کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


کۆنفڕانسی کورد یان سێناریۆی خه‌ساندنی کورد؟

Wednesday, 18/03/2009, 12:00

1475 بینراوە


ماوه‌یه‌که‌ ده‌نگۆی ئاماده‌کاری بۆ به‌ستنی کۆنفڕانسی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ باشووری کوردستان له‌ میدیای کوردی و که‌مێکیش میدیای هه‌رێمی دا ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌. PKK و PJAK وه‌ک دوو پارتی تێکۆشه‌ر و چالاکی بزاڤی ئازادی کوردستان به‌ شێوه‌گه‌لی جودا گومان و نیگه‌رانی خۆیان له‌ دیوی پشته‌وه‌ی ئه‌م کۆنفڕانسه‌ نیشان داوه‌. خاڵی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه‌ که‌ تا ئێستا چه‌ند جار PKK بانگه‌وازی له‌ پارت و رێکخراوه‌کانی کوردستان کردووه‌ که‌ پێکه‌وه‌ کۆنفڕانسێکی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌ستن و ستڕاتیژییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ په‌یوه‌ندی و کاری سیاسی دابڕێژن و هێڵه‌ سووره‌کانی به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دیمو‌کراتیکی کوردی ده‌ستنیشان بکه‌ن. به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ڵامێکی ئه‌رێنی به‌ بانگه‌وازیه‌کانی PKK نه‌درایه‌وه‌. ئه‌وڕۆ چ شتێک بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وانه‌ی پێشتر بۆژۆیان له‌م مژاره‌ ده‌کرد و نه‌یانده‌وێرا توخنی بکه‌ون، قۆڵیان لێ هه‌ڵماڵیوه‌ و ده‌یانهه‌وێ ئه‌م کۆنفڕانسه‌ ببه‌ستن؟
ماڵپه‌ڕی تورکی "ته‌ڕه‌ف" رۆژی 3/3/2009 ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینێکی رۆژنامه‌وان "نه‌شه‌ دووزه‌ل" له‌ گه‌ڵ نوێنه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق "عومه‌ر میرانی" بڵاو کردۆته‌وه‌ که‌ وه‌ڵامی زۆر گومان و پرسی تایبه‌ت به‌م مژاره‌ ده‌داته‌وه‌. خاڵی هه‌ره‌ سه‌رنجڕاکێش به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ وڵامه‌کانی عومه‌ر میرانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م کۆنفڕانسه‌ ده‌ستی هێزی ده‌ره‌کی له‌ پشته‌ و له‌ کۆنفڕانسێکی نه‌ته‌وه‌یی پتر له‌ سێناریۆ و پیلانێک بۆ خه‌ساندن و قۆڵبه‌ست کردنی هێزه‌ چالاک و کاریگه‌ره‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان ده‌چێ.
به‌ گوێره‌ی وته‌کانی میرانی له‌ ماوه‌ی مانگێک تا مانگێک و نیوی تر، کۆنفڕانس ده‌ست به‌ کاری خۆی ده‌کا. هه‌روه‌ها پارت و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان بانگێشت ده‌کرێن. له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی که‌ ئایا ئێوه‌ PKKش بانگهێشت ده‌که‌ن دا ده‌ڵێ؛ ئێمه‌ به‌ ته‌ماین PKKش بانگهێشت بکه‌ین. ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی دا گرتنه‌به‌ری خه‌باتی سیاسی و ده‌ستبه‌ردان له‌ چه‌ک، وه‌ک یه‌کێک له‌ مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی کۆنفڕانس ده‌ست نیشان ده‌کا:''پێویسته‌ ئیتر کورد وه‌ک پێویستییه‌کی سه‌رده‌م ده‌ست له‌ چه‌ک به‌رده‌ن. بابه‌تی سه‌ره‌کی کۆنفڕانس ده‌ستبه‌ردان له‌ چه‌ک ده‌بێت. ئه‌مڕۆ له‌ نێو کوردان دا بێجگه‌ له‌ PKK دوو رێکخراوی دیکه‌ش هه‌ن. یه‌کیان باڵی PKK له‌ ئێران واته‌ PJAK و ئه‌ویتریش حیزبی دیموکڕاتی کوردستان له‌ ئێران. گفت و گۆ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ بۆ ئه‌وه‌ی PKK و ئه‌وانی تر ده‌ست له‌ چه‌ک به‌رده‌ن و خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی بکه‌ن، پێویسته‌ چ بکه‌ین''.
عومه‌ر میرانی له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی پارته‌که‌ی له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی تورکیا و ده‌زگای هه‌واڵگری میت ده‌کا و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کا که‌ تورکیا به‌ شه‌ڕ و ئۆپه‌ڕاسیۆن نه‌ک ته‌نیا نه‌یتوانیوه‌ PKK بنبڕ بکا، به‌ڵکوو به‌ جۆرێک بۆته‌ هۆی گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی PKKش. میرانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کا که‌ PKK ته‌نیا به‌ شه‌ڕ و رێبازی چه‌کداری له‌ ناو ناچێ و به‌م شێوه‌یه‌ش ناڕاسته‌وخۆ باس له‌ گرتنه‌به‌ری شێوازگه‌لی تر بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی هێز و کاریگه‌ری PKK له‌ باکووری کوردستان ده‌کا و هه‌ندێ هه‌نگاوی سیاسی له‌ لایه‌ن حکوومه‌تی تورکیا وه‌ک یه‌کێک له‌م شێوازانه‌ له ‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. هه‌روه‌ها دان به‌ هاوکارییه‌کانی پارتی و یه‌کێتی به‌ ئامانجی له‌ناوبردنی PKK دا ده‌نێ و ده‌ڵێ:''هه‌موو وا ده‌زانن PKK کارتی ناو باخه‌ڵمانه‌، ده‌یانهه‌وێ ئه‌م کارته‌ ده‌رهێنین و راده‌ستیان بکه‌ین. به‌ڵام PKK خۆ له‌ته‌ کاغه‌ز نیه‌. ئێمه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کان دا به‌ هاوکاری هێزه‌کانی تاڵه‌بانی دژی PKK شه‌ڕمان کرد. بارزانی، تاڵه‌بانی و تورکیه‌ شانبه‌شانی یه‌کتر دژی PKK ئۆپه‌ڕاسیۆنمان کرد. به‌ڵام نه‌مانتوانی PKK پاکتاو بکه‌ین. دیتمان که‌ ته‌نیا به‌ شه‌ڕ ناتوانین PKK له‌ ناو ببه‌ین''.
عومه‌ر میرانی که‌ له‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌ دا وه‌ک نوێنه‌ری پارتی دیموکرات له‌ تورکیا نێوزه‌د کراوه‌، باس له‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌ک بۆ سه‌قامگیرکردنی ئاسایش و ئاشتی له‌ تورکیا و باکووری کوردستان ده‌کا. ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ که‌ ته‌مایه‌رن له‌ نێو کۆنفڕانس دا بیکه‌ن به‌ بڕیار و پێشکه‌شی کاربه‌ده‌ستانی تورکیای بکه‌ن، به‌ کورتی و له‌ چه‌ند خاڵ دا ئاوا له‌ رێژه‌ک دراوه‌؛
أ‌- راگه‌یاندنی لێبوردن یان یاسای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵ له‌ لایه‌ن تورکیا بۆ ئه‌و گه‌ریلایانه‌ی که‌ به‌شداری شه‌ڕ نه‌بوونه‌.
ب‌- ده‌ست له‌ چه‌ک به‌ردانی PKK و کۆتایی پێ هێنان به‌ خه‌باتی چه‌کداری.
ت‌- ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی کار و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ تورکیا.
پ‌- داخستنی که‌مپی په‌نابه‌ران له‌ مه‌خموور و ناردنه‌وه‌یان بۆ تورکیا.
ج‌- دوورخستنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ و کادره‌ کۆنه‌کان و سه‌رکردایه‌تی PKK بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ زۆر‌ له‌ تورکیا دوورن.
عومه‌ر میرانی له‌ دا‌نانی مه‌رجه‌کان دا هیچ ئاماژه‌ به‌ دۆخ و داهاتووی به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌ دووڕگه‌ی ئیمڕالی ناکا و هه‌روه‌ها به‌ روونیش ئه‌و هه‌نگاوه‌ سیاسیانه‌ی که‌ ده‌بێ حکوومه‌تی تورکیا هه‌ڵیانهێنێ، ده‌ستنیشان ناکا. مه‌رجه‌کانی ناوبراو که‌ وه‌ک چه‌ند خاڵێک به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری سیاسی کێشه‌ی PKK ده‌یانخاته‌ روو، له‌ مه‌رجی چاره‌سه‌ری زیاتر له‌ مه‌رجی ئاشبه‌تاڵ و ته‌سلیم بوون ده‌چن. هه‌روه‌ها نوێنه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ تورکیا له‌ جیاتی کێشه‌ی کورد به‌رده‌وام ده‌سته‌واژه‌ی کێشه‌ی PKK به‌کار دێنێ و حکوومه‌تی ئه‌ردۆغانی سه‌رۆک وه‌زیریش به‌ حکوومه‌تێک نێوزه‌د‌ ده‌کا که‌ ده‌یهه‌وێ مه‌سه‌له‌که‌ چاره‌سه‌ر بکا. ناوبراو له‌ ئێستاوه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ ئاشکرا ده‌کا که‌ له‌ به‌ر ده‌م PKK دایده‌نێن به‌ڵام هیچ باس له‌و مه‌رجه‌ سه‌ره‌کی و سیاسیانه‌ ناکا که‌ وه‌ک کۆنفڕانسی کورد پێویسته‌ ئاراسته‌ی تورکیای بکه‌ن. عومه‌ر میرانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کا که‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، یه‌کێتی ئه‌وڕووپا و دیاره‌ تورکیاش هومێدێکی زۆریان به‌م کۆنفڕانسه‌ و ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش ئه‌و گومانه‌ له‌ لای تاک و کۆی سیاسی کورد به‌هێزتر ده‌کات که‌؛ ئاخۆ ئه‌م وڵاتانه‌ بگێڕ و هێزی پشتی په‌رده‌ی ئه‌م کۆنفڕانسه‌ نین؟ ئایا ئه‌م کۆنفڕانسه‌ به‌ راسپێری و فیتی ئه‌م زلهێزانه‌ ده‌به‌سترێ؟ بۆچی رووی مه‌رجه‌کان ته‌نیا له‌ PKK یه‌؟ وه‌ بۆچی خه‌باتی ره‌وای گه‌لی کورد له‌ باکوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌نیا وه‌ک خه‌باتی چه‌کداری نێوزه‌د ده‌کرێ؟ و زۆر پرسی تر که‌ دانه‌وه‌ی وڵامه‌که‌یان لای تاکی سیاسی کورد ئه‌وه‌نده‌ دژوار نیه‌.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)