کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا دەزگایه‌کی دژە تیرۆری وەکو ئه‌وەی یه‌کێتی هه‌بووایه،ئه‌وا 11ی سێپته‌مبه‌ر ڕووی نه‌دەدا..

Friday, 31/12/2010, 12:00



زۆرم پێ سه‌یرە..هه‌ر که‌باسی بوودجه و داهات و میزانیه‌ی دام و دەزگاکانی هه‌رێمی کوردستان دەکه‌وێته به‌ردەم سه‌رە دزە گه‌ورەکانی ناو په‌رله‌مان و حکومه‌ته گه‌ندەڵه‌که‌ی هه‌رێمه‌وە، خێرا دەزگای دژە تیرۆری یه‌کێتی دەکه‌وێته سازکردنی سیناریۆیه‌ک به‌مه‌به‌ستی هێشتنه‌وەو زیادکردن و مسۆگه‌رکرنی به‌شه پارە دزێنی‌یه‌که‌ی له بوودجه‌ی دزراوی خه‌ڵکی کوردستان.

له‌م ڕۆژانه‌دا کۆمه‌ڵێک هه‌رزەکاری خه‌ڵکی (ته‌له‌عفه‌ر) له‌دام و دەزگاکانی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی نیشاندران که گوایه به‌نیازی ئه‌نجامدانی کاری تیرۆریستی بوون له شاری سلێمانی...له ڕاستیدا که‌شف کردنی کۆمه‌ڵێکی ئاوا بێگانه له‌ شاری سلێمانی و به‌ بێ بوونی هیچ په‌یوه‌ندی‌یه‌کی ئه‌و تاقمه به‌ هیچ که‌س و خه‌ڵکێکی شاری سلێمانی‌یه‌وە و پێش ئه‌نجامدانی هیچ کارێک و هیچ جموجۆڵێکی گوماناوی،نه‌ک ته‌نها جێگای تێڕامان..به‌ڵکو جێگای گومانێکی هێجگار گه‌ورەیه له ڕاستی و دروستی ئه‌و کارە.

ئه‌وە‌ی به‌وردیش سه‌رنجی له‌و کۆمه‌ڵه هه‌رزەکاره دابێت له کاتی دانپێدانانه‌کانیاندا، به‌ئاشکرا بۆی دەردەکه‌وت که‌ئه‌و شته‌ی ئه‌وان باسی لێوە دەکه‌ن له کاری ئه‌وان نه‌دەچوو، زیاتریش له‌وە دەچوو فێر کرابن ..سه‌رو چاویشیان له به‌کرێ گیراو دەچوون که چاوەڕوانی کرێی کارەکانیان ده‌که‌ن ،نه‌ک له تاوانبار و تیرۆریست که چاوەڕوانی توندترین سزا بکه‌ن.

پێشتریش له سیناریۆیه‌کی گوماناوی تردا گوایه منداڵێکی کوردیان له دەستی تیرۆریستان له ناو شاری به‌غدا ڕزگار کردووە!!

ئه‌وەی له‌م سیناریۆیه‌شدا سه‌رنجیان ڕاکێشام جه‌ند پرسیارێک بوون:

-ئایا دەزگای دژە تیرۆر هێندە به‌ته‌نگ هاووڵاتیان و خه‌ڵکی کوردستانه‌وەن؟!

-تا ئێستا چ دەزگایه‌کی حیزبی یا حکومی هه‌رێمی کوردستان له پێناوی منداڵێکی کورد یا هاووڵاتی‌یه‌کی کورددا کارێکی ئا له‌و شێوەیه یا هه‌ر کارێکی تری خێریان به قازانجی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجام داوە ؟؟(گه‌ر هیچ نه‌بێ بیانگوتایه به‌چکه به‌رپرسێکمان ڕزگار کرد که‌مێک ڕێی تێ دەچوو.)!

یا ئه‌وەتا له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌ر به‌رپرس و ده‌سته‌ڵاتدارێک به‌شێوەیه‌ک به‌شه دزی خۆی له‌و بوودجه‌یه ڕادەکێشیت..جا یه‌کێک به خۆ عاجز کردن، یه‌کێک به وڕک گرتن، یه‌کێک به هه‌ڕ‌ەشه کردن، ده‌زگای دژە تیرۆریش به سیناریۆی سه‌یر و سه‌مه‌ره دروستکردن.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە