ئاشكراكردنى بردنى ملیۆنان دۆلارى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە لەڕاپۆرتێكى چاودێرى دارایدا .
Wednesday, 09/12/2009, 12:00
لەڕاپۆرتێكدا دەزگاى چاودێرى دارایى سلێمانى باسى گەندەڵیەكان و بردن و بەهەدەردانى ملیۆنان دۆلارى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە ئەكات لەماوەى ساڵێكدا ، ئەم ڕاپۆرتە كۆپیەكى دەستى گۆڤارى جیهانى كاكە نەبەزگۆران كەوتووە ئەویش لەژمارە 22 ى بەروارى 15 / 11 / 2009 لەلاپەڕە 10 و 11 و 12 و 13 و 14 ى گۆڤارەكەیدا بڵاوى كردۆتەوە ، ئێمە وەك گروپەكەمان تێبینى و ڕوونكردنەوە و زانیارى زیاترمان لایە لەسەر ئەم ڕاپۆرتە كەئەكرێ لیژنەكانى ووردبینى دەزگاى چاودێرى دارایى بەدواداچوونى زیاترى بۆ بكەن هەوەك چۆن ئێمە ماوەیەك بەر لەئێستا هەر لەڕێگەى ئەم مینبەرە پیرۆزەى كوردستانپۆستەوە نامەیەكمان لەمبارەوە ئاڕاستەى بەڕێز كاك جەلالى سام ئاغا كرد، ئێمە سەرجەم ئەو تێبینى و زانیارى و ڕوونكردنەوانەمان حازر و پۆلین كردوە بەڵام بەچاك و پێویستمان زانى جارێك دەقى ڕاپۆرتەكە وەك خۆى بنووسینەوە بۆخوێنەرانى بەڕێز و خۆشەویستى كوردستانپۆست كە لە گۆڤارى جیهان دەرمان هێناوە تا خوێنەران سەرەتا ئەم ڕاپۆرتە بخوێنەوە ئەوسا دواى زانیارى و ووردەكاریەكانى ترى ئێمەش كەووردەكارى ئەم ڕاپۆرتەیە لەنووسینێكى تردا بخوێنەوە .
گروپى چیایى كوردستانپۆست .
[email protected] فەرموون ئێوە و دەقى ڕاپۆرتەكەى گۆڤارى جیهان ، ژمارە 22 بەروارى 15 / 11 / 2009 گەندەڵیەكانى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەى كوردستان .
لەڕاپۆرتێكى لیژنەى ووردبینى كردنى كارەكانى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەى كوردستان كەوێنەیەكى دەست گۆڤارەكەمان كەوتووە لیژنەكە پەردە لەسەر چەندین گەندەڵى ئەو دەزگایە لەماوەى ساڵى 2008 و چەند مانگێكى كۆتایى ساڵى 2007 هەڵدەداتەوە كەلەبەرامبەردا تاوەكو ئێستا لێپرسینەوە لەو گەندەڵیانە نەكراوە .
ڕاپۆرتى جیهان _ تایبەت .
بەپێیى ئەو زانیاریانەى لەڕاپۆرتەكەدا هاتوون لیژنەكە لەسەر فەرمانى دەزگاى چاودێرى دارایى گشتى ژمارە (20 / 12 / 33) لە 28 / 2 / 2009 ، لەهەمان بەرواردا دەست بەكاربووە لەدەزگاى تەندروستى پێشمەرگەى كوردستان بۆ مەبەستى ووردبینى كردنى كارى ئەو دەزگایە .
ڕاپۆرتەكەى لیژنەكە لەسەرەتادا چەند ڕوونكردنەوەیەكى خستۆتەڕوو لەوانە ...
بەپێیى نووسراوى مەكتەبى ئیدارە و دارایى گشتى ژمارە 51 لە 10 / 2 / 2009 دەزگاكەیان ئاگادار كراوەتەوە كەدەزگاى تەندروستى پێشمەرگەى كوردستان سەر بەفەرماندەیى گشتى هێزى پێشمەرگەى كوردستانە و پێشتر سەربەوەزارەتى پێشمەرگەى حكومەتى هەرێمى كوردستان بووە ، لەساڵى 2008 و پێشتر لێپسراوى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەى كوردستان بریتى بووە لەبەڕێز (د.محەمەد خۆشناو) ، بۆ مەبەستى بەئەنجام گەیاندنى ئەو خەرجیانەى قەبارەكەى زۆرە ڕەزامەندى بەڕێز لێپسراوى ئیدارەى هێزى پ.ك (دلێرى سەید مەجید) وەرگیراوە .
لەبڕگەى داهاتى ڕاپۆرتى لیژنەكەدا هاتووە .
1) مانگانە ئەم دەزگایە بڕى (870000000) (تەنیا هەشت سەد و حەفتا ملیۆن دینار) لەخەزنەى ناوەندى فەرماندەیى گشتى هێزى پ . م وەردەگرێت .
2) لەماوەى 1 / 1 / 2008 تا 31 / 12 / 2008 بڕى (10298300700) دینار تەنیا (دە ملیار و دوو سەد و نەوەد و هەشت ملیۆن و سێ سەد هەزار و حەوت سەد دینار) وەرگیراوە لەخەزێنەى ناوەندى هێزى پ . م .
لەبڕگەى پاش ئەمەدا كەبڕگەى خەرجیەكانە لەڕاپۆرتەكەدا لە 1 / 1 / 2008 تا 31 / 12 / 2008 بڕى (9065661750) دینار (تەنیا نۆ ملیار و شەست و پێنج ملیۆن و شەش سەد و یەك هەزار و حەوت سەد و پەنجا دینار) بۆ مەبەستى خەرجى گشتى خەرج كراوە .
لەبڕگەى تێبینیەكانیاندا لیژنەكە لەڕاپۆرتەكەیاندا دەنووسن بڕى بودجەى تەرخانكراوى ئەم دەزگایە لەخەزێنەى ناوەندى هێزى پ . م بەبڕى (870000000) (تەنیا هەشت سەد و حەفتا ملیۆن دینار) وەردەگرێت بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە هیچ مانگێك ئەم بڕە تەرخانكراوە نادرێتە دەزگاى تەندروستى بەڵكو بڕێكى لێ دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەى بچێتەوە سەر ڕەسیدى مانگانەیان و دووبارە بۆیان خەرج بكرێتەوە .
هەروەها لەتێبینیەكى ترى لیژنەكەدا هاتووە بەشێوەیەكى گشتى تێبینى دەكرێت لە خەرجیەكانى ئەم دەزگایەدا پەیڕەوى ڕێنمایى و یاسا و بڕیارە دارایەكانى تێدا جێبەجێ نەكراوە و بەڵكو زۆربەى كارەكان سەرپێچى و لادانە بەهۆى تاكڕەوى لێپسراوى دەزگاى تەندروستى (دكتۆرمحەمەدخۆشناو) و لەهەمان كاتدا بەشى ووردبینى ئەم دەزگایە هیچ سەرنجێكى لەڕێگە گرتنى سەرپێچیەكان نەبووە .
ڕاپۆرتى لیژنەكە سەرپێچییەكان لەچەند خاڵ و نموونەیەكدا بەم شێوەیە ڕووندەكاتەوە ....
لەیەكەم نموونەدا دەنووسێت هەر چوار مستند سەرفى ژمارە (3 ، 5 ، 6) لە 31 / 1 / 2008 و مستندى 18 لە 18 / 2 / 2008 هیچ سەرەتا و بەرایەكیان نیە لەبەشى ژمێریارى، تەنها وێنەى مستندەكە بەبێ هۆكارى ووردبینى پاڕێزراوە كەبەم بڕە پارە (خەیاڵیانەى) خوارەوە خەرجى پێ ئەنجامدراوە كەبەپێیى بنەماكانى ژمێریارى بەخەرجى كۆتایى هەژمار ناكرێت و پێویستى بەكارى لێكۆڵینەوە هەیە ...
1) مستندى ژمارە 3 بەبڕى (289535800) دینار تەنیا (دوو سەد و هەشتا و نۆ ملیۆن و پێنج سەد و سى و پێنج هەزار و هەشت سەد دینار) كەبەمەبەستى مووچە و دەرماڵە خەرجكراوە .
2) مستندى ژمارە 5 بەبڕى (9139550) دینار تەنیا (نۆملیۆن و سەد و سى و نۆ هەزار و پێنج سەد و پەنجا دینار بەمەبەستى موچەى ملحق خەرجكراوە .
3) مستندى ژمارە 6 بەبڕى (27000000) دینار تەنیا (بیست و حەوت ملیۆن دینار) كەبەمەبەستى مووچەى گرێ بەست خەرجكراوە .
4) مستندى ژمارە 18 بەبڕى (7198000) دینار تەنیا (حەوت ملیۆن و سەد و نەوەد و هەشت هەزار دینار) خەرجكراوە ، بەبێ ئەوەى مەبەستەكەى دیارى بكرێت و ناو و ئیمزاى هیچ كەسێكى لەسەر نیە .
هەروەها لەخاڵێكى تردا نووسیویەتى بڕى (4400000) دینار (چوار ملیۆن و چوار سەد هەزار دینار) خەرجكراوە بەپێیى مستندى ژمارە 7 لە 17 / 2 / 2008 دا كەبەپێیى نووسراوى دەزگاى تەندروستى ژمارە (144) لە 22 / 1 / 2008 دا كەئاماژە دەدات بەپارەى گرێ بەست بۆ ئەو بەڕێزانەى ناو و ناونیشانیان لەلیستى هاوپێچدا هاتووە بەڵام لیستى هاوپێچەكەى بەدى نەكراو لەبەشى ژمێریاریش نەبوو .
لەبەشێكى ترى تێبینیەكانى لیژنەكەدا لەسەر خەرجى دەزگاكە هاتووە ، بەمستندى ژمارە 20 لەبەروارى 26 / 2 / 2008 دا بڕى (1663250) دینار (یەك ملیۆن و شەش سەد و شەست و سێ هەزار و دوو سەد و پەنجا دینار) خەرجكراوە بۆ كڕینى پێداویستى بەشى ددان بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى ئیدارەى هێزى پ . م و هیچ عەرزێك وەرنەگیراوە بۆ مەبەستى دیاریكردنى كەمترین نرخ بەپێیى ڕێنماییە داراییەكان .
هەروەها هاتووە بڕى (1378000) دینار (یەك ملیۆن و سێ سەد و حەفتا و هەشت هەزار دینار بەپێیى مستندى رسمى ژمارە 73 لە لە 22 / 4 / 2008 خەرجكراوە بۆ مەبەستى كڕینى یەك سێتى كۆمپیوتەر بۆ كلینكى ڕاوێژكارى شۆڕش كەتایبەتمەندى لێپسراوى دەزگا (د.محەمەد خۆشناو) بووە و هیچ پەیوەندیەكى بەدەزگاى تەندروستیەوە نەبووە .
لەتێبینیەكى تردا هاتووە مانگانە بەبڕى جیاواز پارەى كارى سەرەڕایى و دەرماڵە و كرێى هەندێ لەكارمەندانى كلینكى ڕاوێژكارى سلێمانى و كۆیە خەرجكراوە لەسەر فەرمانى لێپسراوى دەزگا بەبێ ئەوەى ئەو كلینكانە پەیوەستى دەزگاى تەندروستى بن بۆ نمونە بڕى (2475000) دینار (دوو ملیۆن و چوار سەد و حەفتا و پێنج هەزار دینار) بەێپێى مستندى ژمارە 67 لە 21 / 4 / 2008 خەرجكراوە .
هەروەها لەنموونەیەكى تردا ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەدات كەبڕى (2000000) تەنیا
(دووملیۆن دینار) بەپێیى مستندى سەرفى ژمارە 87 لە 4 / 5 / 2008 خەرجكراوە بەشێوەى سلفە بۆ مەبەستى چاككردنى بەشى منداڵبوونى نەخۆشخانەى شۆڕش بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنجە ئەم پێشینەیە تابەروارى 31 / 12 / 2008 پاكتاونەكراوە و بەدواداچوونى بۆ نەكراوە و لەهەمان كاتدا تابەروارى كۆتایى كارى لیژنەكەیان ئەم بەشى منداڵبوونە كارا نییە لەدەزگاى تەندروستى پێشمەرگە .
لەبەشێكى ترى تێبینیەكانى لیژنەكەدا هاتووە بە مستندى سەرفى ژمارە 94 لە 7 / 5 / 2008 بڕى (1231700) دینار تەنیا بڕى (یەك ملیۆن و دووسەد و سى و یەك هەزار و حەوت سەد دینار) خەرجكراوە بۆ مەبەستى دابینكردنى پێداویستى كلینكى ڕاوێژكارى سلێمانى كەئەم كلینكە پەیوەستى دەزگاى تەندروستى نییە .
هەروەها بوونى چەند پێشینەیەكى هەڵواسراو بەبڕى جیاواز لەم دەزگایە كەتاكۆتایى كارى لیژنەكەمان هیچ سەرەتا و بەڵگەیەكى پاكتاوكردن یان گەڕانەوەمان بەدى نەكرد كە پێویستى بەلێكۆڵینەوە هەیە .
لەڕاپۆرتەكەدا پێشینەكان خراونەتەڕوو كەلەلایەن سێ كەسەوە وەرگیراون و كەبەهەر سێكیان زیاتر لە 40 ملیۆن دینارە بۆ مەبەستى سوتەمەنى و كەلوپەلى نەخۆشخانە .
هەروەها لەنمونەیەكى تردا ڕاپۆرتەكە دەنووسێت بڕى (1687000) دینار تەنیا بڕى
(یەك ملیۆن و شەش سەد و هەشتاو حەوت هەزار دینار) بەمستندى سەرفى ژمارە (215) لە 28 /7 / 2008 خەرجكراوە بۆ مەبەستى جوانكارى ئوتۆمبێلى ژمارە (1) ى تەندروستى تایبەت بەلێپرسراوى دەزگا (د. محەمەد خۆشناو) .
سەرەڕاى ئەمانەش ڕاپۆرتەكە ئاماژەى بەوەداوە كەمانگانە كرێیى كارى سەرەڕایى كارمەندان خەرجكراوە بەبڕى جیاواز بەبێ ئەوەى تۆمارگاى تایبەت بەئیمزاى ئامادەبووانى كارمەندان بەكارهێنرابێت بۆ مەبەستى سەپاندنى مانەوەى كارمەندان و شایستەبوونیان بەو كرێیە بۆ نمونە لەڕاپۆرتەكەدا هێما بۆ ئەوە كراوە كەبڕى (3154000) دینار تەنیا بڕى (سێ ملیۆن و سەد و پەنجا و چوار هەزار دینار) بەمستندى سەرفى ژمارە 265 لە 28 / 8 / 2008 خەرجكراوە بۆ مەبەستى كرێیى كارى سەرەڕایى كارمەندانى بەشى ژمێریارى و مووچە .
هەروەها لەبەشێكى ترى تێبینیەكانیان لەسەرخەرجى لیژنەكە نووسیویانە ...
تێبینى دەكرێت بەشێوەیەكى گشتى خەرجیەكانى چەندین مانگ كۆكراوەتەوە بەپێیى دەرخستەیەك ڕەزامەندى بەڕێز لێپسراوى ئیدارەى هێزى (پ . م) (دلێرى سەید مەجید)ى لەسەر وەرگیراوە بۆ نموونە ....
بڕى (1442479950) دینار تەنیا بڕى (یەك ملیار و چوار سەد و چل و دوو ملیۆن و چوار سەد و حەفتا و نۆ هەزار نۆ سەد و پەنجا دینار) بەپێیى یەك دەرخستە ڕەزامەندى لەسەر وەرگیراوە .
هەروەها هەندێ جار ڕەزامەندى بەڕێز (دلێرى سەید مەجید) بۆ هەندێ لەخەرجیەكان وەرنەگیراوە بەو پاساوەى كەبەڕێزیان لەسەفەر بوون بۆنموونە ...
بڕى (6006850) دینار تەنیا بڕى (شەش ملیۆن و شەش هەزار و هەشت سەد و پەنجا دینار) بەمستندى سەرفى ژمارە 286 لە 8 / 9 / 2008 دا خەرجكراوە بۆ خەرجیەكانى نەخۆشخانەى ڕاپەڕین و ڕەزامەندى لێپسراوى ئیدارەى هێزى پ . م لەسەر وەرنەگیراوە.
هەروەها بڕى (3490000) دینار تەنیا بڕى(سێ ملیۆن و چوار سەد و نەوەد هەزار دینار) خەرجكراوە بەمستندى ژمارە 370 لە 18 / 11 / 2008 بۆ كڕینى كەل و پەل بۆ سەرۆكى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە (دكتۆرمحەمەد خۆشناو) بەڕەزامەندى (د. تەها) بەبێ ئەوەى بەڕێزى ئەو دەسەڵاتەى هەبێت یان ڕەزامەندى بەڕێز (دلێرى سەید مەجید) وەرگیرابێت .
هەروەها لیژنەكە دەنووسێت بڕى (8425000) دینار (هەشت ملیۆن و چوار سەد و بیست و پێنج هەزار دینار) بەمستندى قیدى ژمارە 1 لەبەروارى 28 / 11 / 2008 خەرجكراوە بۆ مەبەستى دابینكردنى پێداویستى نەخۆشخانەى قڕگە بەپێیى ڕەزامەندى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ فەرمانى ژمارە (425) لە 8 / 9 / 2008 و پاشان سێ (عرز)ى بۆ وەرگیراوە بۆ دیاریكردنى كەمترین نرخى ئەو پێداویستیانە بەم شێوەیە ....
1 _ (عرز) ى پێشانگاى دیارى لەبەروارى 20 / 7 / 2007 .
2 _ (عرز) ى پێشانگاى زانكۆ لەبەروارى 20 / 10 / 2007 .
3 _ (عرز) ى پێشانگاى ڤانیا لەبەروارى 20 / 10 / 2007 .
بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە (عرز) ى پێشانگاى دیاریە لەبەروارى 20 / 7 / 2007 ، وەرگیراوە كەدەكاتە پێش بەروارى ڕەزامەندى و پێكهێنانى لیژنەى ناوبراو كەلە ئەنجامیشدا كارەكە هەر بۆ پێشانگاى دیارى دەرچووە .
هەروەها هەر لەمبارەیەوە لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە ....
تێبینى دەكرێت هەندێ جار خەرجیەكان ئەنجامدراوە و ڕەچاوى جۆر و تایبەتمەندى ئەو جۆرە خەرجیانە نەكراوە كەپێشتر ڕەزامەندى لەسەر پیشان دراوە كەئەمەش جیاوازى لەنرخ دروست دەكات بەپێیى مواسەفاتى ئەو كەلوپەلانەى كەخەرجى بۆ ئەنجامدەدرێت بۆ نموونە
بڕى (7140000) دینار تەنیا بڕى (حەوت ملیۆن و سەد و چل هەزار دینار) بەمستندى قیدى ژمارە 1 لەبەروارى 28 / 11 / 2008 خەرجكراوە بۆ مەبەستى كڕینى سۆپاى (A37) كەپێشتر ڕەزامەندى لەسەر كڕینى سۆپاى جۆرى (تۆربۆ) كراوە كەعددى 60 دانەیە كەئەمەش جێگاى گومانە !!
هەروەها تێبینى دەكرێت خەرجییەكى زۆر ئەنجامدراوە بۆ مەبەستى چاككردنەوەى ئۆتۆمبیلەكان بەبێ بوونى چاودێرى و كۆنترۆڵێك لەسەر ئەم جۆرە خەرجییانە بۆ نموونە ..
هەردوو ئۆتۆمبێلى جۆرى نیسان پاس ژمارە (42 و 43) تەندروستى پ . م بۆ جارى چوارەم مەكینەكانیان كراوەتەوە و بەبڕى (3530000) دینار و بڕى (3127000) دینار خەرجكراوە بەمستندى قیدى ژمارە 50 لە 23 / 12 / 2007 .
هەروەها لیژنەكە پێیى وایە هەندێك جار خەرجیەكان بەشێوەیەكى سەربەست ئەنجامدراوە لەجۆر و بڕ و نرخدا و پێشتر دەرخستەى بۆ نەكراوە و ڕەزامەندى پێش ئەنجامدانى خەرجى لەسەر وەرنەگیراوە .
بۆنمونە بڕى (25364000) دینار تەنیا بڕى (بیست و پێنج ملیۆن و سێ سەد و شەست و چوار هەزار دینار) خەرجكراوە بەمستندى ژمارە 171 لە 29 / 6 / 2008 بۆ كڕینى پێداویستى و كەلوپەلى نەخۆشخانەى گشتى ڕاپەڕین لەبیتوێن لەهەمانكاتدا ڕەزامەندى ئیدارەى هێزى پ . م بۆ وەرنەگیراوە .
هەروەها لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كەبڕى (1904500) دینار تەنیا (یەك ملیۆن و نۆسەد و چوار هەزار و پێنج سەد دینار) خەرجكراوە بەپێیى مستندى قیدى ژمارە 48 لە 17 / 12 / 2008 بۆ مەبەستى كڕینى سێ عداد بۆ بەنزینخانەى دەزگاى تەندروستى كەلیژنەكە تێبینیان لەسەر ئەوە داوە كەبۆ ئەم خەرجیە (عرز) وەرنەگیراوە و هەروەها پاش ئەوەى سەردانى بەنزینخانەكەیان كردووە بۆیان دەركەوتووە عدادەكان لەئاستى پێویست دانین و ئەو بڕە پارەیەیى پێ نەدراوە زۆرە و هەروەها تێبینى ئەوەشیان كردووە كەئەو جۆرە عەدادانەى كڕاون كۆنن و بەدەست كۆنتڕۆڵ دەكرێن و ناتوانرێت متمانەیان بخرێتە سەر .
تێبینیەكى ترى لیژنەكە لەسەر میوانداریەكانى دەزگاكەیە هەر بۆیە نووسیویەتى بڕى (1476000) دینار خەرجكراوە بەپێیى سندى قیدى ژمارە 5 لە 24 / 4 / 2008 بەمەبەستى میواندارى بەچەند جارێك لەسەرجەم میواندارییەكاندا ئاماژە دراوە بەمیواندارى دكتۆرەكان و دكتۆرى ئەمریكى بەبێ ئەوەى ژمارەى میوانەكان دەستنیشان كرابێت و هۆكارى میوانداریەكان ڕوونكرابێتەوە .
هەروەها لیژنەكە لەڕاپۆرتەكە نووسیویەتى بڕى (26819000) دینار (بیست و شەش ملیۆن و هەشت سەد و نۆزدە هەزار دینار) خەرجكراوە بۆ كڕینى چەند ئۆتۆمبیلێكى جۆراو جۆر بەپێیى مستند سەرفى ژمارە 2 لە 30 / 9 / 2007 لەپێشانگاى جیهان و سەردار ئەوەى جێگاى سەرنجمانە پسوڵەى پارە وەرگرتنى ئەو پێشانگایانە وەرنەگیراوە لەبەرامبەر فرۆشتنى ئۆتۆمبیلەكان بۆ دڵنیابوون لەچۆنیەتى كڕینى ئۆتۆمبیلەكان هەربۆیە داواكارین كارى بەدواداچوون بكرێت و ئاگادارمان بكەنەوە .
لەبڕگەیەكى ترى ڕاپۆرتى لیژنەكەدا كەتایبەتە بەبەشى كارگێڕى و دۆسیەیى كارمەندان دەركەوت هەندێ لەكارمەندان بڕوانامەكانیان لەدۆسیەكاندا نییە یان فۆتۆكۆپیە و لەهەمان كاتدا هەژمارى ئەو بڕوانامەیەیان بەپێیى موچەكانیان بۆكراوە .
لەم ڕووەوە لیژنەكە ناوى 21 كەسى خستۆتە ڕوو كەئەو تێبینیە دەیانگرێتەوە .
هەروەها لەبەشێكى ترى ئەم برگەیەدا هاتووە ...
تێبینیمان كرد كەپێش دەست بەكاربوونى دەستەكەمان لەدەزگاى تەندروستى كەئاشكرا كراوە چەندین بڕوانامەى ساختە هەبووە و ئیجرائاتى یاساییان لەگەڵ نەكراوە بەڵكو تەنیا سسزایەكى ئاسایى كارگێڕى دراون كەپێویست بوو ئاڕاستەى دادگا بكرانایە یان لەو بەروارەوە كۆتایى بەڕاژەكانیان بهێنرایە بۆ ئەمەش لیژنەكە لەڕاپۆرتەكەیاندا ناوى پێنج كارمەندى ئەو دەزگایەیان خستۆتەڕوو .
لەبەشێكى ترى تێبینیەكانیان لەسەر مەسەلەى كارگێڕى و دۆسیەى كارمەندان لیژنەكە باس لەوە دەكات كەبەهەڵە هەژمارى ماوەى خزمەت بۆ كارمەندان ئەنجامدراوە كەپێویستە پێداچوونەوەى تێدا بكرێت بۆئەمەش ناوى چەند كارمەندێك دەخەنەڕوو كەخزمەتى پێشمەرگایەتیان بۆ ئەژمار كراوە كەبڕوانامە و تەمەنیان لەدۆسیەكانیاندا دەیسەلمێنن ئەوان پێشمەرگایەتیان نەكردوە .
لەبارەى ڕاژە و موچەى كارمەندانەوە لیژنەكە لەڕاپۆرتەكەیاندا چەند خاڵێكى تریان خستۆتە ڕوو .
لەبەشێكى ترى ڕاپۆرتەكەیاندا سەبارەت بەگەنجینەكانى دەزگاى تەندروستى لیژنەكە دەنووسێت تێبینى دەكرێت كەلوپەل و پێداویستیەكى زیاد لەپێویست كڕدراوە بۆ بەشە جیاوازەكانى ناو دەزگاى تەندروستى و لەگەنجینە عەمباركراوە بەبێ ئەوەى پێویستیەكى ئەوتۆ لەسەر ئەو جۆرە پێداویستیە هەبێت و بەشێوەیەكى وەستاو ڕەسیدەكانیان لەگەنجینە ماوەتەوە كەئەمەش جێگەى گومانە لەچۆنیەتى كڕینى ئەو بڕە زۆرانە كەدەبێتە هۆى لەناوچوون و خراپ بوونى ئەو پێداویستیانە .
هەروەها سەبارەت بەئامێرە پزیشكیەكان لیژنەكە لە تێبینیەكانیدا دەنووسێت ....
ئەو ئامێرانەى كەبۆ ئەم نەخۆشخانەیە كڕِراون زیاد لەساڵێكە و مەزەندە دەكرێت بەچەند ملیۆن دۆلارێك كەلەكاتى كڕینیدا پێویست نەبوون و ماوەیەكى زۆرە بەبێ بایەخ و زانیارى لەگەنجینە ماونەتەوە واتە مەبەست خەرجكردنى بڕى پارەكە بووە نەك پێویست بوون بەئامێرەكان كەجێگەى سەرنجمانە .
هەر لەمبارەیەوە لیژنەكە چەندین تێبینى ترى لەڕاپۆرتەكەدا خستۆتەڕوو لەوانە پێش ئەوەى شوێنى بەكارهێنانى ئەو ئامێرانە ئامادە بكرێت ئەو ئامێرانە كڕراون كەبەبڕواى ئەوان بەهۆى مانەوەى ئامێرەكان لەگەنجینەدا بۆ ماوەیەكى درێژ بۆتە تێپەڕینى ماوەى یاسایى بەستنى ئامێرەكان لەلایەن كۆمپانیاى ئامادەكارەوە هەر بۆیە بەستنى ئەو ئامێرانە ناكەوێتە ئەستۆى كۆمپانیاكان .
هەروەها لەڕاپۆرتەكەدا هاتووە .....
ئامێرى قەستەڕە بەبڕى (1650000) دۆلار (یەك ملیۆن و شەش سەد و پەنجا هەزار دۆلار) كڕراوە بۆ نەخۆشخانەى قەڵاچۆلان و بۆ ماوەیەكى زۆر لەبەرباراندا بووە لەبەر نەبوونى شوێنى گونجاو بۆ دانانى ئەم ئامێرە پاشان بەبڕیارى بەڕێز لێپسراوى ئیدارەى هێزى پ. م (دلێر سەید مەجید) ئەم ئامێرە بەخشراوە بەڕێكخراوى منداڵپارێزى كوردستان .
هەروەها لیژنەكە ئاماژەى بەو ئامێرانەى تر داوە كەلە گەنجینەدا هێڵراونەتەوە و تاكاتى ئامادەكردنى ڕاپۆرتەكەیان سوودیان لێ نەبینراوە و بەسەدان ملیۆن دینار كڕڕاون ، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەدات كەگەنجینە مەرجەكانى هەڵگرتنى دەرمانى تێدانیە .
لەكۆتایى ڕاپۆرتەكەیاندا لیژنەكە پێشنیارى ئەوە دەكەن چەندین لیژنەى دیكە بۆ پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوە لەكێشەكانى ئەو دەزگایە پێكبهێنرێن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست