405هەزار پاوەندەكەى شاسوار عەبدولواحد و گەمەیەكى تر
Tuesday, 14/01/2014, 12:00
1479 بینراوە
كارەساتى گەورە لەم هەرێمە ئەوەیە دەبێ دوعا بكەین و بڵێین: یاخوا نەكەوینە بەر دەم و دووى دەسەڵاتێكى ناداوەر تا نەبینە نێچیر و پاروویەكى چەوری دەستیان.
شاسوار عەبدولواحد وەك بزنسمانێكى دیار و بەرچاوى سلێمانى لەهەموو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى لەبواری كەرتى تایبەت داویەتی، جێ پەنجەى دیارە و كەسانگەلێ هەن چاویان بەئیشەكانى هەڵنایێ و هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان دەبێ بۆ هەر كارێك بەشداریان پێ بكات و پشكیان تێیدا هەبێت وەئەگەرنا لەمپەر لەبەردەم كارەكانى دروست بكەن، ئەمەش داوایەكى نەخوازراوە ئەگەر بۆ هەر بەرپرسێكى دەستڕۆیشتوو بیەوێ دەرگای خۆی لەبەردەمیان بكاتەوە ئەوا سەرەنجام دەبێ دەستەسڕ ڕابخات و هەموو هەوڵەكانى تووشی ئیفلیج بوون دێن و لەهەر ڕەتدانەوەیەكدا هێندەى دیكە بواری بازرگانی نێوان ئەم و كەسە دەستڕۆیشتووەكان تووشی لێكترازان دێ بەمەیش ئەوەى بۆیان بلوێ دەرهەقی ئەنجامى دەدەن، لەو ڕوانگەوە من وای دەبینم:
یەكەم: بەدەیان بەرپرسی دەستڕۆیشتوو هەموو ئەوانەى لەناو دام و دەزگاكانى ڕاگەیاندن بڵاو كراوەتەوە بینیومانە بەرپرسی وا هەبووە دوو هێندەى لەڕێی فڕۆكەخانەى نێو دەوڵەتیەوە بردۆتە دەرەوە و كەسیش لێی نەهاتۆتە جواب و داوای لێپێچینەوە و ڕووبەڕووى دادگای بكاتەوە، لێرەدا بۆچی ئەو شتانە دەبێ بۆ ئەمان حەلاڵ و بۆ ئەویش حەرامبێ.
دووەم: ئەوەى شاسوار عەبدولواحد كردویەتى نە هێنانى كەل و پەلی ماوە بەسەرچوو نەبووە، نە تریاك و ماددەى هۆشبەر و چی و چی كە لەهەموو ڕوویەكە ڕۆژ نیە گوێبیستى ئەوە نەبین ئەوەندە كەل و پەلی تەندروستى و خۆراكى مادەبەسەرچوو دەستى بەسەردا گیرا، كەچی نەماندیت كەس بۆبەردەم دادگا بانگ بكرێ، لەكاتێكدا پێویستە حكومەت شانازى بەهەموو ئەوانەوە بكات بتوانن پارە و پوولی بیانى بهێننە ناوەوەى هەرێم كە بێگومان هێنانە نانەوەى جگە لەوەى بۆ پڕۆژەى تایبەت خەرج دەكرێ، لەهەمان كات بووژانەوە بە بارودۆخىئابووری و بازاڕ دەدات.
سێ یەم: ئەو هەنگاوە وادەكات ئەگەر كەسێكى تر بیەوێ خزمەت بكات، ئامادەنەبێ پارەى خۆی لەدەرەوە بۆ ناوەوەى وڵات بێنێ.
هیوادارم دەزگاكانى بەرپرس و لایەنى پەیوەندیدار دەستى هەموو ئەو بزنسمانانە بگرن كە دەیانەوێ پارەى بیانى بێننە ناوەوە و بازاڕەكانى پێ گەرم بكەن نەك بڕو بیانوو دۆزینەوە و ئاماژەدان بەیاسایەك كە پێویستە پێداچوونەوەى بۆ بكرێ ئەگەر دەرفەت بەبڕەپارەیەكى زۆر بۆ دەرەوە نادرێ، هەقە دەرگا واڵابێ بۆ هەموو ئەوانەى پارە بۆ ناوەوەى هەرێمى هاوردە دەكەن.