کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كێن ئەوانەى پێیان دەگوترێت(هونەرمەند)؟

Wednesday, 26/08/2009, 12:00


بەكەسێك دەگوترێت هونەرمەند لەتەمەنى كاركردنیدا ڕەنگدانەوەى ئازارو تراژیدیاى میللەتەكەى بەكارەكانیەوە دیاربێت....(بیت هۆڤن)
لەدواى ڕاپەڕینى بەهارى(1991)وە, دەبێت هونەرمەندێك هەبێت لەم هەرێمەى لەمەڕخۆماندا شمولى ئەم ووتە بەنرخەى گەورە موسیكسیانى جیهانى بیت هۆڤن بكات؟, بەواتایەكیتر ئەگەر لەسۆنگەى ئەم شاكارەى بیت هۆڤنەوە بڕوانینە چەمكى هونەرلەم وڵاتەدا,كەسێك هەیە بەفیعلى (هونەرمەندى گەورەى گەلەكەمان بێت)؟!.
وەك ئاشكرایە بەدرێژاى (18)ساڵى دواى ڕاپەڕین دەیان وەیشومە بەرۆكى ئەم هەرێمەى گرتوە, ئەوهونەرمەندە (گەورەو بەڕێزو نیشتمان پەروەرانەى گەلەكەمان)كامانەبون كەهەڵوێستیان نیشاندا؟!, كام هونەرمەند گووتى:(نا) بۆشەڕى شومى ناوخۆ,(نا) بۆپەراوێزخستنى هەڵەبجەیەكان,(نا)بۆ بیرچونەوەو موزایەدەكردن بەدۆزى ئەنفال ,(نا)بۆ ئازارو تراژیدیاى ئەوگەنجانەى بۆگەڕان بەدواى ژیاندا بونە خۆراكى قرشەكانى دەریاى ئیجە,(نا)بۆگەندەڵى ,(نا)بۆمەحسوبیات و مەنسوبیات,(نا)بۆڕۆتین,(نا)بۆمۆنۆپۆلكردن,(نا)بۆ..بۆ..بۆ.....
ئەرێ بەڕاست ئەو كەسانە هونەرمەندن كە ڤێللاو شوقەو باڵەخانەیان بەناوەوەیە,یان لە كاتى هەڵبژاردن وبۆنەحیزبیەكاندا بەپارەى قوتى خەڵكى ئەم هەرێمە چاویان كوێردەكرێت ودەبنە بەندبێژى دەسەڵات و دواجار لەبەرەى گەلدا دیلێت دەكرێن ,یان ئەوانەى خاوەن هەڵوێستن و بەدەیان هەزار دۆلارى مناڵەبرسیەكانى كەسوكارى ئەنفال و هەڵەبجەیەكان بەچڕوچاوى دەسەڵاتدا دەدەنەوە ومێژوویەكى پڕسەروەرى بۆخۆیان تۆمار دەكەن؟
لەگەڵ حورمەتم بۆو هونەرمەندانەى كەسەردەمانێك لەشاخبون و بەسروودە نیشتمانیەكانیان كوردبون و كوردایەتیان لەناخى تاكى كوردا ڕسكاند,ئەمڕۆ كێن ئەو هونەرمەندانەى بەناوى كوردایەتیەوە(5) بۆ(6)پۆستى هونەری ودەیان ئیمتیازاتى حیزبى و حكومیان پێدەدرێت؟.ئایائەو هونەرمەندانەن كەبەفیعلى نیشتمان پەروەرى خۆیان سەلماند,یان ئەوهونەرمەندە (گەورەو!بەڕێزو!نیشتیمان پەروەرانەى!)گەلەكەمانن كەلە كۆرس و سروودەكانى بەعسدا بەشانازیەوە بەشداریان دەكرد؟ یانیش ئەو هونەرمەندانەى بەزۆر پەلكێشى كچانى كوردیان دەكرد بۆبەشداری پێكردنیان لە (عیدمیلادى) سەركردەكانى بەعسدا؟!.
ئەرێ بەڕاست كێن ئەوهونەرمەندە مەزنانە؟,ئەوكەسانەن كە ئەمڕۆ گەورەترین پۆستى باڵاى هونەریان پێدراوەو ماشەڵایان لێبێت لەو پاكیزەو توتیانە ناسكترن كە مەرامێكى تایبەتى بەرژەوەندخوازانەى شەخسى لە چواردیوارێكى ئارامو دڵڕفێندا كۆى كردونەتەوە؟!یان ئەوكەسانەى كەسەردەمانێك لەهەموو سەروەت و سامان و ماڵومنداڵى خۆیان بوران و لەناوئەشكەوت وكونە فیراردا سرودى نیشتیمانیان دەچڕى؟!
بەعس بەوهەمو دڕندەیەى خۆیەوە نەیتوانى شوناسی گۆرانى كوردى بسڕێتەوە ,بەڵام ئەسەف ئەمڕۆكەسانێك هەن بەبەخشینى پارەو میلۆدى و موزیكى (توركى وعەرەبى وئەوروپى)ماڵى گۆرانى كوردیان وێرانكرد و هەرئەوانەشن ئەمڕۆ گرەوى داهێنان ودەوڵەمەندكردنى گۆرانى كوردیان لەسەر دەست دەكرێت!.
دواجار دەبێت كەسێك هەبێت لەم هەرێمەدا (پێشگرى)ناوەكەى هونەرمەندبێت وهاوكات بەفعلى خزمەتى كلتورو مێژوو ونیشتمان و تەنانەت خزمەتى پیشەكەى خۆشى بكات كەهونەرە؟
ئەوە ئازارى نیشتیمان ,ئەوە بێزارى خاك,ئەوە هاوارى دایكى شەهیدان,ئەوە مۆنۆپۆلكردنى نیشتمان لەلایەن فیرعەونەكانى دەسەڵاتەوە,ئەوە یاریكردن بەپیرۆزیەكانى ئەم گەلە, ئەرێ بۆئەوهەموو هونەرمەندە گەورانەى گەلەكەمان وابێدەنگن, تەنها بەقەدهەنسكێك لەشیوەن و تنۆكێك لەدەریا ,بۆنیشتیمان...بۆگەل...بۆئازادى...بۆشەهیدان...بۆویژدان...بۆیەكسانى مرۆڤەكان, نایەنە زمان؟.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە