جەلال جەوهەر :نەمانتوانی لەناو حزبدا گۆڕان بكەین .
Sunday, 07/06/2009, 12:00
دیمانە: ئاسۆعوسمان
جەلال جەوهەر ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەرێی ئەم دیمانەیەوە تیشك دەخاتە سەر هۆكارەكانی هاتنە دەرەوەی چوار مەكتەب سیاسییەكەو پرسی گۆڕان وپرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەر لەرێی ئەم دیمانەیەوە ئەوە رادەگەیەنێت بێ ئومێدبوون لەگۆڕان لەناوخۆی یەكێتی بۆیە ناچاربوون بێنە دەرەوەو لەدەرەوەی حیزب بەو هەنگاوە هەڵسن.
ئاسۆ: چەند ساڵێكە باسى گۆڕان وچاكسازیى لەحیزبدا دەكرێ، هۆى چى بوو ئەم جووڵانەوەیە لەناو حیزب سەرى نەگرت؟. جەلال جەوهەر:هەوڵ وتەقەلاى زۆر درا، گۆڕان ونوێبوونەوە لەحیزبدا بكرێ، بەدەیان یاداشت وپڕۆژە پێشكەشكرا، بەدەیان كۆڕو كۆبوونەوەو سیمیناریان بۆ بەسترا، بەسەدان وتارو لێكوڵێنەوە بڵاوكرایەوە، هیچ ئەنجامێكى نەبوو، بەدەیان جار بڕیارى بۆ دراو بەڵێن درا، بەڵام بەداخەوە هیچى لـێ سەوز نەبوو، بەڵكو نائومیدیى وبێ بڕوایى زۆرى لێكەوتەوە. ئەم ساڵ بۆ ئەو ساڵ، ئەم مانگ بۆ ئەم مانگ تا بەتەواوى بێ بڕواو نائومێدبووین، لەوەى چاكسازیى لەناو حیزبدا بكرێ. هۆیەكەشى دیارە، ویستێكى بەهێز هەیە لەدژى چاكسازیى، كەهەموو دەسەڵاتێكى قۆرخكردووە. بەڕاى ئێمە چاكترین رێگە ئەوەیە گۆڕانكارییەكان لەڕێى هەڵبژاردن وسندوقەكانى دەنگدانەوە بكرێ. ئەمڕۆ جووڵانەوەیەكى بەهێز هەیەو رووبەرێكى فراوانى گرتۆتەوە، لەناو حیزب ورێكخراوەكان، لەناو رێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنى، لەمیدیاكان، كەسایەتى،.. دەكرێ بەشێوەیەكى نوێ رێكبخرێ وئاڕاستە بكرێن بۆ گۆڕان ونوێبوونەوە.
ئاسۆ:زۆر باسی گۆڕان دەكرێت، ئایا دەكرێ وەك یەكێك لەقوتبە سەرەكییەكانی گۆڕان بەشێوەیەكی كورت مەفهومێكمان بدەیتێ لەسەر گۆڕان، چونكە بەڕاستی ئەم چەمكە تائەمڕۆش لای زۆرێك لەخەڵك بەتەواوی ناناسرێ؟. جەلال جەوهەر: بەڵێ بەڕاستی گۆڕان وەك بیرو رێباز رەهەندێكی جیهانی هەیە، زیادبوونی خێرای بەرەو پێشچوونی كۆمەڵەكانی مرۆڤایەتی لەسەرجەم بوارەكانی ژیانی ئابووری ورووناكبیریی وكۆمەڵایەتی وسیاسیی لەسەر ئاستی دنیا فەزای زەروریەتی بەرجەستەبوونی گۆڕانی خوڵقاند، ئێمەش وەك كۆمەڵێك لە خەڵك، هەر زوو دركمان بەوەكرد گۆڕان هەقیقەتێكی یەقین وحەتمییەو ناكرێت پشتگوێ بخرێت، بۆیە زۆر بەجیددی كەوتینە كار بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕان لەناو حیزبەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی باڵادەستبوونی ئەوانەی دژی گۆڕان بوون، بوینەووە، نەمانتوانی لەناو حیزبەوە ئەوە بكەین بۆیە بڕیارماندا لەدەرەوەی حیزب ئەو پڕۆژەیە ئەنجام بدەین، لێرەدا وەك مەفهومی گۆڕان بەشێوەیەكی گشتیی چەند ئاڕاستە یان چەند رەهەندێكی هەیە، لەبواری سیاسییدا دەبێ گۆڕان لەسروشت وشێوازی سیستمی سیاسیدا بكەین خاڵی سەرەتای ئەمەش یەكەم شت لەسەپاندنی عورفی ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتەوە دەبێت، لەبواری بیرو رووناكبیریدا كاتی ئەوە هاتووە ئێمەش تەجاوزی عەقڵیەت وبیری سەدەی بیستەم بكەین، بنەماكانی بیری نوێمان لەسەر درەوشاوەكانی بیری نوێ دامەزرێنین، نەك چاوەڕوان بین، بیرێكمان بەموعەلەبی بۆ بێنن و بیكەنە ئایدیای حیزب.
ئاسۆ:بەڕاى ئێوە رێگاى هەڵبژاردن بۆ مەبەستى گۆڕان ئەنجامى دەبێ. گرنگى لیستى جیاواز چییە؟ پێتوایە زۆرینەى كورسییەكان بەدەستبێنن؟ حیزبە دەسەڵاتدارەكان ئۆپۆزیسیۆن قەبوڵ دەكەن؟. جەلال جەوهەر:رێگاى هەڵبژاردن ودەنگدان، ئەویش رێگایە بۆ گۆڕان، بێگومان چاكترین رێگاشە، هیوادارین رێگەى هەڵبژاردن وسندوقەكانى دەنگدان ببێ بەكولتوورى گۆڕان ونوێبوونەوە لەژیانى سیاسیى وحیزبى وحوكمڕانى. هەر لایەك دەچێتە هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە زۆرینە بەدەستبێنێ، گەر زۆرینەش بەدەستنەهێنێ، دەبێ بەسەرەتایەك بۆ گۆڕان ودروستبوونى دەنگى جیاوازو ئۆپۆزسیۆن، دەبێ بەكولتوورێكى شارستانى وئاشتیانەى میللەتەكەمان وجووڵانەوەكەى، بۆ دەساودەسكردنى دەسەڵات. حیزبە دەسەڵاتدارەكان دەبێ معارەزە قەبوڵ بكەن، گەر قەبوڵى نەكەن ناتوانن لەگەلأ بارو زروفى ئەمڕۆى عێراق وكوردستان بگونجێن، دەبێ رابێنرێن وخۆشەبكرین بۆ قەبوڵكردنى عەقڵێتى معارەزە. رۆڵى معارەزە دیارەو بەرهەمیشى لـێكەوتۆتەوە، یەكەم دەسكەوت: بەدروستبوونی جووڵانەوەیەكى بەهێزى معارەزە دەقێكى گرنگى شكاند، كەسەردەمێك خەتى سور بوو، هەموو مەیدانەكانى جەماوەریى (رێكخراوەكان)و حیزبە سیاسییەكان، میدیاكانى گرتۆتەوە، هەر ماوەتەوە بەشێوەیەكى چاكتر خۆى رێكبخات وخۆى ئامادە بكات بۆ هەڵبژاردنەكانى ئایندە. دووەم: ئەوەى ئەنجام دەدرێ ئەمڕۆو ئەوەى ئەنجامدراوە لەچەند مانگى نزیكى رابردوو لەخزمەتگوزاریى وئاوەدانكردنەوە بەدەستخۆشییەوە، بەڵام بەرى فشارو دەسكەوتى معارەزەو جەماوەرەكەیەتى.
ئاسۆ:پێتانوایە ئەم هەڵبژاردنە بەپاكى بەڕێوە دەچێ، زەمانەت چییە لەم هەڵبژاردنە ساختەكاریى ناكرێ؟. جەلال جەوهەر:هیوادارین هەڵبژاردنێكى پاك بێ وساختەكاریى تێدا نەكرێ وهیچ كارێك نەكرێ بۆ سووككردن و لەكەداركردنى هەڵبژاردن، چونكە ئەوە كاریگەریى خراپى بۆ سەر ناو وناوبانگى لایەنە سیاسییەكان ومیللەتەكەمان دەبێت. گەر ناو وناوبانگى میللەت و وڵاتەكەمان لا پیرۆزەو بەرژەوەندیى میللەت و وڵاتمان لاگرنگەو لەپێشەوەیە، ئەوە دەبێت بەرژەوەندیى حیزبى بخرێتە دواى بەرژەوەندیى گشتى، بەڕاى من دەبێ هەموو رێگە ئسوڵییەكان بگرینە بەر بۆ چاك وپاكڕاگرتنى ئەم هەڵبژاردنە، دەبێ وابكرێ چاودێریى ورد بكرێ، هەم لەلایەن نوێنەرى كیانى سیاسیى، كۆمیسیونى هەڵبژاردن، چاودێرانى كۆمەڵگەى مەدەنیى، میدیاكان، چاودێرى نێودەوڵەتى، هاوكات ئەركی ئێوەیە، ئەركی هەموو رۆژنامەنووسێك ورووناكبیرێكی پاك ودڵسۆزە كەئەمڕۆ بەگیانی لەخۆ بووردەییەوە، لەپێناو ئایندەی میللەتەكەمان وبۆ رێگرتن لەدووبارەنەبوونەوەی ئەو ئەزموونە تاڵ وتفتەی ساڵانی رابردوو بێنە مەیدان، كار لەسەر ئاشكراكردنی راستییەكان وریسواكردنی گەندەڵیی ونارێكییەكان بكەن.
ئاسۆ: گەر ساختەكاریى ئەنجامدرا رێگەچارەى ئێوە چییە بۆ رووبەڕووبوونەوە؟. جەلال جەوهەر:رێگاى ئێمە بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى ساختەكاریى لەهەڵبژاردن، رێگاى دیموكراسى ورێگاى ئاشتییە، رێگاى دادگایە لەكوردستان، رێگاى دادگاى فیدراڵییە لەعێراق ، ئەگەر هەر نەگەین بەئەنجام رێگای دادگای نێودەوڵەتیش دەگرینەبەر، دەبێ خەڵكی ئەوە بزانێ كەدنیای ئەمڕۆ، دنیای سەردەم بەعس نییە كەسانێك لەدەسەڵات بتوانن خوڵكی ئەنفالو قەتڵ وعام بكەن وكەسیش توانای نەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات. لەسەرەتاى (2009) لەچواردە پارێزگاى عیراق هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان ئەنجامدرا، كە ئەنجامەكانى زۆر جیاواز بوو لەهەڵبژاردنەكانى ساڵى (2005). هەموو لایەنەكانى ئەم هەڵبژاردنە پیرۆزباییان لەیەك كردو پەسەندیان كرد، ئەمە لەكاتێكدایە كەشەش ساڵ تێبەڕ بوو بەسەر رزگاركردنى عیراق لەدیكتاتۆرییەت وهیچ جۆرە كێشەیەكیش دروست نەبوو. ئێمەى كورد زیاتر لە(18) ساڵە ئازادو شانازیش دەكەین بەو ئازادیى ودیموكراسییەتەى هەیە لەكوردستان، بەحیساب ناوەندێكى دیموكراتین! بۆ دەبێ زیاتر بیر لەساختەكاریى بكرێتەوەو لەم هەڵبژاردنە بەتایبەتى؟.
ئاسۆ: مەترسى دەسەڵات لەلیستى گۆڕان ولیستە تازەكان بۆ؟ هێشتا هیچ نەبووە شێوەیەك لەهەڵمەت وهێرش دەكرێتە سەر لیستى گۆڕان ولیستەكانى تر؟. جەلال جەوهەر:مەسەلەى مومارەسەى دیموكراسییەت لەناو جووڵانەوەى كورددا هیشتا بەشێكى هەرە زۆرى هەر ناو ودروشمە، مومارەسەى دیموكراسى تەنانەت لەناو حیزبیشدا نەبۆتە نەریت وكولتوور. دیموكراسییەت بەر لەهەموو شتێك پێویستی بەچاندنی عەقڵییەت وهۆشیاریی تایبەت بەخۆی هەیە، بەراستی هەموو ئەمانەش تا ئەمڕۆ كارى پێویستیان بۆ نەكراوە، بگرە لەناو حیزبدا نەمانتوانیوە دیموكراسی بین چجا لەناو كۆمەڵ، بەبارێكی تردا ئەگەر ئەو پرۆسەیە بەوجۆرە بێ لەناو حیزبدا، دەبێ چەند بوارى مومارەسەى پرۆسەى دیموكراسى هەبێ لەگەڵ حیزبە سیاسییەكاندا. عەقڵیەتێك ئامادەنەبێ دەساودەسى دەسەڵات لەژیانى رێكخراوەیى وحیزبیداو لەگەڵ هاوڕێكانى خۆى بكات، چۆن وا بەئاسانى مومارەسەى كارى دیموكراسى لەگەلأ حیزب ورێكخراوى سیاسیى تر دەكات؟!.
لە(5 6) ساڵى رابردوو پێشكەوتن بووە لەمومارەسەى دیموكراسى، لەبوارى هەڵبژاردن وراگەیاندنى ئازادو كارى رێكخراوەكانى مەدەنى، لەعیراق بەگشتیى. بەڵام چاوەڕوان دەكرا پرۆسەى دیموكراسى لەكوردستان بكەوێتە پێش عیراق، بەداخەوە وا دەرنەچوو بەهۆى زاڵبوونى عەقڵیەتى پاوانخوازیى لەكوردستاندا بگرە ئێمە كەوتینە دوای ئەوانیش. بۆیە پێویست دەكا حیزب ورێكخراوە سیاسییەكانى كوردستان عەقڵیەتى وزهنیەتى خۆیان (سەركردایەتى وكادران، ئەندام) رابێنن وبگونجێنن وخۆشە بكەن بۆ بوونى ئۆپۆزسیون لەكوردستان چونكە ئەوە ناوەڕۆكى دیموكراسییەتە، ئەگەر ئەو عەقڵیەتە نەبێ، ئەى بۆ دەبێ بترسن لەم لیستانە؟ خۆ ئەم لیستانە لەشكرو تۆپ وتەیارەو هێزەكانى پۆلیس وئاسایشیان نییە تەنیا شتێك كەهەیانە بڕوایە بەگۆڕان وبەبوونى ئۆپۆزیسیۆن، جەماوەرێكى بێ چەك وتەقەمەنییان هەیە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست