کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەنێوان روونكردنەوەكەى سكرتاریەتى "جەلال تاڵەبانى" و روونكردنەوەكەى "رێبین هەردى، بەختیار عەلى، ئاراس فەتاح"دا

Sunday, 27/06/2010, 12:00


{وەك عورفێكى رۆژنامەوانى دەبوو ئەم بابەتە لەهەفتەنامەى ئاوێنەدا بڵاوبوایەتەوە، بەڵام بەهۆى رێگیرى زۆرو زیاد لەبەهانەیەكى نابەجێ رێگەى بڵاوبونەوەى پێنەدرا، هاوكات روومان لەهەردوو رۆژنامەى هاوڵاتی و رووداویش نا بۆ بڵاوكردنەوەى، بەڵام لەوێش دەستیان بەروومانەوەناو چانسى بڵاوكردنەوەى نەبوو، ئەوانیش بەكۆمەڵێك پاساو و بیانوى جۆراو جۆر، بۆیە بڵاوكردنەوەیمان لێرەدا (کوردستانپۆست) بەپێویست زانى، بۆ ئەوەى زۆرترین رێژەى خوێنەرانى كورد هەقیقەتى ئەم مەسەلەیە بزانن.}

سەرنجێكى پێویست بەر لەدەسپێك:
رۆژێك دواى بڵاوبونەوەى رونكردنەوەكەى رۆشنبیرانى كورد " رێبین هەردى، بەختیار عەلى، ئاراس فەتاح " لەرۆژنامەى (ئاوێنە)، بۆ ئیدانەكردنى نوسینەكەى من و بەرگریكردن لە"شێركۆ بێكەس"و ئەنجومەنەكەى لەدەزگاى سەردەم، سكرتاریەتى سكرتێرى گشتى (ى.ن.ك) لەبەروارى 23/6/2010 ئەوانیش بە رونكردنەوەیەك كەوتنە مەحكومكردنى نوسینەكەم و پیاهەڵدان و ستایشكردنى "شێركۆ"و رۆڵى دەزگا روناكبیریەكەى. لە رونكردنەوەكەى سكرتاریەتى "جەلال تاڵەبانى"دا هاتووە:
(ماوەیەكە لێرەو لەوێ لە هەندێك رۆژنامە و سایتدا و بەمەرام و مەبەستى تایبەت هەوڵدەدرێت، ناوى دەزگاى سەردەم و سەرۆكەكەى كە شاعیرێكى گەورە و ناودارى گەلەكەمانە بزڕێنرێ. لە كاتێكدا سەردەم دەزگایەكى روناكبیرى كارا و پڕ بەرهەموو دەستپێشخەرى كوردەوارییە، لەكاتێكدا رۆڵى ئەم دەزگایە لە جوڵانەوەى روناكبیریی كوردیدا بەرزدەنرخێنین ئەوەش دەخەینەروو، ئەو یارمەتیەى كە لە بودجەى شەخسى هەڤاڵ مام جەلالەوە بەو دەزگایە دەدرێت بەمەبەستى هاندان و زیاتر راپەڕاندنى كارەكانیان، هیچ نیە لەچاو ئەرك و ماندووبوون و بەخششى ئەو قەڵەمە دڵسۆزانە و یارمەتیەكى بچوكە بۆ شاعیرى لێهاتوو كاك شێركۆ بێكەس و نووسەرانى دەزگاكە و كارەكانیان. ئومێدەوارین هەر بەردەوامبن و لەخزمەتى جوڵانەوەى رووناكبیرى كوردیی و كتێبخانەكەیدا).

ئەم هەڵوێستەى سكرتاریەتى سكرتێرى گشتى (ى.ن.ك) و هەڵوێستى حیزبی و حكومى دیكە، بۆ من جێگەى پرسیار نیە و بە ئاساسى وەریدەگرم و شتێكى چاوەڕەوانكراویشە بۆ هەموو لایەك، لەبەرئەوەى "شێركۆ" هەم ئەندامى فەخرى سەركردایەتى (ى.ن.ك) و وەزیر و ئەندام پەرلەمانى سەرلیستى سەوزبووە و هەم شاعیرى دەربارى ئەو حیزبە بووە لە حەفتاكانەوە تا ئەمڕۆ. هاوكات خۆى و ئەنجومەنەكەى لەكۆنگرەى سێهەمى (ى.ن.ك) كە بەرلەچەند رۆژێك كۆتایى بەكارەكانى هێنا، لەریزى پێشەوەى میوانەكان و ئامادەبووانى ناو كۆنگرەكەدا بوون، بەڵام ئەوەى چاوەڕواننەدەكراو و ناخۆش بوو بۆ من، هەڵوێستى ئەو سێ كەسە بوو كە بەچاوپۆشى لەو هەموو گەندەڵى و پارەخۆریە، ئەو رونكردنەوەیەیان داو لە پاڵ تۆمەتى زمان زبرى و رێزنەگرتنى ئەتیكى نوسیندا، كەوتنە پەلاماردانم. ئەوەى ئێستا روودەدات هاوپەیمانى ئەهریمەنیانەى نێوان رۆشنبیر و دەسەڵاتە، حلفى موقەدەسى نێوەندى رەهەند بۆ لێكۆڵینەوەى كوردى و سكرتاریەتى "جەلال تاڵەبانى"یە، بۆ پەردەپۆشكردنى گەندەڵى و بێسەروبەریەكانى دەزگاكەى "شێركۆ".
من لێرەدا وەڵامى روونكردنەوەكەى سكرتاریەت نادەمەوە و فەرامۆشى دەكەم وەك ئەوەى هەر نەبوبێت، بەڵام ئەوەى بەتوندى وەڵامى ئەدەمەوە، هەڵوێستى سێ منەوەر و سێ رەخنەگرى كوردە كە خاوەن پرۆژەیەكى فیكرى جیدین و بەگژاچونەوەى گەندەڵى و ناعەدالەتى یەكێكە لە ئەركە سەرەكیەكانیان.

لێرەدا من تەنها یەك شت بە سكرتاریەتەكەى "تاڵەبانى" دەڵێم: (گەر شێركۆ و دەزگاكەى ئەوەندە نمونەیى و بێكەم و كوڕین، وەك ئەوەى ئێوە باسى دەكەن، كەواتە دەبێت ئەو دوو راپۆرتە چل لاپەڕەییەى دیوانى چاودێرى دارایى، رمڵ لێدان و فاڵگرتنەوە بێت). ئێوە كە بەمجۆرە تەقدیرى دەستەكانى دەزگاى چاودێرى دارایى دەكەن، چاكتر نییە كاك "جەلالى سام ئاغا" بنێرنە ماڵەوە و دەزگاكەشى دابخەن، تا نەخۆتان دووچارى ئەمجۆرە سەر ئێشانەبن و نەهەوڵى دەزگایەكى وا گەورە و گرانیش بێ ئیعتیبار سەیر بكەن.

لەگەڵ بڵاوكردنەوەى نووسینەكەمدا، لێرە لەوێ قسە دەبیستمەوە و كەسانى خەمخۆریش لە دڵسۆزیەوە هۆشیاریم دەدەنێ كە ئاگادارى خۆم بم چونكە رەنگە "شێركۆ" و دەست و پێوەندەكەى، لە رێى پیاوانى حیزبەوە زەفەرم پێبەرن و عەزیه‌م بدەن. تابڵاونەوەى رونكردنەوەكەى سكرتاریەت، ئەو شتانەم بەجدى نەگرتبوو، بەڵام لێرە بەدواوە هەستدەكەم كە ئەم مەسەلەیە خەریكە لە رونكردنەوەو جواب و جوابكارى و تەنانەت پەنابردنە بەر دادگاش تێدەپەڕێنێ و بەرەو شوێنێكى تر مل دەنێت. بۆیە لێرەوە بەدەنگى بەرز رایدەگەیەنم: لێرە بەدواوە هەر هەڕەشەو دەست درێژییەك بكرێتە سەر ژیانى خۆم و كەسوكارم، "شێركۆ" و ئەندامانى ئەنجومەنەكەى و حیزبەكەى "تاڵەبانى" لێى بەرپرسن. من لە رێى ئەم رونكردنەوەیەى رەهەند و سكرتاریەت و ئەو قسانەى دەیبیستمەوە، تێگەیشتم "شێركۆ" بۆ تۆڵەسەندنەوە لەوكارەى من، هەموو رێگەیەك دەگرێتەبەر. ئەمانەشى دەیبینین، تەنها سەرەتایەكە و هیچى تر.

دەسپێك:
هەفتەیەك دواى بڵاوبونەوەى بابەتەكەم، لەسەر گەندەڵیەكانى دەزگاى سەردەم و بەرلەوەى دەزگاى ناوبراو وەڵامبداتەوە، "رێبین هەردى و بەختیار عەلى و ئاراس فەتاح" هاتنە دەنگ و بەرونكردنەوەیەك، كەوتنە داكۆكیكردن لە دەزگاى سەردەم و بێ ئیعتیباركردنى نوسینەكەى من و سزادانى هەفتەنامەى ئاوێنە.
ئەم هەڵوێستە بۆ من و بۆ زۆربەى ناوەندى رۆشنبیرى و رۆژنامەوانى كوردى جێگەى پرسیاربوو، ئەوان لە برى دەستخۆشى ئیدانەكردنى ئەو گەندەڵیە زۆر و زەوەندەى ناو دەزگاكەى "شێركۆ بێكەس"، چوونە سەنگەرى بەرگریكردن لە كەسانێك كە دوانزە ساڵە بەناوى رۆشنبیریەوە ، بە هەموو شێوەیەك خەریكى بازرگانیكردن و بەهەدەردانى پارەو پولى ئەو دەزگا رۆشنبیریەن. لەو رونكردنەوەیەدا بەناوى نوسینى توند و زمانى زبرەوە، ئەو رۆشنبیرانە لە هەوڵى ئەوەدان مەسەلە سەرەكیەكە (كە گەندەڵى دەزگاكەیە)، بیر خەڵك بەرنەوە و ئاڕاستەى مەسەلەكە بەلایەكى تردا بەرن.
من لێرە بەدواوە، نهێنى بەدەنگ هاتنى ئەم رۆشنبیرانەتان بۆ روندەكەمەوە و باس لەو سەفقەیە دەكەم كە لە نێوان سەردەم و ئەو سێ كەسەدا كراوە، بەڵام بەرلەوە پێمخۆشە سوپاسى جوامێرى و هەڵوێستى مەردانەى براى رۆشنبیر كاكە "مەریوانى وریا قانیع" بكەم كە نەیویست تێكەڵ بەو گەمەیە بێت و ویژدانى رێگەى نەدا، درۆ لەگەڵ خۆى و خوێنەرانیدا بكات. نەیویست بۆ پەردەپۆشكردنى هەندێ شت، چاو لەو هەموو گەندەڵى و ناعەدالەتى و نابەرپرسیارێتیەى سەرۆك و ئەندامانى ئەنجومەنى سەردەم دابخات. ئەگەر "مەریوان وریا" بیزانیایە مەسەلەكە زمان زبرییە و شتێكى تر نییە، رێك و راست هەڵوێستى وەردەگرت. تۆ بڵێى "مەریوان وریا" سى ساڵ تەمەنى هاوڕێیەتى و یەكترناسینى لەگەڵ "بەختیار عەلى" و "ئاراس فەتاح" و "رێبین هەردى" و ئەو عەشاماتەى ناو سەردەمدا، بە من بگۆڕێتەوە؟ لێرە بەدواوە ئەوەندەى پێمبكرێت و ئاو لە دوى بێڵم بێت، هەوڵده‌دەم بەكورتى و بەبەڵگەوە باسى ئەو سەفقەیە بكەم و وەڵامى ناوەڕۆكى رونكردنەوەكەى ئەو سێ رۆشنبیرەى كوردیش بدەمەوە.

یەكەم/ ئەو سەفقەیە چى بوو؟
هاوینى ساڵى 2000 چەند هەفتەیەك دواى بڵاوبونەوەى كتێبەكەى "مەلا بەختیار" (دیموكراسى لەنێوان مۆدێرنیتەو پۆست مۆدێرنیتەدا)، ئێوارەیەك لە دەزگاى سەردەم بە"رێبین هەردى"م وت: وەڵامى كتێبەكەى "مەلا بەختیار"م داوەتەوە. "رێبین " وتى: (پێم بڵێ بزانم چیت نوسیووە؟). وتم: (گرنگ نیە چیم نوسیوە، گرنگ ئەوەیە هەست نەكەن تۆ بە تەنهایت و كەس لەسەرت نایەتە دەنگ. من ئەزانم خۆت ئەتوانى بەقەوارەى كتێبێكى وەك ئەوەى خۆى وەڵامى بدەیتەوە، بەڵام من ئەوەم وەك پشتیوانیەك نوسیوە تابزانن تۆ هەر خۆت نیت)(1). وتى: (ئەزانى بەردەوام دایكم و باوكم و خوشك و برایان بەتەلەفۆن لە هەواڵ پرسیدان و زۆر ئەترسن، دەڵێن وڵات جێبهێڵەو وەرە بۆ ئەوروپا). هەروەها وتى: (ئەزانى لەدواى دەرچوونى ئەو كتێبەوە، هەستەكەم ئێستا خەڵكانێك بەحەزەرەوە سەلامم لێدەكەن و وەك جاران نزیكم ناكەون).
ئەوە هەڵوێستى من بوو دەساڵ بەر لەئێستا بەرامبەر بە "رێبین هەردى"، كەچى ئەو لە ئێستادا و لە پاى هەڵدانەوەى سەرقاپى گەندەڵیەكانى دەزگاكەى "شێركۆ بێكەس"، دێت و لەگەڵ دوو رۆشنبیرى دیكەدا وەك گەلەكۆمەكى، دەكەونە پەلاماردانى من و داكۆكیكردن لەگەندەڵیەكانى سەردەم. "رێبین هەردى" بەرێنومایى و بەفەرمانى "شێركۆ بێكەس"و "شێرزاد حەسەن"، لە هەوڵى ئەوەدان من تەنها بكەن و گەمارۆم بدەن و بكەونە وێزەم. دەخوازن لەژێر بەهانەى زمانى زبر و نوسینى تونددا، هەموو گەندەڵى و بێسەروبەرى ئەم دوانزە ساڵەى دەزگاى سەردەم بیر خەڵك بەرنەوە. "رێبین هەردى" لە هەوڵى ئەوەدایە دەنگى من خەفەبكات، چونكە باش دەزانێ سبەینێ گەنجانى ئەم وڵاتە لە كۆڕ و كۆبونەوە و ۆرك شۆپ و شوێنە گشتیەكاندا، یەخەى پێدەگرن و پێى دەڵێن: (ئەرێ مامۆستا، خێرە بیست ساڵە باس لەگەندەڵى و ناعەدالەتى و شڕەخۆرى و نەبونى شەفافیەت دەكەیت، كەچى خۆت لەناو دەزگایەكى گەندەڵدا بەویژدانێكى ئاسودەوە بێدەنگ دانیشتوویت؟). لێرە بەدواوە ئەو گەنجە خوێندەوار و توڕانە بێدەنگ نابن و لە بەرۆكى تۆ و "بەختیار عەلى" و "ئاراس فەتاح" نابنەوە و دەپرسن: (ئەرێ خێرە رۆشنبیرە رەخنەگرەكانى كورد، دیفاع لەكەسانێك دەكەن كە بازرگانى بەرۆشنبیرى كوردیەوە دەكەن؟). "رێبین هەردى" بەرگرى لەكەسانێك دەكات لەدژى من، كە لە هاوینى ساڵى 2000 هیچ یەكێكیان ئامادە نەبوون بۆ بەرگریكردن لەو حەرفێك بنوسن و خۆیان لەبەردەم دەسەڵاتدارە دەسترۆیشتووەكانى (ى.ن.ك) چارەگران بكەن.
"رێبین هەردى" لەگەڵ دوو برادەرەكەیدا، لە رونكردنەوەكەیاندا بە من دەڵێن: (كێشەمان لەگەڵ ئەو بەشانەى نوسینەكەى كاك شواندا نیە كە ویستویەتى بە دۆكۆمێنت هەندێك شت بسەلمێنێت). سەیرى ئەم توانجە ناشرینە. من بەدرێژایى دوو ژمارە و چوار لاپەڕە و نیوى رۆژنامەیەكى وەك ئاوێنە و پشت ئەستور بەدوو راپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایى كە قەوارەیان (چل دانە لاپەڕەى A4)، لەگەڵ زیاتر لە سى و هەشت بەڵگەنامە و فاكس و نامە و شتیتردا، ئەو هەموو گەندەڵى و دزى و پارە خۆریەم ساغكردۆتەوە، كەچى ئەوان بۆ دیفاع لەسەردەم و بۆ بێ ئیعتیباركردنى نوسینەكەى من، ئیشەكە وا بچوك و لاوەكى نیشاندەدەن كە تەنها تۆمەتداشین و ناوبانگ زڕاندنە. دەی باشە رۆشنبیرى گەورەى كورد، تۆ راستگۆبە لەگەڵ خۆت و خوێنەران و خودا و میللەتە بەشمەینەتەكەى خۆتدا و بەهێندەى من، دەنگى جوامێرانەى لێهەڵبڕە و تۆش باسى كەمێكى كەمى گەندەڵیەكانى دیكە بكە. تۆ خۆت لە مانگى پێنج و دواى مانگێك لەدەست لەكاركێشانەوەكەى من، ئیستیقالەتدا و بۆ "شێركۆ" و ئەنجومەكەت نوسیووە: (هاوڕێیان بیرتان نەچێت من شەریكتان نیم). كەچى ئێستا خێرە دەستى "ئاراس فەتاح"و "بەختیار عەلى"ت گرتووە و خەریكى ئەوەن لێفەیەك بدەن بەسەر عەیب و عارەكانى "شێركۆ بێكەس" و "هەڵكەوت عەبدوڵڵا" و "ئازاد بەرزنجى" "رەووف بێگەرد" و "شێرزاد حەسەن"دا.
ئێوە ئەوەندە سەرسەختانە كەوتونەتە دژایەتى من، بەرلەوەى سەردەم كە خاوەنى شەڕەكەیە وەڵام بداتەوە، خۆتان كردۆتە كەوا سورى بەرلەشكر و بە من دەڵێن: (ناوزڕاندن و تۆمەت داشین و دەستبردن بۆ ژیانى شەخسى و برینداركردنى هەندێك ناوى پاك لە رۆشنبیرى ئێمەدا لەبەر مەزاجى ئەم و ئەو، ئەوە خۆى تاوانێكە لە گەندەڵى تێدەپەڕێت و دەبێتە كوشتنى مەعنەوى و ناڕەواى هەندێك مرۆڤ و دادەبەزێتە خانەى پێشێلكردنى ئینسانیەتى ئینسانەوە).
سەیرى ئەم بەرگریە سەرسەختە لە كەسانێك كە بە بەڵگەوە، بەراپۆرتى دیوانى چاودێرى داراییەوە، بە دەساڵ كاركردنى عەمەلى لەگەڵیان و بینینى رەفتار و هەڵسوكەوتكردنیانەوە، هەموو شتەكانیانم ئاشكراكردووە و هەندێكى دیكەشیم هەڵگرتووە بۆ كاتى خۆى. باشە "رێبین هەردى"، گەر ئەوانە ناوى پاكى رۆشنبیرى كوردین، دیوانى چاودێرى دارایى بۆ چل دانە لاپەڕەى لە سەر رەش كردونەتەوە؟ بۆ دوو كێشەیان لە دادگاى سلێمانیە؟ باشە بەڕێز گەر ئەوانە پاكن ئەى كێ ئەو هەموو گەندەڵیەى ئەنجامدا؟  گەر ئەوان نەبن بەخودا كەواتە من و تۆ و "د.شاهۆ سەعید"ین.
ئەو كەسانەى تۆ و برادەرەكانت دیفاعیان لێدەكەن، نەخۆیان بە تەنگ سومعەى دەزگاكەیانەوەن و نەباكیان بە نێو و نێوبانگى خۆیان هەیە. مەسەلەى گەندەڵى و زۆرشتى ترى ئەوان بەئەندازەیەكە، پێویستى بەتۆمەت داتاشین و ناوزڕاندن نییە، لە دوكاندارەكانى سەردەمەوە بپرسن تا هەرچى قەڵەم بەدەستى ئەم وڵاتەیە، بزانن چۆن حیكایەت و ماجەراى ناو سەردەم باس دەكەن. ئەم قسە قەبە و رستە بێناوەڕۆكانەى ناوى ئێوەى لە سەرە، شفاعەت بۆ هەموو ئەو دیكۆمێنت و نامە و فاكس و گەندەڵیانە ناكات. نەك روونكردنەوەكەى ئێوە، بگرە بەدەیان رونكردنەوەى "سلاڤیۆ ژیژەك"و "پیتەر سڵۆتەر دایك"و "یۆرگن هاپرماس"، "شێركۆ" و ئەنجومەنەكەى لەو تەڵەزگەیە دەرناكات. بڕواتان بێت بەم بەرگریكردنەتان زیانێكى زۆر بەخۆتان دەگەیەنن. دڵنیابن ئیتر وەك جاران خەڵك سەیرتان ناكات و كوڕ و كچە گەنجەكانى هەولێر و سلێمانى و گەرمیان، وەك جاران دەروێشانە لە حزورتاندا ناوەستن. دڵنیابن لێرە بەدواوە لە هەر كۆڕ و كۆبونەوەیەكدا دەم بكەنەوە و قسەبكەن، دەیان گەنجى توڕە دێنە بەردەمتان و ئیحراجتان دەكەن. لێتان دەپرسن ئەو بەرگریكردنەتان لە گەندەڵكاران لەپاى چى و بۆ خاترى چى؟ با من لێرە بەداواوە وەڵامى ئەوە بدەمەوە.

سەروەختێك سەرقاڵى نوسینبووم لە سەر گەندەڵیەكانى دەزگاى سەردەم، "هەڵكەوت عەبدوڵڵا" هەڕەشەنامەیەكى زارەكى بە "شۆڕش ئەحمەد"ى برامدا بۆ ناردم و وتبووى: (بەشوانى برات بڵێ یەك حەرفمان لەسەر بڵاوبكاتەوە، هەرچى شتى برادەرەكانیەتى بڵاوی دەكەینەوە. ئەگەر دڵى بەوە خۆشە شتى خۆیمان لانیە، بەوەسڵ و دیكۆمێنتەوە هەرچى شتى بەختیار و ئاراس و رێبین و سەناى ژنى بەختیار عەلى هەیە بڵاوی دەكەینەوە). سەفقەكەى ئەو سێ رۆشنبیرە و دەزگاى سەردەم، لەژێر بەیداخى ئەم هەڕەشەیەدا ئەنجامدراوە.
"رێبین" لە ئیستیقالەكەى پەشیمان بووەوە و كە نوسینەكەى منیش بڵاوبووەوە، "شێركۆ بێكەس" و ئەنجومەنەكەى "رێبین"یان ئاگاداركردەوە كە ئەوان وەڵامدەدەنەوە، وەڵامیش بدەنەوە دەست لە ناوهێنانى كەس ناپارێزن، بە"رێبین"و هاوڕێكانیەوە. هەر بۆیە پێیان راگەیاندبوون كە نەوعیەتى وەڵامدانەوەكەى سەردەم، پشت بە بوون و نەبوونى هەڵوێستى ئێوە دەبەستێت. گەر هاتنە سەنگەرى ئێمە و رونكردنەوەتان لەسەر نوسینەكەى "شوان ئەحمەد"دا، ئەوا ناوتان ناهێنین، گەرنا ئەوا هەموو شتێ ئاشكرا دەكەین. خوێنەرى بەڕێز ئێستا دەزانیت بۆچى رونكردنەوەكەى ئەو سێ رۆشنبیرەى كورد، هەفتەیەك پێش وەڵامدانەوەكەى دەزگاى سەردەم كەوت كە خاوەنى سەرەكى كێشەكەیە و دەبوایە یەكەم كەس و بەر لە هەر كەس و لایەنێكى دى خۆیان وەڵامیان بدایەتەوە، ئەوجا كێ قسە و رونكردنەوە و گلەیى هەبوو دەیتوانى دواى وەڵامدانەوەكەى سەردەم خۆى بێتە قسە.
لێرەدا جێى خۆیەتى هەموو خوێنەرێكى كورد ئەو پرسیارە لە "رێبین هەردى" بكات، كە بۆچى لە پاى چەند دەستەواژەیەكى توند و زبرى وتارەكەى "شوان ئەحمەد"، بڕیارتاندا وەك پەرچەكردارێكى رەمزى بەرامبەر ئاوێنە و سەرنوسەرەكەى، دوو هەفتە ستونەكانتان لە رۆژنامەكەدا بوەستێنن. ئەى بۆچى لە پاى ئەو هەموو گەندەڵیانەدا كە بەدیكۆمێنت خراونەتە ڕوو، بڕیارت نەدا نەك ئیستیقالە بكەیت، بەڵكو وەك ناڕەزاییەك دوو مانگ موچە لەدەزگاكەت وەرنەگریت؟ تۆ لە سەر بڵاوكردنەوەى بابەتێك سزاى ئاوێنە دەدەى، كەچى لەپاى ئەو هەموو فەزیحەتەى سەردەم كە ئێستا بەرەسمى دوو قەزیەى گەندەڵێ لەدادگایە، هیچ كاردانەوەیەكت نییە.
من ئەزانم لەبەر چییە و بۆ ئەوەى خوێنەرانى كوردیش بزانن و بەرچاو روونبن، بەبەڵگەوە دەستى ئەم سێ منەوەرەى كوردتان بۆ ئاشكرادەكەم، تابزانن شینى ئەمان بۆ "حسێن" نیە، بەڵكو بۆ هەریسەكەیە. كێشەكە زمان زبرى نیە، مەسەلەكە شتێكى ترە. خۆ ئەگەر مەسەلە زمان زبرى و تەشهیر و تۆمەت و كوشتنى مەعنەوى نوسەران بێت، ئەمان مامۆستا و شۆڕە سوارى ئەو بوارەن.

دووەم/ "بەختیار عەلى"و "رێبین هەردى"، باس لەئیتیكى نوسین دەكەن.
ئەو سێ رۆشنبیرە، بەبێ ئەوەى من لە تەمەنى یەكترناسینمانەوە تائێستا، جگە لەهەڵوێستى برایانە و قسەى خێر هیچى دیكەم بەرامبەر كردبێتن. بەبێ ئەوەى ئەو نوسینەى من جگە لەبەرگریكردن لەوان، ئاماژەیەكى خراپى بۆ ئەوان تێدابێت. بێ ئەوەى شەڕ پەیوەندى بەوانەوە هەبێت. بێ ئەوەى بەراستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ناوى ئەوانم بەخراپ بردبێت، هاتوون و یەخەیان بە من گرتووە و پێمدەڵێن بڕى هەرە زۆرى نوسینەكەت، هەڵگرى زمانێكە كە كەم تا زۆر پەیوەندى بەئەتیكى نوسینەوە نییە.
من لێرەدا و بەبێ ئەوەى هیچ بڵێم و هیچ جۆرە بەرگرییەك لەخۆم بكەم، وەك بەڵگەى حاشا هەڵنەگر، ئەتیكى نوسین و ئەخلاقى كارى رۆژنامەوانیتان لاى "بەختیار عەلى"و "رێبین هەردى" بەردەستدەخەم و خۆشتان حوكم بدەن، بزانن كێ خاوەنى ئەتیكى نوسینە و كێش مامۆستاى تەشهیر و برینداركردن و كوشتنى مەعنەوى ناڕەواى خەڵكە.
فەرموون:

1- بزانن "رێبین هەردى" چى بە "رامیار مەحمود" دەڵێت:
(رامیار هەموو نەخۆشیەكانى خۆى، گرگنى خۆى، لەبەردەم دەقى پیرۆز و كەعبەى دۆعاكانیدا بەدەق دەفرۆشێت و دەق بەهەموو ئەو نەخۆشیانە تاوانبار دەكات كە لەجەوهەردا نەخۆشى خۆین). (رامیار چى گرفت و نەخۆشى خۆى هەیە بەدەقەكەى بەختیار عەلى دەفرۆشێت). (تەماشاكەن سەلەفیەت كە مەبەست رامیار مەحمودە- چۆن خۆى بەدرۆدەخاتەوە و چەند لەسەرلێشێوانى خۆیدا تاسەر ئێسقان رۆچووە). (رامیار لەكاتى خوێندنەوەى دەقەكەدا چ چاویلكەیەكى رەشى لەچاوكردووە). (سەیر دەبێت لە ئەقڵى نەخۆشى رامیاردا، هێشتا محەمەد نەگەڕابێتەوە بۆ مەككە و دینەكە لەمەدینە مردبێت). (ئێمە دەبێت بەرامیار بڵێین رابوەستە ئەى پیاوى چاویلكە لەچاو، تەنانەت گەر وەك تۆ كوێریش بین و...). (ئەى هاوڕێى تێنەگەیشتوو..) (چ شتێك ئازارى رامیارى داوە تا بەو شێوەیە كوێربێت و سەرى لێ بشێوێ؟). (مەعریفە لاى رامیارى سەلەفى لە زوڕنا ژەنێك زیاتر هیچى تر نییە، زۆرناژەنانى ئەو ئاهەنگە دینیانەى خۆشنودى مازۆشیانەى تێردەكەن). (لەمێژە رامیار تلیاكى ونبونى لەراستیەكان خواردۆتەوە و لەناوخۆش بینیە وەهمیەكاندا كڕكەوتووە و پێدەكەنێت. ئەمەیە تلیاكى سەلەفیەت).
بڕوانە: (كەلیساكانى سەلەفیەت لەناو تێكستەكانى ماركسدا ناشارێننەوە- گۆڤارى ئێستا، ژمارە-4- 1997).

2- بابزانین "بەختیار عەلى" لەپشت ناوى "سەعدى ئیبراهیم"ەوە چى بە "حەمە موكرى"و "غەفور ساڵح" دەڵێت: (ئەوە چ ئاخر زەمانێكە لە رۆشنبیرى كوردیدا، سبحەى بلیمەتێك لەوانەى جورئەتى جەهالەتیان دەگاتە ئەندازەى بێشەرمى..). (پەنجا ساڵە رەخنەى دونیا لەو تڕۆهاتە خۆى رزگار كردووە كە تۆ باسى دەكەیت). (ئاخر شەرم نیە ئەم تڕۆهاتەى غەفور بەرا و بۆچون دابنرێت، ئەمە قەشمەرى كردن نیە بەراو بۆچون). (غەفور شەریكە درۆى لەسەرتاپاى دنیادا نییە). (غەفور بۆ ئەوەى ئەو قسە بێسەر و بەرانە بسەلمێنێ، دەكەوێتە هەڵەى ئەو تۆوە بەدوازدە محەمەد موكرى پینەناكرێن). (ئەژدیهاى موكرى لەو رۆمانانەیە كە سەرتاپاى لە فیلمى پرۆنۆگرافى وەرگیراوە. ژنان هەر فریارى ئەوە دەكەون دۆخیان شل كەن. موكرى وێنەیەكى كوردستانى كێشاوە كە فەرەنساوییەك لە ئەهلى جنس بیخوێنێتەوە، دەڵێ فەرەنسا كەى مەملەكەتە). (غەفور شارلۆك هۆڵمزە، بەڵام شارلۆك هۆڵمزى راستەقینەمان بە فیكردا ناهێنێتەوە). (نازانم تۆ ئێوارەى پەروانەت خوێندۆتەوە، یان قۆشمەبازێك شتێكى دى لەبەرگى ئێوارەى پەروانەدا داویتێ). (ئایا شوبهاندنى عەشقستان بە مێح، حوشترو قاپقاپتان بیرناخاتەوە؟). (پاڵەوانەكانى موكرى بەمرۆڤ و ئاژەڵەوە ناوەستن، لەدار و بەردوو دەرەختیش دەپەڕن). (قارەمانانى موكرى لەسێكسا وەحشیگەلى و تەنیا لەپرۆنۆگرافى زۆر موبتەزەلا بەچنگ دێن).
بڕوانە: (سەعدى ئیبراهیم: غەفورو شارلۆك هۆڵمز- گۆڤارى ئایندە، ژمارە 8-9، ئازارو نیسانى 2000).

3- بزانن "رێبین هەردى" چى بەمامۆستا "مەحمودى مەلا عزەت"ى رەحمەتى دەڵێت: (هێشتا تازە بەتازە بڕێك لە قەڵەمە تاریكەكانى كوردستان بە كەلتورى سەدە تاریكەكانەوە دێن و...). (ئەم پیاوە لەژێر پەردەى هێزێكى سیاسیدا، نیشتیمان پەروەریمان پێدەفرۆشێتەوە). (ئەمانە چاویان تا ئەوكاتە دەبینێ و هەڵوێستبازە كە تاوان و هەڵەى هێزى سیاسى جیاواز لەهێزەكەى خۆیان دەگرێتەوە). (ئەم پیرە ئەدیبەى ئێمە كە پاش تەمەنێك ژیان لە ئەوروپادا، ئەم زانیاریە بەنرخەمان بەدیارى بۆ دێنێتەوە. دیاریەك كە دیارى دێرینەى هەموو ئەو قەڵەمە تاریكانەیە كە لەزەلكاودا نەبێت راویان بۆناكرێت و لەترس و تۆقاندندا نەبێت بونیان نابێت لەكۆیلەیەتیدا نەبێت قەڵەمیان رەواجى نابێت). (مەحمودى مەلا عیزەت و هاوشێوەكانى ناتوانن راستگۆیانە لەناو داهاتووى كۆمەڵگەى ئێمەدا بژین، ناتوانن بەمەرجى پلە و پایە نەبێت تێیدا هەڵبكەن). (باشترین وەڵام بۆ ئەو زوڕناژەنانەى دەسەڵات ئەوەیە...). (ئەم قەڵەم بەدەستە تاریكانە، قەڵەمى ژەهراوین). (ئەو قەڵەمە تاریكانەى، ئیدى راستگۆییان دۆڕاندووە.). (ئێوە هەركاتێك ئەو سیاسیانەتان دۆڕاند كە ئەمڕۆ كورسى و مێزێكیان بۆناچاركردن بەمانەوە لەكوردستاندا بەخێر پێبەخشیون، ئەوا درەنگ یان زوو دەڕۆن، بەڵام كە رۆیشتن با سەد بەرد لە دوتان بێت و وڵات لەقەڵەمە بەدەكانتان پاك بێتەوە، ئەو ئازادیەى ئێمەش ئەمڕۆ لەم بەشەى كوردستاندا بۆ قسەكردن و رەخنەگرتن هەمانە، لەراپۆرتە بەدو شێواندنە دەست ئەنقەستەكانى ئێوە رزگارى بێت).
بڕوانە: (دەوڵەت لەنێوان قەڵەمە تاریكەكانو رۆشنبیردا- ئاڵاى ئازادى، یەكشەمە 17/9/2000 ژمارە 382).

4- بابزانین "بەختیار عەلى" چى بە "یاسین بانیخێڵانى" دەڵێت: (هەى چەقۆكێشى سەرجادەكان، هەى گزگلى نەفامى جاهیلى زبڵنۆش. هەى ناوبۆشى رۆح بودەڵەى جەهالەت بەرهەمهێن. هەى شارەزاى كون و كەلەبەرى زبڵخانە. هەى دەم پانكەرەوەى جەبانى بێ شەهامەت. تۆزى پێڵاوەكانى ئەوانەى پشتگیرى ئێمە دەكەن، مەعریفەى زیاترى تیایە لە سەرى ئەوانەى كە پەلاماریان داوین. تا ئەمڕۆش ئاودەستى ماڵەكانى ئێمە، لەژوورى خەوتنى ئەوانە پاكتربووە كە جنێویان پێداوین).

5- با بزانین "بەختیار عەلى" بە "هاوژینى مەلا ئەمین" دەڵێ چى: (بۆ ئێستێك هاوژینى مەلا ئەمین توڕدەدەینە ئەولاوە و هەوڵدەدەین بۆ خوێنەرە ئاساییەكان ئەوانەى باوەڕیان بە سیحر نیە، هەندێ شتى بچوك روون بكەینەوە). (پێدەچێت هاوژینى مەلا ئەمین لەكاتى ئەم نوسینەدا لەسەر سەر وەستابێت، لەبەرئەوە نابێت زۆر تووشى سەرسامى بین گەر بەڕێزیان هەموو شتەكانى سەرەو خواربینى).
بڕوانە: (ئیسلامیەكان و هونەرى بیرنەكردنەوە).
لێرەدا بوارى ئەوەنابێت ناوى "فاروق رەفیق و هێمن قەرەداغى ئەبو بەكر عەلى و محەمەد فەریق حەسەن" بێنم، رەنگە زۆربەتان ئەو قسانەتان بینیبێت و بیزانن.

6- با بزانین "بەختیار عەلى" لە شارى مۆسیقارە سپیەكاندا دەڵێت چى: (من سیاسیەكى لوت قولاپى دەناسم، باریكێكى قژ رەشە. كە قسە دەكات دەنگى لەدەنگى قەحبە دەچێت). بڕوانە (شارى مۆسیقارە سپیەكان، چاپى یەكەم، 2005- لاپەڕە 494).

ئەگەر ئێوەبەتەنگ ئەتیكى نوسینەوەن، بۆ كاتێك "فاروق رەفیق" (لەماڵێكى لێكترازاو ویژدانێكى بیمار)دا، تەواوى رۆشنبیرى كوردى بەزۆڵ و بێ ئەسڵ و فەسڵ دایە قەڵەم و یان كە نوسیبوى (ئەو پیاوە كە بەمەلا بەختیار بانگ دەكرێت بە زەین مەنگۆلیە و بەسلوك چەتە)، یاخوود كە لە ژمارەیەكى (رەهەند)دا (چەپ و كۆمۆنیستە كوردەكانى وڵاتانى كەنەدا بەكۆمەڵێ كەسى لات و لۆمپەنى ناودەبات)، بۆ هەڵوێستتان وەرنەگرت و رونكردنەوەتان نەدا، وەك ئێستا چۆن گۆشەكانتان لەئاوێنەدا رادەگرن، ئەوكاتیش گۆشەكانتان لە(هاوڵاتى) راگرتایە و هەڵوێستان لەچاپخانەى (رەنج) وەرگرتایە.

ئێوە لەو رونكردنەوەیەتاندا خۆتان خستۆتە هەڵوێستێكى دژوارەوە و دەڵێن ئەم نوسینە جگە لە(ئاوێنە) لە هەرجێیەكى تر دابەزیایە گران نەبوو، واتە لە(لڤین)و (هاوڵاتى)و تەواوى گۆڤار و رۆژنامەكانى دیكەشدا بوایە بەجەهەنەم، چونكە ئێمە لەو شوێنانەدا نانوسین تو خودا ئەمە ترۆپكى خود ئەڤینى و لوتبەرزى نیە؟ با لێرەدا قسەیەكى كەش بكەین. جگە لە ئێوە، زۆربەى كورد لە (ئاوێنە)دا دەنوسێت، ئێوە بۆ دەبێت جیاوازبن لەوانى تر، ئەم غرور و فیزە ئۆرستۆكراتیە چیە؟ پاشان دە ساڵە میدیاى ئازاد لە كوردستاندا هەیە، هەموو كورد كۆمەكیان دەكات و بێ بەرامبەر بابەتیان بۆ دەنوسن، تەنها ئێوە نەبێت بوون بەبار و پاداشت لەمیدیاى ئازاد وەردەگرن؟ ئێوە پارە وەردەگرن، ئیتر منەتى چى بەسەر (ئاوێنە)دا دەكەن و بۆ دووهەفتە (قەساس)ى رۆژنامەكە دەكەن، ئەگەر ئەمە گەڕى بارە ترێ نەبێ چیە؟ ئەى بۆ هەمان هەڵوێست لەدەزگاكەى "شێركۆ" وەرناگرن؟
من دەزانم ئەو نوسینەم سەدجار لەوە توندتر بنوسیایە، بەڵام لەسەر دەزگایەكى تر بوایە، جگە لەدەستخۆشى و پیاهەڵدان، هەرگیز باسى ئەتیكى نوسین و زمانى زبرتان نەدەكرد. باشە وامان دانا ئەم نوسینەى من هەر هەمووى تەشهیر و ناو زڕاندنە، بۆیە ئێوەى توڕەكردووە. ئەى بۆچى پارساڵ مانگى هەشت كە (ئاوێنە) بۆ یەكەمجار بەشێكى زۆر كەمى راپۆرتەكەى دەستەى دیوانى چاودێرى دارایى لە سەر دەزگاكەى "شێركۆ"بڵاوكردەوە، "رێبین هەردى" كەوتە شەڕى دەستەویەخە لەگەڵ سەرنوسەرى (ئاوێنە)؟ ئەى بۆچى "ئاسۆس هەردى" ناوى خۆى بەیەكجارى لەسەر رۆژنامەكە هەڵگرت؟ خۆ ئەو كاتە نە ناوى كەس هاتبوو، نە تەشهیر و زمان زبرى تێدابوو. یان مەسەلەكە هەرئەوەیە كە نابێت كەس بە مامۆستا و دارودەستەكەى بڵێن گەندەڵن. ئەى بۆ ئەمە وەڵامتان چییە؟
من دڵنیام قسەكردن لەسەر دزى و گەندەڵى و ناعەدالەتى بەش ناكرێت، ناكرێت لە شوێنێ دژى گەندەڵى بیت و لەشوێنێك دەست و پەنجەى لەگەڵ نەرم بكەیت. لەشوێنێك داواى شەفافیەت بكەیت و لەشوێنێكى تریش بەرگرى لەوانە بكەیت كە خەریكى تاڵان و بڕۆیین، بەناوى رۆشنبیریەوە ئەم دوو فاقێتیە كارى كردن نییە. من ساڵانێكە بە "رێبین"و برادەرانى دیكەى سەردەم دەڵێم: (برادەرینە ئەم دەزگایە پڕیەتى لەگەندەڵى و با قسە بكەین)، ئەوان دێنە وەڵام و دەڵێن: (واز لەم شەڕە بچوك و لابەلایانە بێنە، ئێمە دەبێت شەڕى تەواوى سستمەكە بكەین. شەڕى گەورەترمان لەبەرە، ئەم شەڕە بچوكانە جێبهێڵە بۆ كەسانى تر).
دەمووت برادەرینە: (سەردەم لە فەسادى ئەخلاقیدا دەنگى داوەتەوە و خەڵك قسەمان پێدەڵێن و دێنە سەرمان)، دەیانووت: (ئەوە ژیانى شەخسى خۆیانە و ئێمە نابێت قەرەى ئەو شتانە بكەوین). ئاخر بۆ دەبێت پەیوەندى سیاسى و حیزبیەكان بەكچان و ژنانى ئەم وڵاتەوە فەزیحەت و فەسادى ئەخلاقى گەورەبێت، بەڵام هەمان شت بۆ هونەرمەند و رۆشنبیر و رۆژنامەنوس، شتى شەخسى و تایبەتى بێت. ئەمە فێڵ و چاوبەستێكە كە ئەهلى قەڵەم لەم وڵاتەدا دەیكەن و خەڵكانێك بۆ حورمەت شكاندنى كچان و ژنانى ئەم وڵاتە بەكارى دێنن. ئەوە كەى ژیانى شەخسى و تایبەتیە كە دوان لە شوققە تایبەتیەكانى ناو سەردەم، بۆ ئەو مەبەستە بەكاربێت. ئەوە كەى ژیانى شەخسیە كە پارە و پولى سەردەم، بۆ ئەمەبەستە خەرج بكرێت! ئاخر چۆن ئەوە قابیلى قبوڵە و بەژیانى شەخسى حیساب دەكرێت، كە تۆ كورسى و پلە و پایەى وەزیفیت لەدەزگایەكى رۆشنبیریدا، بۆ تێكردنى ئارەزووەكانت بەكاربێنیت؟ ئاخر تو ویژدانى هەموو مرۆڤێكى ویژدان زیندوو، ئەمە كەى رەواى هەقە. ئەمە ژیانى شەخسیە، یان تەعەداكردن و بێڕێزییە بەرامبەر كچان و ژنانى ئەم وڵاتە.

سێیەم: بابەڵگەكان خۆیان بدوێن:
شەڕ فرۆشتنى پڕناهەقى ئەم سێ رۆشنبیرە بە من، لەلایەك لە ژێر هەڕەشەى سەردەمدا بووە بۆ ئەوەى گەندەڵیەكانیان ئاشكرا نەبێت، لەلایەكى دیكەش بۆ ئەوە بووە بەرژەوەندی درێژخایەنى خۆیان بپارێزن. ئەم برادەرانە پراگماتیانە بیریان لە مەسەلەكە كردۆتەوە. ئەوان دەزانن تا داهاتوویەكى دووریش من لەم وڵاتەدا هیچ پلە و پۆستێكم نابێت و لەو ئاستى بەرپرسیاریەتیەدا نابم كە بەدەردى ئەوان بێم، بەڵام لەبەرامبەردا تا داهاتوویەكى دوورتر "شێركۆ" و دار و دەستەكەى لەپلە و مەقامى رەفیعى خۆیاندا دەبن و فیلتەرى دەست پێگەیشتنى هەموو كەسێك دەبن بۆ لاى كاكەو مامە و ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس، لەبەرئەوە لەم كێشەیەدا منیان گۆڕییەوە بەوان. من واز لە ئەگەرى دووەم دێنم و نازانم وا دەبێت یان نا، بەڵام بۆ هى یەكەمیان دێمە قسە و ئەمجارە من بەبەڵگەوە راستیەكان ئاشكرا دەكەم.

من سەرەتا لەبەرخۆشەویستى و رێزى زۆرم بۆ ئەم سێ برادەرە، لە نوسینى پێشومدا پێم ئەغز بوو بە ئەستەمیش ناویان بەرم و بیانكەمە شەریكە بەشى "شێركۆ"و ئەنجومەنەكەى، بەڵام كە ئەوان خۆیان بەم شێوەیە سەنگەرم لێبگرن و داكۆكى لەگەندەڵى بكەن، ناچارم منیش هەقیقەتیان ئاشكرا بكەم. بەپێى راپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایى (كە راپۆرتێكە و شەرمى لەكەس نییە)، ژمارە (14) بەروارى 24/1/2008 لەلاپەڕە (7) دا هاتووەكە:

لەبڕى سێ سەد و نەوەد هەزار دۆلارەكەى كە لەسكرتاریەتى "جەلال تاڵەبانى" وەرگیراوە، بڕى سەد و دەهەزار و دووسەد و شەست و چوار دۆلار خەرجكراوە، بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە تەنها چەند نوسەرێك سودمەندبوون كە زۆربەیان ئەندامى ئەنجومەنى (دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەمن)، بڕێكى زۆرى ئەو خەرجیەش لەلایەن سەرۆكى دەزگاوە خەرجكراوە و هیچ سەرەتایەكى نیە تا بزانرێت بۆكێ و بۆچ مەبەستێك خەرج بووە، لەم خشتەیەى خوارەوەدا روونى دەكەینەوە. (لەبەرئەوەى ئێمە لەبەشى یەكەمى نوسینى پێشوماندا، ناوى سەرۆك و ئەندامانى ئەنجومەنى دەزگاى سەردەممان نوسیبوو لەگەڵ بڕى پارەى خەرجكراو بەدۆلار، بۆیە لێرەدا تەنها ناوى ئەم دووكەسه‌ دێنینن كە لەوبڕە پارەیە بەهرەمەند بوون).
بڕى خەرجكراو بە دۆلار ناوى ئەو كەسەى كە پارەى بۆخەرجكراوە پلەو ناونیشانى ئەو كەسەى پارەكەى بۆ خەرجكراوە
2000 بەختیار عەلى نوسەرى دوورە وڵات
2650 ئاراس فەتاح نوسەرى دوورە وڵات

لێرەدا جێگەى خۆیەتى رووى دەمم بكەمە "بەختیار عەلى"و "ئاراس فەتاح" و پێیان بڵێم: (بەڕێزینە ئێوە تەنها بۆ ماوەى كەمتر لە دوو ساڵ كارتان لەناو دەزگاى سەردەمداكرد، كەچى لە راپۆرتەكەى دیوانى چاودێرى دارایى بەڵگەنامەكانى شێركۆ و دەزگاكەیدا زیاد لە جارێك ناوتان هاتووە، بەڵام وا یازدە ساڵى رەبەقە من و دكتۆر شاهۆ سەعید لەو دەزگایەداین و ناومان لەكولەكەى تەڕیشدا نەهاتووە. هەربۆیە من پشت ئەستور بەم رووسوریەى خۆم، تەحەداى نەك دەزگاكەى شێركۆ و نێوەندى رەهەند بۆ لێكۆڵینەوەى كوردى دەكەم، بگرە تەحەدداى هەركەسێكى دیكەش دەكەم لەسەر ئەو نوسینەم رێگەم پێگرێت و بەرگرى لەشێركۆ و شێرزاد و ئازاد و هەڵكەوت و رەئوف بكات).
رەنگە ئەو برادەرانە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، بڵێن ئەوە پارەى (سەردەمى رەخنە)یەو پەیوەندى بەیارمەتى "مام جەلال"و سكرتاریەتى (ى.ن.ك) وە نیە، بەڵام لەراستیدا وانیە، چونكە لە لایەك لەتەنیشت ناوەكانیاندا نوسراوە نوسەرى دوورە وڵات و وەك نوسەرى گۆڤارى سەردەمى رەخنە نەناسێنراون، لەلایەكى دیكەش لە راپۆرتەكەدا جارێكى تر ناویان هاتووە و وەك پاداشتى گۆڤارەكەى خۆیان بڕى دوو ملیۆن دینارەكەى خۆیان لەبەرامبەر ناوەكانیان نوسراوە. هاوكات بودجەى دەزگاى سەردەم و بودجەى (سەردەمى رەخنە) كە هى ئەو برادەرانەیە، دووبوجە و دووپارە و دوودەغیلەى جیاوازبوون.
من وەختێ هاتمە دەرێ لەسەردەم و بڕیارى نوسینمدا لەسەر گەندەڵیەكانى دەزگاى سەردەم و ئەو برادەرانەم ئاگاداركردەوە كە ناوتان هاتووە، ئەوانیش چوونە لاى "شێركۆ" و وەك چاوبەستێك "شێركۆ" وەرەقەیەكى بۆ كردوون و بەمۆرى دەزگا و ئیمزاى خۆیەوە داویەتیە دەستیان كە گوایە ئەو پارانە هى "مام جەلال" نیە و هى گۆڤارى سەردەمى رەخنەیە، بەڵام كاتێك ئەو پارانەیان بەمان داوە كە نەسریەى (سەردەمى رەخنە) نەهاتووە و ئەوەى لەبەردەستدا بووە تەنها یارمەتیەكەى "مام جەلال" بووە، بۆیە ناچاربوون لەوە ئەو پارەیە بدەن بەمان، بەڵام كە دوایى نەسریەى (سەردەمى رەخنە) هاتووە، پارەكەیان وەك قەرزێك گەڕاندۆتەوە بۆ سەر یارمەتیەكەى سكرتاریەتى "جەلال تاڵەبانى". ئەم هەموو فێڵ و فەرەجو چاوبەستەى "شێركۆ" ئەنجامیداوە، لە وەرەقەیەكدایە و مێژووى مانگى پێنجى ئەمساڵى لەسەرە، رەنگە لەكاتى تردا ئەم برادەرانە بۆ بەرگریكردن لەخۆیان ئەو وەرەقەیە بخەنە ڕوو، بەڵام من وا لێرەدا مەفعولى ئەو كارتە دەسوتێنم و سیحرەكەى بەتاڵ دەكەمەوە.
ئەمە لەلایەك لەلایەكى ترەوە، بەپێى ئەو چوار لاپەڕەى "شێركۆ بێكەس" بەدەست و خەتى خۆى نوسیویەتى و داویەتى بەدیوانى چاودێرى دارایى كە گوایە گوژمە دۆلارەكانى سكرتاریەتى "تاڵەبانى" بەوانە دراوە، ناوى ئەم بەڕێزانەى تێداهاتووە و بەمجۆرەیە:
"شێركۆ" لەسەرى سەرەوە نوسیویەتى: (ناوو شوێنى بەشێك لەو نوسەر و شاعیرو هونەرمەندانەى كە كەم تا زۆر سودیان لە یارمەتیە تایبەتیەكەى مام وەگرتووە).دواى ئەوە دەنوسێت:
(حسێن عارف، دڵشاد عەبدوڵڵا، رەئوف بێگەرد، ئەكرەم قەرەداخى، هەڵكەوت عەبدوڵڵا، ئازاد بەرزنجى، رێبین هەردى) لەساڵى 2003-2004 چەند جارێك وەریانگرتووە. دواى ئەوە لەلاپەڕەكانى دیكەدا ناوى "بەختیار عەلى"و "ئاراس فەتاح" دێت.
هەروەها لە دامێنى سێهەم لاپەڕەدا جارێكى تر "شێركۆ بێكەس" نوسیویەتى: (هاوكارى تایبەتى رێبین هەردى دواى پرسەكەى باوكى)، هەر لە یارمەتیەكەى "جەلال تاڵەبانى".هاوكات بەپێى بەڵگەنامەیەكى دیكە بە واژۆى مامۆستا "حسێن عارف" بڕى هەزار دۆلار سەرفكراوە بۆ "ئاراس فەتاح" لەساڵى 2005 وەك هەقى هاتوچۆى چون و گەڕانەوەى لەئەڵەمانیا و بۆكوردستان و بەپێچەوانەوە. ئەڵبەت بەپێى هەڕەشەكانى "هەڵكەوت عەبدوڵڵا" بێت، زۆر دیكۆمێنتى تر لە بندەستى ئەواندایە و ئەوان دەیزانن لەسەر ئەو برادەرانە و كەى ویستیان بڵاوى دەكەنەوە، بەڵام من تائێستا هەر ئەوەندەم لابوو، پێموابێت ئەوەندەش بەسە.
جارێكى تر دەیڵێمەوە ئەو برادەرانە ناهەقى گەورەیان دەرهەق كردم لەم مەسەلەیەدا، چونكە دوایین كەس كە چاوەڕێى بووم رێم پێبگرێت و لەسەر گەندەڵیەكانى سەردەم لەگەڵم بەشەڕ بێت ئەوان بوون. من لێرەدا ئەوەیان بیردەخەمەوە، كە من تەنها گەندەڵى و پارەخۆرىو نابەرپرسیارێتى ئەوانەم ئاشكراكردووە كە ئەوان وەك مامۆستا و رۆشنبیرى پاك بەرگرییان لێدەكەن. منیش ئەمتوانى وەك ئەوان بكەم و شەریكیان بم و بێدەنگ لێى دانیشم، بەتایبەت كە من تەنها كەسێكم لەناو سەردەمدا كە نەئۆتۆمبێلم هەیە و نەخانوو نەژن و ماڵ، نەهەوڵمداوە بەتەزكیەى حیزبى دكتۆرا و ماستەر بخوێنم، نەرۆشنبیربونم كردۆتە بەردەباز بۆ پلە و پایەى سیاسى و نزیك بوونەوە لەم مەسئول و لەو مەسئول. بەدرێژایى ئەم بیست ساڵەش بۆ هیچ بۆنە و موناسەبە و سەفەرێك ئەو دیو سنورەكانم نەبینیوە، بۆ كارى شەخسى خۆم نەبێت و بەپارەى باخەڵى خۆم نەبووبێت. لەدواى راپەڕینەوە تاكە بەرپرسێك چیە هاوڕێم نیە، رەنگە زۆربەیان بناسم، بەڵام هیچ كەسێكیان هاوڕێم نین. بەدرێژایى ئەم بیست ساڵە دوو بەدوو لەگەڵ هیچ لێپرسراوێكى حیزبى و دەوڵەتى دانەنیشتووم. هەركاتێك سەرمێز و سفرەى بەرپرسە دەستڕۆیشتووەكانى ئەم وڵاتەم دیبێت، لەگەڵ ئێوەدا بووە و بۆ داوەتى ئێوەبووە. وەك ئێوە پارچە زەوییەكم پێبڕاوە، بەڵام زەویەكەى من دوور لە شارو دوور لەئاوەدانى و 160 مەترێك بوو، هەر زوو لەدۆخێكى ناخۆشدا تەنها بەسى وەرەقەیەك دەستبەردارى بووم. زەویەكانى ئێوە لەناو جەرگەى شار و لەشوێنێكى بەرز و پڕ خزمەت گوزاریدایە و یەكى 200 مەترتان بەنسیب بووە، ئێستا كڕیارى بەشەش دەفتەر مەمنونتانە. كەچى لەگەڵ ئەوەشدا بۆ تەفرەدانى گەنجى ئەم وڵاتە لەسەر لاپەڕەكانى رۆژنامەى (هاوڵاتى) دەنگى لێهەڵدەبڕن و دەڵێن ئێمە هاوڕێى "حاكم قادر" نین.

ئێوە كەسانێكن بەدرێژایى ئەم دە پانزە ساڵە دەمتان لەگەڵ هەركەسێكدا گیربوبێت، بەنوسین و چاوپێكەوتن و لەناو كۆڕو كۆبونەوەكاندا، هەرچى هەیە و نیە داوتانەتە پاڵ ئەو كەسانە و دەستان لەكەس نەپاراستووە، كارە رەهاتێكتان پێكردوون دابەزیونەتە خانەى پێشێلكردنى ئینسانیەتى ئینسان. لەبەرئەوەى من ئەو ئەخلاقەتان شارەزام، لێرەوە ئاگادارتان دەكەمەوە كە رەفتاركردن بەو جۆرە لەگەڵ مندا، عاقیبەتى باش نابێت و كورد وتەنى (لەجێى سندان قوزەڵقورتە). وشە بەوشە وەڵامى یەك بەیەكتان دەدەمەوە و ئەوەشى لەحەدى خۆى تێپەڕی كرد، رێگەى نزیكم دادگا دەبێت، هیوادارم نەیگەیەننە ئەوە و.. والسلام.

پەراوێز:
1- ئەم نوسینەم بەدوو بەش لەئۆكتۆبەرى ساڵى 2000 لەكوردستانى نوێ بڵاوكردەوە، شایانى باسە سەرنوسەرى ئەوساى رۆژنامەكە كە خوالێخۆشبوو مامۆستا "مەحمودى مەلا عیزەت" بوو، بە قەڵەمێكى سەوز لەسەر بابەتەكەم نوسیبووى: (ئەم نوسینە نوسینى یەكێكە سەرگەردانانە شوێن هەندێ ئەفكارى بەسەرچووى ئەوروپیەكان كەوتووە و لێرەدا هەندێ قسەى هەلەقو بەلەقى لەسەر كتێبەكەى كاك مەلا بەختیار نوسیوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆى بڵاوبكەنەوە).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە