خائین و ئۆپۆزسیۆن چى كۆیان دەكاتەوە؟؟
Saturday, 19/04/2014, 12:00
2177 بینراوە
لەسیاسەتا هیچ شتێك موستەحیل نى یە ،نەدوژمنایەتى تاسەرە نە دۆستایەتى، بەڵام نەك بەوشێوەیەى كەبزوتنەوەى گۆڕان نواندى، كە هەموو لایەكى تووشى شۆك كرد، نەك لەبەر ئەوەى كەبڵێن ئەوە ئاكار و سیاسەتى ئەو بزوتنەوەیە نیە، بەڵكو بادانەوە هەڵگەڕانەوەیەكى سێ سەد و شەست پلەى ئەو بزوتنەوەیە بوو، كە ئەوان لەسەرو هەمووشیانەوە بەرپرسەكەیان هەرلەساڵانى حەفتاكانەوە تاكو ئێستا دوژمنێكى سەر سەخت و نەیارێكى رق ئەستورى پارتى بوو، ئەوەى خوا پێى ناخۆش بوو،ئەوەى نەوتراوە لە زۆربەى كتێب و نامیلەكەكانیدا (كارەساتى هەكارى و سێ بەرگى یادە وەریەكانى)بە روونى باسیكردوە.تا سەر ئێسقان عەیب و عار و ناپاكى پارتى دیموكراتى خستۆتە روو.
نەوشیراون مستەفا وەكو ئەزمون و شرۆڤە ولێكدانەوەى خۆى، گەیشتوبوە ئەو باوەڕەى كەپارتى و سەركرایەتیەكەى ئاستەنگ وبەربەست و كۆسپن لەبەردەم بەرەوپێشچوونى كورد و بزاڤەكەى، هەمیشەو بەردەوام وەك هێڵێكى خیانەت و ناپاكى ناساندونى.بۆیە زۆركات لەوسۆنگەیەوە رەخنەى لەیەكێتى وسەركردایەتیەكەى دەگرت و ئەوەى كردبوە چەكێك و،بەردەوام شەڕى لەدژى یەكێتى پێدەركرد،بەتایبەت، پاش رێكەوتى ستراتیژى ودروستكردنى كابینەى نوێ، لەپاش ئەو بەروارە بزوتنەوەى گۆران و راگەیاندنەكانى شوڵیان لێ هەڵماڵى و،ئەوەى نەوترا بەیەكێیتان وت، بەوە تۆمەتباریان كردن كە یەكێتى تەواو تەواو چۆتە ژێر ركێفى پارتى و، هەندێك جار دەیانگوت: یەكێتى بۆتە لقێكى پارتى. بەم چەشنە گوتانە توانیان هەست و سۆز و لایەندارى زۆرێك لەخەڵكان بەلاى خۆیان رابكێشن. بەپیادەكردنى ئەو سیاسەتە و خۆڵكردنە چاوى خەڵكى تا رادەیەك هەوادارانیان لەخشتە بەرن. لەهەڵبژاردنى پێشوودا ژمارەیەك كورسى مسۆگەر بكەن.
زۆربەمان وەها مەزندەمان دەكرد كە گۆڕان وسەرانى بەحەق ئۆپۆزسیۆنن و، چیدیكە ناهێڵن لەژوورە تاریكەكانەوە كڕین وفرۆشمان پێوە بكرێت،چیدیكە بە سیاسەتى چەواشە ولەخشتە بەرانەوە فریو ناخۆین، ئیدى ئۆپۆزسیۆنێكمان هەیە، لەسەرمان دێتە دەنگ، قۆڵى لێ هەڵماڵیوە و تا پارتى لەسەركورسى لانەبات و حكومەتێكى شەرعى و قانونى دروست نەكات كۆڵنادات. بەڵام كورد واتەنى خەیاڵ شتێكەو واقیع شتێكى دیكەمان پێدەڵێت، هێندەى نەبرد هەڵبژاردن كرا و گۆڕان بەئەنجامەكان دڵخۆش بوو، خەریك بوو ئەچووە كێبڕكێى پارتیەوە،كەچى بە كون فەیەكونێك ، ریسكەكەیان لەخۆیان كردوە بەخورى و ،نەوشیروان ئەو كەسەى كە هەمیشەو بەردەوام خۆى بەنەیار و دوژمنى كەللە رەقى پارتى و مەسعود ئەزانى چووە باوەشى و دوژمنەكەى و خۆیكرد بەژورەتاریكەكاندا و ئەویش چەشنى لایەنەكانى دیكە ئەوەى قبوڵى كرد و، بووە هاوپەیمانى گیانى بەگیانى پارتى و جارێكى تر خۆى خزاندەوە ئامێزیان.
وەك پێشتر باسمكرد لەسیاسەتدا هەموو شتێك مومكینە و شتى موتڵەق نى یە، بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت، سیاسەت هەرچیەك بێت وچۆنمان لێبخوازێت و چۆن پیادەى بكەین،ئەوا لەبیرمان بێت لەهەمبەردا شتێك هەیە پێى دەوترێت ئەخلاقى سیاسى، كە بەداخەوە زۆرجار كورسى و پلەو پۆست و ئیمتیازات، ئەو ئەخلاق و ئاكارە كاڵ دەكاتەوە، گەر تیێبنى بكەین دەبینین گۆڕانیش لەبەر خاترى شیرینى دەسەڵات و تەماعى كورسى خەریكە ئەویش ئەخلاق و رابردووى خۆى هەراج دەكات،دەبێتە پاشكۆو هاوپەیمانى لایەنێك كە تا دوێنى لە لەقاموسى ئەواندا بەتاوانیار و بكەرى رۆژگارە رەشەكانى 17ى شوبات تۆمەتباربوون، پارتى ئەو لایەنە بوو كە بەنیاز بوو بەزەبرى زێرەڤانى و هێزى جامانە سوورەكان خاكى گردەكە بەتورەكە ببێژێ.ئەو پارتیەى كەئەمڕۆ بۆتە یەكەم پیاو ونۆكەرى توركیا و پەیرەوى سیاسەتى ئەتاتورك دەكات، بەئاشكرا و نهێنى هەوڵى كورد قڕان دەدات.ئەو پارتیەى كە دید وبۆچونى هەموو ئازادیخواز وكوردپەروەرێك، رۆژ بەرۆژ رەزیل سوك وریسوا دەبێت، كەچى تازە بەتازە گۆڕان و لایەنەكانى دیكە دەبنە هاوكارى و رۆح دەكەنەوە بەبەریدا.
هەرچیەك بێت و چۆن ئەگوزەرێت تازە گۆڕان ئەوەى قبوڵكرد كە بێتە غولام و پاشكۆ و فریاد رەسى پارتى،بەم كارەشى نازناوى خۆى و مێژووى چەند ساڵەى لەكەداركرد، جارێكى دیكە وەك زۆربەى حزبەكان ئەوەى سەلماندەوە كە میللەت و خەڵك تەنها یەك مافیان هەیە و یەك رێگەیان پێدەدرێت،ئەویش بوونیانە بە پەیژەو بەردەباز بۆ سەرخستنى مەرام و ئامانجى بەرپرسە دەمامك دارەكان.
ئەوەى كەماوە بیڵێم وئاماژەى بۆبكەم، چ بۆ گۆڕان یان یەكێتى یان هەر لایەنێكى دیكە ئەوەیە،كە هەتا پارتى لەگۆڕەپانەكەدا بێت، هەتا پارتى دەسەڵاتى لەدەست بێت و بەناو سەرۆكى كوردستان بێت، دەستى بەسەر زۆربەى جومگە هەستیارەكاندا بگرێت،حكومەت و ئازادى و دیموكراسى و كوردایەتى ومافى مرۆڤ و تەواوى بەها ئەخلاقى وكۆمەڵایەتیەكان ،هێندەى شەخێیەتى مەسعود نرخیان دەبێت. لەبیرمان نەچێت و خۆمان بەهەڵەدا نەبەین، مێژوو ئەوەى سەلماندوە كە،چەندێك لەدژى پارتى و بنەماڵەى بارزانى بوەستیت و دژایەتى بكەیت، ئەوەندە متمانەو دەنگى خەڵك بەدەست دەهێنێت و پێچەوانەكەشى راستە سەلمێنراوە.خاڵى دەستپێكى شكست و نابووتى یەكێتیش لەو هەنگاوەوە سەرى هەڵدا. كەتازە بەتازە لێى پەشیمانەو دەیەوێت وسڵى خۆى دەركات.