کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مۆسۆلینیه‌ فاشییه‌که‌ی ئیتاڵیا و بارزانییه‌ پارتییه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌

Wednesday, 27/04/2011, 12:00


مسعود بارزانى كەدەچێتە ئیتاڵیا بەرنامە ژێر زبڵدانكەوتوەكەى مۆسۆلینى دێنێتەوە بۆ درێژەپێدانى سیاسەتى خۆی و حزبەكەى.
زۆربەى مێژونوسان و كۆمەڵناسان پێیان وایە بەنەمانى ڕژێمە فاشیەكانى ئەڵمانیاو ئیتاڵیا كۆتایى نەهاتوە بە فاشیەت،چونكە فاشیەت بۆتە پەتایەك و ڕەگ و ڕیشەى بڵاو بۆتەوە لەناو گۆمەڵگاكان و درێژە بەژیان و بەردەوامى خۆى دەدات،بیر و بەرنامەى فاشیەت بۆتە هاوڕێ ى زۆربەى دەسەڵاتدارو حكومەت و سەركردەكانى ئەمڕۆش.
زاراوەى فاشیزم لەووشەى (فاشیسمۆ) ((fascimo)).وەرگیراوە،كەبریتیە لە كۆمەڵە دارێكى پێكەوە بەستراو لەگەڵ تەورێكدا كەلە ڕۆماى كۆندا وەكو ڕەمزى هێز لەلایەن كەسانى ڕێزى پێشەوەى شەڕ هەڵدەگیرا.بەڵام فاشیزم وەكو چەمێكى مێژوویى سیستەمێكى حكومەتیە كەلەنێوان ساڵەكانى(1922) تا (1943) لەئیتاڵیا لەلایەن مۆسۆلینى ڕێبەرایەتى كرا.
مۆسۆلینى لەساڵى (1932) لە ئینسكلۆپیدیایى ئیتاڵى بنەماگشتیەكانى فاشیزمى ڕاگەیاند،هەندێ لەو بنەمایانە بریتى بوون لەمانە:
1- دژایەتى كردنى لیبرالیزم.
2- تۆتالیتارى بونى دەوڵەت.
3- سیستەمى تاك حزبى.
4- بڕواى قوڵ بەپەرستنى سەركردەكان.
5- پیرۆزكردنى ڕێبەرو پێشەواكان.
ئەگەر سەیرى ئەم بنەمایانە بكەین دەبینین هەمان ئەوبنەماو ڕێسایانەیە كە (پارتى دیموكراتى كوردستان) لەسەرى دامەزراوەو پەیڕەوى دەكات.
پارتى لەوەتەى هەیە دژایەتى لیبرالیزم دەكات چونكە دەزانى لەوێوە ئازادى تاكە كەس دەپارێزرێت و پارێزگارى لەمافەكانى دەكرێت...بنەماى دووەمیش كەبریتیە لەتۆتالیتارى بوونى دەوڵەت.ئەوەپارتى لەم بنەمایە لەپێشەوەى گشت وڵاتێك دێت كەتۆتالیتارە.ئەم زاراوەیە لە وشەى لاتینى ((totus)) وەرگیراوە كەبەماناى "هەموو" دێت یان "گشتگیر" لەسیاسەت بەو ڕژێمانە دەگوترێ كە دەستیان بەسەر گشت لایەنێكى ژیاندا گرتوە لەئابورى و كۆمەڵایەتى و دەسەڵات و پەروەردەو دادگاو...هتد.ئەگەر سەیرى پارتیش بكەین هیچ بوارێك نەماوە بەشدار نەبێ لەبەڕێوەبردنى یاخود لەبەحزبى كردنى،هەر لەقوتابخانەو مزگەوت بگرە تادەگاتە بەرزترین بوارى دەسەڵات...بنەماى سێ یەم تاك حزبیە.بەوڵاتێك دەگوترێت سیستەمى تاك حزبى كەحزبێك فەرماندارى وڵات بكات بۆماوەیەكى زۆر و ڕەفزى هەبوونى گشت لایەن و حزبێك بكات جگەلەخۆى.پارتیش لەسەرەتاى دروست بوونیەوە تاكو ئەمڕۆ بەكرداروو بە ڕەفتار ڕەفزى گشت حزبێكى كردووە سەرەتا لەلایەن مستەفابارزانى و دواى ئەویش لەلایەن كوڕەكەى.بۆیە مسعود بارزانى لەچەند ساڵى ڕابردوو لە وتارێكى وتى : (پارتى حزبى دایكەو ڕۆژێك دادێ هەموو نەوەكانى بگەڕێنەوە باوەشى ئەم دایكە).ئەم قسەیە بانگەوازێك بوو بۆگشت لایەك كە دەبێ یەك حزب فەرمانڕەوابى ئەویش پارتی،جگەلەئەو كەسیتر بۆى نیە دەسەڵات بگرێتە دەست،لەكۆنگرەى (13) دا بەئاشكرابەپێش چاوى ڕاگەیاندنەكانەوە ئەوەى ڕاگەیان كەپارتى تاكە حزبى سیاسى كوردستانەو سەرەتاو دوایى بۆئەوە...بنەماى چوارەم بریتیە لە بڕواى قوڵ بەپەرستنى سەركردەكان.(32) ساڵ بەسەر مردنى مستەفابارزانى تێپەڕیوە كەچى تاكو ئێستاش پێ ى دەڵێن (بارزانى نەمر) ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەپەرستنى سەركردەكان لەلاى ئەم پارتە بۆتە ڕێبازو بەرنامەو لەسەر خەڵكیان كردۆتە واجبێكى عەتمى و ساڵانە بەچەندان پاسى گەورە دەگرن بۆ فەرمانبەر و قوتابى تاوەكو بیبەن لەدەورى گۆڕى بارزانى (پەرستش) ئەنجام بدەن و تەواف بە چوار دەورى گۆڕى بارزانى لێبدەن...
بنەماى پێنجەمیش كەبریتیە لەپیرۆز كردنى ڕێبەر و پێشەواكان.ئەم بنەمایەیان ئەگەر مۆسۆلینى دواى بارزانى بوایە دەمگوت بارزانى فێرى مۆسۆلینى كردوە!!! ماوەیەك مسعود بارزانى هەركۆبونەوەیەكى جەماوەرى بكردایە یەك بەدەنگى خۆى هاوارى دەكرد دەیگوت : (ئەمن شێخم).تەریقەتیشم نەقشەبەندیەو خۆم لەهەموو خەڵكە بەدینتر دەزانم.جەنابى دەیزانى خەڵى ئەم مەملەكەتە پیاوى ئاینى و شێخەكانیان لاپیرۆزە بۆى بانگەشەى شێخایەتى بۆ خۆى و بنەماڵەكەى دەكرد تاوەكو لەم ڕێگایەوە پیرۆزى بەدەست بێنێت بۆخۆى و بنەماڵە و حزبەكەى.بەڵام ئەو سەردەمە كۆتایى هاتوو پیرۆزى سەركردەكان كاتى بەسەر چوو.
ئەوەى جێى سەرنجە پارتى هەمان ڕێبازى فاشیەكەى مۆسۆلینى دووبارەكردۆتەوە،ئەمەش مایەى دڵخۆشیە بۆخەڵكى كوردستان چونكە مۆسۆلینى لەماوەى بیست ساڵ گەیشتە ترۆپكى دەسەڵات و لەماوەیەكى كورت بوو بەپەندى مێژوو چووە زبڵدانى ڕۆحە دیكتاتۆرەكان.ئێستاش چاولێكەرەكەى كە مسعود بارزانیە ماوە ماوە دەچێتە ئیتاڵیا و بەرنامە ژێر زبڵدانكەوتوەكەى مۆسۆلینى دێنێتەدەرەوەو بەرنامەى حزبەكەى پێ دەوڵەمەند دەكات.ڕۆژێ دێ هەمان چارەنوس توشى خۆى و حزبەكەى دەبێ .


  مۆسۆلینى دواى گوللە بارانكردنى لە لایەن دوژمنەكانى و هەڵواسینى لەلایەن گەلەوە
بەمردویى ئەمەش لەبەر ئەو زوڵم و ستەمەى كە كردبووى

ئه‌ی مسعود بارزانى پاش ئه‌و هه‌موو خیانه‌ت و ناپاکیی و دزییه‌، چی چاوه‌ڕێی ده‌کات؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە