کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەندام و لایەنگرانى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان لە جیابوونەوەكاندا

Saturday, 08/08/2009, 12:00


بیرمەندى گەورەى عیراق د. عەلى وەردى دەڵێت"هەموو كۆمەڵەو گروپێك لە سەرەتادا یەكگرتوو یەكڕیزەو هیچ دووبەرەكى و ململانێیەك لەنێوانیاندا نییە ،چونكە لەو كاتەدا بەرژەوەندى تاك وكۆمەڵ یەك شتە، بەڵام كاتێك گەشەدەكەن و سەركەوتنەكانیان دەست پێدەكات، دەسكەوتەكان تاڵان و دابەش دەكەن و هەندێكیان لەسەر حسابى ئەوانى تر ڕادەبوێرن و دەبنە خاوەنى سەروەت و سامانێكى زۆر ئالەو ساتانەدا، كەلێنەكان گەورەتردەبن و دووبەرە كییەكان دەست پێدەكەن "لەڕۆشنایى لێكۆلینەوەو بەدواداچونى بیرمەندێكى وەها بۆمان ئاشكرا دەبێت كەهەموو ئینشیقاق و جیابوونەوەیەك لەدەستەو تاقم وحزب و ڕێكخراوێكدا كەڕوودەدات هۆكارەكەى سودمەند بوون و بەتاڵانبردنى سەروەت و دابەشكردنى بودجەو داهاتە بەسەر چەند كەسێكدا یاخود بەواتایەكی دى بێبەشكردنى ژمارەیەكى زۆرە لەوداهات و سەروەتە كەدەبێتە موڵكى گشتى ودەكرێت ودەبێت بەسەر هەموواندا وەكویەكتر بەپێى ماف و ئەرك دابەش بكرێت یان لەكارو چالاكییەكاندا بەكاربهێنرێت، لەژیانى رۆژانەماندا دەبیستین و دەبینین كە فڵانە رێكخراو جیابونەوەى تێكەوتووەو فیسارحزب ئینشیقاقیكرد، جابۆئەو خەڵكانەى كەلەو رێكخراووحزبانەدا كاردەكەن لەوانەیە سەرەتا كارێكى گران بێت خۆیان لەچ لایەكى دووپارچەبوى حزبەكە یاخود رێكخراوەكە دەدۆزنەوە، لەبەرئەوەى خۆساغكردنەوە گرنگیەكى بۆتاكەكان تێدایەو ئەگەرهەرباڵێك هەڵبژێریت ئەوا لەباڵەكەیتر ناشیرین و قێزەون تەماشادەكرێت، چونكە تائیستا لەكۆمەڵگاى ئێمەدا وەها بیردەكرێتەوە كەراستى لەلاى لایەنەكەى خۆیەتى كەسى بەرامبەر دەبێت چاولەو بكات، چونكە ئەوانەى تائیستا خۆیان بەسەركردە دەزانن بەو لۆژیكە كار دەكەن كە ئەرستۆ لەسەردەمى ئەغریقیە كۆنەكاندا دایڕێشتووەو گرنگى بەراستى رەها دەدات نەك راستییە رێژەییەكان، بەڵكوبگرە پشتگوێ خراویشن، كەنامەوێت لێرەدا بچمەناو باسى ئەو راستییەى كەئەوان پشتى پێدەبەستن و پێناسەیان بۆى چییە؟
هەرلەوبارەیەوە (شیلەر)ى فەیلەسوفى ئینگلیز سەبارەت بەو كەسانەو لۆژیك دەڵێت"راستى لەروانگەى لۆژیكى رەهاوە یەك شتە، دید و بۆچونەكانیش پێویستە هاوهەڵوێستبن، تۆدەبێت لەگەڵ راستى بیت، یاخود دژى بیت، ئەگەردژى وەستاویتەوە دەبێت لەناوبچیت، ئەگەر لەگەڵیشیدابیت هیچ كەسێك ناتوانێت دژت بوەستێتەوە"
لەكۆنیشدا حەزرەتى عیسا(د.خ) وتوویەتى" ئەوكەسەى لەگەڵمدا نییە دژى ئێمەیە" هەروەها پێغەمبەرى ئیسلامیش محەمەد(د. خ) وتوویەتى" من غشنا فلیسامنا"
هەروەكو ئاماژەم پێدا گرانى و قورسى هەڵبژاردنى هەرلایەنێكیان لەوەدایە لاى بەرامبەرت بە(خیانەتكار) یاخود (بەدژ) یاخود بەهەر ناوێكیتر ناوزەدت بكەن لەكاتێكدا(تۆ) وەكو ئەندامێكى ئەو رێكخراوە یاخود ئەو حزبە لەڕووى سۆزدارییەوە كۆمەڵێك برادەرت هەیەو هاوكات هەمو پێكەوە هاوبیربوون پێش وەخت، لەهەردوو بەشە جیابوەوەكە بۆمن سەختە وەك ئەوان بتوانم بەرامبەرەكەم ناوزەد بكەم بەخیانەتكار یان دژ، دوابەدواى هەڵپەساردنى سكرتێرى گشتى (حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان)،لە لایەن مەكتەب سیاسییەوە، (من) هەردوولام هەڵبژارد، نەكەس و نەهیچ لایەكم بەخیانەتكار ناونەبرد، هەروەها كەسیشم بەدژ نەناساند تائەو ساتەش پێم وایە تاكە زەرەرمەند لەو ئینشیقاقە هەموو ئەندام و لایەنگرانى حزبەكەیە جگە لەوكەسانەى كەبە بازبازێن و قۆستنەوەى هەل توانیان پارەو پول وەربگرن و پلەو پۆست كەهەقى خۆیان نییە بۆخۆیان بەچەنگ بخەن، كەبەداخەوە تاكو ئەم ساتەش هەندێك كەس كەخۆى لەباڵێكا بەلێپرسراو دەزانێت ئەو خەڵكانە هان دەدات تائەمبەرو ئەوبەر بكەن و زۆرترین كەس لەوخەڵكانە لەخۆى كۆبكاتەوە تابەدەسەڵاتى پێشان بدات كەزۆرترین ئەندام لەدەورى كۆبوونەتەوەو داهات و بودجەى حزب بۆخۆى وەربگرێت ئیستاش دابینكردنى داهات و بودجەیەكى سەرچاوە نادیار كەباڵێكى حزبەكەى پێ تاوانبار دەكرێت هەروەها وەرگرتنى بودجەو داهات لەحكومەتى هەرێم كەدەربارەى لایەنەكەى ترى دەوترێت هیچ مانایەكی ئەوتۆ نابەخشێت جگەلەوەى كەتەنها ئەم قسانە دەمانگەڕێنێتەوە سەربیرو بۆچونەكانى دكتۆر(عەلى وەردى) و سەر ئەو راستییەى كەساڵانێكى دورو درێژە داهات و بودجەى ئەو حزبە نادیار بووەو كەهاتەسەر باسكردنى، ڕێگاچارەى ئینشقاق هەڵبژێردرا كەنەدەبو بكرایەو لەبرى ئەوە هەندێك هاوڕێ بۆماوەیەكى كاتیش بوایە دەبوو دەستبەردارى پۆستەكانیان بن تاوەكو راستییەكان وەدەردەكەوتن، بەڵام كەوانەكرا خەڵكانێك وابەستەى پۆست و پلە بوون و بێ گوێدانە ئەو هاوڕێیانەى كەساڵانێكى دوورو درێژە وەك خۆبەخش خزمەت بەحزبەكە دەكەن هەروەها حیساب نەكردنى ئەو خێزانانەى كەڕۆڵەیان كردۆتە قوربانى لەپێناو ئەم حزبەدا كارێكى قورس بوو ئەوانە بۆخۆیان لێپرسراوێتى مێژوو دەخەنە ئەستۆى خۆیان وەدەبێت وەڵامێك بۆچارەنووسى هەموولایەك دابین بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە