شۆڕش و پێشمەرگە ئەو دوو وشەیەى كە 20 بیست ساڵە دەسەڵات لە سەرى دەلەوەڕێ !
Wednesday, 27/04/2011, 12:00
كاك " ئارام احمد على " راست دەكات كاتى ئەوە هاتوە تەلیسمى هەندێ رەمز و ناوى بڤە تێكبشكێنرێ و وەك میزڵدان فش بكرێتەوە . ئێمە چەندین كەسوكارمان لەناو گڕى شۆڕش و لە ژێر ناوى پێشمەرگایەتیدا سوتان ،كەچى تیشكەكانیان تەنها ماڵى كەمایەتیەكى ترسنۆك و دز و جەردەى روناك كردۆتەوە ، وەلێ زەمەنێكە ئێسك و پروسكى كەسێكى بەزیو ، هەرەس بردوو ، نۆكەرێكى ئاشكراى شاى ئێران و بەكرێگیراوێكى ئەمەریكا و ئیسرائیل بهێنرێتەوە و پیرۆزى بەناوى شۆڕش و پێشمەرگەیی بەباڵاى لارى دا ببڕێ ولە هەمووشی سەیرتر شوێنەكەى بكرێتە نزرگە و لەوەش سەیرتر و ناخۆشتر وێنەكەى هاوشانى وێنەى شێخى نەمرو قازى محمد دەخرێتە بەردیدەى خەڵك !
مخابن شۆڕش و پێشمەرگایەتى دەیان كەڵەگا و شەرواڵپیس و سیخوڕ و چەتەى لەگەڵ خۆیدا خستە سەرزەمینى پاك و بێگەردى سادەیی و خۆش باوەڕی ئێمەى كورد و بەسەخاوەتى خۆمان ئەوەى وتیان ، ئەوەى كردیان ، ئەوەى گێڕایانەوە بۆمان كردمانە وێردى سەرزمان و كوێرانە و دەروێش ئاسا وتمانە و پشتاوپیشت گێڕامانەوە و دەیان و سەدان هێندەى ئەوان ئەفسانە و فووى جادوگەرانەمان كردەوە ناو ئەو بەرداشەى كە هەنوكە و تائێستا هەر لە ژێر ئەو ناو و دەستاڕەى ناوى شۆڕش و پێشمەرگەیە خەریكە وورد وورد رابردوو ، ئێستا و داهاتووشمان ئەهاڕێ .
دەشێ وشەى پێشمەرگە بۆ ئەو كەسانە كە بەحەزو گیانى رۆمانسیانەى شۆڕشەوە گیانیان كردە قوربانى و خۆشەویستى نیشتمان و بۆ سەلماندنى خاك بە كوردستانی بونى ، ببنە هەوینى قارەمانێتى و پاڵەوانبوونى سەدانى تر و لەئاكامیشدا سەریان لەو پێناوەدا نابێتەوە ، جێگەى شانازى و رێزونوازش بن ، وەلێ كەسانێك كە هێشتا بە تەقینى تەنها میزڵدانێك خۆیان پیس ئەكەن و تەنها جارێك بۆ رۆژێك سكى بەتاڵیان لە برسانا هەڵنەگوشیوە وچوار دەستڕێژى گوللەى لەتەنیش نەتەقێنراوە و لە شاخیش سفرەى بەتاڵ و بێ شەوچەرە یی و بێ یارى كۆكەن و پۆكەر نەبوە ، وەلێ زەمەنێكى زۆر لە كەرەج و لە و دوورى دوورەوە تەنانەت بۆ سەردانێكیش لە پاشماوە و كوڕانى هەرەسپێهێنراوى باوكیان نەیەنەوە كوردستان و مەگەر دوژمنان بۆ كورد كوشتن رەوانەى سنوورەكانى كردبێتنەوە ،ئیستا وەك تاڵەبانى خەڵەفاو و لغاوكراو جوت شەرعیەتى شۆڕشگێرى و پێشمەرگایەتى بەخەڵك دەفرۆشنەوە كە باس كردن لەو جۆرە قسانە توڕەهات و فڵتەفڵتى قەزافیانەیە .
ئەوە نیە سەرۆك و سەركردەكانى پێشمەرگە و شۆڕش نەك هەر سەرى هەرێم و كەركوكى خوارد ، بەڵكە خەونى لە مێژینەى هەموو كوردیشى بە خەونى شاعیرانە و بێ ئومێدى سپارد لە سایەى گیپاڵى تاڵەبانى و سەرۆكى 31 ى ئاب، بێ شەرمى و بێ ئابڕوویی ئەم دوو سەركردە و ئەم چڵكاوخۆرانەى چوار دەوریان لەوە دانەماوە كە سنورێكى هێشتبێتەوە بۆ لێك گەیشتن و بەخۆداچوونەوە و چاكسازى و خۆچاكردن ، تەنانەت ئەوەى ئەمڕۆ بەناوى هێزى پێشمەرگە و لەشكرى كوردستان ناوى دەهێنن جگە لە چاوبەستەكى و شاردنەوەى ئەو چەك بەدەست و بەكرێ گیراوە و هەناسە بەڵتەجیانە هیچى تر نیە و هەر بیانو هێنانەوە و پاساوێك بە پێچەوانەى ئەمەوە خۆهەڵخەڵەتاندن و گێلى و نەخوێندنەوەى واقیعە ، لەوانەیە هەبێ و بڵێ هەندێ كەس و گروپ پێشمەرگەن و وەك پێشمەرگە رەفتار ئەكەن و كوڕى باشن ، بەڵام ئەوانە گەر هەبێ لە لەهەزار كەسدا یەك كەسی وایە ئەویش پێشمەرگە نیە بەڵكو چەك بەدەستێكەو موچەخۆر و مل كەچى فەرمانى لێُپرسراوە كەیەتى و هەركەسێكیش هەڵوێست و قسەیەكى تری هەبێ ئەوا لە هێزەكاندا دەر ئەكرێ ئەگەر محاسبە نەكرێ . لەسایەى هەڵە و خۆدەوڵەمەند كردن و دزى و بازرگانى بە ناوى شۆڕش و پێشمەرگایەتیەوە ، ناوى پێشمەرگە و شۆڕش وا رەش و قێزەون كراوە و گەر جاران ئەیان وت :
هۆ كاكى پێشمەرگە شۆڕشگێرى قارەمان
ناوى پیرۆزى تۆیە بۆتە وێردى سەرزمان
ئێستا خەڵك و جەماوەرى كوردستان لەئاست بێ هەڵوێستى پێشمەرگە و بەشدارى كردنى لە سەركوت كردن و ئازاردانى خەڵك و پشتیوانى كردنى لە دەسەڵات و بەو جل و بەرگ و پۆستاڵەى پێی و بەو دار و چەكە ژەنگاویەى دەستى كە وەك رەوەكوللەى جوت حزبە دەسەڵاتدارەكە لە سەرجەم كوچە و كوڵان و جادە و شوێنە گشتیەكان وەك ئینزیباتە كڵاو سورەكانى سەردەمى بەعس دەبینرێن و شێوازى مامەڵە و رەفتارەكانیان چى واى كەمتر نەبوە لە قوات خاسە كانى بەعس و هێزە داپلۆسێنەرەكانى ترى بۆیە ئێستا خەڵك و ئەهلى بازاڕ ئەم هۆنراوەیان بەباڵاى چەك بەدەستە پارتى و یەكێتیەكاندا بڕیوە و بەتایبەتى لە نێو توێژى قوتابیان و خوێندكاران و گەنجاندا زۆر بڵاوبۆتەوە و لە سایەى جوت سەرۆكى تەوێڵ رەشدا ئەو سروودەى یەكەمى سەردەمى شاخى كاڵكردەوە و شوێنەوارى نەماوە ، لەو بڕوایەشدام ئێستا گەر لەبەر روحى پاكى شەهید حەمە جەزاى رەحمەتى نەبێ هەر كەسێ گوێی لەو گۆرانیە بێت جرتێكى گەورەى بۆ لێ ئەدا ، ئێستاش بفەرموون بۆ ئەو هۆنراوەیەى كە تازە بۆ دار و چەك بەدەستەكانى سەراى ئازادى و شارى سلێمانى دانراوە :
هێزێكى زۆر بێ ناموس
دەڕوانێتە پەل و پوز
خۆیان بێ دایك وخوشكن
پەروەردەى سەحراى وشكن
ئەڵێی ژنیان نەدیوە
دەمیان بۆیدا چەقیوە
روتەڵەو هەرچى و پەرچى
خۆت دیوە لە چى ئەچى
بەسەرماو سكى برسی
سەگى كامە بەرپرسی
ئێمە گەنجانى زانكۆ
ئەتان خەینە باوكەڕۆ
بە فەیس بوك و توێتەر
ئەبێ ڕاكەى جاشەكەر
مێژوو ئێمە ئەینوسین
رسواتان ئەكەین وەك هین
گەورەیەك ئاو دەڕژێژێ
یاخوا مێشكى بپژێ
بچوك قەت پێی تێ ناخا
گەورە دەمرێ لە داخا
سەرۆكى پینەو پەڕۆ
ملت بشكێنە و بڕۆ
بەس كاى كۆن بەباكە
پێڵاوتان تاكە و تاكە
هاكە كەوتن بە عەرزا
خۆت و كوڕ و كوڕە زا
* * *
ئێستا حاڵ گەیشتۆتە ئەوە كە خەڵك ئەو هەیبەت و ناو و حكایەت و شتە ئەفسوناویەكانى پێشتر كە سەرانى بازرگانى تاڵەبانى و بارزانى بۆ مەرامى بنەماڵەكانیان و پاراستن و درێژەدان بە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان لایان شتى بێ بایەخ و پڕوپوچ بێت و بابەت گەلێكن كە گۆتەى لاى خۆمان بێ تورێكى قوڕاى ناهێنێ ، ئەمەش بەڵگەیە كە خەڵكیش وەك جاران و بەتایبەتى لە دواى رووداوەكانى 17ى شوبات و 17 و 18ى نیسانەوە بەتایبەتى ئەو بڕواو و متمانە و خۆشەویستیەش كە هەبوو ئەوەندەش نەما و بەڕاستى هێزە كان لەگەڵ هێزەكانى سەردەمى بەعس و ساڵى حەرەس قەومیەكانى 1963 هیچ جیاوازیەكى واى نەماوە ، گەر جیاوازیەكى بچووكیش هەبێ ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو پیا هەڵدان و سرود و گۆرانیانەى كە باشان و باڵى پێشمەرگەدا لە سەردەمى فاشیەت و حوكمى دیكتاتۆرەكاندا هەڵدراوە و ئێستا وەك نیشتوویەك لە ئەدگارو نەستى خەڵكدا ماوەتەوە ، گەر نا لەدواى راپەڕینى ساڵى 1991 ە وە تائێستا هێزى پێشمەرگە و لەشكرى كوردستانى پارتى و یەكێتى جگە لە كارەسات و هەڵلوشینى بودجەى كوردستان و قوتى خەڵك چ جۆرە شانازى و پیاوەتیەكى نیشتمانى و نەتەوەیی بۆ كورد دەستەبەر كردوە ؟ هێزى چەك بەدەستى بەعس ئاساى پارتى و یەكێتیی جگە لە بەرهەمهێنانى خەڵكانى وەك خولە سەنگاوى و شێخ جەعفەر و هیوا احمد مستەفا و زەعیم عەلى و محمدى مەلا و ئەستێرەو داڵە كەر خۆرەكانى سەر شانى كوڕەكەى مەسعودى مچە بارزانى چى ترى لێ شین بوە بۆ كورد ؟ جگە لە شەرمەزارى زۆرتر و بێ دەسەڵاتى و خۆفش كردنەوە هێزى چەكدارى كوردستان كام هێرش و هەڕەشەى ئێرانیەكان و توركەكان و عەرەبە مالیكیەكانى عێراقى راوەستاند وترساند ، هێزى كاكە و مامە ئەوەیە كە هەیە ، جگە لە خۆ گیڤ كردنەوە بێگومان و دڵنیا بن هیچى ترى لەدەست نایە ، چونكە سەفەرەكانى ساڵى پارى مەلا كەمتیار بۆ خانەقین و هەموو ئەو ترس و تۆقاندنەى كە خستیانە ناو دڵى خەڵكى كوردەوە دواى حەپەلوشكردنى دەیان دەفتەر دۆلار لەلایەن كاكە مەلاوە بە یاریەكى تۆپێی دۆستانەى نێوان هێزى چەكدارى كورد و سوپاى عێراق كۆتایی پێهات ، ئەوەى شێخ و بارزانى و نێچیر و كۆسرەتیش ماوەیەك پێش ئێستا لە ژێر ناوى هەڕەشەى خەڵكى حەویجە وتوندڕەوەكانى كەركوكە وە سیناریۆیەكى پێشتر زانراویان بۆ داڕشت و خەڵك و هێزە چەكبەدەستەكانى خۆیانیان پێوە سەر قاڵكرد ، دەركەوت جگە لە خۆ گیڤ كردنەوە چیتر نەبوو بۆیە هەر زوو دواى چاوسوركردنەوەیەكى بچوكى مالیكى و مۆڕەیەكى ئەمریكیەكان نەشێخ زانى چۆن كشانەوە نە تاڵەبانى و بارزانیش فریاى ئەوەكەوتن كە سیناریۆیەكى تر بۆ پاشەكشە دروست بكەن چونكە لە بیرتان نەچێ ئەو هێزە بە قسەى خۆیان بۆ ئەوە چوو بوو كە تا بڕیارى 140 ى رەحمەتى و سنورى كوردستان بۆ سنورى بەدرە و جەسان و لەلاى موسڵیشەوە نەگەیەننە سەر لێوارەكانى دەریاى ناوەڕاست لە ئەسكەندەرونەى سوریاوە ناگەڕێنەوە ، بەڵام ئەمەشیان دەركەوت كە جگە لە هاژو هوژ هیچى تر نیە ؟ بۆیە ئەم هێزانە جگە لە موچەخۆرى بەكرێگیراو ، بێ ئیرادە و بێ كەرامەت هیچى ترنیە ، چونكە هێزێك وا بەئاسانى و سانایی هەر جارە ى بۆ شوێنێك و هەر ساتەى بەمەبەستێكى حزب بۆ جێگەیەك و بەكار بهێنرێت بۆ پاراستن و خزمەتى دوو بنەماڵەى خائین و دز و بێ شەرەف ئەبێ پیرۆزى و شەرەف و كەرامەتى ئەو هێزە لە كوێدا بێ و چ بێ ؟ ئاخۆ پێمان ناڵێن شانازى بەكام پنت و خاڵى دیار و دڵخۆشكەرى ئەم هێزە چەك بەدەستە وەك دەڵێن چاو حیزە وە بكەین كە رۆژانە پیاوەكانى دەسەڵات و وەك سەگ لە بن دیوار و سەقفى شۆستەكانى بازاڕ وناو قولەى پاسەوانیەتى ئەم بەر پرس و ئەو شەرواڵپیس بێدارن و پاسەوانى شەوە سور و دەعوەت و كۆڕى سەما و سەرگەرم كردنەكانیانن ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست