میدیاى ئازاد و جاش میدیا ..!
Saturday, 09/05/2009, 12:00
ئەم دەسەڵاتە بێ ئیرادە و كۆنەپەرستەى لەمەڕ خۆمان بەهەموو شێوەیەك كەوتۆتە دژایەتى و تۆمەت و بوختان هەڵبەستن بۆ رۆژنامە ئەهلى و ئازادەكان ، رۆژێ بە جاسوسیان بۆ لایەنى دەرەوە و رۆژێ بۆ تێك دانى ئەم ئەزموونە سەقەتە بە خیانەتكارى نیشتمانى و نەتەوەیی ناویان ئەبەن ، ئێستا لایەنگرانى لیستى گۆڕان و سایتە ئازاو بۆێرەكانى وەكو كوردستانپۆست وئاوێنە و سبەى وەك نەیارو دوژمن لەلایەن دەسەڵاتە دژ بەكوردەكەى بنەماڵەى تاڵەبانى ناڵانى و وبارزانى پارەزانى سەیر ئەكرێن، لەزۆربەى دام ودەزگا حزبى و دامەزراوە رۆشنبیرى و فەرهەنگیەكان و زۆرێك لە فەرمانگەكانى حكومى چاودێرى تۆڕى ئینترنێتەكان ئەكەن و هەر كەسێك سەیرى ئەم سایتانە بكات بەتایبەتى كوردستانپۆست و سبەى هەر زۆر زۆر قەدەغەن و ئەوەى بیكاتەوە ئەگەر نانبڕاوى نەكەن ئەوا كارێكى ترى لاوەكى ئەدەنێ و دواتریش تۆمەتێكى ئەخەنە پاڵ و بۆ یەكجارى دوورى ئەخەنەوە ! ئەوەى لاى هەموو كەس روون و ئاشكرایە و ئەبێتە یەكلاكەرەوە لە نێوان دەسەڵاتداران و میدیاى ئازاد دا ئەوەیە :
1- میدیاى ئازاد : راستیەكان ، هەواڵەكان وەك خۆى ، دەنگ وباسی تازە ، متمانەى تەواو ، پێوەرێكە بۆ ئەوەى كە جەخت بكاتەوە لە راستى یا ناراستى هەواڵ و رووداوێك ، بە كۆمەكێكى كەم و دارایى سەربەخۆ ، جەماوەرى زۆرى هەیە ، بەزۆر رۆژنامە كانیان بەسەر هیچ فەرمانگەو دامەزراوەیەكى حزبیدا بڵاوناكرێتەوە ، رۆژانە وێنەى بەرهەڵستكاران وكەسایەتیە ناودارو كاریگەرەكان كەبەدڵى دەسەڵات قسەناكەن بڵاوئەكاتەوە و جەماوەر بەهەڵەداوان بەدوایا ئەگەڕێ ، نەك وێنەى دەمووچاوە قێزەونەكانى دەسەڵات و دەست وپێوەندەكانیان ، بەڵێنى گەورە و مژدەى درۆزنانەوبۆختان وتۆمەتى ناڕەوا و دەموچاوى بۆگەن و نوسەرى بەزیو و دزو ماستاوچى بڵاوناكاتەوەو ناخاتەڕوو.
2- میدیاى ئازاد : زۆربەیان هەفتەى جارێك یا دوو جار بڵاوكراوەیان دەرئەچێ ، خاوەن و نووسەرەكانى خەڵكى ئاسایی و هەژارن و ئەگەر ئوتومبیلیان هەبێ ئەوا كۆنە وبەقەمسەڵەى ساڵێ یا دووساڵ لەمەوبەر ئەسوڕێنەوە وزۆربەى گفتوگۆو باسەكانى نێوانیان خەمى نیشتمان و ئەزموونى هەرێم و گرفتە كۆمەڵایەتى وسیاسی و فەرهەنگى و ئابووریەكانى كوردستانە ، گەر سێ یا چوار دەعوایان لە دادگا لەسەر تۆمار نەكرابێ ئەوا بێ شك نوێنەرێكیان بەڕێگەى دادگاوەیە ، سەرنوسەرەكانیان تاوانباركراون و غرامە ئەكرێن و دادگا پێیان ئەوێرێ و ملیان لە ئاست دادگا لە موو باریكترە ، رێگەى دووریان شارەكانى زاخۆ و خانەقینە و لە ئوتێل و چێشتخانە هەرزان بەهاكان دائەبەزن ونان ئەخۆن ، هیچ كاتێ گیرفانیان لە (40 تا 60) هەزار دینارى عێراقى زیاترى تیانیە ، خەڵكێكى زۆر خۆشى ئەوێن ورێزى زۆریان لێ ئەگیرێ ،بەڵام دەسەڵاتداران كوێربن نەیان بینن ، لەگەڵ بڵاوكردنەوەى هەموو ژمارەیەكا چاوەڕوانى زەنگێكى دەنگ زەبر و كۆمەڵێ هەڕەشە و ئیهانە ئەكەن ئەوەئەگەر دوو سێ حیمایەى نەنێردرێ بەشوێنا .
1_ میدیاى دەسەڵات : هەواڵى سواوى تەشریفاتى ، فڵان بەرپرس واى كرد و نانى وا خواردو لەگەڵ
جەماوەرى بەشەرەفى كوردستان كۆبۆوەو درۆ و بەڵێنى پارو پێراریان بۆ دووبارە ئەكاتەوزە ، هەواڵەكانیان یەك بست بڕناكا و یەك كەس نابزوێنێ ، هەر تەلە فزێۆنە و بڵاوكراوەیەك كەسێكى لەپشتەو ئەبێ یەكەم جار هەواڵو وێنەى ئەو دابەزێت و دواتر ئەوانى تر ، ئیمتیازات و پارەیەكى زۆریان بۆ تەرخانكراوە ، بۆئەوەى ئیحراج نەبن زۆربەى مەسئول و دامودەزگاكان بێ خوایشتى خۆیان ئەیان كڕن ، هەموو رۆژێ وەك سەردەمى بەعس سید الرئیس و هاوەڵەكانى لاپەڕەى یەكەمیان پێ بڕوە ، ئەوە جگە لەوەى چەند بابەتێ حیكمەت و فەلسەفەكان و سەردانە پڕ دەستكەوتە دیبلۆماسیەكانیان بۆ ئەڕزێننەوە ، هیچ كاتێ نەم بینیوە كەسێك رۆژنامەى دەسەڵات بكڕێ مەگەر شتێكى تایبەت بەخۆى وەك ئاگادارى یان هەواڵێكى ناجورى بڵاونەكربێتەوە ، هەرگیز شتێك بڵاوناكاتەوە گەر بەشانوباڵى فیرعەونەكانى دەسەڵاتداردا هەڵنەوترابێ ، جێگەو مۆڵگەى لەشكرێك لە كۆلكە نوسەر و پیاوى رییایكەر و قەڵەم فرۆش و بێ ویژدانە (لەگەڵ رێزم بۆ هەندێ نوسەر ، یاكەسایەتى دیار ، یاهەندێ مامۆستاى زانكۆ كە لەناچارى لەوێ بتبەتەكانیان بڵاوئەكەنەوە) .
3- میدیاى دەسەڵات : رۆژانە بڵاوكراوەكانیان دەرئەچێ ، سەرنوسەرو سكرتێرى نوسین و هەندێ مەسئول لاپەڕە وەك پادشاى بێ عەسكەر وان ، لەوشكى ئەخەون و لە تەڕى ئەخۆن ، خەڵكى دەوڵەمەندبوون ، ئوتومبیلەكانیان لەگەڵ مۆدیلى رۆژە وەكو (مۆنیكا ، ئێكس فایف ، تاهوى جاك پاوەر ، ئەڤەلۆن و كامرى 2009) لەسەر مۆدیلى ئیتالى وتوركى و لوبنانى قات ئەگۆڕن ، زۆربەى گفتوگۆ و مناقشەى رۆژانەیان لە سەر جۆرى ئوتومبیل و قاتى گرانبەها و شەودانیشتنەكانیانە ، نەك دادگا داوایانناكا ، بەڵكە خۆیان دادگا و خۆیان خەڵك ئەدەنە دادگا ، بەردەوام ناویان لەلیستى سەفەر وسیاحەتدا نوسراوە و زۆربەى وڵاتانى ئەوروپا و ناوچەكە گەڕاون ، ناوى زۆربەى ئوتێلە گرانبەهاو مەلها و دوو تا سێ ژمارە مۆبایلى كیژۆڵەى ناسك و نازداریان لە گیرفانایە ، هیچ كاتێ گیرفانیان بێ دۆلار و لیرەى توركى نیە ، لاى دەسەڵاتداران خۆشەویست و لاى جەماوەریش گاى بڵح و قێزەون ، لەگەڵ بڵاوكردنەوەى هەر ژمارەیەكا چاوەڕوانى پاداشتێكى بەرپرسانە و بارك اللە یەكە یا ئێوارە دانیشتنێكى مسۆگەرە !
هەر كەسێ لەم چەند رۆژەى پێش ئیستادا تۆزێ سەرنجى رۆژنامە و تەلەفزێۆنەكانى دابێ ئەو كەسایەتى و قەڵەمە بوێر و دەنگە زوڵاڵانە ئەناسێتەوەو ئەزانێ چەندە لەخەمى نیشتمان و هەرێمەكەیاندان ، بەپێچەوانەى كۆلكە نوسەر و ئیعلامیە حزبیەكانەوە كە لەتاو پارە و ئیمتیازى زۆرتر هموو لەشیان ببوە زمان وقسەى حەلەق و مەلەقیان ئەكردو شانامەیان بەو دەسەڵاتە دروزن و دزو گەندەڵەدا ئەهۆنیەوە بەجۆرێك مەگەر هەر زەمانى بەعس ئەوەمان بینیبێ ! بۆیە خەڵك و چاودێران و رۆشنبیران ئەو جیاوازیە گەورەیە لە ژیان و گوزەران و مومتەلەكات وچەواشەكاریەى كەدەستان داوەتێ بە زەقى ئەیبینێ و ئەشزانێ بەهۆى چیوە دەستان كەوتوە بۆیە رۆژێ دێ لەگەڵ هاوشێوە گەندەڵەكانتان ناوتان بخرێتە زپڵدانى مێژووەوە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست