فرۆكەوانەكەى شانزەى سێ
Friday, 20/03/2009, 12:00
1433 بینراوە
شانزەى سێیەكى ترى یادى مەرگەساتەكەى هەڵەبجە گەرایەوەو هێشتا هەڵەبجە هەر لەناو سوێى بەئازارى برینەكانیدا خەمى نوێ بەدەروونى ئاوێتە دەكرێت، تا برینێكى سارێژ دەبێت چەندینى ترى دەكولێتەوەو ئاییندەى لەبەرچاو تاریكتر دەكات، تا دوێنێیەكى نزیك خەمى لەو كاولكارى و ئاسەوارە ژەهراوییە دەخوارد كە دواى زیاتر لە دەیەو نیوێكى تەمەنى دەسەڵاتى كوردى بەرووخسارى شارەكەیەوە ماوەو لەهەندێ جێگەدا وا هەست دەكرێت چەند مانگێكە كارەساتەكە رووى داوە.
ئەفسوس خەمى ئاوەدانى و پشتگوێخستنى ئاوەدانكردنەوەى تەواوى شار كۆتایى نەهاتووە كە جارێكى تر دەست دەخرێتەوە برینەكانى خەڵكى هەڵبجەو ئازارى رۆحى ماندوویان دەدرێتەوە، كێ بروا دەكات كە یەكێك لە پاڵەوانە ترسنۆكەكانى شانزەى سێ لەدەستى كورد هەڵبێت و بەئاسانى دۆسیەى ژەهراوى ئەو تاوانبارە دابخرێت؟ بڵێى خوێنى هەزاران رۆڵەى هەڵەبجەیى ئەوەندە كەم بایەخ بێت كەیەكێك لەبكوژەكانیان لەدەستى دەزگا ئەمنییەكانى كوردو دەسەڵاتە خۆماڵییەكەى ئەم هەرێمەدا بێت و ئەوەندە بەنازەوە راگیرابێت بتوانێت لەدەستى ئەوان هەڵبێت؟ بڵێى ئاسایش و گرتووخانەكانى كوردستان بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانى گیراوى خۆشیاندا بكەن و بەو ئەندازەیە نازیان بكێشن؟ بیستووتانە رۆڵەیەكى زیندانیكراوى ئەم كوردستانە توانیبێتى لەگرتووخانەكانى كوردستاندا هەڵبێت وەك هەڵهاتنى سووك و ئاسانى ئەو فرۆكەوانە تاوانبارە؟؟؟.
بڵێى خەم هەبێت لەو خەمە گەورەتربێت كە ئەو تاوانبارە دواى هەڵهاتنى یان باشتر وایە بڵێین ئازادكردنى هێشتا هیچ بەرپرس و لایەنێك لەو رووداوە بەرپرسیار نەكرابێت و ناوەندێكى بەرپرس و پەیوەندیدار داواى لێبووردنى لە هەڵەبجەو كەس وكارى قوربانییەكان و بگرە هەموو خەڵكى كوردستانیش نەكردبێت، هەرچەندە پۆزش و داواى لێبووردن نامۆیە بەكلتوورى پەیرەوكراوى سیاسى و بەرپرسەكانى ئێمەو لەشان و شكۆیان دەهێنێتە خوارەوە!.
لەو وڵاتێكى تردا ئەم كارەساتە روو بدات و تاوانبارێكى وەها ترسناك را بكات و هەموو نهێنییەكانى ئەو تاوانەى ئەنجام دراوە لەگەڵ خۆیدا بەرێت، وڵات دەكەوێتە بارێكى نائاساییەوەو یەكەم كەس وەزیرى ناو خۆو بەرپرسى دەزگا ئەمنییەكان دەست لەكار دەكێشنەوەو دواتر حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەبەردەم پەرلەمان و نوێنەرانى گەلدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام لەم كوردستانەى ئێمەدا نەك هەر مووى بەرپرسێكى رەسمى گرژ نەبوو، بەڵكو ئەگەر لەبەغداو لەناو هۆڵى دادگادا رووداوەكە ئاشكرا نەكرایە، خەڵكى كوردستان وەك زۆر شتى تر بێ ئاگا دەبوون لەوەى رووى داوە.
ئەو فرۆكەوانە تەنها تاوانبارێك نەبوو بەخرێتە بەردەم دادگا و سزا بدرێت، بەڵكو لەوەش گرنگتر بۆ كورد ئەوەبوو كە ئەو لەهەمان كاتدا شایەتحاڵیش بوو لەسەر ئەنجامدانى تاوانەكەى بەعس و كیمیابارانى هەڵەبجە، كە هێشتا زۆرێك لە وڵاتانى ناوچەكەو میدیا و شەقامى نادیدەى عەرەبى سەدام و رژێمى رووخاوى عێراق لەئەنجامدانى ئەو تراژیدیایە بەرى دەكەن و تاوانەكە دەخەنە ئەستۆى سوپاى ئێران، شایەتحاڵێكى ئەنجامدەرى ئەو تاوانە بۆ كەیسى هەڵەبجەو دادگاو راى گشتى ناوچەكەو جیهان كەم نەبوو، كەواتە نهێنى ئازادكردنى فرۆكەوانەكە چییەو ئایا هەر بەراستى هەڵهاتووەو چۆن..؟!.
[email protected]