کام سەنگەرە شایستەیە، بۆ ڕوناکبیرو ڕۆشنبیر!
Thursday, 03/03/2011, 12:00
ساڵانێک لەمەوبەر، کە ئێمەو مانان کوردستان پۆستمان کردە مینبەرێک وهەریەک لەبوارێک و هەر کەسە بەپێی توانای، کەوتینە هاوارو نوسین، و دەنگمان بەرامبەر سەرجەمی ئەو ناعەدالەتیە هەڵبڕی کە یەکێتی و پارتی لەژێر چەتری پەرلامان و حکومەتدا، دژی میللەتی کورد پەیڕەوی دەکەن و سامان و داهاتی گەلێک بەفیڕۆ دەبەن، و بنەماڵەو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیەکانیان دەستیان خستۆتە، ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە و بوارەکانی بازرگانی، خوێندن و پەروەردە، ئاوەدانکردنەوە و...تاد لەلایەن ئەوانەوە کۆنترۆڵ کراوەو سامان و داهاتی تەنەوەیەک بەخواستی دوو بنەماڵەو دوو حزبی دەسەڵاتدار وەگەڕ خراوەو گەلێکی تریش.
ئەو کاتانە هەندێک، دوورو نزیک گاڵتەیان بە ئەقڵمان دەهات و وایان دەزانی هاوارو بانگەوازی ئێمە تەنیا مەسەلەی شەخسیە، یا هەڵپەی خۆبردنە پێشەوەیەو هیچی تر. لە کاتێکا خۆشیان هەمان ئەو ناعەدالەتی و نا هەقیەیان وەک ڕۆژی ڕووناک دەبینی. وەک نەیان کردو ناشیان توانی، نە سەداو سیمایەکیان هەبێ نە دوور بە دوور سۆزێک بۆ ئەوانە دەبڕن، کە خۆبەخشانە سنگی خۆیان ڕوبەڕوو کردۆتە ئاگرکە!
هەڵوێستی ڕابردووی، ئەو لەشکرە بێ هەڵوێستە تەنها لە پەندە کوردیەدا خۆی دەبینێتەوە کەدەڵێ(ئاگرە سووە، لە خۆم دوورە)، بەهەر بڕوو بیانوویەک بووبێ.، کاتێک دەکرا هەر چاکی مەردانە لێ بکرێ بە لاداو ڕووناکبیرو ڕۆشنیرەکانمان لە پێشەوەی هەموان بەرەیەکی تۆکمە و ڕێکخراویان پێکەوە بێنایەوبارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەم ئاستەی ئیستای نەگات.
بێگومان کەسمان ناتوانین، هەوڵی بێوچانی ڕۆژنامە گەری و ڕۆژنامە نوسە بێلایەن و سەربەخۆکان لەبەرچاو نەگرین وەک هاوڵاتی وئاوێنە و لیڤین و زۆری تر، ئەم گازاندەیە دوور لەوانەو ئەوانیش خۆبەخشانە وبێ بسانەوەو مەردانە لە مەیدانەکەدا بوون، داخە ئەوەیە. ژمارەکەیان لە پەنجەی دەست تێپەڕنەبوون.
دوای بەدوای تەقینەوەی دوومەڵە بۆگەنەکەی یەکێتی و پارتی و ڕوودانی کارەساتی ١٧/٢ خۆشبەختانە مەیدانی ناڕەزایەتی پەرەی سەندو ڕووداوەکان ئەو ترس وتەلیسمەیان شکاند کە چی تردەسەڵاتی پاوانخوازی یەکێتی و پارتی ولەباربردنی حکومەتی هەرێم و پەرلەمان بەکاروکردەوەی ئەوان، لەپشتی پەردە و بە نهێنی باسوخواسی لێ نەکرێ.
مت بوون و چوونە قۆزاخە و بێ دەنگی، بۆ میللەتێک ئاساییە تا کاتی لەباری خۆی، واتە تا وەک ئەو دروشمە هەر زۆر ئاساییەی خۆپیشاندەرانی کوردستان دەیڵێنەوە(جامی جەماوە لێی ئەڕژێ)دێتە سەشەقام.
گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان جامی جەماوەری کوردستان و (جامی)میللەتانی ناوچەکەش ئەوا گەلێ کورد سەلماندی لە بەرپرسیارێتی و هەستکردن و خوێندنەوەی ڕووداوەکاندا گەلێ لە پێشەوەیە.، گەلی عەرەبی لە میسر پاش سی ساڵ و لە تونس پاش ٢٣ ساڵ و لە لیبیاش پاش ٤١ ساڵ. قازانەکەیان لێی ڕژا و کەوتنە سەرشەقامەکان. سەرباری گەلێ جیاوازی نێوان کوردو ئەو دەوڵەتانە، لە پێش هەموویانەوە ئەوان هیچ نە بێ خاوەن دەوڵەتی خۆیانن.
مەبەست لەوەیە گەر بێدەنگی هاوڵاتی ئاسایی، ئاسایی بێ لەبەرامبەر، کارو کردەوەکانی دەسەڵات سەبارەت بە نایەکسانی، نا عەدالەتی، پێشێلکردنی مافەسەرەتاییەکانی مرۆڤ، دزین و ئاودیوکردنی سەروەت وسامی میللەت. قۆرخکردنی دەسەڵات وداگیرکردنی موڵک و ماڵی خەڵک و بە بنەماڵەکردنی حزب و حکومەت و پەرلەمان. ئەوا ئاسایی نیە ڕۆشنبیر و ڕوناکبیرو شاعیرو ڕۆژنامە نووس بێ ئاگا بێ و لە ئان و ساتی خۆیدا بە دەنگ نەیە.
خۆ گەر هەر بەدەنگیش نەهات ئەوا.ئەو کەسە یا لەسەر سفرەی دەسەڵات بەرژەوەندی پارێزەو هاوبەشی هەموو ئەو نەهامەتیانەیە کەبەسەر گەلەکەیدا هاتووەو چاویان لێ دەنوقێنێ. یا ئەوەتا پاروویەکی چەوری پێ دراوە و نایەوێ دەست بەرداری بێ.
خۆپیشاندانی ئەم دواییە هەرێمی کوردستان سەلماندی تەنها ئەوانە گرەوەکە دەبەنەوە کەلە بەرەی گەلن نەک دەسەڵات، لەبەر ئەوەشە دەبینین هەندێک هەڵپەیانە بەهەر جۆرێک بێ لەو بەرەیەدا دەرکەون و جێگەیان بێتەوە! ئا ئەوەتا لەسەر سەکۆی ئازادی سەرا وتارێک بخوێنێتەوە یا لە لاپەڕەکانی دژە دەسەڵاتدا یا لە ماڵپەڕێکدا ووتارێک، بابەتێک هەڵکوڕوزێنن! و بڵێنن ئەوە ئێمەش لێرەین. بێ ئاگات لەوەی گەلی کورد لەوە هوشیار ترە و دەمێکە ووتویانە(لە پڕێ نابی بەکوڕێ)، بەهەر جۆرێکیش بێ بە خێر بێنەوە بۆ بەرەی گەل. بەڵام هیچ نەبێ نەفرەت لەو کاتانە بکەن، کە لەسەر سفرەی دەسەڵات پێک لەدوای پێکتان هەڵئەداو سوپاس و ستایشتتان ئەکردن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست