کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


توندوتیژیی و عەقڵیەتی خۆسەپاندن

Wednesday, 09/03/2011, 12:00






هەڵبژاردن و نوێبوونەوەی نوێنەرایەتیكردنی خەڵك و تازەكردنەوەی پەرلەمان و دامەزراندنی كابینەی نوێ، تاڕادەی گۆڕانی حزبە دەسەڵاتدارەكان و هاتنە پێشەوەی حزب و لایەنی نوێ ئۆپۆزیسیۆن بۆ دەسەڵات، یان متمانەدانەوەی دەنگدەران بەو حزبانەی لەدەسەڵاتبوون بۆ جارێكیتر، تەنانەت هێنانی دەنگی زۆرینەی زیاتریش بەدەر لەپێشبینییەكانیش ئاساییە و بنەماكانی دیموكراسی پتەوتر دەكات و دەیچەسپێنێت، ئیرادەی دەنگدەران بەرجەستەدەكات و بناغەی حوكمی شارستانی و عەقڵیەتی نوێ سەردەم و بڕیاری زۆرینەی رای گشتیی جێگیردەكات.بەلام مەرج نیە ئیتر دەنگدەران بخەون و رولیان لە چاودیریكردنی ئەوانە نەبیت كە دەنگیان پیداون ، ئیرادەى ئەوەیان هەیە بە زورینە متمانە لەوان بسەننەوە ، گەر بەدلیان نەبوون ، هەرچەند ناشیت هەر گروپیكی دیارى كراوبە تەنها وویستی ئیتر هەلبژتردن دووبات بكریتەوە لە سەر داواى كەمینە یان ریژەیەكی تایبەتی.
پرۆسەی هەڵبژاردن كۆڵەكەی بنەڕەتی سیستەمی دیموكراسی و هێمای بەشداریكردنی تاكە لەكاری سیاسی وڵاتدا، گەر بێت و هەموو كەسێك توانای هەبێت بەشێوەیەكی ئازادو ئارەزوومەندانەو سەربەست و دوور لەهیچ فشارێك بەشداری بكات و نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت، زۆریش ئاساییە هەموو لایەنەكان بانگەشەو پڕوپاگەندە بۆ خۆیان بكەن بۆ راكێشانی لایەنگرو بەهێزكردنی پێگەی جەماوەرییان، هەر لەخستنەڕووی بەرنامەیان تا رەخنەگرتنی بابەتی لەكارو كرداری لایەنەكانیتر، بەڵام بەپەیڕەوكردنی پرەنسیپە گشتییەكانی كاری دیموكراسی و دەرنەچوون لێیان و پێشێلنەكردنی مافی لایەنیترو نەگەیاندن بەڕادەی روشاندنی كەسایەتی و جنێودان و كاری دزێو توندوتیژیی و سەپاندن و پوچەڵكردنەوەی تێكڕا پرۆسەكە.
تا چ رادەیەك لایەنەكان پابەندی پرۆسەی دیموكراسی بن و بەشێوەی هێمنانەو شارستانی و دوور لەگرژی و زمانی توند كاربكەن و چالاكی خۆیان بنوێنن، وا لای جەماوەر خۆشەویستتر دەبن و هەڵوێستیان لای بەرزتر دەنرخیندرێت و نزیكتر دەبنەوە لەدەنگدەران و خۆیان دەبەنە دڵیانەوەو سەلمێنەری ئەوە دەبن كە لەداهاتووش بەو شێوە رەفتار دەكەن و هەڵوێستیان مرۆڤدۆستانە دەبێت و پایەگاكانی دیموكراسی دەپارێزن، هەموو چالاكییەكی مۆدێرن و شارستانی بۆ هاندانی بەشداربوونی ئەكتیڤانە كارێكی پۆزەتیڤە لەو بوارەدا، بەپێچەوانەشەوە هەوڵدانی چەواشەكاریی و بەكارهێنانی زبان و گوتاری توندو دروشمی ئاگرینی هەڕەشەئامێز، دەبێتە هۆی تێكدانی ئارامی و باری دەروونی خەڵك و هاندان و پاڵپێوەنان و راكێشانی گروپی رادیكاڵ و خەڵكی داخ لەدڵ و گەنجی تازە پێگەیشتووی بێئەزموون بۆ هەڵچوون و كاری توندوتیژیی و تێكدانی نەزمی گشتیی .
ئەمە لەلایەك دەرچوونە لەكاری دیموكراسی و سەرەتایەكی هەوڵدانیشە بۆ خۆسەپاندن و راكێشانی خەڵك بۆ رووبەڕووبوونەوە و فشارێكە بۆ پوچەڵكردنەوەی خودی هەڵبژاردن و رووكردنە دیكتاتۆریی بەشێوەیەك لەشێوەكان، ئەمەش ئەو لایەنانە بەكاری دەهێنن كاری دیموكراسییان پێ قبوڵ نییە و دەربڕی ناوەڕۆكی بیركردنەوەیانە، ئەمەش جیایە لەوەی لە وڵاتێك ڕژێمێكی دیكتاتۆریی حوكم بكات و هەموو رێگایەكی دیموكراسی و چالاكییەكانی شەرعی هەڵبژاردن لەخەڵكانی غەیری خۆی ببەستێت و مەودای خۆگوزارش كردنیان لێبگرێت.
خوپیشاندانیش بو داواكردنى مافى رەوا تا دەگاتە داواكردنى گۆرینی حكومەت و هەلبژاردنەوەى پەرلەمانیش كاریكی ئاسایی و لە بنەماكانی پرنسبی دیموكراسیە ، بەلام نەوەك بە وویستی كەمینەیەك بیت و بیەویت هەرچون و بە چ ریگایەك بوە ئەو وویستەى خوى پسەپینیت كە ئەوە دەرچوونە لە دیموكراسی.
گەورەترین هەڵە راكێشانی منداڵ و مێردمنداڵ (مراهق)و لاوانی كەم تەمەن و بێئەزموونە و مێشك پڕكردنەوەیانە بەبیری توندڕەوانەو هاندانیانە بۆ دروستكردنی پشێوی، لەو تەمەنەدا بەئاسانی كاردەكرێتە سەر مێشك و دەروون و ناخی ئەو مرۆڤانە كەهێشتا بەتەواوەتی بیرو هۆشیان كامڵ نەبووەو درككردنیان روون نییە، لەهەمانكات و لە حاڵەتێكدا كە وزەیەكی زۆریان تێدایەو لەدەرفەتێك دەگەڕێن بەهەر شێوە و چەشن و شێوازێك بێت و بەئاسانترین رێگا بۆ دەربڕینی، گەر بەكاری سوودبەخشی زانستی و هونەری و وەرزشی و كۆمەڵایەتیش نەبێت، بڕێكیش سەركەشی و رۆحی یاخیبوونیشیان تێدایەو بەئاسانی روودەكەنە توندوتیژیی و كەمتریش بیر لەئەنجامەكانی دەكەنەوە، كارێكی نامرۆڤانەشە منداڵ و خەڵكی لەو تەمەنە لەجیهانی منداڵی پەلەكێش بكرێت بۆ جیهانی گەورەكان و بۆ دنیایەك كەهێشتا خۆی بۆ ئامادە نەكردووەو بەتەواوەتی بیروهۆشی نەڕەخساوە بۆی و زۆرجار بەپەلەو هەڵپەكردن هەڵوێست وەردەگرێت و بەكەمترین هاندەر هەڵدەچێت بە تایبەت لە دوخى وولاتى ئیمەدا . لەئەوروپاو وڵاتانی پیشكەوتوى جیهان منداڵ تا تەمەنی (16-17) ساڵ مێشكیان پڕ ناكرێتەوە بەمەبەستی سیاسی ئاڵۆز، لەزۆربەدا گەر لەقوتابخانە نەخوێندرێت، رەنگە نەشزانن كێ حوكمڕانییان دەكات، گەر بەشێوەیەكیش كاری سیاسی بكەن لەڕێكخراوەكانی خوێندكاران و لاوان بۆ مەبەستی تایبەتییەو لەجیهانی منداڵی خۆیان دەرناكرێن، جگە لەوەی دەنگیشیان كاریگەریی لەئەنجامەكانی هەڵبژاردن نییە، تەنانەت كاركردنی تا ئەو تەمەنانەش قەدەغەیە.رەنگە لە خوپیشاندانی ئاسایی و داواى تایبەت لە گەل كەس و كاریان بەشداربكرین ، بەلام نەوەك بو مەبەستە ئالوزەكان . بۆیە هەقە ئەو نەوەیە لە سەر بنەمانى خۆشەویستى و دۆستایەتی و تۆلەرانس و لەیەكگەیشتن و یەكترقەبوڵكردن و هاوكارى و دیالۆگ و چارەسەرى بابەتى بو كیشە و گرفت گوش بكرێن و گەر راشكێشران بۆ كارى سیاسى بە مرۆڤدۆستانە و هێمنى پەروەردە بكرێن .
تەنها رژێمە دیكتاتۆریی و رێكخراوە فاشیست و رادیكاڵەكانیتر هانی مناڵ دەدەن و هەڵیدەخەڵەتێنن و راپێچی دەكەن و بەكارى دەهینن ، یان بەناچاری و بەزەبرو ترس رایدەكێشنە كاری سیاسی و مەبەستی رادیكاڵی و توندوتیژیی(وەك بەعس و فاشیستەكان و حیزبە كومونیست و شمولیەكان) ، بەئاسانی و سادەیی و بەكۆمەڵێك مەبەست و كردەوە سۆز یان رقیان هەڵدەسێندرێت و بەرەو ئاقارو مەبەستی تایبەتی ئاڕاستە دەكرێن، تا دەگاتە رادەو ئاستێك كەتەنانەت جڵەو وەگرتن و بەرلێگرتنیان بۆ ئەوانەش كەبوونەتە هۆكاری ئەوە زەحمەت بێت و ئەنجامی نادیاری بەدواوەبێت.
جا لەكوردستاندا گەر بویسترێت یاری بەمێشك و سۆزی منداڵان و گەنجی تازەپێگەیشتوو بكرێت و پێشوەخت رابكێشرێن بۆ كاری سیاسی و هانبدرێن و پاڵپێوەبنرێن و پشتیان پێ ببەسترێت و بجوڵێندرێن لە لایەن دەسەلات یان ئوپوزسیونەوە ، ئەوا ترسناكترین كارە بۆ لایەنێك كاری تێدا دەكات و بەویست و ناویست رێڕەوی توندڕەوەكان دەگرێتەبەرو دەرئەنجام بەزیانی خۆشی دەگەڕێتەوە كەدەرگای توندوتیژیی كردەوە، جگە لەوەی جەماوەریش پشتی لێدەكات بەوەی هەوڵبدرێت ئەمن و ئاسایشی وڵات و سەقامگیری تێكبچێت.
لایەنێكیش باس لەگۆڕان بەرەو ئایندەیەكی بەختەوەر بۆ منداڵانی ئێستاو نەوەكانی داهاتوو دەكات، گەر بەتەنگی ئەوان و خۆشگوزەرانیانەوە بێت، بەشێوەیەك ئامۆژگاری و ئاڕاستەیان دەكات و عەقڵیەتیان دەگۆڕێت كەیەكتر قبوڵ بكەن و بەهێمنی كاربكەن و رێز لەبنەماكانی دیموكراسی بگرن، نەوەك گێڕانەوە بۆ رادیكاڵیزم و هەڵچوون . زەمین و زەمان و هەلومەرج و عەقڵیەت گۆڕاوە، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی بەپێوەری خۆیان و بەعەقڵیەتی كۆن و بەشێوازی بەسەرچوو دەیانەوێت گۆڕانكارى ئەنجامبدەن.لە هەمان كات زور لە عەقلیەتە كونەكانی ناو دەسەلاتیش بە توندوتیژى و زەبر وەلام دەداتەوە و كیشەكان ئالوزتر دەكات و بە هەردوولا بەرەو بنبەستی دەبەن گەر بەو شیوازە بەردەوام بن .
لەدوو هەفتەی كۆتایی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا لەچەند شوێنێكی سلێمانی هەوڵدراوە بۆ كۆمەڵێك كاری توندوتیژیی لەلایەن گروپی مێردمنداڵی (13-17) ساڵ و هەندێك گروپی رادیكاڵی تەمەن گەورەترو لەكاری تاكی تێپەڕی و زیاتر لەكاری راسپێردراو دەچوو، بەڵام مەترسی گەورەی دروست نەكرد، گەر تەنها بۆ هەڵچوونی كاتی هەڵبژاردن و بۆ گەرمكردن و تاڕادەیەك بۆ خۆسازدانی هەڵبژاردن بەكارهاتبێت هەرچەند كارێكی دروست نییە، بەڵام زۆر كێشەش نییە و ئاسەواری گەورە بەجێناهێڵێت گەر بەردەوامی نەبێت و خەڵك بەو رۆحیەتە پەروەردە نەكرێت و پاش هەڵبژاردن پەیوەندی خەڵك و لایەنەكان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و لێبوردوویی و قبوڵكردنی ئەنجامەكان و ئیرادەی زۆرینە و رێزگرتن لەڕای گشتیی و بڕیارەكەی.
زۆر بەوە گەشبینم كەدوای هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەكانی لایەنەكان و خەڵك بەئاسانی وەربگرن و بەگومانەوە نەڕواننە مەبەستەكان وەك ئەوەی بەرپرسی هەندێك لایەن پێش هەڵبژاردن و بێئەوەی هیچ دیاردەو سەرەتایەكی دیاربێت گومانی خۆیان دەردەبڕن، بەبێ هیچ بەڵگەیەك وەك ئەوەی بڕیاریاندابێت گەر ئەنجامەكان لەبەرژەوەندییان نەبوو بەساختە (تەزویر)ی لەقەڵەم بدەن لەئێستاوە، و وەك پاساوێك بەكاری دەهێنن، رەنگە مەرامی تریشی بەدواوەبێت.
من بەدڵنیاییەوە دەڕوانمە ئەنجامەكان و هەڵوێستی جەماوەر لەپاش هەڵبژاردن، بەڵام تەحەفوزم هەیە بەرامبەر بەدەربڕینی هەندێك لەسەران و كارەكتەری لایەن و گروپی تایبەتی لەبابەت ئەوەی بۆ گۆڕانی بارودۆخەكە لەكاتی ئاماژە بۆ رێگاكانی بەكارهاتوو (كودەتا، هەستانەوەی جەماوەری چەكدار (العێیان المدنی)، جەنگی پارتیزانی، خۆپیشاندان وەك دوا ئەڵتەرناتیڤی بەكارهاتوو مەبەستی هەڵبژاردن بەكاردێت) هیوادارم كەئەوە هەر بەكارهاتنێكی مەجازی بێت و دەربڕی ناوەڕۆكی بیری ئەوان نەبێت، یان یەكێكیتر باس لەوە دەكات كەچەند ساڵ بەرامبەر بەبەعس جەنگاون و ترسیان لەهیچ ركابەرێك نییە! یان لەبابەت (ئەوەی دەیگۆڕێت دەمێنێت)، كەزیاتر لەهەڕەشەو دروشمی سەردەمانی شۆڕش دەچێت لەوەی لەكاتی ئاشتی و بۆ حاڵەتی دیموكراسی و كاتی هەڵبژاردندا بەكاربێت. كە گوایە ئەوەى هەڵوێستی نەگۆرێت لە بەرپرسیارێتى نامێنێت ، خوا بكات ئەوە تەنها دەربڕینی كاتی هەڵبژاردن بێت و هەرَەشەیەك نەبێت لە بیر و بەرنامە ئەگینا كارەسات دەبێت ، با ئەوەى دەسەڵاتی گرتە دەست بە پێى كردارى كەسەكان هەڵسوكەوتیان لە گەڵدا بكات .
با پاش هەڵبژاردن یەكتر قبوڵكردن و كاری باش و هەوڵدانی هەموو لایەنەكان بۆ ریفۆرم و چاكسازیی و گۆڕانی بەرەو چاكە هاوكاری یەك بكەن و قۆناغی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نەكرێتە بنەما بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ یەك و توندوتیژیی و رادیكاڵیزم نەبێتە دیاردە، ئەو لایەنەشی هەوڵی ئەوە بدات، گومانم لەوە نییە كەجەماوەری كوردستان هۆشیارەو هێشتا دەرئەنجامەكانی ناكۆكییەكانی ساڵەكانی نەوەدەكانی لەبیرنەچووەو لێناگەڕێت ئەو هەموو دەستكەوتانەی هاتوونەتە دی، لەدەست بدرێن و ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری تێكبچێت و شوێن مەرام و ویست و ئارەزووی كەمینە ناكەویت ، ئەوەشی هەوڵی لەو بابەتە بدات، جەماوەر متمانەی پێنادات و پشتگیریی لێناكات و پشتی لی دەكات ، ئەنجامەكانیشی دەكەوێتە ئەستۆی خودی ئەو لایەنە.
هەندێك لەكەرەستەكانی راگەیاندنیش ئێستاو پێشوەخت و بێ دەركەوتنی هیچ سەرەتایەك، پێشبینی و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بانگەشەی ئاژاوەو تەقینەوەو شەڕی ناوخۆ دەكەن بەمانشێتی نادروست و نابەجێ و تەنها رەواجكردنی رۆژنامەو گۆڤارەكەو راكێشانی سەرنجی خوێنەران بێ لێكدانەوەی رەهەندو ئەنجامەكانی، لەجیاتی هێمنی و خۆپاراستن لەتوندوتیژیی تا ئەو رادەی ئەوەشی بەنەرمی و بەئاڕاستەیەكی بابەتی بنووسێت و جنێوفرۆشی تێدا نەبێت، زۆر لەو گۆڤارو رۆژنامانە ئامادەنین بڵاوی بكەنەوەو خەریكە لە پرنسیبەكانى روژنامەگەرى دەردەچێت بۆ هێرشى شەخێی و روشاندنی كەسایەتى . ئەوە لە(2-3) مانگی رابردوو تائێستا بۆ خۆم سەلمێندراوە، ئەوەش نابەرپرسیارێتی هەندێك و گوێنەدانیان بەداهاتووی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی پیشاندەدات، كەواتە هەموو لایەنێك كەخۆی بەدیموكراتخوازو مرۆڤدۆست دەزانێت و كار بۆ داهاتووی خەڵك دەكات، ئەركێتی هەموو توانای بخاتەكار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەی دیموكراسی و شارستانی و دوور لەگرژی و شەڕەنگێزی و دروستكردنی برین لەجەستەی كۆمەڵگای كوردستان، لەئێستاشەوە پەمپی خەڵك نەدەن بۆ پاش هەڵبژاردن و خەڵك نەخەنە دڵەڕاوكێی بێناوەڕۆكەوە، ئەگینا ئەوەی بەشێوەی نێگەتیڤ نوقڵانەی پاش هەڵبژاردن لێبدات و پێشكات باس لەكێشەی پاش هەڵبژاردن و تەقینەوەی ناكۆكی دەكات، لەو كاتەی هیچ نەبووەو مەبەستێكی لەو كاتەوە دەرنەكەوتووەو لایەنەكان ئاماژەیان بۆ نەكردووە، وەك ئەوەیە بانگەشە بۆ ئەوە بكات و حەزی لێبكات، با هەموو لایەك بەجدیی و بەرپرسیارێتییەوە بڕواننە ئەو ئەركە نیشتمانییە و داهاتووەوە.

(ئەم بابەتەم لە دوا هەفتەى پیش هەلبژاردنى 25/7/2009 نوسی و ئیستا پاش پشێوى باودوخ لە ئەنجامی خوپیشاندانەكانی كوردستان و لێكەوتنەوەى توندوتیژى لە لایەن هەموو لایەنەكانەوە بە پیویستم زانی لە گەل هەر 3 بابەتی ترى(عەقلیەتی عەسكەرتارى ، عەقلیەتی كونى رادیكال توانی ریفورم و گورانكارى و بابەتی ترى پاش ئەمە : نەوەكانى پاش عەقلیەتی عەسكەرتارى بەم بابەتە ئەو پیشبینیە و مەترسیەكانى بو هەموو لایەك وبیر بهینمەوە بە هیوایەى گشت لایەنەكان بە عەقڵ مەنتیق و بە شیوەى دیموكراسی و هیمنانە كیشەكان چارەسەربكەن و گەلى كوردستان توشی كارەسات نەكەن كە میژوو ئیدانە و موحاسەبەى توندیان دەكات و نەوەكانى پاشتر نەفرەتیان لی دەكەن .



 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە