کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ڕۆشنبیر و هاوسەرگیریى

Thursday, 08/03/2012, 12:00







"ڕۆشنبیر، هەرچۆنێك بكات، بەخراپى دەیكات"
تیۆدۆر ئەدۆرنۆ
 


پێموایە زۆر كەس لە ئێمە ئەو وتەیەى سارتەرمان بیستووە كە ئەڵێ: "ئەركى ڕۆشنبیر، خۆهەڵقورتاندنە لەو پرسانەى كە پەیوەندییان بە ئەوى ڕۆشنبیرەوە نییە"، بەندە نامەوێ لەم وتارەدا باس لەو پرسانە بكەم كە پەیوەندییان بە ڕۆشنبیرى كوردەوە نییە و خۆى تێیان هەڵقورتاندووە. من دەمەوێت سەرەتاى ئەم نووسینە بە ئاوەژوكردنى ئەو وتەیەى سارتەر دەست پێبكەم. گومان لەوەدا نییە هەموو ئەو پرسانەى كە سارتەر لەو وتەیەدا مەبەستێتى پرسگەلێكن پەیوەندییان بە كۆمەڵگاوە هەیە، كەواتە گەر ئەو وتەیە ئاوەژو بكەین دەبێت بڵێین هەموو ئەو پرسانەش كە پەیوەندییان بە هەر لایەنێكى ژیانى تایبەتى ڕۆشنبیرەوە هەیە، نەك هەر پرسگەلێكى تایبەتو كەسیى نین، بەڵكو ئەندامانى كۆمەڵگا بۆیان هەیە، بەخۆهەڵقورتاندن تێیان، دەربارەى ورد و درشتیان بدوێن. یەك لەو پرسانەش پرسى هاوسەرگیریى ڕۆشنبیرە. هەم هاوسەرگیریى كۆمەڵایەتىو هەم هاوسەرگیریى سیاسى. هەڵبەت، سەبارەت بە كەسى ڕۆشنبیر، گەر هاوسەرگیریى كۆمەڵایەتى بۆ جارى دووەم نیشانەى شكست بێت لەژیانى كۆمەڵایەتى یەكەمدا، ئەوا هاوسەرگیریى سیاسى جگە لەوەى كە هێماى شكستە لە ڕۆشنبیربووندا، چونكە ڕۆشنبیر نابێت پاشكۆیەتى قەبولأ بكات، هاوكات بەڵایەكى هێند خراپیشە كە، عەرەب وتەنى، مرۆڤ دێنێتە پێكەنین. ڕێبین هەردى زەقترین نموونەى ئەو جۆرە ڕۆشنبیرانەى كوردە كە بەردەوام، بەهۆى هەڵخزانەكانییەوە، سەرنجى پێكەنینى مرۆڤ بەرەو لاى خۆى ڕادەكێشێت. ڕێبین گەر مرۆڤێكى سادە و ساكارى ئەم وڵاتە بووایە و بەهۆى هەر كار و كاسپییەكەوە بە پەیداكردنى بژێوى ژیانییەوە خەریك بووایە، نە هەمووان دەیانناسىو نە منیش دەربارەى وشەیەكم دەنووسى. بەڵام ئەو ڕۆشنبیرە، هەربۆیە منیش دەمەوێت دەربارەى ئەوى ڕۆشنبیر چەند هەڵخزانێك تۆمار بكەم.

ڕۆشنبیربوون بۆ خۆى سیاسەتكردنە بەڵام سیاسەتكردن لە دەرەوەى هەموو ئۆرگانێكى سیاسیدا، چونكە ڕۆشنبیربوون لە ناوەڕۆكدا هەڵگرى واتاى سەربەخۆییە لەبیركردنەوەو بڕیاردا، بەڵام كاتێك كە ڕۆشنبیر دەبێتە سیاسىو پەیوەندى بەحیزبێكى سیاسییەوە دەكات، بەشێوەیەكى ئۆتۆماتیكى لە ڕۆشنبیربوون دەكەوێتو خۆشمان بێتو ترشمان بێت چیى تر نابێت بەئاوەڵناوى ڕۆشنبیر بیناسێنین. یان لە باشترین دۆخدا ڕۆشنبیرە بە واتا گرامشییەكەى. لە چ جێیەكى ئەم دنیایەدا ڕۆشنبیر پێویستیى كەوتە باباى سیاسىو لەژێر ناوى ڕاوێژكارى خۆبەخش دا دەروێشایەتى بۆ كرد؟ ڕێبین لە وتارێكیدا ڕابوردویدا لە ڕۆژنامەى ئاوێنەدا كە ناوى لێكدى دوورى گاندى و گیڤارا و نەوشیروان مستەفا پێكەوە كۆدەكاتەوە، بەهانەكانى چوونە پالأ گۆڕان و پاشان بوونە دەروێشى كاك نەوشیروانمان بۆ ڕوون دەكاتەوەو داوامان لێدەكات هەرچى ئومێدمانە بە گۆڕانەوەى گرێ بدەین. ئەو لەو شوێنەدا باس لە وەرچەرخانى، ئێجگار ئەستەمى، گیڤارا بەرەو گاندى، كاك نەوشیروانمان بۆ دەكات. لە چ شوێنێكى دنیادا ڕۆشنبیر بووە كەرەستە بۆ ڕێكلامى سیاسىو كارى بووە ڕێكلامكردن؟ ڕێبین مۆدێلێكى نوێیە لە ڕۆشنبیر، لەو ڕۆشنبیرانەیە كە ڕێكلام دەكات، شوێن ڕووداو دەكەوێت، پێویستى بە باباى سیاسییە. گۆڕان ڕووداوێكى سیاسى بوو ڕێبین شوێنى كەوت. بەڵام ئەمە بەشێكە لە سروشتى لەمێژینى ڕێبین. لەیادمە ئەو لە یەكێك لە هەڵبژاردنەكانى لەوەوبەرى ئەم وڵاتەدا لایەنگرێكى سەرسەختى حیزبى زەحمەتكێشان و كەسێكى نزیكى كاك قادر عەزیز بوو، لەو هەڵبژاردنەدا دەنگى بە زەحمەتكێشان دا. ڕێبین، وەك ئەوەى كەسێكى سادە بێت، لە قەیرانێكى كوشندەى هەڵبژاردندا دەژى. پرسیارى: كام حیزب هەڵبژێرم؟ دەنگ بە كام حیزب بدەم؟ هەموو چەند هەڵبژاردن جارێك بەرۆكى بیركردنەوەى دەگرێت. ئەو لەو جۆرە ڕۆشنبیرانە نییە كە پێشنیازى مۆدێلى نوێ لە حیزب بكات، یان خاوەنى مەعریفە بێتو مۆدێلى تازە لە حیزب بەرهەم بهێنێت. بەڵكو مۆدێلى ئەو لە مۆدێلى ئەو ڕۆشنبیرانەش نزمترە كە لە شەستەكانى سەدەى ڕابوردودا بە بەهانەى بنەماڵەیىو خێڵەكێتى لە پارتى جیابوونەوەو دواتر حیزبێكى ترى بنەماڵەیىو خێڵەكییان دامەزراند.

  هیوادارم ڕێبین ئەم هەڵخزانە بەردەوامانەى كە بۆم دەستنیشانكرد بە قسەى ناحەز و بوختان لەقەڵەم بدات، هیوادارم ئەم بۆچوونانەم، خۆى وتەنى، زەڕەیەك كار لە هەڵوێستو بیرى نەكەن، چونكە دواجار من بەهۆى قیرسچمەیى بەڕێزیانەوە دەیسەلمێنم كە ڕێبین كەسێكى سادە و ساكارە نەك نووسەر و ڕۆشنبیر


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە