کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زمان ناسنامەمانە با پارێزگاری لێبكەین!

Sunday, 21/11/2010, 12:00


لەگەڵ زۆربوونی ڕۆشنبیران و نووسەر و ڕووناك بیران، زمانی پاراوی كوردی بەرەوە پووكانەوە و داكشان دەچێت . خەڵكانی بەناو نووسەر و ڕووناك بیرانمان لە جیاتی ببنە پێشەنگی گەورە بوون و فراوان كردنی زمانی كوردی، كەچی لەسەر ڕیگا پێچەوانەكەن. - ھەرچەندە زمانی كوردی خۆی زمانێكی زۆر زیندوە - ،بەدەست ئێمە نیە ! گەر بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی زمانەكانی جیھان ڕای گرین، كە تا ئێستا تووشی ھیچ بەڵاو نەھامەتێك نەھاتوون لە مێژووی دروست بوونیانەوە تاھەنووكە، لێر ئێمە رەخنە لە زمانی ھیچ نەتەوەیەك ناگرین و بابەتمان رەخنە لە خوودی خۆمانە.
ھەرچەند من نەم دەویست دەست بۆ ئەم رەخنەیە ببەم ، لەبەر ئەوەی زمانەوان نیم ، لە ڕێزمانی كوردی زۆر كۆڵەوارم ، بەڵام بەھۆی كەمێك شارەزایم لە چەند زمانێكی زیندووی جیھانی وخەم خواردنم لە كەلەپوری نەتەوەكەم، كە بە ئەركی سەرشانی خۆم وھەموو كوردێكی دەزانم، بۆ ئەوەی بە پاكی و رەسەنایەتی خۆی لە گەڵ بەسەردەمیانە كردنی و بەرەو فراوان بردنی بەو پیوانەیەی كە لە بەرژەوەندی زمانی دایكم دابێت، بیدەینە دەست نەوەی دوای خۆمان، ھەرچۆن لە ڕابوردودا نوسەر و كەڵە شاعیرەكانمان بە پاكی و بێ بەرابەر ئەم ئەركەیان كێشا.
بەھۆی تێنەگەیشتنم لە ھەندێك وشەی نامۆ و لە كاتی خۆیندنەوەی ھەندێك بابەت، كە زۆربەی نووسەرانی كوردی ئەم سەردەمە خوویان پێوە گرتووە، لێان بووە بە باوو ،(لە خۆناندنێكی بێ مانا ھیچی تر نیە). ڕاكێشرامە ناو ئەم بابەتە، كە بە ئەركی زمانەوانانی دەزانم كە ڕووی خۆیان لەم بابەتە بكەن.
داوایان لێدەكەم كۆششەكانییان چڕبكەنەوە ھەست بە بوونی بۆشای وشیاری نەتەوەی بكەن لە ناو گەلەكەمانداھەیە، كەئەم كەمتەرخەمیە دەگەڕیتەوە بۆ دەزگاكانی میری و فەرمانرەوایانمان بەگشتی.

ھەركەسێك بە مەبەستی گەورەبوونی زمانی كوردی، وشەی بیانیمان لە جیاتی داتاشین و دروست كردنی وشەی تازە لە خوودی زمانی كوردی بۆ بەرھەم دھێنێ ،ئەوە ھەڵەیەكی میژوویە كە چەندین ساڵە دووژمنانی كورد پێشتر ئەم ھەوڵەیان تاقی كردەوە.
زۆر جار نووسینەكانی ئەم نووسەرانە لەناوەڕۆكدا دەكرێ بڵێین بەھێزن، نەخێر زۆر زۆر بەھێزن! توانا و كارامەیەتی سەرسوڕھێینەری تێدا بەكار ھاتووە، بەڵام لە ڕووی وشە سازیەوە بەھۆی تێكەل كردنی ئەو ھەموو ووشە بیانیانەوە سەر لە خۆێنەری كورد تێك دەدەن.
گشت لایەكمان دەزانین كە نووسین بەر لەوەی بۆ خودی چینی ڕۆشنبیران بێت، پێوویستە بۆ ئەوچینە بێت كە ئارەزووی خۆ ڕۆشنبیركردنیەتی، و لە ھەوڵی ئەوە دایە لە خودی خۆی و دەوروبەری بگات، بۆ نموونە خۆم یەكێكم لەوانە. (مەلای مەشھور دەست و خەتی ئەوەندە ناخۆش بوو كە نامەی بۆیەكێك دەنووسی دەبووخۆی لە تەك نامەكەیدا تەشریف بەرێ بۆی بخۆێنێتەوە تا كابرا حاڵی ببێت)
بەڕاستی لە ھەمووی سەرتێكدەرتر! ھەرنووسەرەو بەپێی شارەزای خۆی لەو زمانە بیانیانەی كە لەناویان دا دەژیت زمانەكەیانی ھەڵگرتووە، زاراوەكان دەردەببڕن و دەی ئاخنە ناو زمانی كوردی، بۆ نموونە بە زمانی ئەڵمانی یانەرویجی بە كۆتای دەڵێن(فیناڵ) بەڵام بەزمانی ئینگلیزی پێدەڵێن (فاینڵ). كە دەكرێت بە كوردیەكەش بڵێین (كۆتای) یان (دووای) كە بێگوومانم بە زۆر زاراوەی تری جوانی كوردی دەكرێ بنووسرێ یان بگووترێت. ئەمە تەنھا نمونەیەكە و گەر گەڕانێك بەناو نوسینەكاندا بكەین ئەوە زۆر و زۆر تر دەبینین. لە شێوەی سكۆلاریزم و گڵۆباڵیزم و دواڵیزم .......ھتد

لە گەڵ نووسینی ووشە بیانیەكاندا ھیچ پەراوێزێكیش دانانرێت بۆ ناساندنی ئەم ووشە بیانیانە، كە برا نووسەرەكانمان دەخوازن ئاۆێتەی زمانی كوردی بكەن ووشە ڕەسەنەكەی كوردی لە پێناوی خۆنواندنێك پێ دەگوژینەوە ،كە ئەمە خۆی لە خۆیدا كوشتنی كلتۆر و كوشتنی گەلێكە، بەمەبەستی لەناو بردنی زمانی كوردیە. ھەرچۆن زمانی فارسی ئاوێتەی زمانی عەرەبی بوو بە ھۆی ئیسلام بوونی ئێرانیەكان و دوایش بوونی زمانی عەربی بە زمانی ڕۆشنبیران زانست خوازانیان بە ئاگاو بێ ئاگا زمانەكەیان رەسەنایەتی خۆی لە 70% لەدەستدا.
ئێستا لاوانی فارس نازانن مانای ئارەزوو- بە فارسی چی دەگەیەنێت!ئەوان ئێستا زیاتر (میل)كە سەرچاوەكەی لە زمانی عەرەبیەوەیە بە كار دەبەن، كەئەمە بۆ گەڵێكی فارسی خاوەنی كلتۆرێكی ھەزاران ساڵە و پادشاھی نیوەی سەرزمینیان كردوە زۆر ئەستەمە، كە بە سەدان وشەی فارسیان بە عەرەبیەكە گۆڕیوە، لە ھەمووشی خۆشتر كاتێك لە وتووێژە كانی عەرەبیدا گۆێبیستی وشەیەكی عەرەبی دەبن، ئەوان لە زمانی فارسیدا بەكاری دەھێنن وا دەزانن عەرەبەكان وشە فارسیەكەیان دزیوە.
ئێمە وەك لە پێشەوە باسمان كرد ناخوازین شین و رۆ رۆ بۆ زمانی نەتەوەكانی تربكەین، بەڵام ئەمە نمونەیەكی زیندو و بەردەستە، كە ڕۆشنبیران دەكرێت كەڵكی لێوەربگرن و ببێتە وانەیەك.

دەكرێت بڵێین زانست و بیرۆكە و چەمكەكان لە جیھان لە بەرەو پێش چوونێكی بێووچان دایە، وشەكانیش بەھەمان شێوە ھاوتەریبن، ھەر رۆژە چەندین وشەی تازە لەدایك دەبن بەتایبەتی لە زمانی ئنگلیزیدا، كە ئێستا
بۆتە زمانی بنەڕەتی لە زۆربەی بوارەكانی جیھانیدا، بەڵام ئەمە نابیتە پاساو بۆ بە كوردی نەكردنی ئەم وشانەو یان دانەتاشین و درووست نەكردنی وشەی تازە .
لەوانەیە شارەزا كردنی خۆینەری كورد بە وشەی بیانی كارێكی باش بێت، بەڵام نەبیتە ھۆی لێسەندنەوە و لەبیر بردنەوەی وشە ڕەسەنەكەی كوردی.
ئێستا چەندین نەتەوە دەبینین لە جیھاندا بۆ پاك كردنەوەی زمانی زگماكیان و گیرانەوە و گیان بەبەرداكردنەوی، لە جەنگێكی ڕامیاری (سیاسی) دان. لە وێنەی گەلی ئایرش و پاسەفیكایەكان لە نیوزیلەند. ھەروھا نابێت لە یادمان بچێ، دوای ھەڵسەنگاندنی حكومەتی ئەمریكای ئەوكات لە سەردەمی (یولیسیس ئێس گرانت) ، بۆ ئەوەی كێشەی ھیندیەكان كە بە ئەمریكیە رەسەنەكان ناسراون، لە بنەڕەتەوە یەك لای بێتەوە، بڕیاریان دا منداڵەكانیان بەزۆر لێبستێنن و ڕەوانەی قوتابخانەكانیان بكەن، بۆگۆڕینی زمانی دایكیان بە ئینگلیزی، لەم ڕێگایەشەوە تێكەڵی ئەمریكیە تازەكانیان بكەن، خۆیان لە شەڕێكی مسۆگەری ئەم گەلە لە دواڕۆژدا لابدەن.

لە كۆتایدا بە پێویستی دەزانم بەبیری خۆینەری خۆشەوییستی بھێنمەوە، ھۆكارە سەرەكیەكانی لەناو چوونی زمان، بریتین لە جەنگ و برسیەتی و نەھامەتی وڵات و گەلێك و داگیر كردنی ، ئێمەی كورد بەگشتی و باتیەبەتی لەم پارچەی خۆماندا، گشت ئەمانەمان بڕی، توانیمان بەشانازیەوە پارێزگاری لە ناسنامەی خۆمان بكەین ، زمان و ناوە كوردیەكان بپارێزین، بەبێ ئەوەی ھیچ دەزگایەك ڕێنمایمان بكات، ھەركەس لەبەرخۆیەوە ھەستی بەلێپرسراوی دەكرد (ئەوەی فلس فلس كۆمان كردۆتەوە با كۆمەڵێك بە دینار نەی بەخشنەوە)، كەواتا ئێستا بۆناتوانین پارێزگاری لە زمانەكەمان بكەین، لە گەڵ ئەم ھەموو دەست واڵا بوونەمان؟ گەر لەژێر دروشمی بەجیھانی بوون (گڵۆباڵیزم) و پێشكەوتن خۆازی دوای زمانی نەتەوە داگیركەرەكان كەوتوون، ئەوە بێگومانبن بیركردنەوەی ئەوان،بەپێچەوانەی دیدی ئێمەیە و ھیچی تر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە