خەونى دەوڵەتى سەربەخۆی كوردیی و نەتەوەىەکی رەنج بە خەسار و رابەرانى گیرفان قوڵ

Thursday, 17/11/2011, 12:00


بۆ ئەوەى وینەكە لەبەرچاوى خوێنەرانى هێژاو بەقەدر لێڵ نەبێ كە ناوەرۆكی تەواوى ئەم باسە دەخوێنێتەوە، بێ سێودوو دەڵێم : نەتەوەى كورد لەرێزى هەرە پێشەوەى زوربەى ئەو نەتەوانەى لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەراستدان، بەڵكو لە كشوەرى ئاسیاد دەژین، شایەن بەوەیە نەتەوەو وڵاتێكى خاوەن ئاڵاى هەڵكراوبێ لەو رێكخراوەى ناوى (نەتەوە یەكگرتوەكان)ە ... ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەى سەرەتا رووناك بێت، ئەو تاڵاوەى لەدێرەكانى ئەم خوێندنەوەدا دەچۆرێ، كەم وەزنیى نەتەوەى كورد نییە، بەڵكو كەم وەزنى ئەوانە بوە لە دێرزەمانەوە خۆیان بە ناویەوە بەناویەوە دەناسێنن و ئەنجامەكەى گیرفان قوڵبوونى ئەوان و رەنج بەخەسارى نەتەوەى كوردەو...تاوەكو ئێستا......... بەڵام ئەو هۆیەى هانى داوم بۆ رووكردنە خۆێندنەوەى (خەونى دەوڵتى سەربەخۆى كورد) هاتنەوە كایەى لێدانى ئەم (وەتەرە حەساسە)یە لەلایەن سیاسەتمەدارو رابەرانى سیاسی كوردەوە، یەكێكیان دوژمنە تأریخییەكانى كورد دڵنیا دەكات كە ترسیان نەبێ حەقیقەتى (دەوڵەتى كورد خەونى شاعیرانە) كە قسەیەكە ئەو لە هەمووكەس زیاتر دەزانێ تارادەیەك لە راستیى نزیكە چونكە دەزانێ (هەرهیچ نەبێ لای خۆیەوە وەك رابەر) نە هەوڵى بۆدەدات نە هانى بەدیهێناى دەدات، بەڵام لایەنەكەى ترى قەڵەم رەوو هێز پتەوو پارەى بێ خۆهیلاككردن لە بەردەست و لە گیرفانە قوڵەكانیاندا، لەوەى یەكەم زیرەكتر و داناترە لە ختوكەدانى عاتیفەى خەڵكى خۆمان كەدەزانێ تائیستا لاى زوربەیان لەهانداندا بەر عەقڵى دەخەن، بۆیە وەك بەڵێن بۆ بەدیهێنانى خەونەكە قسەى زلتر لە هەتا خودى خەونەكە و بەدیهێنانى دەكەن، ئەمیان بەڵێدان لەم (وەتەرە حەساسە) دووچۆلەكە بە بەردێک دەپێكێ : یەكەم تانە لە (دوژمن براكەى) دەدات و دەڵێ ئەوەتە ئەو بەخەونى دەزانێ من بەكردەوە كارى بۆدەكەم، دووەم دەزانێ ئیستا وەزعى سەرتاپاى كوردستان (بەڵكو ناوچەكە هەموو و لەسەر خواستى ئەمەریكاى ئیمپراتۆرى زل هێزى تەنیا لە سەر روویى زەمین كە سورە تا چەندان ساڵى تر ئەم ناوچەیە هەرچى تیایدا روودەدا تەنیا یەك ئەنجامى هەبێت: فەوزا و ئاشوبە و نائارمی كە تاقەهۆكارەبۆ قازانجى خۆی و ئارامى ئیسرائیل) لەبارو دۆخێكدایە، هیچ قسەو بەڵنێ نە باجى لەسەرە نەكەس لێپرسینەوەلە ئەنجامى دەكات، بەتایبەتى هەرەشە بە راگەیاندنى دامەزراندنى دەوڵەتى كورد ئاراستەى بەغدایەك دەكرێ لە دنیادا پایتەختى لەو ئەتكراوترو بێ دەستەڵاتر نییە و ئەوانەى لەوێ حوكم دەكەن لە حوكمراكانى هەرێم بێ مەڵامەتترن و ئامانجى بەرو دوایان پاراستنى سەرو ماڵ بنە ماڵەو بازرگانى ناشەرعى و دزى و رووتاندنەوەیە بۆ خۆیان , بۆیە لە خۆمان چاكتر دوزانن هەرەشەى راگەیاندنى دەوڵەتى كوردیى سەربەخۆ بۆو لەچ بارێكا رادەگەنرێ، بەڵكو لەوسیاستبازە بازرگانانەى بەغدا تیایاندا هەیە كە گۆێیان لەو هەرەشەیە دەبێ دەڵێن :
- دە ئەگەر ئازان برۆن ئیعلانى داتامەزراندنى دەوڵەتى كوردستان بكەن ... منەتتان نەبێت.!
لە بەر ئەوەى ئەم موزایە دەكردنە هەروا نەروا، روومان لەخۆندنەوەى واقعی تاڵكرد.

* خوێندنەوەى میژوو
بەر لە قەڵەم هەڵگرتن بۆ نووسینى ئەم دەربرینە، جارێكى تر كتێبەكەى بەناوى نووسەرەكەیەوە ناوى (شەرەفنامە)ى لێنراوەو (شەرفخانى بەتلیسى) نووسیویەتم خۆێندەوە، كە (میژوونوسەكانى ئەم عەسرە و بەرلەوانیش) بەمیژووى نەتەوەى و نووسەرەكەى بە (بابى میژوونوسان) دەدەنە قەڵەم و عاتیفەى هەستى نەتەوەیى كۆلكە خوێنەوارو نەخوێنەوارى پێختوكە دەدەن، بەتەواوى شەرفخان میژووى ژیانى كۆمەڵێ بنەمالّەو میروو خاوەن (جاه) ى مونتەمى بۆ نەتەوەى كورد دەگێرێتەوە، كە هەتا ئەم رۆژە كورد بەدەست ئەم دیاردەیەوە دەتلێتەوە، كە كارو كردەوەیان لە ئەساسداو بەپلەى یەكەم پاراستنى هەریەكەیان و ئەو (جاه)ەى خۆى بووە، لەبەر ئەوە لەو كتێبە میژووییەدا دەیخوێنیتەوە، زوربەى هەرە هەرە زۆرى سەرى یەكەم و بەدەستەڵاتى ئەو بنەماڵانە، لە ماڵ و (وەلاْ) گۆرینەوەدا بوون بەخۆیان و (رەعیەت)ە چارەرەشەكانیانەوە، لەنێوان زل هێزەكانى دەستگرتو بەسەر خاكى كوردستاندا، كە مڵك و ماڵ و دەست و پێوندەكانى ئەو (میر) و خاوەن (جاه)انە لە بەدبەختى ئەم نەتەوە كڵۆلەدا، خۆیانكردبووە دەمراستى، هەركەسەیان و لە سنورى دەستەڵاتى خۆیاندا، هەتا خودى (شەرفخانى بەدلیسى) و بابی بەرلەوەى خۆی ببێ بەمیرى بەدەستەڵات، لەجارێ زیاتر یان بەدەركردن لەبەر بێ وەفایى و دوایى، گەرانەوە بە (لێبوردن) لە گۆرینەوەى (وەلاْ)دا بوون لەنێوان دەستەڵاتى عەجەم و عوسمانیەكاندا، هەتا لە دوا ساڵانى تەمەنیا كەزانیویەتى عومرى ئەمبەرو ئەو بەركردن نەماوە، دەقاو دەق ئخڵاسى بۆ عوسمانیەكان ئاوا دەنوسێتەوە كە كتێبى شەرەفنامەكەى پێشكەش بەسوڵتانى عوسمانى دەكات و دەڵێ (.....هەروەها لەپاش سوپاسی خوداو پێهەڵگرتنى پیغمبەرى مەزن دەمەوێ سوپاسی پادشاى خۆشم بكەم، ئەو پادشایەى كە گومەزەشینەكەى كاكێشانى عوسمان.......) تا دەگاتە ئەوەى دوایى بە پێشكەشكردن و سەڵاواتى بۆ سوڵتان دەگاتە لوتكەو دەڵێ (...ئەو سوڵتانەى هەژارى و خەمبارى لە ئارادا نەهێشتوەو سێبەرى شاباڵى بەزەیى و بەخشندەیى بە هەمو كەلوكولێنێك گەیشتوە، سەرۆكى دین و دنیایە...بەختەوەرى هەردوولایە، كۆیلەو مفردى مەكەو مەدینانە دوەمین ئەسكەندەرى شاخدارو سێهەمین عمرى لەخواترس وپارێزگارە ...لەسایەى ئەودا دنیا زۆرهێدى و هێمن و ئارام بێ دەردوژانە، باوكى بێكەس و بێچاران : سوڵتان محمدى خانە، خواراوەستاوى كات ودەست بەباڵیەوەبێ مەبەست سوڵتان محمدى سێەمە كە سوڵتانى ژمارە سیانگزەهەمینى ئیمپراتۆرى عوسمانى بوو بروانە لاپەرەى 7 و8 ى شەرەفنامە چاپكرواى كۆرى زانیارى كورد بەغدا -)
بێشك، خوێنەوارە راستەقینەكانمان، میژووى چۆنیەتى دروست بوونى قەوارە سەربەست و ئازادە نەتەوەییەكانى ئەوروپایان خوێندۆتەوە، كە هاتنە دەستى رابەرانى ئەو گەلانە دواى پەرینەوە لە قۆناغە سەختەكانى ناونراو بە (محاكمى تەفتیش) و دوایى دەرەبەگایەتى و روكردنە قۆناغى سەربەستى و هەستانەوە كە لە میژووكەیاندا بە (عەسری نهچە)...ناسراوە، هاتنە دەستى رابەرەكانیان بوەمایەى یەكگرتن و پێداگرتن لەسەر بیناكردنى قەوارەى سەربەست بۆ خۆیان، بۆ نمونە لە وڵاتى مەجەر، یەكخستنى میرانى 9 خێڵى بەدەستەڵات لەسەر ئەوەى كە قەوارەى وڵاتەكەیان سەربەخۆبێت ئەو وڵاتى مەجەرەى دروستكرد و گەلەكەشیان ئەوەندە بەوەفابوو بەرامبەر ئەو گیانى لێبوردییەیان، لە گەرەترین مەیدانى (بۆدابیست)دا پەیكەریان بۆهەرنۆ میرەكەیان دروستكردو هەتا لەوسەردەمەى كە شیوعیەكان خۆیان بەسەر موقەدەراتى گەلى مەجردا سەپاند نەیانوێرا دەست بۆ ئەو رەمزەى سەربەخۆیى گەلەكەیان ببەن ...!
میژووى هەمومیرو سەرۆك خیڵە بەدەستەكان كە (شەرفنامە) بۆى نوسیوینەتەوە بخوێننەوە، لاپەرەیەك بەدى ناكەى بەوە دڵمان خۆشبكات : میرێك یان دووانیان یان سیانیان یەكێانگرتبێ و لەروانینى هەستكردنەوە بە بەرپرسیارى نەتەوەكەیانەوە رێكەون هیزیان بكەن بەیەك و قەوارەى سەربەخۆى نەتەوەیى دامەزرێنن، میژووى ئەو میروو بەگ و (وجەها) ماقوڵانە، هەرباس لە هەڵپەى هەركەسەو بۆخۆیى و بنەماڵەكەیى و زامنى بەدەستى خۆیان بەوەكردوە كە گوێى رایەڵى زلهیزەكانى ئەوسەردەمانەبن تیایداژیاون بەرامبەر بە پێدانى دەستەڵات لەلایەن ئەو زلهێزانەوە چیان دەوێت لەسنورى رەعیەتەكانى خۆیان بیكەن وبەڵكو لاپەرەى خەفەت بەخش لەو میژوویەدا دەخوێنریتەوە كە پیلان بەرامبەر بەیەك و یارى دوفاقی لەلایەنى (ولا)وە بۆزلهێزەكان و هەرلایەك لەو زلهێزانە كە ئەو دووفاقیەیەیان كەشف دەكرد، میرو (وجها) بەخۆیان و بنەماڵەیانەوە رایاندەكردە لایەكەى دى و دەست و پێوەندو رەشەخەڵكەكەیان لەژێردەست ئەولایەنەى كەشفی كردوون جێدەهێشت تۆلەى دوفاقی میرەكان لەوان بكەنەوە، لەشەرف نامەدا كە نائومید دەبیت و لاپەرەیەك بۆگێرانەوەى هەوڵى یەكگرتن بۆدروستكردنى قەوارەى نەتەوەیى ناخوێنیتەوەلە (بەڵگەنامە نەمرەكەى أحمدى خان)دا نەبێت، ، حیكایەتى دەیان گەمەى ماڵگواستنەوەلاى عوسمانیەكانەوە بۆلاى عەجەمەكان و بە پێچەوانەوە دەخوێندرێتەوە كە هەندێكیان خۆخۆری نێوان خۆیان بۆیەكى لەولایەنانەى كەشفكردوون ...!!درێژە پێدانى ئەو میژووە، میر میرێن و هەربنەماڵە بۆخۆی بەردەوام بوو تا ئەورپا دەمى ژەنیە خۆرهەڵات وپیربوونى ئیمپراتۆری عوسمانیەكانى قۆستەوەو سیاسیەت و حەزی میروخاوەن ئەمارەتەكانى سەربەو ئیمپراتۆرەى بۆ تەنیا روانینە سودى خۆیان لەسبەینێدا لەناو گەلە دواكەوتوەكانى خۆرهەڵاتى ناوەراستیانكردە دەلاقەى هاتنە ژورەوە، لەو روداوەشدا كورد هیچى دەستنەكەوت بەڵكو مەسەلەى چارەنووسی لەبەر بێرابەرى راستگۆیانە لە بەتەنگەوەهاتنى چارەنوسیا، زیاتر رووى لەگرێداربوون كرد.
تازەترین و كۆكترین هەوڵى كوردستانی بە ئیرادەى گەلى كوردستان بۆ دەستخستنى مافی چارەنووس، ساڵى 1961 لە كوردستانى عیراقدا بەشێوەیەكى رێكخراویى ئەوتۆ چاوەرێى زۆرى لێدەكرا هەرهیچ نەبێ بۆ ئەم بەشەى كوردستان، بەڵام ئەو هیوا پێبونە تا تشرینى دووەمى 1963ى خایاندو لەسەرەتاى 1964دا ئافاتى دوبەرەكیەك سەرى هەڵدا روبارى خۆێنى بەداوەبوو، تائیستایش گەلى كورد باجەكەى دەدات هەرچەندە رابەرە (بەدەست و بەهێزەكانمان) سورن لەسەر ئەوەى ئیدعاى بەجێهێشتنى ئەو قۆناغی دووبەرەكییەیانكردوە...لە 11ى ئەیلولى ئەوساڵەدا شۆرشى چەكدارى كورد هەڵگیرسا، هەرچەندە لەسەرچاوەیەكى زانیاری هەرێمایەتى و هەتاوەكو نێودەوڵەتیش ئاماژەبەوەدەدەن كە هەڵگیرسانى ئەو شۆرشە بەهاندانى دەرەكى بوو، نەك بەئیختارو ئیرادەی كوردو لایەنە سیاسییەكەى، بەڵام لەبەر ئەوەى كە پشتیوانى لێكردنى بەفراوانى هەموو خەڵكى كوردستانى عیراقى گرتبوەوە (چەپرەوەكانى سەربەحیزبى شیوعى عیراق نەبێ) بۆیە ئومیدى ئەوەى لێدەكرا بەردەوام بوونى بەو یەك ریزییە بگاتە زامنكردنى سەركەوتن بە سەندنى مافە نەتەوەییەكانى لەسنوورى عیراقدا و ئەو سەندنەش لە هەڵوێستى بەهیزى و پشت بەستو بە خەڵكى كورد دەهاتە دەست، بەڵام ئەم روانینەى نەوەى خوێنەوارى دواى نەوەى شەرەفخان و وابیركردنەوەى كە سەردەمى میران و ناوچەگەرى و بنەماڵە و ئەمارات بۆخۆدروستكردن تەواوبو، بەڵكو هیوا وابوو، ئەوەى راستە لە هەستانەوەیەدا ئەوەی، خەون و روانینەكانى خانى و حاجى قادرى كۆیى لە سەرەتاى سەدەى بیستەمەوە رێچكەى بەستوەو یەتە دى، بەڵام كتێبەكەى جولەكەكان (موساد فی كوردستان العراق) و كتێبى (هەلچونى رووداوەكان)ى رۆژنامە نووسی ئێرانى كورد زمان خەونەكانى كردینەوە بەمۆتەكە، كتێبى یەكەمیان نەك هەر گاڵتە بەو رابەرەكوردانە دەكات جولەكە خۆیى پێوەیان خەریك كردوە بەڵكو بە بەڵگەو وەخت و سەعات و ناوناونیشانەوە توشى هێڵنجمان دەكات كە شەرە بەناوبانگەكەى (هەندرین) كە شاعیرەكانمان و چیرۆك نوسەكانمان دەیان داهێنانیان لەسەرهۆنیەوە، ئەو ئەفسەرە جولەكەیەى كە مۆساد ناردبووى بۆناو كوردان و ئەوكتێبەى نووسیوەتەوە ئیدعاى ئەوەدەكات ئەو نەخشەى بۆ ئەو شەرەداناوەو سەرپەرشتى كردوە، ، ئەما ئاغاى رۆژنامەنووسی ئێرانیى كورد زمان (عرفان قانعی فرد) لەكتێبەكەیدا گفتوگۆی لەگەڵ ئاغاى ئەفسەر لە ساواكى ئێران (عیسى پژمان) كردوە بە بەڵگەو ژمارەو میژوو دەیگێرێتەوە كە چەك هەڵگرتنى رابەرایەتى سیاسی كوردستانى لە كوردستانى عیراق بە هاندان و نەخشەو پیلان و پارەى رژێمى ئیران بووە و ئەو خۆی گەیاندۆتە شاى ئێران و بە وردى سودى چەك هەڵگرتنى كوردى كوردستانى عیراق رێگەیەكە رژێمى عیراق تەنگەتاودەكات لەسوودى ئەمنى قەومى ئێران و هەمووشتان دەزانن خەڵكینە 1975 شاى ئێران بەرابەرەكانى شۆرشى كوردى وت: برۆنەوە بۆماڵى خۆتان ئەوانیش گوێرایەڵییان كرد...!و رۆژنامەى (ئیتلاعات) ى ئێرانى سێ رۆژ دواى ئیمزاكردنى رێكەوتنەكەى الجزائر گفتوگۆیەكى لەگەڵ رابەرى شۆرشەكەمان رەحمەتى سەرۆك مەلامستەفاى بارزانیدا بڵاو كردۆتەوە قسە مەشهورەكەى (مهمەى من تمام شد)ى كردە مانشێتێكى گەورەو بڵاوى كردەوە، رەحمەتى دەیگێرێتەوەچۆن دەستى كراوە بەزاخدا، لەگەڵ ئەم هەموودەستخەرۆكردنەى خەڵكى كوردستان، لەگەڵ ئەوەى ئەوەندەى تیایاندا بوونە قوربانى لەشەرى بەگژداچونى رژێمە یەك بەدواى یەكەكانى بەغدا (قوربانیەكانى ئەنفال و كیمیا بارانى هەڵبجەى شەهیدى لێدەركە) لەوە زیاتریان بوون بە قوربانى، لەو خوێن رشتنەى بەناهەق ناویان ناوە شەرى براكوژى، چونكە ئەو رابەرانەى لەسەر ناكۆكى ئەوان ئەو شەرانە هەڵدەگیرسان نەك ئەوسا كە شەریان دەكرد بەڵكو لەورۆژانەدا دەستیان لەمل یەكتردایە نابن بە برا، بۆیە راستر وابوو ناوى شەرى برا بەكوشتدان بەبرا لەبەرخاترى (كاكە) و (مامە)ى لێبنرایە ...دەڵێین لەگەڵ ئەو هەموو دەستخەرۆكردنانەدا خەڵكى كوردستان بەوەفابوون بۆ ئەێڵى ئامەنجە نەتەوەییەكانیان و لە رۆژانى سەختدا (جوتەبراى دوژمن بەیەكیان) لەبەردەم دوژمنە میژوویەكانى نەتەوەى كورددا رسوانەكردو وایان هەڵوێست نواند كە لەو مەسەلەیەدا كێشە لەگۆرێ نییە !ئەو دەست بەرنەدانە بەداخەوە كەدەبوایە هاندەربوایە بۆ ئە و رابەرانە بەخۆیاندا بچنەوەو سەرێ هەڵبرن و خواى خۆیان و میللەتەهەژارەكەیان بناسن، كەچى لەو رۆژەوەى حوكمى فیدراڵیان دەستكەوتوە جارێ ئەوەڵەن لەسەر تیكچونى (فیفتى فیفتی) و داهاتى باجی نوختەى (ئیبراهیم خەلیل) و پارەمۆڵەكەى دەستیان دایە یەخەى یەكتر شەرێكى خوێناوى وایان نایەوە هەزاران هەزار خەڵكى بێچارەى گەلەكەیان بەكوشتداو سەدانیان تائیستا بێسەروشوێنن و كە كەسو كاریان بەدواى هەواڵ و چارەنووسیاندا دەگەرێن هیچ لایەكیان هەر جوابیشیان نادەنەوە، ئەوانەى ئێستا رابەرایەتى چارەنووسی كورد دەكەن لە تاقیكردنەوەى فیدراڵیى كوردستانى عێراقدا، بچوك ترین بەڵگەى بیناكردن و رێ خۆشكردنیان بۆ زامنكردنى چارەنووسیى نەتەوەیى گەلە كەیان زامن نەكردوە ئەوە ئەگەر نەڵێین هەموو هاتنەدەستەكانیان لەزۆر وەرچەرخانى میژوویدا هەوڵى وێرانكاریان بەرامبەر قوڵكردنى گیرفانى خۆیان یەك مستەواى بایەخ پێدانى هەبووە، لە ئاشبەتاڵەكەى 1975دا وایانكرد، هەرچى بەرووبوومى بیناى ژێرخانى كوردستانى عیراق هەیە لەوناچانەى لەژێَر دەستیاندابوو هەربەرپرسیارى پارتى و دەسترۆیشتوى لاى سەركردایەتیەكەى بوو، هەرچى دارودەستەو ئیمكانیاتى بەردەستیان هەبوو لە جیاتى ئەوەى خەریكبوونایە بە چارەسەری ئەو خەڵكەى لەبەرخاترى ئەوان دابوویانە شاخ، كەچى لەهەر شوێنى مەكینەى كارەباو ئوتوموبیلى گەورەو چەك و كەرەستەى كار هەبوو بەكەڵكى فرۆشتن بێت هەڵیاندەكەندودەیانكرد بە ئێرانداو دەیانفرۆشت و لەدواى نوشستى راپەرینەكەى دواى حەربی كوەیتیش هەمان بازرگانیانكرد، لەكاتێكا ئەوەلأ بەڵگەى رابەرایەتیەك بۆ خەڵكى بسەلمێنى كە لە تێكۆشانیدا چاوى لە گەیشتنە بە مافی چارەنووس، دەبێ هەموو كەرەستەو بینایەك پەیوندیان بە خزمەتگوزارى خەڵكەوەهەیەو بەپایە دادەنرێن لە بینای سەرخان و ژێرخانى كۆمەڵ و خەڵك و گوزەرانى رێكخراو زامندەكات هەتا ئەگەر دوژمنەكانیش بیناودرووستیانكردبێ، لەبەرنامەى پێویستیى پاراستن و دورخستنەوەیان لەزەفەرو وێرانكردندا دایانبنێ، ئەمە تەنیا بەڵگە نییە كە ساغی دەكاتەوە رابەرەكانى كورد لە شۆرشەكەى ساڵى 1961وە بەتەنگەوە هاتنى مافی گەلەكەیان بە خەتێكى متەوازى لەگەڵ سوودى خودى خۆیاندا وەك تاك و بنەماڵە بەدەستەكەى لوتكەى بەرپرسیاریدا كاریان بۆكردوەو تائیستا دەیكەن، بەڵكو لە هەموو جەولەكانى گفتو گوكانیاندا لەگەڵ رژێمە دروبەهێزەكانى حكومەتى بەغدا كە فرسەتى گفتوگوكردنیان بۆهاتۆتە مەیدان زامنكردنى پێداویستەكانى رابەرەكان دوایى دامەزراندنى هەربەرپرسیاریكى كورد لەبەغدا لەوكەسانەبن كە نەتوانن بەبێ قازانج گەیاندن بەرابەرایەتیەكەیان نابێ پەنجە بكەن بەئاودا، ێدام حسین لەگەڵ درندایەتى و دیكتاتۆریەتى فیكرو هەڵسوكەوتى بەڵام ێەد لەێەد لەو گێرانەوە میژووییەى چۆنیەتى دەرچونى رێككەوتنامەكەى 11ى ئازارى 1970دا راستدەكات كە وتى رابەرایەتى كورد لەسەرەتاى گفتوگۆكاندا ئەو داواى حوكمى زاتى خستە سەزمانیان و ئەوان جورئەتى ئەوەیان نەبوو، خۆباسی نەتیجەى رێكەوتنەكەى رەحمەتى مەلا مسەفا لەگەڵ عبدالسلام هەرگیزناكرێ بەدەستكەوتەیەك دابنرێ هاوشان لەگەڵ ئەو قوربانیانەى خەڵكى كورد لە 61وە بۆ شوباتى 63 بەخشى بەنیسبەتى 5لە ێەد بەم بۆنەوەیەوە دەبێت بۆ میژوو ئەو راستیە بیر خەڵكى كوردستان و نەوەى ئێستاى كورد بخرێتەوە تورەبوونى مەكتەبى سیاسی (دووقۆڵى ئیبراهیم ئەحمەدو تاڵەبانى، كەدوایى ناوى جەلالى بەسەراسەپاو كەسی یەكەم پاشەكشەى پێكرا بۆ بەر سێبەر) لەبەر ئەوە نەبوو رێكەونەكەیان دایەدواوە چونكە لەپلەى قوربانى گونجاو نەبوو لەگەڵ دروشمى شۆرشەكەدا، بەڵكو لەبەرئەوەبوو رەحمەتى بارزانى مەكتەبى سیاسی پارتى لاوەخست و پرسورای ئەو رێكەتنەى پینەكردن و ئەولان ترسان هەربەرێكى ماددیى لەو رێكەوتنەدا هەبێ ئەوان تیایدا بێبەش ببن، باشترین بەڵگەى فیئەى و ناوچەگەرى لە جیابوونەوە لەرابەرایەتى سەرۆك بارزانى دا هەبوو بەتایبەتى راكردنى سوارچاكەكانى ئەو نارەزایانە لەو رێكەوتنەى ناویان لێنابوو (رێكەوتنى موشیرو بارزانى) راكردنیان بوو بۆ پەناى شاى ئێران كەراكردنى میرو ئاغاكانى ئەوسەردەمەى شەرفخانیان بیرى خەڵك خستەوە كە راكەراكیان بوو لەنێوان جوتە زل هێزى ئەوسەردەمەى ناوچەكە (فارس) لە ئێران و عوسمانییەكان لە ئەستانە...ئێستا لەو بەشەى كوردستان كە خۆرئاواى نیشتمانى كوردانە، وەك قەوارەو وجودى دەستەڵات، بەدەستەڵات تیایدا خودی كوردانە، لەبەرچاوى دەرەوەو هەتا لەزۆرلایەنییەوە لەبەرچاوى ناوخۆشدا، بەتایبەت لاى ئەهلى عیراق، نموونەیەكە رەنگاورەنگ و جوان سۆزداران بە لایەنى بەدیهێنانى خەونى كورد لەسەربەخۆیى تەواودا دڵخۆش دەكات، بەڵام لەراستیداو لەبەرچاوى هوشیاران و ئاگاداران لە (بنى هەمانەكە) دەزانن ئەو وجودە رەنگا و رەنگە سەرنج راكێشە هیچ موستەلزماتێكى پتەوى بیناى ژێرخانى پتەوى خۆراگر بۆدامەزراندنى سەرخانى بەدیهێنانى ئەوخەونە لەگۆرێ نییە وئارەزووى بەدیهێنانیشى لاى ئەوانەىلە پایەى بەرپرسیاریدان جارەبەجارێ كە لەرێگەى راگەیاندنەوە واى رادەگەیەنن كە مەسەلەى (ستراتیژییە) لەبەرنامەیاندا، ئەوقسانە لە فشارى سیاسى تێپەرناكات چونكە لەداگیركردنى عیراقەوە سەرنج بدەن، وروژاندنى ئەم مەسەلەیە لاى ئەو بەرپرسیارانە هەمووجارێ لەوكاتانەدا بووە كە سود و قازانجى تاك رەویان لەو مەسەلانەى پەیوەندى بە خودى خۆیان و پایەو پلەیانەوە هەیە لەگەڵ حكومەتى مەركەزدایەو كە ئەو فشارە لاى بەغدا كارى خۆیى دەكات لەلایەنى وەڵامدانەوەى ئیجابى بۆ زامنكردنى ئەو سود وقازانجە (چونكە لە ئەسلا ئەوانەى بەغدا) هەروەك ئەمانن لەلایەنى گاڵتەكردن بە هەمووشتێ پەیوەندى بە چارەنووسەوەبێت ئەگەر هاوشان نەبێ لەگەڵ سوودو قازانجى خۆپەرستى بەتایبەتى لەلایەنى قوڵگردنى گیرفانیان بۆ سبەینێى خۆیان نەك گەلى عیراق و هەتا چارەنووسی هەموو عیراق ... لەم رۆژانەدا، لەرێى تەلەفزیوێنەوە چاوم بە جەنابى سەرۆكى هەرێم كاك مەسعود بارزانى كەوت لە هۆڵێكى داخراودا لە كاتی سەردانیدا بۆ ناوچەى (سۆران)وەك لەسەرجامى تەلەفزیوێنەكە وانووسرابوو، لە هۆڵەكە ئاشكرا دیاربوو كەسانێ دانیشتبون جەنانى سەرۆك و دەست و پێوندەكەى زامنى ئەوەیانكردوە كەسێكى وایان تێدانییە جەنابى هەرقسەیك بكات: نە بەجوڵە نەبە ئیشارەت هەتا نەلەدڵیشەوە جورئەتى ئەوەى هەبێ بڵێت : ئاخر قوربان كەى وایە...؟.....گوێم لێبوو جەنابى باسی ئەوەى بۆ دەكردن كە بۆ حەزیكرد پۆستى سەرۆكایەتى هەرێم بەرخۆی بكەوێ، (خۆ خوانەخواستە نیازى ئیحتكارو حەزى لە سەرۆكایەتى نەبووەو هەر نەشیویستوە...!) جەنابى سێ چوار خاڵى ژمارد لەوانەى حەزى بۆ جێبەجێكردنى ێەد دەرێەدى هانى دابوون ببێ بەسەرۆكى هەرێم یەكەمیان ئەوەبوو :جەنابى لەوساڵانەى سەرۆكایەتیدا كارى مەبدەئی خالێ دەكات جارێكى تر شەرى براكوژى لە ناوكوردان ولە كوردستان روونەداتەوە ...، ئەشهدو بیلا هەدەفێكى تا بڵێى موبارەكە، بەڵام دەپرسین : كاركردن بۆ دووبارنەبوونەوەى هەركارەساتێ نابێت بەوە دەسپێبكات ئەوئاسەوارانە بسررێتەوە كە بوونە مایەى ئەو كارەساتە ؟ تا ئیستا سەروشوێنى سەدان كەسى لەهەردوولاى شەرى براكوژى بێ سەروو شوێنن، كە كەسوكارى ئەوسەدان كەسە بۆ زامنى لایەنى شەرعی و كۆمەڵایەتى و مرۆڤایەتى داواى ساغكردنەوەى چارەنووسی ئەوانەدەكەن هەرلەجەنابى سەرۆكى هەرێمەوە تا دواكادیرى كارگێرى هەردوو لایەنەكە ئەوەندە خەمساردن بەرامبەر بەومەسەلە گرنگە، بیانەوێ و نەیانەوێ ئاگرى كینەو دوو بەرەكایەتى لەژێر خۆڵە مێشەوە دەگەشێننەوە، دواى ئەوە وەستاندنى شەرى براكوژى، پیاوەتى كەسى تیانییە، هۆى راستە قینەى روونەدانەوەى، هەرهیچ نەبێ وەك عەرەب دەڵێت (لەمەداى مەنزوردا...نەك هەتا هەتایە..!) دوو مەسەلەیە، یەكەم هەردوولایەنەكە دەزانن كەس ئامادەنییە شەریان بۆبكات، دووەم ئەودوولایەنە كەوتونەتە نازو نیعمەتێكى بازرگانى و دەوڵەمەندبوونێكەوە، شەر هەمووى بەخەسارەدەدات و ئەوان ئیستا دەیانەوەێ رابۆێرن، نەك شەربكەن ... جەنابى سەرۆك فەرمووى هۆى دووەمی بۆ بوونى بە سەرۆكى هەرێم توندوتۆڵكردنى پەیوەندى قەوارەى كوردستانییە لەگەڵ دنیاى دەرەوە و بۆ سەلماندنى سەركەوتنى لەم ئامانجەدا ئاماژەى بەوهەموو قونسڵە دبلۆماسینەدا لە هەولێر كراونە تەوە، وادەزانى ژیرى و لێهاتووى جەنابى و ستافی دبلۆماسی سەرۆكایەتى ئەمەیكردوە، كە هەرگیز وانییە سوودى ئەو كونسڵخانانە بۆخودى ئەودەوڵتانەیە كە سەرچاوەى : بازرگانى و كۆكردنەوەى مەعلومات و پەلكوتان بۆ ناوچەكە هاندەرى هاتنیانە نەك لەبەر بایەخدان بەخودى وجودی كوردستانى و هەركەسێ سەرۆكى هەرێم بوایە، ، زروفی زاتى و مەوزوعی ناوچەكە وایكردوە ئەو دەوڵەتانە هەلى جێپێكردنەوە بۆخۆیان لەناوچەكەدا لەكیس نەدەن، بەڵام هۆى سێیەم وەك جەنابى وتى :دانانى سیستەمى زمانى یەكگرتوى كوردییە، وەڵا پیرۆزترین ئامانجە، بەڵام وەڵا هیچ كاتێك بەقەدەرى ئەم سەردەمەى جۆرێك لە قەوارەى دەستوریمان هەیە زمانى كوردى لەبەردەم مەترسى شێواندن و بێتامكردن و مەترسی سرینەوەى زۆر نیشانەى تایبەتمەندى نەتەوەیى نەبۆتەوە، زمانى میللەتێكى بێكەس هەریەكەو بە ئارەزوى خۆی گەمەى پێدەكات، پریانكردوە لەوشەى بێگانەى هاوردە، بە هەوڵى گۆرینى بۆ پیتى لاتینى هەرەشەى لەناوچوونى توراسى ێەدساڵە لە زمانەكەمان دەكەن و هەندێ لایەن زۆر دەمارگێرانە ئەم ئاراستەیە دەكات و بەشانازییەوە دەڵێت: زمانەكەمان لەحەرفی عەرەبى پێپەتى رزگاردەكەین، هەر ئەم قسەیە لەخۆیدا بەڵگەى بێباخى و گاڵتەكردنە بە بنەرەتەكانى دامەزراندنى زانستى درێژخایەن، چونكە ئەم مەسەلەیە پەیوەندى بە پەرەوەردەو زانستەوەهەیە نەك هەڵچونى رەگەزایەتى بێ ماناو بنەرەت، كەئەم هەڵوێستە زۆرنارەوا، ئەمە سەرەرای ئەوەى ئێمە لە ئەێڵا سیستەمى خوێندن و پەرەوردەمان كە یەكەم زامنى درووستكردنى زمانى یەكگرتوە بەجۆرێ پەرێشانە ئە هواى شەخسی بەرێوەى دەبات نەك بەرنامەى زانستێ، هەركەس دەبێت بە وەزیرى پەروەردە و خوێندنى باڵاو سەرلەیەكێ لە وڵاتەكانى ئەوروپادەدات كەیەتەوەوە گوایە گۆرانكارى دەكات دەیەوێ بەرنامەى خوێندن و پەروەردەى ئەو وڵاتە بەسەر قوتابخانەكانماندا بسەپێنێ، ئەمەسەرەراى ئەوەى لەسایەى سەرۆكایەتى جەنابیدا خوێندن بەرەسمى لەدەڤەرى بادینان كرابە كرمانجیى ژورو، واتە خوێندن لەدوودەڤەر بەدوو لەهجە..!
ئەوە بۆ بیست زیاتردەچێت حكومەتى هەرێمى كوردستان دامەزراوەو دەسبەكارە، با مكاشەفەى خەڵك بكرێ چەند رەنجدراوە بۆ دامەزراندنى بیناى ژێرخانى درووستكردنى قەوارەى سەربەخۆی كوردى لەگەڵ زللی تێریحاتى بەرپرسیارەكانى كوردستاندا لەمبارەیەوە هاوسەنگ بێت ؟ تا ئێستا بەشێكى دیاری دامودەزگاكانى حكومەتى هەرێم لە خانووى بەكرێدان و هەندێ لەو خانوانە یان مڵكى كاربەدەستە حیزبی و حكومەتیەكانن یا موڵكى دۆست و خزمانى ئەوانن، تەلارەكەى پەرلەمانیش ئەگەر حكومەتى بەعس درووستى نەكردایە ئیستا دەبوو هۆڵى قوتابخانەیەكى بۆ تەرخان بكرایە، بەڵام برۆن سەیرى تەلارەكانى دووكان و سەری رەش و هەتا ئەو شەقامانە بكەن كەبەرەو ئەو شوێنانە دەچن ....! ژمارەى دانیشتوانى هەرێمى كوردستان خۆیى لە پێنج ملیون نزیك كردۆتەوە، نیسبەتى بێكاران كەزوربەیان گەنج و لاون گەیشتۆتە لەێەدا چواردە، نیسبەتى بێگانەو عەرەبى هاوردە بۆكاركردن لە كوردستان بەكارى (كەیف و سەفاوە) چەند ژمارەیەكى لەم نیسبەتە كەمترە، ئیتر خەڵك چۆن باوەربكەن بەوەى سیاسیە كوردە دەسترۆشتوەكان خەیەڵیان لاى دامەزراندنی دەوڵەتى سەربەخۆی كوردستانە؟ عەرەبەكان دەڵێن (خوا بەچاو نابینرێ بەڵكو بە عەقڵ) راستە بەڵام كاركردن بۆ دامەزراندنی قەوارەى دەوڵەت شتى بەرچاوو بەردەستى دەوێ دیاربێت، دەى كوا ؟ ئەكید وەك حەقیقەت نییە..!
برایانى دەسترۆیشتوى هەرێمى كوردستان لە كاربەدەستەگەورەكانى دووحیزبە زەبەلاحەكەى حوكم بەدەست، پەیوەندى توندو تۆڵی شەخسیان لەگەڵ چەند زللە شەخسیاتى ئەمەریكاو ئەوروپا هەیە، بۆنمونە وەك زڵماى خەلیل زادى بە ئەسل ئەفغانی و جۆگارنەری یەكەم حاكمی مەدەنى ئەمەریكى لە عیراق و كۆشنەرە عەرابەكەى سەهوینییەكان وەزیرى دەرەوەى پێشوى فەرەنسا، لەبەرخاترى ئەم برادەرانەى كورد، جارناجارێ تێریحى لەوجۆرەى ختوكەى عاتیفەى خەڵك دەدات دەربارەى مافی چارەنووسی گەل و خاكى كوردستان دەدەن، واى دەبەنە عەقڵى هاوڵاتى بەسەزمانى كوردەوە كەئەوە سیاسەتى ئەمەریكاو ئەروپایە، نەْ خەڵكیینە، وەڵاوە بیلا وانیە ئەوانە ئەوجۆرەتێریحانە بەخۆرایى نادەن بەڵكو كراون بەشەریكى وەبەرهێنانى ماددى (دۆلار) زمان پژاندون نەك فیكرى ئینسانى لاى ئەوجۆرە سیاسیانەى ئەمەریكاو ئەوروپا فیكرى دەڵاڵى لە مێشك و فیكریاندا چەكەرەى پتەوەترە لە مەسەلەى سەربەستى گەلان
راستیەك بۆ میژوو:
لەو سەركردانەى سەرەتاى سەدەى رابووردو(سەدەى بیست) رابەرایەتى بزووتنەوەى نیشتمانى و نەتەوەیى كوردستانى خۆرئاوا(عیراق)یانكردووە، كەسیان وەك كۆچكردوو سەرۆك مستەفابارزانى خولایى گەیشتنى گەلى كوردى بە مافی چارەنووسی خۆی (خاك و ئاڵاو دەستور) لە فیكرو مێشكدا نەبووە، ئەوەیشى بەجدى بووە، بەڵام هەمیشە بە حیكمەت و دووربینى هەڵسوكەوتى لەگەڵ ئەو خولیایەو ئەو خەونەدا دەكردو رۆژێ لە رۆژانى هەموو ئەو سەردەمەى رابەربوو، ئەو خەون و خولایایەى وەك فشار بەرامبەر نەیارەكانى بەكارنەهێناوەو لەودەچوو دووربینیەكەى لەو هەڵەیەى بەدووردەكردوو تێدەگەیشت بەكارهێنانى ئەو خەون و خولایایەى بەبێ زامنى ماددى و مەعنەوى ناوخۆى میللەتەكەى ئەنجامى پێچەوانەى دەبێت و دوژمنەكانى هاندەدات درندانەتر بەرەنگارى بكەن ئەوەئەگەر گەلەكۆمەكێى واى دەرهەقنەكەن ببێتە مایەى ئەوەى یەكگرتنى هەموو لاینەناكۆكەكانى ئەم ناوچەیە ...هەرلەبەر ئەوەشبووە لە تأریخى رەحمەتى مستەفا بارزانیدا هەڵوێستى نەرموونیانى و سیاسیەتى ساف (ناعم) ى لە وتو وێژیدا لەگەڵ بەرامبەرەكانى رێبازى بووە و ئەمەى بە رێگادەزانى بۆ هەڵكەوتنى هەلى میژوویى و ..هەلى نەوەدەكانى سەدەى پێشو یان هەلى 2003 بۆ ئەو برەخسایە بەجۆرێكى ژیرانەتر لەرابەرەكانى ئێستا هەڵسوكەوتى لەگەڵدەكرد..و (الله أعلم)
ئەمە لەكوردستانى لاى عیراق
بەڵام دەربارەى كوردو كوردستانى لاى ئێران (خۆرهەڵات) لاى ئێمەو (خۆرئاواى لاى فارس، لێتانناشرمەوە (وە ئەمە راو روانینى متەوازعی بەندەیە، ئاساییە بەدڵتاننەبێت و لەوانەیە من باشم نەپێكابێ !)...جارێ با ئەم حیكایەتەتان بۆ باسبكەم : شێركۆ بێكەسى شاعیر لە مەجلیسێكا گێرایەوە، ساڵى حەفتاو چوار كە هەموو ئەدیب و رۆشنبیرەكانى كورد روویان لە چیاكرد دواى نكۆڵى حكومەت و جیبەجێنەكردنى رێكەوتنەكەى ئازارى حەفتا، یەكێك لەو ئەدیبانە لە كرماشانى ئێرانەوە رێگە دەگرێتەبەر بەرەو چۆمان، بەومەسافە درێژەى سنورى نێوان عیراق و ئێراندا دەروات (سنە، سەقز، مهاباد، میان دووئاب، ورمێ و خانە) و داخڵى كوردستانى عێراق دەبێت لە حاجى هۆمەرانەوە و لە و ناوچەیەى ئەدیبەكانى لێدەبێت ئازادى پێدەڵێن خۆی دەكات بە خێمەكەى شێركۆو هاورێكانیداو یەكسەر لێیان دەپرسێ: ئەو مەسافەدوورو درێژەى من ئەوە چەندرۆژێكە پیایدا هاتم بۆ ئێرە هەمووى كوردستانەكەى بەر ئێران كەوتوە ؟ وتیان : ئەرێ وەڵا، ئەویش وتى : دەیكەواتە هەروازى لێبێنن، حەقیانە كوردى ئێران شۆرش ناكەن ئێمە پانگزە ساڵ شەرمانكرد تا گەیشتینە خانوە قورەكانى سلێمانى.....!
خوێندنەوەم بۆ وەزعی كوردستانى خۆرهەڵات وایە كە دواى نوشستى تەجربەى مەهاباد بزوتنەوەى كورد لەوێ لەروویكارەوە گەرموگورى تەواو خەفەبوو، كە دواى رابووردنى گرێیەك بەسەرئەو نوشستیەدا هۆش هاتەوە بەر هۆشدارەنەتەوەییەكانى كورد لەوبەشەى كوردستان، ئەو هۆش هاتنەوەبەرە، لەناو نوخبەدابوو، لەناو خەڵكێكى زۆردا، ساواكى تۆقێنەرى حوكمى تاران بەجۆرێكى ترسناكى ئەوتۆ چوبوە ناو وەزعی نەفسی و ورەیانەوە گومانى لەناویاندا لەیەكترى گەیشتە گومانى برا لەبراو....هتد، لەبەرئەوە ئەو نوخبەیەى هۆشی هاتەوەبەروو بیرى لەوەكردەوە نەخشەى هەستانەوەى گەل دابنێن، خۆیان لە بیابانێكا بینى تیایاندا هەبوو هەرلەسەرەتاوە ترسی هیلاك بوون چووە دەرونیەوەو تیایاندا هەبوو هەرزوو دەرەوەى وڵاتى هەڵبژارد بە هەمەجۆر بیانوەوە تا ورەبەردان و سڵەمینەوەى پێوە دیارنەبێ، ئەوجۆرە لەرزۆكییە وایكرد سامى ساواك بەئاسانى بچێتە دڵودەروونى هەندێكیان و لەوساوە رابەرە بەكارو چالاكەكانیان هیواى ئەوەیان لێئەكرا شتێ بكەن بە شت ناچارى چوونەدەرەوەبوون، لەدەرەوەش مێردەزمەى گومان سێبەرى لەسەریان بوو (نموونە شەری گومان و تەخوینى یەكترى كریم حوسامى و ئەوانى تریان) بووبە كتێب و بڵاوكردنەوەى بەڵگەنامەى گۆناه دانە پاڵیەكتر، لەوە جەرگبرتر بەنیسبەت میژووى بزوتنەوەى كوردایەتى لەكوردستانى خۆرهەڵات، سەرهەڵدانى بزوتنەوەى چەكداریى كوردستانى خۆرئاوا (عیراق) كە شاى ئێران ژیرانە قۆستیەوە (تەبعەن ئەوە دوایش كەشف بوو كوردەهاى ئێرانى نزیك بەشا) بەرچاوى شایان بۆ قۆستنەوەى ئەم فرستە رووناككردەوە، كردنەوەى سنورى كوردستانى خۆرئاوا لەبەردەم رابەران و جەنگاوەرانى كوردى خۆرئاوا بەنیسبەت بزوتنەوەى كوردایەتى ئەوەێ نوشستیەكى تربوو لە نوشستى مەهاباد كەمتر نەبوو گەیشتە رادەیەك ئەملا (لاى خۆرئاوا) بەسووك و باریك ژمارەیەكى بەرچاوى رابەرو كادیرى ئەولایان (خۆرهەڵات) تەسلیم جەندرمەكانى حوكمى شاە دەكرد تا ئەم هاوكارییەى بەینى حوكمى ئێران و كوردانى ئەمدیوو (عیراق) لەزەمانى حوكمى ئاخونەكاندا گەیشتە ئەوەى دەست بەچەكەكانى ئەمدیو پێش پاسدارانى ئاخوندەكان بكەون لەراونانی راپەریوەكانى ئەودیوودا كە ئەم دیاردەیە شەرو مونافەسەى ئەمارەتەكوردییەكانى سەردەمى عوسمانى و ئێرانییەكانى بیرهێنایەوە كە پیاوى رەشیدیان تیا هەڵنەكەوێ لەجیاتى هەوڵى بەهێزیكردنى ئەمارەتەكەى خۆی لەسەر حسابى براكەى هەوڵى بەهێزكردنى براكەى بدات، ئەگەر هەڵیشكەوتایە پیاوێكى رەشیدى وا بهاتایەتە مەیدان (خۆمان) دەمانزانى چۆن هیوا لەباربردووى دەكەین، واقعی دیوى ناوەوەى خەڵكى كوردستانى رۆژهەڵات لەبەر رووناكى ئەو تاقیكردنەوە تاڵانەدا دەڵێت: (بارابەرەكانى ئیستا بەئاشكراش نەیڵێن) ئەوان هەرئەوەندەى حوكمى ئاخوندەكان یان هەرحوكمێكى تر لەئێران بگاتە قەناعەتى تەواوى ئەوەى پێدانى جۆرێلە خودموختارى جێ باوەرو رێنەگرتن لەگەشەى كلتورو زمانى نەتەوەیى كورد، كوردى ئێران نابینى تێكەڵ مامەلەى سیاسی ببێ لەگەڵ كوردى لاى عیراق بەموافەقەتى پێشەكى تاران نەبێت و شەهید قاسملۆ بەئاشكرا لەمفاوەزاتى هەشتاوسێدا كەشەرى بەینى عیراق و ئێران گەرم بوو بە مام جلالی وتبوو (حوكمى ئێران نیوەى ئەو حوكمى زاتیەى عیراق بە ئێوەى داوە بیدات بە ئێمە رووى چەكمان دەكەیینە عیراق و داكۆكى لە حوكمى ئێران دەكەین)...جائیتر لەبەر رووناكى خوێندنەوەى ئەم واقعە كە درێژەى هەیە بیربكەرەوە كەى لە خۆرئاواى كوردستانى لاى (ئێران) رابەرانێكى خاوەن ئیرادەى وا سەرهەڵدەدەن كاربكەن بۆ بیناى سەرخان و ژێرخانى كۆمەڵو وڵاتەكەیان بۆ چاوەرێى فرسەتى راگەیاندنى (دەوڵەتى سەربەخۆی كوردستان) ؟
ئەوە هەر لە عیلمى خوداى گەورەدایە، جائەگەر ئەمە وەزعی ئێمەبێ (ئەوەى لاى بەندە خەیاڵە لاى خوا بەتاڵە: (إن ألله لایغیر مابقوم حتى یغیروا ما بأنفسهم)

ئەمەش كوردستانى لاى ئێران
باوەزعی كوردستانى باكوورە حەیاتەكە بخوێنینەوە، هەتا عبدالله ئوجلان نەگیراو عەلامەتى ئاشبەتاڵێكى رەشترى ترى لەمیژووى كوردا تۆمار نەكرد، كەچاوم بە زۆر لاوانى رۆشنبیرو رۆژنامە نووسی خۆمان دەكەوت دڵخۆشى خۆیان لەبیركەوتنەوەى هەركارەساتێكى ناخۆشدا بەوە دەدایەوە كە رۆژێ (پ . پ . ك)تۆڵەىبەرەودوامانبۆدەكاتەوەو لەسایەى ئەوشۆرشەدا ئەو رابەرایەتی دەكات هەموو نوشستیەكانمان دەگۆرێت بە سەركەوتنى هەرەگەورە، ئۆجلان گاڵتەى بە هەموو سەركردەكانى بەشەكانى ترى كوردستان دەهات، لە كۆنگرەكەى رۆشنبیرى كوردیدا كە لە فەرەنسا سازكراو كاك مەسعود و مام جەلالیشى بۆ بانگكرابوو بەبەرچاوى ژمارەیەك لە ئامادەبووان بەسەرپەرشتكارانى كۆنگرەكەى وتیوى : مادەم من لێرەم چ پێویست بوو ئەوانە بانگ بكەن ..؟ كە حافز ئەسەد لەگەڵ توركیا رێكەوتنى ستراتیژى لەگەڵ توركیا بەست و یەكێ لە مەرجەكانى رازیبوونى سوریابوو بەدوایى هێنان بە داڵدەدانى ئوجلان و چەكدارەكانى و هەروەك شاى ئێران حەفتاو پێنج ناردى بە دواى رەحمەتى بارزانیدا و پێی وت :موهیمەتى تۆ تەمام شود ..! (لەگەڵ لە بەرچاوگرتنى زەمەن و ئەو باروزرفەى دەستى رابەرانى بزوتنەوەى سەربەستى خوازى كوردانى عیراقى كرد بەزاخاو ئەوەزعەى ئۆجلانى تیا بو لەسوریاو دەشتى بووقاع) ئەسەدیش ئەفسەرێكى نارد بۆلای ئۆجلان و پێى وت باروبارەگات كۆبكەرەوە برۆ، ، ئەو رۆژە مەعدەنى (پاڵەوانى رزگاریى كورد و كوردستان) ى دەركەوت، ئەو وەك ئەورابەرەى لاى خەڵك ناسرابوو (بەڵكو پێى خەڵەتابوو) هەڵسوكەوتى نەكرد، كەوتە پەیوەندى شەخسى بە دۆست و ناسراوە شەخسییەكانیەوە لە ئەوروپا یاریدەى بدەن پەناگەیەكى پارێزراوى بۆ دابێن بكەن، هیچ بەڵگە نامەیەك لەبەردەست نییە ئەو سەركردەیە بیری لەوە كردبێتەوە وەك ئەو شۆرشگێرە هەڵوێست بنوێنێ كە حیزبەكەى بەكوردانى ناساندبوو بەڵكو بەدنیاش، بریارى چارەنووسی خۆی و جەنگاوەرەكانى بدات و بێڵێت : ئەوا هەلى گەرانەوە بۆ نیشتمان هەڵكەوت، بیرى لەوەنەكردەوە رێگەیەك بدۆزێتەوە بە نهێنى شۆرشگێرانە كە گوایە ئەو تیایدا موجەرەب و بەڵكو رابەرە، لە رێگەیەوە بگەرێتەوە لە خودی خاكى كوردستانەكەى كە پریەتى لە شۆێنى سەخت و پەنا كە ئەگەر وایبكردایە دەیبینى دەیان قوربانى دەری ئازاو بەجەرگ لەریزى كوردان باوەشیان بۆدەكردەوە بەو كوردانەوە لە كوردستانى خۆرئاوا كەئەو بە نوێنەرى كوردانى نەدەزانین، دەیبینى لەكاتى وادا باوەشیان بۆدەكردەوە، بەبەڵێنى بێ زامن لە هیچ لایەنێكى بەكارو بەدەستەڵات بەفرۆكەى تایبەتى بەرەو ئەوروپا رۆشت، دوو وڵاتى لەخەیاڵبوو ئیالیاو یونان هیچیان نەیانهیشت فرۆكەكەى دابەزێ و لە وڵاتێكى ئەفەریقى (وەك هەواڵدەرەكان لەكاتى خۆی رایانگەیاند) شوێنیان بۆدابێنكرد، هێشتا لە ئاسمانى كیشوەرى ئەفەریقا نزیك نەبووبوە موخابەراتى توركیاو بەیاریدەى مۆسادى ئیسرائیل بەدەرزییەك بێهۆشیان كردو بەدیارى پێشكەش حكومەتى توركیایانكردو یەكەم تێریحى دواى ئەو رووداوە وتى : جەنابم دایكم توركە، ئەمە یەكەم نوچدانى (ئاپۆ) ى قارەمان بوو دواى ئەوەى مەمملەكەتى دەشتى البقاعی دۆران، لەرۆژانى موحاكەمە كردنیا بانگى شەروەستاندنى لەگەڵ حوكومەتى توركیادا دا، هەروەك لە جەبهەى شەر لە پێشەوەى جەنگاوەرەكانیەوە بێت ! لەبەر رووناكى ئەم رابەرەو ئەم مەوقفەى كە دەلیلى ئەوەیە خۆى نەك چارەنووسی نەتەوەكەى ئەساسی مەسەلەو مەبەستە بەدەلیلى ئەوەى یەكەم بروسكەى هاورەگەزى خۆیى لەگەڵ تورك راگەیاند، كە لە دەشتى البقاع بوو گاڵتەى بە شەروەستاندنى بێمەرجی لەگەڵ رژێم دەكرد، بە دیلگیراوى و لەبەردەم مەحكەمەدا بۆ دەلاقەیەك دەگەرێ خۆى لەداورزگاربكات، جالەبەر رووناكى ئەم هەڵوێستانەى ئەم رابەرەدا، بارى پاشەرۆژى كوردستانى باكوور وادێتە بەرچاو، ئیرادەى گۆران و گەیشتن بە حەقی چارەنووسبێت یان زامنى تەواوى مافی نەتەوەى كورد وەك شەریك لەنیشتمان و ئەرك و مافدا وەك گەلى تورك ئەو كوردە خۆراگرانە دیاریدەكەن كە لەناو خاكى نیشتمان ئیرادەیان بەولایەنەدا دەخەنەكارو ئەمەش تازە بەتازە لە گەڵاڵە بووندایە
ئەم ئاشبەتاڵەى (ئاپۆ) كێشەیەكى ترى گرێدارى بۆ بەرى خەبات و قوربانیى كوردستانى خۆرئاوا (عیراق) دروستكرد، هەموومان رۆژانى شەری ناوخۆیمان لەبیرە كە بەشەرى براكوژى ناوى دەركردوە، لەوكاتەدا كەهەریەكێ لەو دوولایەنە موزایەدەى كوردایەتى بەسەر ئەوى تردا لەسەر حسابى خوێنى هاوڵاتى كورد دەكرد، ئەوكاتە لایەنى (یەكێتى) هەڵاتوەكانى دەشتى البقاعی هێنایە قەندیل و ئەوانى تریان كەوتنە بەرەنگارى (پارتى) و شەرى چەكدار لەبەینیاندا روویدا، (یەكێتى) لەرووى سیاسى یەوە مەسەلەكەى قۆستەوە گوایە ئەمان دەیانەوێ لەرووانینى نەتەوەییەوە داڵدەى شۆرشگێرانى كوردستانى باكور بدەن كەچى (پارتى) نایەڵێ ودەیەوێ زیاتر دەربەدەریان بكات، ئەو بزمارەى قندیل كە كوردانى ئێرانیشى هاتە پاڵ ئاوادروست بوو نەك لە بۆچوونى هاوخەباتیى نەتەوەییەوە، لەبەر ئەوە راستە هەرچى لەسەر ئەساسی غەڵەت دامەزرا ئەنجامى غەڵەت دەبێت ئەگەر یەكێتى و پارتى و پەكەكەو بیجاك یەك ئیرادەیى و یە ئامانجى و یەك رێبازى كۆیبكردنایەوە، ئیستا ئەمەى هەیە نەدەبوو، كە هەرلایەنەو هەوڵى بەگورگانخواردنى ئەوەى تریان دەدات و خەڵكى كورد باجەكەى دەدات، وجودى ئەوان لەقەندیل لەوجودى یەكگرتنى نەتەوەیى ناچێت، بە بەڵگەى ئەوەى ئەوانیش دەستەڵاتى سێیەمیان لە قەندیل درووستكردوە و باجى تێپەربوونى مرۆو گواستنەوەى شتومەك لەسنوورە دەستەڵاتى خۆیان لە خەڵكى دەستێنن ..!!

ئەى چۆن و بەرەو كوێ ؟
ویلایاتى یەكگرتووى ئەمەریكا، بەر لەوەى ئەم ویلایاتە زەبەلاحەبێت دنیا دەیزانێ، زەویوزارێكى پان و بەرینى پر لە بەروو بووم و سەروەت و سامانى سەر زەوى و ژێر زەوى بوو، لەملاو لەولایدا خەڵكانێ دەژیان لە میژوودا بە هندییە سووەكان ناونراون كەگوزەرانیان بە راوو لەهەندێ ناوچەدا كشتوكاڵ و هەندێكى تریان كۆچەرى دەژیان، كە گەشتكەرەكانى ئەوروپا (قافڵەكەى پرتوگال) ئەم كیشوەرە بەرینەى دۆزییەوە و هەواڵى بەپیتى و بەرەكەتى گەیاندە كۆمەڵى كیشوەرى ئەوروپاو ئەوان لەقۆناغى هەستاندنەوەو هەڵپەى زامنى سەروەت و ساماندابوون وەك پێداویستى بنەرەتى ئەو هەستاندنەوەیە، كۆمەڵ كۆمەڵ لە وڵاتانى هەمەجۆرى ئەوروپاوە (پورتگال و فەرەنساو ئیسپانیاو ئیتالیا و بەریتانیا) وە هەوەسی كۆچكردن بەرەو كیشوەرى (عژراو) دەستیپێكرد، كۆمە ڵێكیان دەستیانكرد بە گەران بەدواى كانى زێردا ئەوى تریان بۆ شۆێنى بەپیت دەگەرا بیكاتە نیشتەجێو كێڵگەى كشتوكاڵ و دەستەى سێیەم لە رۆخەكانى دەریا خۆیانكرد بە حاكمى باج سەندن لەكۆچكردوانى دوای خۆیان و ئەوانەشی كەوتنە بەرئەوناوچانەى دانیشتوانى ئەێڵى ئەو خاكەى تیابوو كەوتنە بەرئەركى خۆئامادەكردن بۆ شەر لە پێناوى مانەوەدا، ئەم حیكایەتە دەگێرینەوە تەنیا لەبەر ئەوەى بیرى ئەوانە بێنینەوە كە (ویلایەتە یەكگرتوەكانى ئەمەریكا) ئیستا لە ئەێڵا وەزعی لەژیانى خیڵایەتیش مەترسیدارو دوور لەوەبوو چاوەرێى ئەوەى لیبكرێ كە ئیستا هەیە، یەكەم سەبەبى ئەو دوورییە ئەوەبو ئەوكۆچكردوە هاتوانە (یەك رەگەزو، یەك زمان و، هەتا یەك ئاین و میژوو ونەرێت)یش نەبوون، بەڵام زۆری نەخایاند هەرهەموویان بوون بە (ئووممەى ئەمەریكى) خاوەن یەك دەستور یەك یاسا یەك ئاڵا یەك پایتەختى مەركەزی بۆ پەنجاویەك ویلایەت ..! ئەمە چی درووستیكرد؟ پیاوانى خاوەن ئیرادە و تەێممیم و پێداگرتوو كە مادەم دەیانەوێ هێزێكى بەكاروو دیاربن لەژێرتیشكى رۆژدا وجودیان ماناو كارلێكەریى هەبێت، بە ئیرادەیەكى واوە هاتنە مەیدان كەتوانى ئەو هەموورەگەزە هەمەجۆرەرازیبكات كە: یەكگرتن و وجودى قەوارەى یەك ئیرادە زامنى بەردەوامى وجودى بەهیزیانە، راستە ئەوانەش كەم نەبوون لەوئیرادەیە یاخی بوون و ساڵانێكى زۆر شەریان هەڵبژارد بۆ بەدیهێنانى ئەم یەكگرتنە، بەڵام لە خۆیندنەوەى میژوو و ئێستادا ئەنجام گرنگە، ئەوئیرادەیەى خەڵكى زۆرینەى رازیكرد بەو ئەنجامە، ئەمە نموونەیەك، نموونەى دووەم :
لە ڤێتنام، رۆژئاواى ئیستعمار (فەرەنساو بە دووایدا ئەمەریكا) كردیان بە دوو ڤێتنام، كە لە شەرەمیژوویەكەى ناسراو بە (دیانبیان فۆ) ڤێتنامە باكوورییەكان فەرەنسایان بە بەپنگكراوى راونا ئەمەریكا هەولێكى بەكووژیدا ئەو واقعەى تائیستا كۆریاى باكوورو باشوریتێدایە بەسەر ڤێتنامیەكانیشدا بیكات بە ئەمرى واقع، بەڵام نەیتوانى، بەحاڵى فەرەنساچوو بە بەنگكراو دەركرا، مەبەستى ئێمە لە گێرانەوەى حیكایەتى ڤێتنام ئەوەیە : هەر ئەو رۆژەى ئەمەریكا لەباشوور دەركرا بەبێ چاوەرێى هاتن و چوونى (وفودى موفاوەزات) و وەخت بەفیرۆدان یەكسەرو لەگەڵ دەرچوونى ئاخر عەسكەرى ئەمریكا یەكگرتنەوەى ڤێتنام راگەیەنراو یەك لە سایەى یەك حوكومەتدا و لەژێر یەك ئاڵاداو یەك دەستور، ئەمە چۆن روویدا ؟ بە ئیرادەى سیاسیى باوەرپتەوى رابەرەكانى گەلى ڤێتنام كە دەیانزانى كارێكى چاك دەكەن و گەلیش بۆكاری چاك دواى رابەرەكانیان دەكەون، كەچى سەیرى وڵاتانى عەرەب بكەن، لەو وەختەوەى رێكەوتنى (سایكسبیكۆ) كردنى بەچەندان بەش، تائیستا و لەورۆژەوە دنیایان پركردوە لە هاوارى : ئێمە (ئووممەى عەرەبى واحیدەین) خۆراستیشدەكەن : یەك زمان، زوربەى هەرەزۆرینەیان یەك ئاین، سروشت و خوونەرێتى ئەرزو میژوو وكۆمەڵایەتى وكەلتور وەك یەك، بەڵام چونكە یەك ئیرادەى بەجدى باوەربووى بەو یەكگرتنە نییەو حوكمى :برامان برایى و هەمووشتمان جیاییان هەڵبژاردوە وسەرى حوكمراكانیان سەلامەت و هەتا ئیرادەى ئەوندەیان تیا هەڵنەكەوتوە بە پێشنیارەكەى (قەزافی شێت) رازیببن ئیتحادێكى وەك ئیتحادى ئەوروپا درووستبكەن چونكە هەرهەموویان دەزانن ئەگەر كردیان و سەرۆكایەتى دەوریی بەر هەركامیانكەوت ئیتر دەبێ سەركردەكانى تر دەست لە هەمووماناكانى ترى یەكگرتن و گۆرینەوەى سەرۆكایەتى بشۆن

بابێینەوە سەر وەزعی خۆمان :
لەگەرانەوە بۆ باسی وەزعی خۆمان، وەك ئەو نووسەرە مەسەلەكە ناخوێنمەوە كە لەكرماشانەوە تا خانە كوردستانى خۆرهەڵاتى پێواو پانتایى ناوچەكە تۆقانى و وتى : بابیرلەرزگاركردنى نەكەینەوە حیكایەتەكەیمان بۆگێرانەوە، گومانیشم نییە ئەو نووسەرە ئەمەى هەربۆ گاڵتەى زەردەخەنە بەخشین دواى هیلاكى رێگابووە نەك جدیى، رزگاركردنى خاك دوایى درووستكردنى قەوارەى دەوڵەتى خاوەن ئاڵاو دەستورو یاساى هاوڵاتیانى بیناكارى هەستكردوو بە ئەركى سەرشانى خۆیى لەودروستكردنەدا هەستكردنى بەمافی هاوڵاتیەتى خۆی وەك بەریى بەجیهێنانى ئەركى خۆی تامنەتى بەسەرانەكرێ، نە بەپانتایى ئەرزەو نە هەتا بەزۆرى ژمارەى خەڵكەكەى، وەك لەسەرەتاوە ئاماژەماندا، زیاتر لەجارێك بەو گرێكوێرەو كۆسپانەى لەرێگاى گەلى كورددایە بۆ دروستكردنى : قەوارەى خاوەن دەستورو خاك و ئاڵاو گەلێكى یەكگرتو، كێشەكەمان لە بنەرەتدا لەوەدایە (هەرلە ئەوەڵەوە میژوو پێمان دەڵى و قسەى بەدكارنییە) رابەرانى خاوەن ئیرادەو بەجدى و نەفەس درێژمان نەبووە، هوشیارانە، هێمنانە بەئەقڵو باوەر كاربۆ ئەو مەبەستەبكات، وەكەس بادڵگران نەبێت و بە خائن و (بێگانە پەرستمان تۆمەتبارنەكات) تائێستاش خاوەنى ئەو ئیرادەنانە نین نە لە خۆرهەڵات ونە لە خۆرئاواو نەباكوور، ئەگیانا وەڵا گەلێكمان هەیە جەربەزەترین گەل، ئامادە بەبەخشین و خۆراگرو ریخۆلە بەكیش لەوەختى نەهامەتیدا نمونەى كەمە لەم ناوچەیەدا، چونكە زۆرجار رابەرەكانمان لەم عەسرەدا هەموو نەهامەتیەكانمان دەخەنە ئەستۆی ئەو بێگانانەى ئەرزو گەلانى ئەم ناوچەیەیان كەرت وپەردوو دابەشكرد گوایە چاویان لەكوردو خاكەكەى و میژووەكەیى شارستانیەتى وئامانجەكانى لە سەربەستیدا نەبووە، هەمووشتەكانیان هەرلەچاوى سوودى خۆیانەوە سەیركردوە، نەبەخوا خەڵكینە، ئەم بیانووە چارەكێكى حەقیقەتیش نییە، ئەگینا ئەى بۆ وایان لەگەڵ ئەندەنۆسیاو هیندستان و ئەفغانستان و مالیزیاو هەتا گەلان و وڵاتانى رەشپێستەكاندا نەكرد كە تەنگیان پێ هەڵچنرا بەجێیان بهێڵن ؟ بەندەى گوناهبارتان كە بیركردنەوە لە خوێندنەوەى ئەم مەسەلەیە یەخەى گرتم، وای بۆدەچم (....دوعاش دەكەم بەهەڵەدا چووبم ...كێشەم نییە) بێگانە ئێمەى ورد خوێندۆتەوە بۆیە لەروانینى ستراتیژى خۆیاندا و بەهوشیاریانەى خوێندنەوەو روانینى خۆیان دەركیان بەنەبوونى خەمخۆرى بەجدى پاشەرۆژمانیان لەناو خۆماندا بەدینەكردوە بۆیە بەیەقینى خۆیان بۆدەرچونى ئیستعماریانەیان لەناوچەكە هیچ بایەخێكیان بەحسابى ستراتیژى خۆیان لەلایەن ئێمەوە بە ئیعتبار وەرنەگرت تەنیا لەیەك نیازدا نەبێت كە بەدرێژایى میژووى نوێ لە قازانجى خۆیان و زەرەرى ئێمەى وتا وەك عەرەب دەڵێن (مەداى مونزور)یش هەروادەبن، ئێمە بۆخوڵقاندنى كیشە بەكاردێنن لەقازانجى خۆیان و چارى كێشەكەى ئێمە ناكەن، ئەم بەندەیە كە خوابۆمان بكات كەسێكى كورد زبان و باوەرو بە ئیمان موسڵمانم هەرلەفامكردنەوەم مەسەلەى نەتەوەكەم بەم جۆرە خوێندۆتەوە :
- ئەو هێزە ئیستعماریانەى خاك و گەلانى ئەم ناوچەیەى ئێمەى كوردیشى تێداین ولە ریزى پێشەوە ئینگلیز پێوستى نەكردوە كەس بۆیان شەرح بكات كە (ئێمەى مەوجود لەسەر هەمووپانتایى ئەم خاكەى ئیستا بەشێكى لەسەر دەوڵەتى ئێرانە و بەشیكى ترى عیراق و ئەوەكەى ترى توركیاو سوریا، كوردن، میژوویان دەڵێت كوردن زمانیان وادەڵێ، تەبیعەتى ئەرزەكەیان و زۆرینەى ئەو ئینسانانەى ئەو سیفاتانە كۆیادەكاتەوە لەوهەموو پانتاییەدا نیشتەجێن هاوردەنەبون لە شوێنى ترەوە و لەبەر رووناكى ئەم حەقیقەتەدا هێزە ئیستعمارییەكان كە ئیدعاى بەخشینى مافی چارەنووسی گەلان هێناونى بۆناوچەكە ئەگەر بیانزانیایە ئیرادەى وەك كمال ئەتەتورك لە توركیا و غاندى لەهیندستان و احمد شاه لە ئەفغانستان بە پشت بەستن بە یەكریز و نیازى گەلەكانیان لەپاڵ داواى سەربەستى گەلدا دەست لە بستێ ئەرزى وڵات بەرنادەن دەست لە یەك بەڵگەى میژوویى بەرنادەن، وەكو ئەوان مامەلەیان لەگەڵدادەكردین و دوایى كەدەردەچون، چونكە چاك دەیانزانى دەبێ رۆژێك بێت دەرچن هەمووشتێكیان بۆ ئێمە خۆمان بەجێ دەهێڵا ... باواز لە رابوردوو بهێنین، باپیرانمان هەزار رەحمەتیان لێبێت فەرموویانە (نان ئەو نانەیە ئەمرۆ لە خوانە) ئەوا بۆ بیست ساڵ زیدەتر دەروات، ئێمە لەزۆر لایەنى سیاسی و ئیدارییەوە كارى خۆمان لەدەست خۆماندایە، دیسان پرسیارەكەى لەسەرەتادا كردمان، دووبارەى دەكەینەوە، كامە پێداویستى ماددى و مانەویمان ئامادەكردوە لەوە بچێ ئێمە لە ئامادەباشیداین بۆ ئەوەى ئەوقسانەى رابەرەكانمان دەیكەن دەربارەى راگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى كوردستان لەبەشى كوردستانى خۆرئاوا (عیراق) تەنیا قسەو بیركردنەوە نییە ؟ ئایا ئەوندە ژێرخان و سەرخانمان توند وتۆڵە كە موحتاجى كەس نەبیین ؟ ئەكید لەبەرچاوە وانییە، زامنى ئەوەكراوە كە دەستى ناوعیراق و دەستى هیزانى هەرێمایەتى (توركیا و ئێران ووڵاتە عەرەبەكان كە لەوانەیە لەوەختى وادا عیراقیان لاببێتەوە بە (قەلبى ئوممەى عەرەبى نابڤ) گەلەكۆمەكێمان لێناكەن و لایەنە نێو دەوڵەتیەكان (ئەمەریكاى رزگاركەری گەلان! و ئەوروپا ئامادەن لەسەر ئێمە شەری ئەو هەموولایەنانەبكەن؟ لەهەموو ئەمانە گرنگتر دەستەڵاتى هەرێم لە ماوەى ئەم نزیكەى بیست ساڵەدا ئەوەندە دڵى خەڵكى كوردستانیان راگرتوە و وایانكردوە واهەست بە هاوڵاتیەتى خۆیان بكەن لە هەموو ماناكانى ئەرك و مافی خۆیان بگەن شایەنى ئەوەبێ خۆیان توشى شەرى وا بیئەنجام بكەن؟ یان قسەكانیان لەم بارەیەوە هەرختوكەدانى سۆزى خەڵكە و فشارخستنە سەر عەرەبى عیراق لەبەغدا لەهەر وەرچەرخانێكى ئەو عەمەلیە سیاسیەى ئەمەریكازوربەى جار راستەو خۆو هەندێ جار لەپشت پەردەوە سەرپەرشتى هەموو هەڵسورانێكى دەكات، یان كە مەركەز دەیەوێ لغاوبكاتە دەمى زوربوونى داواكاریان لە بەغدا؟ خەڵكى نەخوێنەواریش لە هەرێم دەزانن ئیستا كەسانێ لە بەغدا حوكم دەكەن عیراق ببێ بە دەپارچەشەوە خەمییان نییە بەڵام هەتا ئەوانیش ناوێرن دواى ئەوەى ئەمەریكاش بۆى دەركەوت كارى وا یاریكردنە بەئاگرێك ئەو هەرهیچ نەبێ لەم سەردەمەدا دەرەقەتى كوژاندنەوەى نایەت
ئەو خەڵكەى كە ئەم خوێندنەوەى منى بەرچاودەكەوێت، وای لێك نەدەنەوە ئەم بەندە فەقیرەى كورد یان ئەوەتە ئەوندە ورەى هەرەسێ هێناوە باوەرى بە سبەینێ گەلەكەى نییە، یان ئەوەتە باوەرى بەوە نییە كە كورد شایستەى ئەوەیە دەوڵەتى سەربەخۆی خۆیى هەبێت ...حەتمەن بۆچونێكى راست نییە، باوەرى ئەم بەندە فەقیرەى كورد وایە ئەگەر بێت و لیستەى ناوى گەلانى ئەم ناوچەیەى كشوەرى ئاسیا هەر لەرۆخى دەریاى سپى ناوەراستەوە كە وشكایى ئەرز كە بەخاكى لوبنان دەستپێدەكات تا دەگاتە گەلانى خوارووى رۆژهەڵاتى ئاسیا بخەیتە بەردەست و لەوە بكۆڵیتەوە بەپێى ئەهمیەتى شایستەى و تەسلسل كامیان شایستەى سەربەخۆیى تەواوەتین (خاك و گەل و ئاڵاو دەستورى سەربەخۆیى) هەبێ، دواى گەلانى هیندستان و ێین ئینجا عەرەب و فارس (كەنیوەى شارستانیەتى ئەم دووانەیان لەسەرشانى ئێمە بیناكراوە) گەلى كورد لەو لیستەیەدا چوارەم گەل و خاكى كوردستانەكەشى لەكشوەرى ئاسیا شایستەى ئەو سەربەخۆییەن ...بەڵام .... وە ئاخ لە بەڵام لەپاڵ ئەمەدا من تێدەگەم، لەدنیاى سیاسەتى دەرەوەى زلل هێزەكاندا كە خۆیان سەپاندوە بەسەر رێكخراوى نێو دەوڵتیدا، شتێ نییە پێیبوترێت: سیاسەتى چەسپا و بەیەك ئیتجاه، تارادەیەك سەوابیت لە سیاسەتى ناوخۆیاندا موممكینە، بەڵام لە دەرەوەى سنورى سیادى خۆیاندا ممكینە بوترێ هیچ شتێ موقەدەس نییە لەهەڵسوكەتى سیاسیاندا و هەڵوێستى چەسپاوى نەگۆر، سوود و قازانجى داخڵى سنوورى سیادى خۆیان دیایدەكات نەك مەسەلەى سەربەستى وسەربەخۆیى فڵان وڵات و گەل، ئەم سیاسەتە ناچەسپاوە گەلى كوردى گیرەوەى دابەشكردن كرد بەسەر سێ ولاتدا كە رەنگدانەوەى كۆتایى دووەم شەر جیهانى بوو، كە شەرتەواوبوو، زلل هێزە بەدەستەڵاتەكان كە دانیشتن و هەرلایەنەیان لەبەشى خودى خۆی ئەنجامى ئەو شەرەى خوێندەوە، چارەنووسی هەموو گەلانى ئەم ناوچەیەى خۆرهەڵاتى ناوەراستیان لەبەر رووناكى ئەو سوود و قازانجەدا خوێندەوە و هەموو بەڵێنەكانیان بۆگەلانى ناوچەكە وەلاوە خست و هەر بەخەیاڵیشیاندا نەهات، بەپێى ئەم هەلبازییەى سیاسەتى زلل هێزەكان پەیرەوى دەكەن و سەرەراى ئەوەى هەلبازیى بە ئاشكرا تیا دیارەو كەچى ناوى (شەرعیەتى نێودەوڵەتى) لێنراوە، هەموو وەخت چاوەرێى ئەوە دەكرێ وەرچەرخانى وا تیژ لەم ناوچەیەدا رووبدا ئەو زلل هێزانە بەتێكراى سیاسەت و هەڵوێستى خۆیاندا بچنەوە، لەوانەیە وابخوێننەوە كە بەشێكى چاك لەسوودو قازانجى خۆیان دەپارێزن ئەگەر لەبارى گرانى ئەو هەموو یاریدەدانەى دەوڵۆتكەى ئیسرائیل رزگاریان ببێ و حەقبگێرنەوەبۆفەلەستینیەكان، ئەمە ئختیارى خودى زلل هێزەكان نابێت، ئەگەر ئیرادەى فەلەستینیەكان و بە یاریدەى ئیرادەى ئیسلامى ئەم بروسكەیە لەرووى عەمەلییەوە بەو زلل هێزانە نەگەیەنن، لەوانەیە لەوەرچەرخانى وادا دیسان بە نەخشەى ناوچەكەدا بچنەوەو لەبەر رووناكى زامنى سوودى خۆیان بگەنە ئەو قەناعەتەى (كەحاڵى حازر دەیزانن و پێویست ناكات كەس بۆیان روونبكاتەوە)..دەڵێم بگەنە ئەو قەناعەتەى بەشێكى گرنك لە سوودى خۆیان لەودا دەبێ لەوە زیاتر رێگرنەبن لەوەى گەلێكى زیندوى خاوەن میژوو شارستانیەت وخاكێكى بەبەرەكەتى وەك كوردو كوردستان كەرتكراوو نەبێ، بەڵام ئەم حەقیقەتە ناهێننە بەرچاوى خۆیان ئەگەر بەرادەى نیسبەتێكى باڵا ئیرادەیەكى كوردستانى وایان لەبەرچاونەبێ بە عەمەلى و كاریگەر ئەم گۆرانە بخەنە سەر ئەرزى واقع ... ئەما وەك هەندێ لەبەرێزانى سیاسیەكانى لاى خۆمان خەیاڵى پێوە لێدەدەن زلل هێزەكان ئەو ئیختیارە لە هاتنە دەستى خودى خۆیانەوە بكەن ئەوە جێى داخە خەونێكە نایەتە دى، ئەوەى بە تەنگ چارەنووسی گەلەكەیەوەبێت لە كوردستانى لاى خۆمان نابێ هەرگیز راگەیاندنەكەى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكاى لە ئەنقەرە لە بیربچێ دواى مانگى لە رووخاندنى رژێمى بەغدا لە كونگرەیەكى رۆژنامە نووسیدا لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى توركیا كە دەقا و دەق لەوەڵامى پرسیارێكا سەبارەت ترسی توركیا لەوەى ئەمەریكا پشتى دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى دەگرێ دواى داگیركردنى عیراق وتى : ئەمەریكا سوودى خۆی و دوستێكى ستراتیژى ئەندام لەناتۆ ناگۆرێتەوە بە سوودى دوومیلیشیا لە باكوورى عیراق، دواى ئەم قسەیەى ئیدارەى ئەمەریكا كە لەوانەیە تا دەیان ساڵێكى تریش سیاسەتى چەسپاویان بێت، دەبوو سیاسیەكانمان كەگوایە خەمى سبەینێى كوردیان لەكۆڵایە فرسەتى رووخاندنى رژێمى بەغدایان وابەكاربێنایە روو لە خەیاڵ نەكەن روولە بیناى سەرخان و ژێرخانى ماڵى كورد بكەن، كابرایەكى جێى باوەر حیكایەتێكى بۆگێرامەوە بەڵگەى میژوویى خەمساردى رابەرانى كوردە و بەڵگەى ئەوەیە، ئەوەى لەخەیاڵیاندانییە، دانانى بەردى بناغەیە بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس، حیكایەتەكە دەڵێت : (كەسایەتیەكى بێگانەى دۆستى كورد، كە پێدەچێ بەپێى حەكایەتەكە ئەمەریكى بوبێ، ماوەیەكى كورت بەرلەوەى ئەمەریكا پەلامارەكەى بۆداگیركردنى عیراق جێبەجێبكات، میوانى رابەرێكى بەدەستەڵاتى كوردستانى دەبێت و پێى دەڵێت :ئەمەریكا دێت و رژێمى سەدام دەروخێت و عیراق داگیردەكات، ئەمەیەكێكە لەو هەلانەى بۆ ئێوە رەخساوە دەتوانن هەر هیچ نەبێت هەنگاوى نزیك بوونەوە لەدەستكەتنى چارەنووسی خۆتان بنێن، بۆ نموونە مەسەلەى كەركوك و سنوورى هەرێمى كوردستان، ئەم كارەى ئەمەریكادەیكات هەلى چەسپاندنى جێ پێى خۆتان لەسنوورو لەكەركوك بۆ ئاساندەكات، بۆیە من ئامۆژگاریتان دەكەم هێزى یەكگرتووتان نەك دووبەرەكى ئەوسا دووئیدارەبوون بەئاشكرا نەك وەك ئیستاى ژێر پەردە بهێنن لە جەبەل حەمرین دایمەزرێنن، كەركوكیش بەهەمان دەستوور، بەهێزى یەكگرتوو نەك لەدوولاوە داخڵى ببن، دڵى خەڵكەكەى بەهەموو جۆرەكانیانەوە هەتا عەرەبى هاوردە لە خۆتان مەرەنجێنن بەڵكو هەوڵبدەن رازیببن بەوەى لەسایەى ئێوەدا هەستیان بە ئەمان باشتر دەرەخسێ ,.......هتد) كەچى برایانى بەرپرسیارى ئێمە چیانكرد ..؟ لەدووقۆڵەوە پەلامارى كەركووكیاندا، هەرچیان دەستكەت نرخی هەبێ بە كفلەكونێك لەسەر ئەرزى كەركووك نەما، كەسیان پێشبركێى بیركردنەوە لەدانانى بەردی پتەوى بناغە بۆسبەینێ لە بەرنامەیاندانەبوو، لەهەڵسوكەوتیش لەگەڵ خەڵك زامنى پشتیوانیان هەتا لاى هەندێ كوردیش لەقەبوو
بەمەزندەى هەژارانەى خۆم وادێتە بەرچاوم كەسە بەدەستەڵاتەكانى هەرێمى كوردستانیش پر بەدڵ حەزبەوەدەكەن كورد دەوڵەتى سەربەخوی هەبێت و كە قسەدەربارەى ئەمەدەكەن راست دەكەن، بەڵام كێشەكە لەودایە نە ئەو قسەیە لەكاتى خۆیدادەكەن نەلەو لەحزەیەى قسەكەدەكەن مەبەستیان ئەوەیە كە دەیڵێن و مەبەستیان تەنیا فشارخستنەسەر لایەنەكانى حكومەتى مەركەزییە تا چەپكێ دەستكەوتە بۆخودى خۆیان دەستبخەن و لەدواى روخاندنى رژێمەوە ئەوەندە ئەم مەسەلەیان بۆ فشارخستنەسەر بەرپرسیارانى بەغدا بەكار هێناوە، ئەوانیش لە فیكەیان گەیشتن و لەرووبەرووبونەوەیاندا بەو مانایە وەڵامیاندەدەنەوە كەوادەگەیەنێت پێیان دەڵێن : فەرموون جیاببنەوە ئەو ئەرزو ئەوە گەز..!

دەى چیبكەین باشە ؟
یەكبگرین چاكە، بینابكەین چاكە، دەوروبەرمان بەر لە دوورەكان لێمان دڵنیابن هاوبەشى و هاو سەنگیمان مافی خۆمانە نەك كەمكردنەوەیە لەوان، ئەوهەلەى بۆ هەرێمى كوردستانى (لاى عیراق) هەڵكەوتووە بەفیرۆنەدرێ بەڵكو ژیرانەو لیهاتوانە بیكەین بە بنەرەت بۆ هێنانەدى رەواترین خەونى نەتەوەكەمان، بەداخەوە دەیڵێین، ئێمە واناكەین، ئەوتە بیست ساڵێك دەبێت ئەم هەلە لەبەردەستە بۆ هەموو شتێ چاومان لەدەرەوەیە، ترسناكترینیان بارى ئابوورى كوردستانە كە بە ئەستوورى بیست سانتیمەتریش بەرزى بنەرەتى خۆێیمان نییە و پایەى ئەساسى ئێران و توركیارایانگرتوە بەجۆرێ هەتا خەریكە پەیوەندى ئابووۆریمان لەگەڵ عیراق بەتەواوى كاڵ دەبێتەوە كەئەمە بە پێچەوانەى تێفكرینى خاوەن گیرفان قوڵەكانەوە زیانێكى راستەوخۆمان لێدەدات، ئەوەندە خۆبە (ئیسترادى بێتەتەێدیر) خەریك دەكەین بەرامبەرى بەرادەى سفر بایەخ بە چۆنیەتى رێكخستنى ماڵى ناوخۆنادەین، بایەخ بەوەى هاووڵاتى ئیستامان، ئەوهاوڵاتیە نیە شەستەكان و حەفتاكانى سەدەى پێشوداواى قوربانیمان لێدەكردن، ئەمرۆ هاووڵاتى هەست بەماناى هاوڵاتیەتى خۆى نەكات (هاوسەنگى لە ئەرك و لەماف)دا ئامادەنییە بەشداری بیناكارى بكات، ئەوەندەى بەبێ سنورو نەخشەدانان بایەخ بەهاوردنى ئوتومۆبێل دەدەین بیر لەمەترسى لە كۆی نزیكەى پێنج ملیون كەسی خەڵكى كوردستان وجودى لەسەدا چواردەى بێكار و وجوى زوربەیان لەناو لاوان و نەوەى نوێدا زەنگێكى هوشیاركردنەوەى ئەوتۆیە گوێ شلنەكردن بۆی گەلێ ترسناكە سەرنجى بەرپرسیارانى رانەكێشاوە، دان بەوەدا نانێین ئێران و توركیا (نەك عیراقى مەركەزى بەقیادەى مالیكى) نزیكەى شەست لەسەدى ئەوراقى ئەو ئارامییەیان بەدەستەوەیە كەئێستا لە هەرێمەكەماندا هەیە، لە نەتیجەى ئیغرابوونمان بەوەى سەربەستین لە مامەلەى بازار وسەرەراى ئیهمالكردنى تەواوى بیناى ژێرخانێ بەرگەى ساڵى یەكەمى ئیعلانى سەربەخۆیمان بگرێت، تائیستا نزیكەى سیوپێنج تا چلى دامودەزگاكانى حكومەتى هەرێم خانووبەرەى ئەهلیین، پێشمەرگە لە دەستەڵات رازى نییە، لاوان لەدەستەڵات رازینین ئافرەتان هەروەها، ئەوندەى خۆبەناوى پێشمەرگەوە هەڵدەكێشین هیزەكەیمان بكردایە بە هێزى دەوڵەت و سیتەم و یاسا پتەوەترین پایەى بیناى دەوڵتمان دەبوو بەدڵنیاییەوە پشتى پێببەستین، كەچى وەك برادەرێ وتى ئێمە هێشتا لەسەر هەڵبژاردنى رەنگى بێرییەى جەنگاوەرە نیزامیەكانمان رێك نین، ئەوەى ئیستا هەیە چەند گرۆپێكى چەكدارە وەلایان بۆ رابەران و حیزبەكان و بەرپرسیارانى گەورەو تیاشیاندا هەیە بۆ بنەماڵەو عەشیرەت، خەونى بەدیهێنانى دامەزراندن و راگەیاندنى دەوڵەت (ئاڵاو خاك و دەستورو دەستەڵات) بنەرەتى لاى خۆمانەوە دەسپێدەكات، وەك فشاربۆ سەرلایەنێك نا، بۆ ختوكەدانى سۆزى خەڵك نا، بەڵكو بۆ حەقیقەتى بەدیهێنانى ئەویش :
- كەى یەكمانگرت، یەكگرتنى جدى
- كەى بیناى سەرخان و ژێرخانى ئەوەى ئیستا دەستەڵاتە بەئیرادەى خۆمان بینامانكرد
- كەى ئیرادەیەكى واجێی باورمان هەبوو، بەتەواوى و ژیرانە بۆ ئەودوو پێداویستە تا خۆمان هەبین پشت بەكەس نەبەستین، چونكەنابێت چاومان لە ئیرادەیەكەوەبێت، پشتى بەئیرادەیەك بەستبێ لەدەرەوەى سوودى نەتەوەیمان و بكەوینە ژێر رەحمەتى سوودى ئەو
- كەى ئیرادەى رابەرایەتیمان كراوەبوو لەباوەرو لەكردەوەو پاراستنى سوودى باڵاى كورد بەرووى خەڵكى هەموو هەرێما، نەك ئیرادەك هەندێ شارو شارۆچكە بكاتە چراخان و هەندیكى تریان دەرەوەى بازنەى ئەو روانینە
- كەى ئابوورى كوردستانى بووبە بناغەى بیناى ئابوورى، نەك ئابوورییەك پشتى ئەستوورى (مۆڵە رازاوەكان) بێت بە ئیسترادى بێ تەێدیر
- كەى بەرۆحى بەجدى هەوڵدان بۆ دامەزراندنى دەوڵەت بەم رۆحە كرا بەدوورى مەزانن، رۆژێك ئیرادەى شەرعى نێودەوڵەتى ئیشارەتى سەوزمان بۆداگیرسێنێ، نەك ئێمە لێى بپارێینەوەو ئەو چاوێكى وامان لێداگرێ هیچى لێتێنەگەین : ئەرێ وتى : ئا...یان وتى نەْ وە لە كۆتایدا دەڵێم :
لەوانەیە هەبێت بەم خوێندنەوەیەى ئەم بەندە هەژارەى خوا بۆ سبەینێى میللەتەكەمان، گاڵتەبە عەقڵوخوێندنەوەكەشم بكات، بەتایبەتى سیاسەتمەدارەكانى ئەم عەسرەى هەموو مەوجودێ لە ئەمرۆی سیاسەتدا بەرۆحى عەسر دەخوێننەوە تەنیا كاركردن نەبێت بۆ سبەینێى میللە تەكەیان بە رۆحى ختوكەى عاتیفە دەخوێننەوە، ئەگەر رەخنەیان لێبگریت و داواى چاكسازى بكەیت ختوكەى عاتیفەى خەڵك دەدەن بەوەى تەجروبەكەمان ساوایەوبەپیلان دەورەدراوین، كەچى ئەمانە بەناوى چاكسازییەوە سەرمان قاڵدەكەن، ئەگەرداواى چاكسازى كۆمەڵایەتى بەپێى نەریتى كۆمەڵایەتى خۆمان بكەى بە دواكەوتو و كۆنەپەرست خەتاباردەكرێیت و رەدیان زیادكردنى كەناڵە ئاسمانییە مۆدرلیزمەكانە كە هەمووشت فێرى لاوان دەكات رۆحی كوردایەتى و نەرێتى كۆمەڵایەتى نەبێ بەتایبەتى ئاینى و ئیلتزامى رۆحى لەپەیوەندى كۆمەڵایەتیدا ...خۆهەڵكێشان نییە كە دەڵێم خۆزگەمە ئەمرۆ نەك دواى قۆناغیكى تر، لەسایەى دوەڵەتى سەربەخۆى خۆماندا (سنوور و خاك و ئاڵا و دەستور) بژیم، بەڵام كە وەزعەكە دەخوێنمەوە دەبینم زۆرمان ماوە، بەڵام مەسەلەكە مەحاڵنییە ئەگەر بەجدى كۆششى بۆ بكرێ ..دەى دەست لە ناودەست با بەجدى كۆشش بكەین، پەروەردگار وا من شاهیدى خۆم خوێندەوە و گەیاندم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە