وەرنەوە، ئێوە نوێنەر نین!
Friday, 16/09/2011, 12:00
هەر وەك چۆن سەردەمانى زوو مرۆڤەكان لە دار و بەرد و قۆڕ "بت"یان دروست دەكرد و دەیانكردە خواوەند و كڕنوشیان بۆ دەبرد و لە بەری دەپارانەوە، بەهەمانشێوە لە دواى ساڵى 2003 لە جیاتى ئەوەى كورد خەریكى رێكخستنى ناوماڵى خۆی و پتەوكردنى پایەكانى حكومڕانى خۆی بێت، كەچی سەركردەكانى كورد لەسەر حیسابی ماف و لاشەى كورد، عێراقى خۆڵەمێشی بونیاد نایەوە و حكومەتۆكەیەكى ناوەندى دروست كرد، كە ئێستا لێمان بۆتە سۆپەرمان و وەك بتەكە لەبەری دەپاڕێینەوە و داواى لێدەكەین عانەیەكمان بداتێ و بمانپارێزێت لە دوژمنان، كەخۆی دوژمنترین دوژمنە.
وابڕیارە بەم نزیكانە شاندێكى حكومەتى هەرێم سەردانى بەغدا بكات بۆ قسە كردن لەسەر تۆپبارانكردنى ناوچە سنوورییەكانى هەرێم و كێشە هەڵواسراوەكان. هەر چەندە ماوەى پێنج ساڵە توركیا و ئێران لە وەرزى هاویندا ناوچە سنوورییەكانى هەرێم تۆپباران دەكەن، بێ ئەوەى حكومەتى هەرێم هەڵوێستى كردارەكى هەبێت، داوا لە حكومەتى ناوەندى دەكات كە هەڵوێستى كردارەكى هەبێت. سەیرە سەركردایەتى كورد داواى هەڵوێست لە حكومەتى عێراقی دەكات! دەبا بپرسین حكومەتى عێراقی كێیە؟ ئەو حكومەتەى سەرۆك كۆمارەكەى، جێگری سەرۆك وەزیرانى، جێگری سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەرانى، وەزیرى دەرەوە، سوپاسالارەكەى، كە لە دەسەڵات و پۆستى باڵادان هەموویان كوردن، ئەمە وێراى ئەوەى نزیك بە 60 پەرلەمانتار و 7 وەزیر و دەیان بریكارى وەزیر و مودیر عام و سەرۆكى دەستەكان، كوردن و بە حیساب نوێنەری كورد و هەرێمى كوردستانن! ئەرێ پێم ناڵێن ئەمانە ئیش و كار و ئەركیان چییە؟ ئەى ئەمانە بەشێك نین لە دەسەڵات و حكومەتى عێراقى؟ ئەى سەركردایەتى كورد نابێژێ ئێمە هاوبەشی عێراقین؟
باشە كە ئەمانە نوێنەری ئێمەن، ئەى بۆ دەیان بڕیار و یاسایان بەسەردا تێپەڕیوە كە بە دژی كوردە؟ ئەى بۆچی ساڵانە دوو سێ جار شاندى سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت و پەرلەمانى كوردستان خۆ بە بەغدایا دەكەن بۆ تاوتوێكردنى جونینەوەى پرسەكان كە چارەسەر نەبوونە و چارەسەریش نابن!
ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین و واقیعانە بیر بكەینەوە، ئەوا لە مێژە حكومەتى عێراقی هەڵوێستى خۆی راگەیاندووە، ئەویش هەموو ساڵێك لە گەڵ هێرشەكانى توركیا و ئێران، لە ناوچە دابڕێنراوەكان (ساڵانى پێشوو لە كەركوك و خانەقین)ە و ئەمساڵیش لە (سەعدییە و جەلەولا)ەوە هێرش دێنێت و فشار دەخاتە سەر ناوچە كوردنشینەكان، ئەمە جگە لە هاوهەڵوێستى بۆ توركیا و ئێران شتێكى تر ناگەیەنێت!.
لە راستیدا ئەوەى هەڵوێستى نەنواندووە، نوێنەرانى كوردە لە حكومەتى عێراقی، ئەوە كوردە لە بەغدا خۆی گەڕ كردووە، جگە لە جێگرتن شتێكى بە شت نەكردووە! ئەونا بەناوى نوێنەرایەتى لەسەر حیسابی كورد دەژین.
ئەگەر بۆ هەر بابەت و پرس و مەسەلەیەك لەگەڵ حكومەتى ناوەندى، ناچارانە شاندێك لە هەرێمەوە بچێتە بەغدا، ئەدى كوا هاوبەشییەكەى ئێمە لە حكومەتى عێراقى؟ ئەدى ئەو هەمووە بەرپرسە كوردە چی دەكەن لە ناوچەى سەوز؟
مادام وایە وەرنەوە، ئێوە نوێنەر نین!
ئەم وتارە لە رۆژنامەى هاوڵاتى بڵاوبۆتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست