کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جاکەى(17ى شوبات)نەبوە؟!

Thursday, 16/02/2012, 12:00



 

ساڵێک بەسەر کارەساتە خوێناویەکەى 17ى شوباتدا تێپەڕى، هەتائەمڕۆش دەسەڵاتى هەرێم بێباکترین دەسەڵاتى ناوچەکەیە!، توڕەترین مەسجى جەماوەر ئاڕاستەى دەسەڵاتى هەرێم کرا، وەلێ ئەوەى کەڕترین مرۆڤى سەرئەم ئەستێرەیە پیاوەکانى دووحیزبى خاوەن دەسەڵاتن!،
دۆخى هەرێم لەدواى ئەو ڕۆژە خوێناویەوە سات لەدواى سات نالەبارى زیاترى بەخۆوە بینیوە، کەچى لەگەڵ نزیکبونەوەى ساڵیادى 17ى شوباتدا ئەم دەسەڵاتە بێباکە داواکارى هێمنى وئارامی لەمیللەت دەخوازن!،
 قەتماغەى برینەکانى 17ى شوبات هەتائەمڕۆش بەسوێترین زامن بەسەر دڵى گشت مرۆڤێکى خاوەن ویژدانى هەرێمەوە، کەچى پیاوەکانى حیزب لەبەرامبەر ئەگەرى دووبارەبونەوەى 17ى شوباتێکیتردا هەڕەشەى دەستبڕین و تارومارکردن دەکەن!،

تۆمەتبارانى 17ى شوبات سەرگەرمى تیجارەت و شەوانەش لەتەنیشت ماڵى سەرۆکەوە سەرمەستى بادەو شەرابن، کەسانى ئازادیخوازیش یان شاربەدەردەکرێن، یانیش لەکونجى زیندانەکان قایم دەکرێن(برایمى کاکە ئەحە) بەنموونە!، لەلایەن کوڕەکەى سەرۆکەوە تەقەکەرانى لقى چوار خەڵات دەکرێن، قوربانیانى 17ى شوباتیش خەڵاتى گێرەشێوێنیان پێدەبەخشرێت!، منداڵانى سەرۆک وپیاوەکانى حیزب مەگەر بەس قودرەتى قادرو خۆیان بزانن بەچى وچۆن دەبنە خاوەن بەرزترین بڕوانامەى فەخرى زانکۆکانى ئەمریکاو ئەوروپا، بەنازى کچە خوێندکاریش لەپایتەختەوە دەبێتە قوربانى دانەمەزراندن!،
قافڵەى تەنکەرە قاچاخچیەکانیان تادێت تژیتردەبێت بەرەو سنوورى وڵاتانى دراوسێ، مەلۆتکەیەکى ئەم هەرێمەش لەبەرنەبونى سوتەمەنى ڕەقدەبێتەوەو لەوەش تراژیدیاتر خانەوادەکەى بەنەخۆش ناودەبەن!،
لەهەر مرۆڤێکى ئەم هەرێمە ئازادى خوازتر وانەکانى دیموکراسیمان بۆشیکار دەکەن، وەلێ ڕاپۆرتى ڕێکخراوە نێودەوڵەتى ولۆکاڵیەکان لەبەرامبەر لێدان وفەلاقەو هەڕەشەو ڕاوەدونانى ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوسانى هەرێم لەساڵى(2011)دا، کەیەکێک لەڕاپۆرتەکان مانگى دوانزەى ڕابردوو بە(دیسەمبەرى ڕەش بۆ ڕۆژنامەنوسانى هەرێم)ناودەبات، ئیدى ئەمانە شایەتن بۆ دیموکراسى و ئازادى خوازیان!،
بانگەشەى جیاکردنەوەى حیزب لەحکومەت دەکەن، بۆئێوە توانیتان لەماوەى ئەوشەش مانگەدا کەبەسەرچوو تاکەبارەگایەک، شوێنێکى گشتى کەحیزب داگیرى کردوە، بیگێڕنەوە بۆسەر موڵکى حکومەت؟!،
دەسەڵات زۆرترین قسەوباسێک کەلەدواى 17ى شوباتەوە کردبێتى فەراهەمبونى ئازادى سیاسى بوە، وەلێ بەرهەمى ئازادى سیاسیان وەک کلتورى هەمیشەییان سوتانى بارەگاکانى یەکگرتووى لێ سەوزبوو!، بانگەشەى ئەوپەڕى سەروەرى یاسا دەکەن، بەڵام بەتەنها لەدیوانى چاودێرى داراى سلێمانیدا(90)نەوەت دۆسیەى گەندەڵى و زیاترلە(2500)دووهەزارو پێنجسەد دۆسیەى تەجاوزات هەیە، لەماوەى ساڵى ڕابردوودا تەنانەت تاکە دۆسێیەکیش ئیحالەى دادگا نەکراوە!، گەورەترین داواکارى قوربانیانى 17ى شوبات ڕاپێچکردى بەرپرسى لقى چوارە بۆبەردەم دادگا، کەچى وێڕى ئەوەى سەرۆک پلەکەى لەبەرپرسى لقەوە بەرزکردۆتەوە بۆجێگرى مەکتەب ڕێکخستن، لەتازەترین نوکتەى ڕاگەیاندنەکانیشدا گوایەسەرۆک دەڵێت:(من لەجێگاى بەرپرسى لقى چوار دەچمە بەردەم دادگا)، وەک ئەوەى بڵێى سەرۆک لەبەرامبەر ئەوسکاڵایانەى کەلەسەرى تۆمارکراوە لەلایەن ئەوپێشمەرگانەى کەلەزیندانەکانى ئاکرێدا سەقەت وئەتک کراون، یان کەسوکارى بێسەروشوێنبوانى شەڕى ناوخۆدا، جەنابیان زۆر چونەتە بەردەمى دادگاکان، ئێستا ئاوا بەپەرۆشەوە بۆگەڕانەوەى سەروەرى یاسا لەجێگاى بەرپەرسى لقێک دەچێتە بەردەمى دادگا!!،
هەرخودى سەرۆک خۆیبوو لەدواى 17ى شوباتەوە بەبێ ئەوەى کەس پێشنیارى بۆبکات بانگەشەى چاکسازى کردو ڕاگەیاندنەکانى پارتى بەهاریان هێنایە ئەژنۆ، وەلێ سەرۆک جەسەراتى نەبوو لەخودى خۆیەوە چاکسازى بکات وتەنانەت خواستى نەبوو جامە ڕەشەکانى کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى خۆشى سپى بکاتەوە!،....

بەتەنها مشتێک لەخەروارى ئەم موعادەلانەى سەرەوە بەسەبۆئەوەى کە ئیدى تێبگەین دەسەڵاتى سیاسى هەرێم نە لەڕابردوودا ویستى چاکسازى هەبوەو نەلەداهاتوشدا دەیبێت، چونکە مەعلومە کە 17ى شوبات توڕەترین مەسجى میللەت بوو بۆدەسەڵات، بەڵام بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوەى ساڵێک بەسەر ئەو ڕۆژە خوێناویەدا تێدەپەڕێت هەتائەمڕۆ نەک هیچکام لەداواکاریەکانى خۆپیشاندەرانى پارساڵ جێبەجێنەکراون، وەلێ هەتائەمڕۆکەش گەورەترین سپەیس لەنێوان دەسەڵات ومیللەتدا بەدیدەکرێت، بۆیەخەڵکى هەرێمیش بەهەموو پێودانگێک حەقێکى ڕەواى خۆیەتى لەهەرساتێکدا بڕژێتە سەرشەقامەکان بە گوتنەوەى قورسترین گوتاف وتەنانەت ئەگەر گەورەترین توندوتیژیشى لێبکەوێتەوە دەبێت دەسەڵات تەحەمولى هەموو بەرپرسیاریەتیەک بکات.

ئیدى بەهەموو مانایەک کاتى ئەوە هاتوە ئۆپۆزسیۆنیش وانەیەکى لەڕووداوەکانى پارساڵ وەرگرتبێت و خۆى یەکلاى بکاتەوە لەگەڵ بەرەى هەر خۆپیشاندانێک کەڕوودەدات، ئیدى ئەمڕۆبێت یاسبەى، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نیەتێکى ڕاستەقینەى هەیە لەگەڵ بەرەى خۆپیشاندەراندا، دەبێت سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆن بەرلەهەرکەسێک هاوشێوەى مەشعەل تەمۆو موحەمەد بەرادعى بێنەسەرشەقامەکان، دەبێت لەگەڵ ئاراستەى خۆپیشاندەراندا خاوەن یەک بیروبۆچونبن، نەک لەبەرامبەر دروستبونى هەرگرژیەکدا لەگۆڕەپانەکە دووربکەونەوە و تەنها بەیاننامەیەکى شەرمنانە دەربکەن، بەپێچەوانەوە هەڵوێستى شەرمنانەو دەرکردنى بەیاننامەیەکى دوو لاپەڕەى ئیدانەکردن، نەک هەرگەرەکى خۆپیشاندەران نیە، بەڵکو هەروەک خۆیان لەهەرکەس باشتر دەزانن ئاوکردنە بەئاشى دەسەڵاتدا، خۆئەگەر گەرەکیشیان نیە لەگەڵ بەرەى خۆپیشاندەراندابن و دەسەڵات وتەنى بارودۆخى هەرێم بەبارودۆخێکى ناسک لەقەڵەم دەدەن، یان هەر موبەڕیرێکى دیکە دەهێننەوە، ئەوا پێویستە بەتەنها تەماشاکاربن و هیچیدیکە.

لەکۆتایشدا ئەوەى پێویستە بگوترێت لەم بارودۆخە ناسکەدا دوو ئەگەر لەبەردەمى دەسەڵاتدایە، یان دەبێت لەفەترەیەکى زەمەنى کورتدا لانیکەم کۆمەڵێک هەنگاوى جدى چاکسازى بنێت (ئەگەرچى ئەم ئەگەرەیان زۆردوورە)، یانیش دەبێت ئەمڕۆ یان سبەى چاوەڕێى مەرگى خۆى بکات، دەنا بەپێچەوانەوە هەموو ڕۆژەکانى ساڵ17ى شوباتە، بەدرێژاى تێپەڕبونى ساڵێک بەسەر ئەو ڕۆژە خوێناویەدا بەردەوام 17ى شوبات باسوخواسى هەمیشەى سەرزارى سیاسیەکان وکۆبونەوەکانیان بوە، قسەوباسى گشت چینوتوێژەکانى هەرێمبوە لە کۆڵان و شەقامەکان، لەسەرتەنووربان و لەژێر بانیژەکان، لەناوزانکۆو خوێندنگەکان، لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى توێتەرو فەیسبووکدا.

بەدرێژاى تێپەڕبونى ساڵێک بەسەر ئەوڕۆژە خوێناویەدا، جاکەى 17ى شوبات نەبوە؟!، بۆساتێکیش ئەو ڕۆژە مێژوویە بیرنەچۆتەوەو بیریش ناچێتەوە تاکو بەرەى ڕەشوڕوتى میللەت بەگشت مافەکانى خۆى دەگات، بۆیە ڕۆژى17ى شوباتى پارساڵ بەتەنها ڕۆژێک نیە بۆیاد کردنەوە، تەنانەت ڕۆژێکیش نیە بۆدروشم، بەڵکوئەوەى پێشیوابێت 17ى شوبات بیردەچێتەوە، دەبێت درک بەبیرچونەوەى خۆى بکات لەبەردەم بەرەى گەلداو، دواجار لەبەردەم مێژووشدا!.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە