ئەگەر ئیخوان یان سەلەفیەكان لە سوریا سەركەون لانى كەم دەبێت سەدەیەك چاوەڕێكەین تا دەر دەچیین لە ژێر دكتاتۆریان
Wednesday, 22/05/2013, 12:00
وهرگێڕانی لە عەرەبیەوە ((یاسین لەتیف))
ئەدۆنیس زیاتر لە داهێنەرەكانى عەرەب سەرقاڵە بە ووتارى تازەگەریەوە ،بێدەنگ نابێت و هەمیشە تازەگەرى دەكات لە شیعرو ڕخنەو مشتومڕى بیرۆكەكانیدا ، خاڵى دەست پێكردنى شۆڕش لاى ئەو جیا كردنەوەى ئایینە لە سیاسەت .
خاوەنى نووسنى بە ناوبانگ ((چەسپاوو گۆڕاوە)) لەودا بانگەشەى ((ئیسلامى تاك)) دەكات ، ماناى ئیسلامى ڕۆحى كە هیچ زیانێك بە ئێستاو داهاتووى موسڵمانان ناگەیەنێت . هەندێك جار شاعیرەكەمان هیلاكمان دەكات بە بەرز ڕاگردنى مشت و مڕ لە گەڵ خۆیى و لە گەڵ دونیا . ئەدۆنیس دركى بەوە كردوە ڕابردوو پاشە ڕۆژ دروست ناكات چەندە شارستانیەتیش بێت ، لە بەر ئەوەیە جەخت دەكاتەوە لە سبەینێى مرۆڤ و تاك گەرایى ، ئەو سبەینیەیەى كە توێژینەوە دەكات لە مەڕ پتر درەوشاوە .
هەندێك گیژەڵوكەى هەڵوێستى دژ بە یەك سەبارەت بە ئەدۆنیس دەر بڕان بە هۆى نزیك بوونى ئەو لە ((ڕاپەڕینى سوریاوە)) .
دەست پێكردنى یەكەم وێزگەى بڵاو كردنەوەى ووتارەكانى لە یەكێك لە ڕۆژنامەكانى لبناندا . زۆربەى جار شاعیرەكەمان خۆى بە دوور دەگرێت لە بەرپەرچدانەوەدا ، هەندێك جاریش بزگە دەیگرێت و هەندێك جاریش مشتومڕ دەكات .
لە ((گفتوگۆى سێهەمدا بۆ الراى)) لە گەڵ ئەدۆنیس ، بۆچوونمان سەبارەت بە پرسگەلێكى ڕۆشنبیرى دژوارو جێواز دەربڕى ، بێ ئەوەى لە برینە سەختەكانى سوریا دوور بكەوینەوە كە پتر لە دوو ساڵە ، ڕەنگە دوور تریش ئەگەر برینى سوریەكان لە قوڵایى ئەبەدى سیاسى دانێین . ئیسلام و تازەگەرى ،هەڵچوونى سەلەفیەت ، لاهوتى ئیسلامى ڕیفۆرمخواز ، شۆڕش لە ئیسلامدا ، نیشتەجێ بوونى ڕابردوو لە نێوماندا ، گوتارى ئۆپۆزسیۆنى سوریا ، پاشەڕۆژى سوریا ، ئەم تەوەرانەو هەندێكى دیكە كۆڵەكەى گفتوگۆكەمانى پێكهێنا لە گەڵ شاعیرەكەمان ئەدۆنیس ،
پ ـ لە گەڵ توند بوونەوەى ووتارى ئیسلامى توندڕەو لە دنیاى عەرەبدا ، زۆرێك پرسیار دەكەن ، جێى ئیسلامى میانڕەوو تازەگەرى لە كوێدایە . چۆن بەرز بوونەوەى ئەم پەڕ گیرییە شرۆڤە دەكەى كە بزووتنەوەى بەهارى عەرەبى داپۆشیوە ؟
ــ یەكەم ئەم پەڕ گیریە لە سەر گێڕانەوەى تایبەتى و توندو تیژى ئایینى ڕاوەستاوە ، بە داخەوە ئێمە دەبینین لە دنیاى ئیسلامدا زۆرێك لە موسڵمانەكان ڕەخنە لەم پەڕگیریە ناگرن . ئەو نموونەیەى كە هەمانە لە میسرو ، سوریاو ، تونس . ئەو موسڵمانانە تێكستى قورئانى شیدەكەنەوە شیكردنەوەیەكى توندوتیژانەو ، خەون بە گەڕانەوەى خەلافەتەوە دەبینن و كار بۆ بە دیهێنانى دەكەن . ئەوان وێنایەكى ناشرین پێشكەش دەكەن ، كە نەك تەنها دژ بە شارستانیەت و ڕۆشنبیریە بەڵكو دژ بە ئینسانیشە . دەبێت ئاماژەش بەوە بكەم زۆربەى موسڵمانەكان بەشدار نیین لە ڕەفتارو بیركردنەوەكانى ئەواندا .
پ ــ دیسان بۆچونێك هەیە دەڵێت ئیسلامى مێژوویى بە بەردەوامى لە ڕووبەڕوو بوونەوەى تازەگەریدایە . ئایا پێتوایە دیاردەى دواكەوتنى ئایینى / گەلى بریتیە لە ئەنجامى پێكادانى مێژوویى نێوان ئیسلام و تازەگەرى ؟
ـــ پێویستە جێوازى بكەین لە نێوان تێكستى ئایینى و باوەڕدارەكانى ،ئەوەى پەیوەستە بە تێكستى ئاینیەوە داخراوەو هیچ مانایەكى تێدا نییە بۆ تازەگەرى . تێكستى ئایینى واتا نابەخشێتە پرسەكانى تازەگەرى . ئەو خۆى بە تازە دادەنێت و ، خۆى زەمەنەو ، خۆى هەموو شتێكە و : بە ئەوەیشى ڕابوردوو ئەوەشى كە دێت . بەم چەشنە موسڵمانەكان ڕەخنە لە بیرۆكەكانى تازەگەرى دەگرن و ڕەفزى دەكەن . چونكە واتاو بیرۆكە گەلێكى تازەگەرى نا ئیسلامى زیاد دەكەن كە دژ بە ئیسلامە ، ئەمەش موسڵمانەكان قبوڵى ناكەن . كەواتە ئاساییە دژ بە هەموو تیۆریەكى تازەگەرى بن . نمونەشمان بۆ ئەمە ، ئیسلامى هاوچەرخ لە سەدەى نۆزدەوە تاكو ئەمڕۆ لە ژێر دروشمى ڕێنسانس و گۆڕاندا تازەگەرییان قبوڵ نەكردووە ، تەنها دەسكەوتەكانى پیشەسازى نەبێت ئەویش بۆ باش كردنى ژیانە ، ئامانجەكانى عەقڵانیەتیان بە تەواوەتى ڕەفز كردووە . كەواتە لە هەردوو دۆخەكەدا بوار نییە بۆ تازەگەرى ،تەنها لە دۆخێكدا نەبێت كە بۆچوون سەبارەت بە ئازادى بگۆڕێت بە تایبەتى بیروباوەڕى ئایینى و مافى دەربڕینى بۆچوون ،هەروەها بناغەى دونیا ئینسان و واقیعە ، نەك غەیب .
پ . هەندێك لە ڕۆشنبیران داوا دەكەن پشت بە خوێندنەوەیەكى نوێ ببەسترێت بۆ كولتورى ئیسلامى و قورئان بەو مانایەى ڕیفۆرمى ئایینى پێداویستیەكى گرنگە بۆ هەر شۆڕشێكى مەعریفى جدى . ئایا موسڵمانان پێویستیان بە لاهوتى ڕیفۆرمى ئیسلامى هەیە؟
ـــ سەبارەت بە دەستەواژەى ڕیفۆرمى ئایینى هیچ واتایەكى نییە ، ئایین ڕیفۆرم ناكرێت ، هەر وەكو خۆى دەمێنێتەوە ، ڕیفۆرمى ئایینى ڕاستەقینە بریتیە لە جیا كردنەوەى ئایین لە سیاسەت بە تەواوەتى ، ئەگەر ئەم جیا كردنەوەیە ئەنجام بدرێت ئایین دەگۆڕێت بۆ ئەزموونى كەسێتى و وابەستەیە بە خاوەنەكەیەوە . مەسیحیەت لە ڕۆژئاوا ئەزموونێكى فەردیە ، پەیوەستە بە خاوەنەكەیەوە و هیچ پەیوەندیەكى نییە بە كاروبارى دەوڵەت و كۆمەڵگاوە . بەڵكو پەرستشى ئایینى تایبەتیە و ڕۆشنبیریەكە سەر بەم پەرستشە . پێموا نییە لە توانادا هەبێت براوردێك لە نێوان ئیسلام و مەسیحیەتدا بكەین ، ئیسلام شتێكەو مەسیحیەتیش شتێكى دیكەیە . ئیسلام هەر لە سەرەتاوە لە سەر دەسەڵات و دەوڵەت دەستى پێكرد .
پ . گرنگى خوێندنەوەى نوێ بۆ قورئان چییە ؟
ــــ قورئان پێویستى بە چەندیین خوێندنەوە هەیە ، نەك تەنها خوێندنەوەیەك ،بەڵام ئەم هەموو خوێندنەوانە لە ڕووى تێوریەوە ڕەفز كراوە ، ئەوانەشى پێى هەستاون تەكفیر كراون وەكو ((محەمەد ئەراگۆن)) بۆ ئەوەى ناوى كەسێكى تر نەهێنیین ، چونكە ئەو پتر بوێر بوو لە خوێندنەوەى تێكستى ئایینى . تەنها بە گوتەى ئەو پێویستە بە جۆرێك تێكستى ئایینى بخوێنینەوە خوێندنەوەیەكى مێژووى بێت ، لە بەر ئەوە تەكفیر كرا . كەواتە تا ئێستاش هەژموونى خوێندنەوەى باو واى دەبینێت ئیسلام ئایین و دەوڵەتە و ناكرێت جیا بكرێنەوە . لەمەشەوە هیچ ڕێگایەك نابینرێت بۆ دیالۆك، هەر لە پێشەوە دەست دەبەن بۆ توندو تیژى وەكو ئەمڕۆ دەیكەن .
پ ــ لە یەكێك لە ووتارەكانتدا ئاماژەت كردووە بۆ ئەم پرسە((شۆڕش بە بێ ئیسلام كارى نەكردەیە ، بەڵام پێویستە یەكەم جار شۆڕش لە ئیسلامدا بكرێت)) . ئەو هۆكارانە چیین دەبنە گرفت لە بەرهەم هێنانى ئەم شۆڕشەدا ؟ ...
ـــ هۆكار گەلێكى زۆر هەن وابەستەیە بە لایەنى بونیادى توندو تیژیەوە ، وە بنیادى بێ خەوشى ئایینى و تەواوى ئیسلامەوە ، بریا ئەو كات یەكەم ووشەى ئایین لە سیاسەت بوایە ، یەكەم ووشەى ئەو دەربارەى ڕۆشنبیریە ، یەكەم ووشەى ئەو دەربارەى كارو بارى كۆمەڵگاو دامەزراوەكانیەتى . كەواتە چۆن لە توانادا هەیە شۆڕش بكرێت بە واتاى ئایینى دژ بە ئیسلام ؟ ئەم پرسە مەحاڵە . كەواتە تەنها شۆڕشێك دەتوانێت وا لە ئایین بكات كە جێى گریمانەیى ڕۆحێتى خۆى بگرێت ، شوێن كەوتەى ووشەكەى مەسیح بێت ((ئەوەى بۆ قەیسەرە دەدرێتە قەیسەر و، ئەوەشى هى خودایە بۆ خودا)) . كاروبارى دەوڵەت بۆ سیاسەتە ، ئەزموونەكان و بیروباوەڕى تایبەتى هى تاكەكانە چۆنیان بوێت .هەرگیز لە توانادا نییە بیر لە پێشكەوتن یان ڕیفۆرم لە كۆمەڵگاكانى عەرەبیدا بكرێتەوە ، تەنها لە سەر بناغەى جیا كردنەوەى تەواوى ئەوەى كە لایەنى ئایینیە لە لایەك و ، وە ئەوەشى كە سیاسى و كۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیریە لە لایەنى دووەمەوە . بە بێ بڕواهێنان بەمە دنیاى ئیسلامى هەروەها دەمێنێتەوە بە تێكەڵاوى و هیچ ناكرێت تەنها زیاد لە خۆ خواردن و هەڵوەشاندنەوە نەبێت . ...
پ ــ بۆ عەرەب نەیتوانى لە سەر دەمى هەرەسهێنانەوە لەو بازنە داخراوە دەرچێت ؟ .
ــــ بە هۆى گواستنەوەى ئایین بۆ هێزى سیاسى گەورە و هەروەها لە ناو چوونى هێزە ڕۆحیەتیەكەى . لە بەر ئەوەى هێزێكى سیاسى گەورەیە، بە هەمان چەشن هێزێكى ئابوورى گەورەشە . كەواتە ئەوان هەموویان خەبات دەكەن لە پێناوى دەسەڵاتدا ، ئایین وەكو كەرەستەو ئامراز بە كار دێنن بۆ ئەوەى بگەنە حوكم . ئەمە پتر ئەو فۆرمە ململانەیەى ئیسلام و عەرەبە لە ئەمڕۆدا . كەواتە هەموو لایەنەكان ئایین دەكەنە كەرەستە ، لە نێویشیاندا لایەنە چەپەكان ، ئەوان واى لێكدەدەنەوە كە ئەمە قۆناغێكى مێژووییە هەر دەبێت ببێت . ئەمەش وا دەكات بیرمەندە گەورەكان و شاعیرەكان و نووسەرەكان دوور بكەونەوە لە ئایین و سیاسەت پێكەوە . بەم جۆرە ئایین بوو بە هێزێكى براوەو ستەمكار ، بوو بە فاكتەرێكى بنەڕەتى بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان یاخى بوون لێى . هەموو ئەو ڕوداوانەى كە بیناومانن جەخت لەوە دەكەنەوە . كەواتە ئامانجى دەرچوون لەو سیستەمانە بریتیە لە ستەمكارى و لە هەموو وڵاتێكى عەرەبیدا هەیە ، كەواتە بۆ شۆڕش دژ بەو ستەمكاریە دەكەین ، كەچى شۆڕش دژ بەم ستەمكاریە ناكەین ؟ ئەگەر ئامانج پێشكەوتن و ڕیفۆرم بێت كە چى ئەنجامەكان هەمووى تێكدان و ڕووخاندنە . هەموو ئامانجەكان بۆ گەیشتنە دەسەڵاتە . هەندێك هێز هەن ئامانج نیین ، تەنها بۆ ئەوەى لە سەر حوكم بن ..
پ ــ چۆن شرۆڤەى دەركەوتنى بە گەورەیى سەلەفیەكان دەكەى ؟
سەبارەت بە سەلەفیەكان و نهێنى بیركردنەوەیان دەسەڵاتە ، دەبینى هەموو كێشەكان لە قورئاندا چارەسەرى بۆ دەدۆزنەوە ، ئەوان واى دەبینن هەموو كێشەكان لە دەسەڵاتدایە ، نەك لە كۆمەڵگادا ، كەواتە چارەسەرى ئایینى ئامادە كراو پێشكەش دەكەن . سوارى دەسەڵات دەبن نەك بۆ ئەوەى كۆمەڵگا بگۆڕن ، بۆ ئەوەى دەسەڵات بگۆڕن بە دەسەڵاتێكى ئایینى . بە بۆچوونى ئەوان تەنها دەسەڵاتى ئایینى هەبێت هەموو كێشەكانى كۆمەڵگا چارە سەر دەبن ، چونكە ئەوكات دەست دەكەن بە پراكتیك كردنى ووشە بە ووشەى تێكستى قورئان . ئەوەیە خەیاڵ و ئیمانى ئەوان و دەڵێن كێشەكان لەو دەسەڵاتەیە كە لە ئیسلام لایداوە ، گەر دەسەڵاتمان گۆڕى هەموو شتەكان چاك دەبن ، ئەمە ئەو بیركردنەوە سەرتایى و زۆر سەتحى و ساویلكانەیە بۆ ئایین و بیرى ئایینى .
پ ــ بۆ بونیادى كۆمەڵگا لە لاى عەرەبەكان پێش نەكەوت بەو ڕێبازەى خۆى ، كە بە تازەگەرى مادى ناسراوە ؟
ـــ بە هۆى جیا كردنەوەى ئامانجە داهێنەرەكانى عەقڵانى و ، بەرهەمەكانى پیشەسازى . ئەم جیا كردنەوەیە بوو بە بەر بەستێك لە بەردەم پێشكەوتنى ڕۆشنبیرى عەرەب لە ئاستى داهێنان و ئازادیدا . لە ڕۆشنبیریماندا هەموو شتەكان دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو ، تەنانەت نووسینى چامەیەك بە ڕابردوو قەیاس دەكرێت ، ئەگەر تیۆرى قەیاس بە ڕابردوو دەر ببڕێت ، ئایا لە گەڵ كۆندا هاوتایە یان لێى جێوازە ؟ ئایا ئەم شاعیرە وەكو شاعیرى كۆن دەنوسێت یا نە ؟ بەردەوام بوونى مەرجەعیەت بە ڕابردوو كرفتێكى بنەڕەتیە لە بەردەم پێشكەوتندا .
پ ــ شیكردنەوەى ئێوە بۆ ئەم هەواڵە كردنە بە ڕابردوو چییە؟
ــــ لە بەر ئەوەى ئایین بنەچە و سەنتێزى هەموو شتێكە ، ناشێت ووشەیەك بهێندرێت پێچەوانەى بنەڕەتى ئایین بێت ، ئەگەر ناكۆك بیین بە بنەڕەتى ئایین ئەمە واتاى دەرچوونمانە لە ئایین و تەكفیر كردنە ، تەنانەت هەندێك لە شاعیرەكان دووچارى كوفر كردن بوون و كوژران .
پ ــ هەندێك بۆچوون هەیە دەڵێت لە تواناى موسڵماندا نییە بنواڕێتە ناسنامەكەى و دنیاى دەوروبەرى تەنها لە ڕێگاى گەڕانەوە بۆ دڵنیایى تەئویلى ئایینى نەبێت ، ڕاى تۆ لەمەدا چییە ؟
ـــ چۆن دەتوانین قەناعەت بە موسڵمان بكەین بە هاوكێشەیەك ، موسڵمان بە بەڵام لە دەروونى خۆتدا ؟ موسڵمان بەمە ڕازى نییە . دەیەوێت موسڵمانێكى كۆمەڵایەتى بێت ، بەو مانایەى بیرۆكەكانى خۆى پراكتیك بكات بە سەر هەموو كۆمەڵگادا ، ئەم تێڕوانینە بۆ ئایین هەرگیز ناتوانرێت بە سەریدا زاڵ بیین تەنها بە شۆڕشێكى ڕیشەیى گشتگیرى دژ نەبێت ، وەكو ئەو شۆڕشانەى كە كران لە دنیاى مەسیحیەت و كە شۆڕشى كۆمۆنیستى كردى . ئەم شۆڕشە لە كاتێكدا دێت بە هۆى ڕوخانى ئەو تێڕوانینە ئایینیە هەژێنەرەوە لە ناخى خۆیدا ، بەڵام كاتمان پێویستە چونكە كۆمەڵگاى عەرەبى لە ڕووى ئابوورى و كۆمەلایەتیەوە پێش نەكەوتوون ، هێشتا پێكهاتەكەى بە قووڵى بونیادى خێڵەكى و كۆنەپەرەستانەیە .
پ ــ لە گوتارێكتدا بە ناوى ((شۆڕشەكان لە دایك دەبن و دەسەڵاتەكانیش نامرن)) ئاماژەت كردووە بۆ ئەم هاوكێشەیە((ئایا من ئیماندارم)) ؟ كەواتە دەبێت ئەوەى ناكۆكمە و هاوپەیمانم نییە لە ناوى بەرم ،وە هەر شتێك بە هەر شێوەیەك پەیوەندى پێوەیە بیبڕم . ئەم هاوكێشەیە بە شێوەیەكى گشتى ناجۆرە لە گەڵ كۆجێتەكەى دیكارتدا((من بیر دەكەمەوە كەواتە من هەم)) بیركردنەوە ماناى ڕەخنە گردن و هەڵوەشاندنەوەو بونیاد نانەوەیە . چۆن ئەم دابڕانە شرۆڤە دەكەیت لە نێوان دوگماتیزمى لاهوتى ئایینى و عەقڵ ؟ .
ــــ ئەوەى ئاماژەم پێداوە لە گوتارەكەمدا گوزارشتە لە خەباتى هەموو بیرمەندە ڕاستەقینەكانى عەرەب . بەڵام بە داخەوە دەبنە كەمایەتیەكى زۆر كەم ، تەنانەت ئەوانەشیان بیرى چەپڕەوییان هەیە ئامانجى یەكەمیان دەسەڵاتە ، نەك هزرو توێژینەوە . كێشەكانمان لە هەموو لایەكەوە زۆر ئاڵۆزە ، ئەمڕۆ زۆربەى بیرمەندانى عەرەب لە گەڵ ئەم شۆڕشانە دان ، كە هەرگیز هیچ بە دەستەوە نادات جگە لە پتر بە ئایین كردن و كۆنەپەرەستى و وێران كردن نەبێت . لە گەڵ ئەوشدا بە ناوى لە ناو بردنى كۆنەپەرەستى و دكتاتۆریەت ، دەبنە دكتاتۆرگەلێك زۆر توندوتیژو دەسەڵاتخواز ، دەبێت دابڕان بكەین لە گەڵ ئەو دوگماتیزمە داخراوانەدا ، دابڕان بونیادى دامەزراوەكان بەرجەستە دەكات . بەڵام دابڕان لە سەر ئاستى كەسایەتى دەیان نووسەرو بیرمەند هەوڵى ئەو دابڕانەیانداوە لە گەڵ ڕابردوودا ، بەڵام دژایەتیان كراوەو تەكفیر كراون چونكە دامەزراوەى ئایینى براوە بووە ..
پ ــ ئایا دنیاى عەرەبى بە قۆناغى هەڵوەشاندنەوەى بونیادى ستەمكارى تێدەپەڕێت و ، سەر لە نوێ بونیادى خۆى بەرهەم دێنێتەوە بەڵام بە فۆرمێكى نوێ ؟
ــــ بەڵێ بە شێوەیەكى توندو تیژ ، چونكە فۆرمى كۆمەڵێكى ئایدۆلۆژى وەر دەگرن . دكتاتۆرە كۆنەكان فۆرمەكانیان فەردانى بوو ، ئەم چەشنە ستەمكاریانە هەڵوەشاندنەوەیان پتر ئاسان بوو لە شەڕ كردنى دكتاتۆیە بە كۆمەڵەكان ، وەكو دكتاتۆرى ئیخوان موسلمین یان سەلەفیەكان . ئەگەر ئەمانە سەركەون لانى كەم دەبێت یەك سەدەى تەواو چاوەڕێ بكەین تا لێیان دەر دەچیین .
پ ــ چۆن شرۆڤەى ئەم توندو تیژیە ((ئایینى ، سیاسى ، كۆمەڵایەتیە)) دەكەى لە بزووتنەوەى عەرەبیدا ؟ .
ـــ ئیماندارى سەلەفى خۆى تەرخان دەكات لە پێناوى خزمەتى خوا ، یان دیفاع كردن لێى كە هەموو شتێكە لە نێویشیدا كوشتن . فتوا ئەوە ڕوون دەكاتەوە ، هیچ سنورێك نییە بۆ كارەكانى ئیماندارى سەلەفى ، پێیوایە ئەو شتانەى كە دەیكات پراكتیك كردنى ئیمانەكەیەتى و دیفاع كردنە لە شەرع و بە دیهێنانى داواكانى خودا . دۆخى موسڵمانە سەلەفیەكان سایكۆلۆژیەتێكى پتر ئایینى و ڕۆشنبیریە ..
پ ــ ئێستا لە میسردا ململانێك لە نێوان ئیسلامیەكان و لیبراڵەكان لە ئارادایە ، ڕەنگە بەشێك لێى بگەڕێتەوە بۆ جەنگى بیرۆكەكان و بۆچوون سەبارەت بە دەوڵەت و كۆمەڵگاو ئایین ، ئەم ململانە بە كوێ دەگات ؟ ...
ــ ململان كورت ناكرێتەوە بۆ ئیسلامیەكان و لیبراڵەكان ، بەڵكو ئیسلامیەكان و قبتیەكانیش دەگرێتەوە وا دەنواڕنە مەسیحیەكان لە میسردا وەكو مێوان بن نەك بەشێك لە كۆمەڵگاو دەوڵەت . ناكۆكى نێوان ئیسلامیەكان و لیبراڵەكانیش پەیوەندى نییە بە جەنگى بیرۆكەكانەوە ، بەڵكو هۆكەى بریتیە لە ململان لە پێناوى دەسەڵاتدا ....
پ ــ بۆ هێڵى ئیخوانى ــ سەلەفى ناتوانن ((بە دیاریكراوى ئەوانەى ئێستا لە دەسەڵاتن لەو دەوڵەتانەى كە بزووتنەوەى عەرەبى تێدایە)) تازەگەرى سیاسى وەرگرن و لە لاهوتى سیاسى دووركەونەوە ؟ ..
ــ چونكە لە بنەڕەتدا بە لاهوتى سیاسی دەستى پێكردووە ، بوونى وابەستەیە بەم تێڕوانینەوە بۆ ئایین ، ئەو پێیوایە گەر دەست بەردارى بێت وەكو ئەوەیە دەسبەردارى خۆى بێت ، بۆیە سەرم لێیان سوڕ نامێنێت بەڵكو هەندێك بیرمەندان و نووسەرانیش هاو سۆزن لە گەڵیاندا . من لەو باوەڕەدا نییم ئیخوان موسلمین وەكو تاك گەلێك پێناسە بكەم . بەڵكو من وەكو حزب قسەیان لە سەر دەكەم وەكو ئەوانیتر پارێزگارى لە پرسەكانى خۆى دەكات و دەیەوێت جڵەوى دەسەڵات بگرێتە دەست وەكو ئەوانیتر ..
پ ــ هیگڵ دەستەواژەى ((فێڵى مێژوو)) بەكار دێنێت و دەڵێت هەندێك جار قۆناغى گواستنەوە دەرئەنجامى دیاردەى نیگەتیڤى دەبێت و ڕۆڵ دەگێڕێت وەكو یارمەتیدەر لە گەشەكردنى مێژوو بۆ پێشەوە . بە ڕاى تۆ ئایا تیۆرى هیگڵ پراكتیك دەكرێت لە سەر ئەو ڕووداوانەى دەوڵەتە عەرەبیەكان كە بزووتنەوەى تێدایە ؟
ــ هەمیشە كۆمەڵگا بەرەو پێشەوە ناڕوات ، هەندێك جار كۆمەڵگاكان بەرەو دواوە هەنگاو دەنێن ، مێژوو بەردەوام بزووتنەوەیەكى یارمەتیدەر نییە بۆ پێشەوە ، كەواتە كۆمەڵەكان دوگمان ، لە قۆناغى دەوڵەتى عوسمانیدا چوارسەد ساڵمان تێپەڕاندو كە چى گەڕاندینیانەوە بۆ سەرەتا . قسە لە سەر چ فێڵێك دەكەین ؟ تەنانەت ئێمە نەمانتوانى پارێزگارى لە دەسكەوتەكانى سەردەمى عەباسى بكەین . گەلان دوادەكەون و بەرەو دواوە پاشە كشە دەكەن ...
پ ــ ئێوە هەڵوێستى ڕەخنە گرانەتان بووە سەبارەت بە قەیرانى سوریا ، هەمیشە داوات لە ئۆپۆزسیۆن كردووە علمانیەت بنیاد بنێن و ئایین لە دەوڵەت جیا بكەنەوە وەكو بەشێك لە ووتاریان ، بۆ جەخت لە مەڕ ئەم پرسە دەكەیت ؟
ــ چونكە كارێكى نەكەردەنیە هەستان بە هیچ پێشكەوتنێكى دامەزراوەیى و كردارى بە بێ جیا كردنەوەى نێوان ئایین و دەوڵەت .
پ ــ ئایا ئێوە دڵنیان لە ووتارى ئۆپۆزسیۆنى دەرەوەى سوریا ؟
ـــ هەرگیز ،جگە لە ئۆپۆزسیۆنى ناو خۆیى كە پراوێز خراوە لە ڕووى عەرەبى و نێو دەوڵەتیەوە و خۆیشم بە بەشێك لەم ئۆپۆزسیۆنە دەزانم ، ئەو لە بنەڕەتدا ووتارى نییە . ئۆپۆزسیۆنێك كە لە لایەن دەوڵەتان و عەرەبەوە پشتیوانى لێ دەكرێت ، بریتیە لە ئۆپۆزسیۆنێكى چەكدارو دەوڵەتى سوریا دەهاڕێت ، بەڵام دەسەڵات تێك نادات ...
پ ـ ڕات چییە سەبارەت بە شێخ ئەحمەد معاز خەتیب ؟ .
ــ شیخ مەعاز خەتیب وابەستەیە بە بەرنامەیەكى سیاسى نێو دوەڵەتیەوە ، سەربەخۆ نییەو هاوكارى مادى و سیاسى نێودەوڵەتى دەكرێت ، من ئۆپۆزسیۆنى سەربەخۆى ناوخۆوم پێ باشە كە دیالۆكى دەوێت و توندو تیژى ڕەت دەكاتەوە ..
پ ــ بەڵام شێخ مەعاز خەتیب داواى دیالۆكى كرد لە گەڵ دەسەڵاتدا ، ئەمە بەو مانایەیە كە كۆكە لە گەڵ ئۆپۆزسیۆنى ناوخۆ ؟
ــ كەواتە پێویستە لە سەرى بچواتە ڕیزى ئۆپۆزسیۆنى ناو خۆوە .
پ ـ ئایا مەترسیت هەیە لە سەر پاشە ڕۆژى سوریا ؟
ــ پاشەڕۆژى سوریا لە هەموو دۆخەكاندا ئاواڵایە بۆ گریمانەى كارەساتى جۆراو جۆر .
پ ـ سەبارەت بە ئیخوان موسلمین چییە بە تایبەتى هەندێك واى دەبینن دەستیان گردووە بە سەر هاوپەیمانیدا ؟ .
ــ لەم دۆخانەدا هیچ دەسەڵاتێك نییە جگە لە پتر توندو تیژى نەبێت ، ئەوان گروپگەلێكى پەڕگیرى ئاینیین و هیچ دەسەڵاتێكى ئۆپۆزسیۆنى دەرەكیش نییە بە سەریانەوە . دوو جۆر ئۆپۆزسیۆن لە سوریادا هەن ، ئۆپۆزسیۆنى دەرەكى چەكدار و ، ئۆپۆزسیۆنى ناوخۆ كە دیالۆكى دەوێت و دژ بە توندو تیژیە و پەیوەندى بە دەرەوە ڕەت دەكاتەوە ، هەموومان پێویستە لە گەڵ ئەم باڵەى ئۆپۆزسیۆنەدا بیین ..
ئەدۆنیس
حوار المتمدن : ژمارە ((4067)) لە 19/ 4 / 2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست