با هەمان مامەڵەتان لەگەڵ نەکەین).
بهرپرسى كوردستان فۆروم نوسيويهتى (بە شداریم تەنها وەکو رێزلێنانێك لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بووە، بە تایبەتی وەکو وەفایەك بۆ خەباتی باوكی خوالێخۆشبوم کە پێشمەرگەی ئەو کۆمارە بووە و بەهۆی بەشداری لەو کۆمارەش ١١ ساڵ زیندانی کێشاوە).
بە پێی زانیاریەکان لە چەند کاتژمێری ئاهەنگەکەدا پێنج شەرو بەیەکدادان لەناو ئاهەنگەکە لەنێوان کوردانی ئامادەبوو رووی داوە و پۆلیس هاتۆتە نێوانەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسورمان و سەرنجە داوا لەهیچ یەکێك لەو لايهنانه نهكراوه كه هۆكارى شهرهكان بوون كه جارێكى تر ئامادهى ئاههنگ و بۆنەکانی ئەو حیزبە نەبن .
بۆ خوێندنەوەی تەواوی نوسینەکەی پێشرەو ئیسماعیل ئەم لینکە بکەرەوە
https://www.facebook.com/peshrau.ismail