ڕاپه‌ڕین و ئامانجه‌کانی (به‌شی دووه‌م)
Friday, 03/04/2009, 12:00
1984 بینراوە
به‌شی دووه‌م ئامانجی گه‌ل و گه‌مه‌ی سهرکردهههر ڕاپه‌ڕینێک که ئه‌نجام ده‌درێت ، ئامانجێکی له پشته ، ئه‌و ئامانجه‌ش به‌نده به‌و بارودۆخه‌وه که دووچاری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ده‌بێته‌وه . ئه‌و بارودۆخه‌ی که دووچاری نه‌ته‌وه‌ی کوردیش بۆته‌وه بریتییه له داگیرکراوی پارچه پارچه‌کراوی بێ به‌شکردنی له هه‌موو مافێکی مرۆیی نکۆڵیکردن له بوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی زه‌وتکردنی هه‌موو داب و نه‌ریتێکی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌زاره‌ها کرده‌وه‌ی دڕندانه و به‌ڕبه‌ڕیانه‌ی دیکه .
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێک بده‌ینه سه‌رجه‌م ڕاپه‌ڕینه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که یه‌ک ئامانج له پشتی ئه‌م ڕاپه‌ڕینانه‌وه بووه ئه‌ویش ئامانجی ڕزگاربوون له کۆت و به‌ندی داگیرکراوی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو مافه زه‌وتکراوه‌کانه ، به‌ڵام هه‌موو ڕاپه‌ڕینه‌کان به دڕندانه‌ترین شێوه سه‌رکوتکراوه و ئامانجیش له‌م سه‌رکوتکردنانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که هه‌موو ڕاستیه‌کانمان لێبکه‌نه خه‌ونی ناو هۆنراوه‌کان ، له هه‌مان کاتدا سه‌رنه‌که‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌کانیش ته‌نها ناگه‌ڕێته‌وه بۆ دڕنده‌یی و به‌هێزبوونی دوژمنه‌کانمان به‌ڵکو به‌شی هه‌ره زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وابه‌سته‌یی سه‌رکرده‌کانمان به داگیرکه‌رانه‌وه و ناهوشیاری نه‌ته‌وه‌یمان ، چونکه ئه‌گه‌ر گه‌لێک هوشیار بێت ئه‌وا نه‌ک هه‌ر سه‌رکرده‌ی وابه‌سته قبووڵ ناکات به‌ڵکو به که‌مترین قوربانیدانیش زۆرترین ئه‌نجام به‌ده‌ست ده‌هێنێت ، له هه‌مان کاتدا ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌یه‌کی کاریزما و بڕوا به‌گه‌ل جڵه‌وی خه‌بات بگرێته ده‌ست ئه‌وا نه‌ک هه‌ر ڕاستیه‌کان ناکاته خه‌ونی شاعیران به‌ڵکو خه‌ونه‌کانیش ده‌کاته ڕاستی و خاوه‌ن له ڕه‌نج و ماندوبوونی گه‌ل ده‌رده‌که‌وێت و ئاماده ده‌بێت که خۆی بکاته قوربانی ئامانجه پیرۆزه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی و خۆی له میلله‌ت جیانه‌کاته‌وه. به‌ڵام له چاره ڕه‌شی کوردان‌دا هه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌کی ناهوشیارمان هه‌یه و هه‌م سه‌رکرده‌یه‌کی کاریزماش جڵه‌وی ڕاپه‌ڕینه‌کانی نه‌گرتۆته ده‌ست ، ئه‌م دوو هۆکاره‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌میشه مێژوو دووباره ببێته‌وه .
بۆ نمونه ئه‌گه‌ر چاوێك بگێڕینه‌وه به بزووتنه‌وه‌كه‌ی خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزاندا كه به بزووتنه‌وه‌ی ئه‌یلول به‌ناوبانگه، ئه‌وه‌ی كه‌وته‌سه‌ر شانی گه‌له‌كه‌مان زۆر به‌زیاده‌وه جێبه‌جێیان كرد له قوربانیدان و گیانفیدایی- له به‌ڕێوه‌بردن و به‌خێوكردنی بزووتنه‌وه‌كه- له ده‌ربه‌ده‌ری و ناخۆشی- له تۆماركردنی سه‌دان داستانی كه‌موێنه‌دا- له ئازادكردنی هه‌زاران گوند و شارۆچكه‌ی باشووری كوردستاندا- له به‌خشینی ده‌یان هه‌زار شه‌هیددا- له پێشكه‌شكردنی سه‌دان هه‌زار پێشمه‌رگه له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به‌گشتی و باشوور به‌تایبه‌تی و هه‌زاران هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی دیكه‌دا، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تییه‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له ئاستی ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌دا نه‌بوو كه كه‌وتبوویه ئه‌ستۆی و هه‌ر له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی شای ئێران و سه‌ددام حوسێن‌دا ئاشبه‌تاڵیان لێ‌كرد و بنه و بارگه‌ی خۆیان و ماڵ و منداڵیان پێچایه‌وه بۆ ئێران و ئه‌مریكا و نه‌ك هه‌ر میلله‌تیان له نیوه‌ی ڕێگادا به‌جێهێشت به‌ڵكو زۆر به ئاسانی هه‌رزانفرۆش و دوژمنخواردیان كرد ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سانێكیش ئاماده‌یی ته‌سلیمبوون و هه‌ڵهاتنیان نه‌بووبێت ئه‌وا زۆر بێ ڕه‌حمانه كه‌وتنه به‌ر په‌لاماردانی ده‌زگای پاراستن به سه‌رۆكایه‌تی ئیدریس بارزانی و به زۆری زۆرداری چه‌كه‌كانیان پێنهوی كرا و ملکه‌چ و بنده‌ستی دوژمنانیان كردن.
له هه‌مان کاتدا ئه‌گه‌ر سه‌رنجێک بده‌ینه ژیان و تێکۆشانی جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌وا زۆر به ووردی بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ته‌نها بۆ یه‌ک چرکه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی کوردان‌دا لێدوانی نه‌داوه و هه‌موو هه‌وڵه‌کانی تاڵه‌بانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کانی داگیرکه‌ران و کوشتنی ڕۆحیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تیمان و ئاژاوه‌خستنه نێو ماڵی کوردانه‌وه بووه ، هێنده‌ی تاڵه‌بانی خۆشحاڵ بووه به ڕشتنی خوێنی کوردان و کوردی کوشتووه ئه‌وا به هه‌موو داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان هێنده خۆشحاڵ نه‌بوون به ڕشتنی خوێنی کوردان و هێنده‌ش کوردیان نه‌کوشتووه . به‌ڵام بۆ له خشته‌بردنی نه‌ته‌وه‌که‌مان و درێژه‌دان به ئامانجه تایبه‌تیه‌کانی خۆی لێدوانی وه‌های داوه که ته‌واو بتوانێت چه‌واشه‌کاریه‌کانی گه‌شه‌پێبدات و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار شۆڕشگێڕترین که‌س وه‌کو خۆفرۆشێک پێناسه بکات بۆ کوردان و هه‌ندێک جاریش تاوانبارترین که‌سی لێکردووین به شۆڕشگێڕ .
به‌ڵام به‌هۆی ناهوشیاری ئاستی نه‌ته‌وایه‌تیمان و گێلێتی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریه‌وه ، بۆ جارێکی دیکه هه‌مان دوو بنه‌ماڵه ده‌هێنینه‌وه مه‌یدان و وه‌کو مه‌ڕێکی بێده‌سه‌ڵات ملی خۆمان خسته‌وه ژێر چه‌قۆی ئه‌م قه‌سابانه ، هه‌رچی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه به‌سه‌ریاندا سه‌پاندین نه‌ک هه‌ر خاوه‌نی هیچ هه‌ڵوێستێک نه‌بووین به‌ڵکو به‌بێ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌کانی بۆمان جێبه‌جێ کردن .
ئه‌نجامی هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرتنی کوردانیش بوویه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه بکه‌ونه گاڵتهکردنیش به ئه‌قڵیه‌تی کوردان و که‌سێکی وه‌کو مه‌سعود بارزانی زۆر شانازی به‌وه‌وه بکات که 3500 پێشمه‌رگه‌ی بۆ خاتری ده‌وڵه‌تی تورک به‌کوشت داوه ، له هه‌مان کاتدا سوکایه‌تیکردنه‌کانی تاڵه‌بانی له‌سه‌ر کوردان هیچ سنورێکی نه‌هێشتۆته‌وه و ئه‌نجامی یه‌ک ده‌ریا خوێنڕشتن بکاته خه‌ونی نێو هۆنراوه‌کان ، تاڵه‌بانی چه‌نده بۆته هۆی سوککردنی کوردان هه‌زار هێنده بۆته کۆیله‌ی داگیرکه‌ران و ڕێکخستنه‌وه‌ی ماڵی شێواویان .
عیسمه‌ت ئه‌نینۆ له کوردان نابڕێت
عیسمه‌ت ئه‌نینۆ که‌سێکی به ڕه‌گه‌ز کورد و دووه‌م سه‌رۆککۆماری تورکیای که‌مالی بوو ، له هه‌مان کاتدا که‌سێکی هێجگاربهکرێگیراو و دژه‌کورد بوو .
کاتێک کۆنگره‌ی سیڤه‌ر له ساڵی 1920زاینی‌دا بڕیاری دروستکردنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتوو ده‌دات و له کۆنگره‌ی لۆزانی ساڵی 1923زاینی‌دا هه‌وڵی هه‌موارکردنی بڕیاره‌کانی کۆنگره‌ی سیڤه‌ر ده‌ده‌ن ، ئه‌و کات عیسمه‌ت ئینینۆ وه‌کو که‌سێکی هێجگار شاره‌زا له بنکۆڵکردن و سه‌رکوتکردنی کوردان‌دا ده‌که‌وێته ئامۆژگاریکردنی ئه‌تاتورک که چ ڕێگه‌یه‌ک بگرێته‌به‌ر بۆ کۆتایهێنان به بڕیاره‌کانی سیڤه‌ر و وه‌رگێڕانی ڕاستیه‌کان بۆ خه‌ونی شاعیران ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌ڕله‌مانتارێکی کورد به‌ناوی حه‌سه‌ن خه‌یری ڕاده‌سپێرن که هه‌م به پۆشاکی کوردیه‌وه و هه‌م به زمانی کوردی لێدوان بدات و بڵێت "ئێمه ده‌خوازین له تورکیادا بژین - ده‌وڵه‌تی کوردیمان ناوێت کوردان ده‌خوازن تورکیا به یه‌کپارچه‌یی بمێنێته‌وه - هتد" .
ئه‌وا ئیمڕۆ بۆ جارێکی دیکه عیسمه‌ت ئینینۆ له به‌رگی تاڵه‌بانیدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و ڕاستیه‌کان ده‌کاته خه‌ونی نێو هۆنراوه‌کان ، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو هه‌ڵوێستێکی عیسمه‌ت ئینینۆ و تاڵه‌بانی هاوشێوه بێت ، له‌به‌رئه‌وه‌ی کاتێک عیسمه‌ت ئینینۆ ده‌ستی دایه هاوکاریکردنی که‌مالیسته‌کان ، ڕاسته‌وخۆ خۆی خسته باوه‌شی دوژمنه‌وه و ته‌نانه‌ت کوردبوونیشی له‌خۆی سڕیه‌وه و پێنووسێکی زێڕیشی وه‌کو به‌خشیش پێبڕدرا ، به‌ڵام تاڵه‌بانی له به‌رگی کوردایه‌تیدا درێژه‌ده‌ری کرده‌وه‌کانی ئینینۆیه و نه‌ک هه‌ر پێنوسێکی زێڕیشی پێنابڕدرێت به‌ڵکو هیچ پێشوازییهکیشی لێناکرێت و به‌بێ به‌رامبه‌ر زۆرترین باج ده‌دات به دوژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌مان . ئینینۆ هیچ کاتێک باسی له کوردایه‌تی نه‌کرد به‌ڵام تاڵه‌بانی به‌ناوی کوردایه‌تیه‌وه میلله‌تێکی له خشته‌برد و خستیه خزمه‌تی ئامانجه پیسه‌کانی داگیرکه‌رانه‌وه ، ئینینۆ ته‌نها که‌سێکی گرێ‌دراو به ئه‌تاتورک و له خزمه‌تی ده‌وڵه‌تی تورک‌دا بوو به‌ڵام تاڵه‌بانی گرێدراوی هه‌موو دوژمنانی کورد و یه‌کخستنی ماڵی داگیرکه‌ران و داڕێژهدهری پیلانه دژهکوردیهکانه.
أغد و دیمقراگي و حتی حرمان شعب من حق الحلم؟تاڵه‌بانی وه‌کو که‌سێکی شاره‌زا توانیویه‌تی زۆر به خێرای کوردان له خشته ببات و یاری به عه‌قڵیه‌تیان بکات ، بۆ نموونه ئه‌م گوته‌یه(أغد و دیمقراگي و حتی حرمان شعب من حق الحلم؟) واته [سبه‌ینێ چ دیموکراتییه‌ک مه‌یسه‌ر ده‌بێت ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له مافی خه‌وبینینیش بێ به‌ش بکرێت؟] ، ناونیشانی نوسراوه‌یه‌کی تاڵه‌بانییه له وه‌ڵامی "ساڵح دوکله"ی عه‌ره‌بی ، کاتێک ساڵح دوکله له ساڵی 1987ز. به نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت :- (دابه‌شکردنی عێراق ته‌نها خه‌ونه) . له‌م نوسراوه‌یه‌دا تاڵه‌بانی باس له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و ئازادی کوردان ده‌کات .
هه‌رچه‌نده من له‌و باوه‌ڕه‌دام که ساڵح دوکله یان ئه‌م گوته‌یه‌ی له تاڵه‌بانیه‌وه بیستووه یاخود زۆر به باشی تاڵه‌بانی ناسیووه و زانیویه‌تی که تاڵه‌بانی هه‌موو هیوا و ئاواتی کوردان ده‌کاته‌وه خه‌ون و له داگیرکه‌ران زیاتر په‌رۆشی کۆیله هێشتنه‌وه‌ی کوردان و یه‌کپارچه‌یی خاکی داگیرکه‌رانه . به‌ڵام گریمان ساڵح دوکله که‌سێکی دژه‌کورد بوو و ته‌نانه‌ت ناوی تاڵه‌بانیشی نه‌بیستبوو . ئه‌ی چۆنه پاش 22 ساڵ تاڵه‌بانی هه‌مان گوته‌ی ساڵح دوکله دووباره ده‌کاته‌وه و 100% دژی گوته‌که‌ی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه ؟
کاتێک تاڵه‌بانی ئه‌م وه‌ڵامه‌ی ساڵح دوکله ده‌داته‌وه که یه‌کێتی نیشتمانی هه‌م له گه‌رمه‌ی تێک‌شکاندن و لاوازی و هه‌ڵهاتن و په‌رشوبڵاویدا بوو ، هه‌م نزیکه‌ی نیوملیۆن کوردیش به‌هۆی سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی یه‌کێتی و پارتییه‌وه ببوون به چه‌کداری به‌عس ، هه‌م میلله‌تیش ته‌واو بێهیوا ببوو له یه‌کێتی و پارتی و هه‌م هیچ پشتیوانییه‌کی نێونهتهوهیشییان نه‌بوو . به‌ڵام له ساڵی 2003ز. به‌دواوه جگه له‌وه‌ی که هه‌م یه‌کێتی و پارتی خاوه‌نی پێشمه‌رگه‌ی زۆر و چه‌ک و پاره‌ی له ڕاده‌به‌ده‌ر و ده‌سه‌ڵاتداری ته‌واوی باشووری کوردستان و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتداری عێراقیش بوون و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی زۆریشیان هه‌بوو و داگیرکه‌ری عێراقیش نه‌مابوو و ته‌نانه‌ت هیچ هێزێکی به‌رهه‌ڵستکاریش له‌به‌رده‌میاندا نه‌بوو ، که‌چی نه‌ک هه‌ر بڕوای به‌و سه‌ربه‌خۆییه نه‌بوو که باسی لێوه کردبوو ته‌نانه‌ت سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیش به خه‌ونی ناو هۆنراوه‌کان ده‌زانێت . ئه‌م گوتانه‌ی تاڵه‌بانی زۆر پرسیار هه‌ڵده‌گرێت به‌ڵام به باوه‌ڕی من هیچ کاتێک تاڵه‌بانی بیری له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و ئازادی کوردان نه‌کردۆته‌وه به‌ڵکو زۆر باش ئه‌قڵیه‌تی کوردانی خوێندۆته‌وه و ئه‌م گوتانه‌شی بۆ چه‌واشه‌کاری و فریودانی کوردان کردووه .
درێژه‌ی هه‌یه ....