واتای کۆبانی
Saturday, 11/10/2014, 12:00
گەر شاری کۆبانی وەك پارچە زەویەك،جوگرافیایەکی دیاریکراو،شوێنی چەند نەتەوەو گروپ ،تێکەڵەیەك لەچەند کلتوور و زمانێك،ئەوا باسکردنی هەرگیز ناچێتە ناچێتە قاڵبی تێگەیشتنی سیاسیەوە. کاتێك ئەڵێین سلێمانی،ئەوا جگە لەوەی شارێکی کوردستانی باشوورە،ئەوا لەهەمان کاتیشیدا چەندین دیرۆك و ڕووداوی سیاسی و مێژووی تایبەتی خۆی هەیە. ئێدی ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ هەر شوێنێکی تریش هەر وایە.
سلێمانی چەندین جار لەلایەن دوژمنانەوە داگیر کراوە. جارێ لەلایەن تورکانی عوسمانی و جارێکی تر لەلایەن ئیگلیزی داگیرکەر و دوا جاریش لەلایەن عەرەبی سەردەمی حزبی بەعس. سلێمانی لەو چەند داگیرکردنەدا ئەوەندەی تر خەباتی کردو توانی هەر یەك لەو داگیرکەرانە وەدەرنێ و چەندین شەڕ و ڕاپەڕین و جەنگی مان و نەمانی کردوە کە بۆ ئەمڕۆ بۆتە نیشانەو کلتووری ئەم شارە. ڕەنگە لەزۆر کاتدا سلێمانی زەوی داگیرکرابێ و خەڵکەکەی لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانەوە قەتل و عام کرابن و شەرەف و ناموسیان کەوتبێتە ژێر پێی داگیرکەرانیەوە، لێ لە دواجار کۆڵی نەداوەو تۆڵەی خۆی کردۆتەوەو دوژمنان و داگیرکەرانیش بۆ هەتا هەتایە لەو شارە ڕیسواو زەلیل کراوون.
کۆبانی بۆ چەندین سەدە لەژێر دەستی حزبی بەعسی سووری خوێنڕێژ چەوساوەتەو هەوڵدار بۆ توانەوەی ناسنامەو داب و کەلتوورە ڕەسەنەکەی، تا کار گەیشتە سەر ئەوەی ناوەکەشی گۆڕدار بۆ عەرەبی. لێ خۆشبەختانە تەنها دوو ساڵ دوای ئەوەی سوپاو حزبی بەعسی سووری لەوێ بەتەواوی هەڵکەندرا، کۆبانی نەك هەر ناسنامە ڕەسەنە کوردیەکەی بۆ جارێکی تر زیندوو کردەوە،بەڵکی ئەم جارە توانی لەو ماوە کەمەدا سیستمێکی بەڕێوەبردنی خۆجێی لەوێ پەیڕەو بکا کە گشت تێکەڵەکەکان تیایدا بەشدار بوون.
ڕەنگە داگیرکردنی کۆبانی لەلایەن تورك و عەرەبە شوڤینیەکانەوە وەك کردەیەکی سەربازی و بۆ ماوەیەکی کورت ئەگەرێك بێ. ڕەنگە چەتەکانی داعش بتوانن شارەکە داگیربکەن، لێ ئەوەی کە ناتوانن ئەوەیە کە گیانی زیندوو و یاخی کۆبانی بشکێنن و لەناوی بەرن. هەروەك چۆن دوژمنان نەیانتوانی گیانی یاخی و سەرکەشی سلێمانی بکوژن، ئاوهاش؛ کۆبانی تازە هەنگاو بەرەو دواوە نانێ و ئەو کەلتوورەی کەهەیەی بەکەس لەناو ناچێ. ئەو گیانی بەرگری و بەرخودانە مەزنە هەرگیز لەناو ناچێ و گرنگ نیە ئەوڕۆ داعش و برا گەورە تورکەکانیان سەرکەوتنی سەربازی وەدەست بێنن.
حەتمەن گەلێ ئەستەمە بتوانین بەشێك لەجەستەمان بدۆڕێنین ،لێ ئەوە هەرگیز مانای ئەوە نیە کەنەتوانین درێژە بەخەبات و تێکۆشان نەدەین. گرتنی شوێنێک چەندە گرنگە ،ئەوا پارێزگاریکردن لێ ڕەنگە گەلێ زەحمەتر بێ. گرتنی کۆبانی هیچ لەو بەرکەوتەیە ناگۆڕێ کەوا ؛میلەتی کورد توانی لەڕێگای کۆبانیەوە گشت جوانی و ئازایەتی و مەردایەتی بەجیهان بناسێنێ. ئا ئەمەیە جیاوازی گەورە لەنێوان هێزەکانی ڕۆژئاوا کە خۆیان بەم شێوەیە لە جیهانی سیاسی و سەربازیدا نمایش کرد. نەك مەلا مستەفاو بنەماڵە خاینەکەی بە ئاشبەتاڵ و خیانەت کوردیان بەگشت جیهان ناسیبێ.
کۆبانی بۆ یەکەمین جارە گشت کوردانی ناوخۆو تاراوگەی یەكخست،کۆبانی بۆ یەکەمین جارە خیانەتی پارتی وبنەماڵەی بارزانی وا تۆخ کرد کە هیچ شك و گومانێك لای هیچ کوردێك نەماوە دەرهەق بەناسینی ئەم بنەماڵە کلك گرێدراوە بە دوژمنانی کورد. ڕۆژانی دادێ گەلێ بەباشی گۆڤانی ئەو ڕووداوانەین کە هەموو زەوی بن پێی تورکەکان وەك زەمین لەرزە ئەهەژێنن. ئەبێ تورکیا باجێکی ئەوەندە قورس بدا لەناوخۆو دەرەوە کەهەرگیزاو هەرگیز لەبیری نەکەن. بڕوانن چۆن تورکیا ناسەقامگیری و باری نائاسایش لەخۆوە ئەگرێ و ئەو ووڵاتە لەت وپەت ئەبێ. بزانن چۆن پارتی و بنەماڵەی بارزانی چارەنووسیان بەرەو نەمانی یەکجاری ئەچێ و ئەبنە مێژوویەکی ڕەش و پیس بۆ هەموو خیانەتکاران. ڕۆژانی داهاتوو گشت کورد لەگشت پارچەکانی کوردستانی گەورە نەك هەر بایکۆتی شت و مەکی تورکی ئەکەن، بەڵکە گشت کۆمپانیاو بەرژەوەندیەکانیان ئەکەوێتە ژێر مەترسی خەڵکی کوردستانەوە. ئەوەی تورکیا لەکۆبانی ئەیکا،گەلێ بەزوویی میلەتەکەمان تۆڵەی خۆیانی لێ ئەکەنەوەو ماف و شکۆش بۆ کۆبانی ئەگەڕێننەوە.
تازە میلەتەکەی ئێمە تەواو تێگەیشت کێ دۆستێتی و کێ دوژمن. بۆیە بەداگیرکردنی کۆبانی ئەبێتە کورتە ڕێگەیەك بۆ نەمانی دەوڵەوتی تورکیاو هاوپەیمانەکەی لە سەری ڕەش.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست