کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێرشی میلیشیاکانی حکومەت بۆسەر خۆپیشاندان سەرکۆنەو ریسوا دەکەین!

Saturday, 16/07/2011, 12:00




ئێوارەی ئەمڕۆ ١٥/٧/٢٠١١ ژمارەیەك گەنجی شاری سلێمانی لەسەرای ئازادی بەمەبەستی خۆپیشاندان‌و دەربڕینی نارەزایەتی لەدژی داسەپاندنی سەرکوتی سیاسی لەلایەن حکومەتی هەرێم‌و بۆ خواستی ئازادی‌ کۆبوونەوە. بەڵام میلیشیاکانی حکومەتی هەرێم کەپێشتر لەشوێنەکە ئامادەبوون ‌بە دارو کێبڵ پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داو ژمارەیەکیان بریندارکردو ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیرکردن. بەپێی هەواڵەکان دەزگا سەرکوتگەرو بەڵتەجیەکانی حکومەتی میلیشیایی هەرێم لە سلێمانی ئەشکەنجەخانەی کاتی‌یان لە ناو کۆڵانێکی دەوری سەرای ئازادی بۆ گیراوەکان داناوەو هەرلەوێدا لێ‌یان داون‌و سوکایەتیان پێکردونو بەشێك لە دەستگیرکراوەکان رەوانەی جێگای تر کراون!

شایانی وتنە کە لە ١٧ی شوباتەوە تا ١٩ی نیسان جەماوەری زۆربەی شارەکانی کوردستان‌و بەپلەی سەرەکی لاوان لە دژی بێکاری، نایەکسانی، نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی، بەرتەسکردنەوەی ئازادی، دەسەڵاتی بنەماڵەیی‌و گەندەڵی سیاسی ‌بۆماوەی ٦٢ رۆژ بەردەوام خۆپیشاندان‌و کۆبونەوەی نارەزایەتیان ئەنجامدا تا ئەوکاتەی کە حکومەت بە هێزێکی زۆری چەکدارو بەکرێگیراوی بەڵتەجی کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان هێنا. لەوماوەیەدا ١٠ کەس لە خۆپیشاندەران کوژران‌و سەدانیش بریندارو سەدانیش دەستگیرو سوکایەتی‌یان پێکرا. خەڵکی کوردستان دژی ئەم تاوان‌و ناهەقیانە‌ی ئەم دەسەڵاتەو بێدەربەستی بۆ ژیان‌و گوزەرانیان نارەزایەتی‌و نەفرەتیان قوڵپ دەدات‌و بۆ فرسەتێك دەگەڕێن کە ئەم نارەزایەتیەیان بکەنەوە بەگژ دەسەڵاتی یەکێتی‌و پارتیدا. ئەم خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ هەوڵێکی ئەو خەڵکە نارازیەیە لەو ئاراستەیەدا.

ئێمە لە چەتری ئازادی پشتگیری خۆمان بۆ خۆپیشاندانی ئەمڕۆ رادەگەیەنین. خەڵکی کوردستان مافی بێئەملاو لای خۆیانە کە بەئازادانە خۆپیشاندان‌و کۆبونەوەی جەماوەری‌ ئەنجام بدەن و نارەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات دەرببڕن. حکومەتی هەرێم لەژێر هیچ بیانویەکدا مافی ئەوەی نیە مافی خۆپیشاندان‌و کۆبونەوەو مانگرتن‌و هەرجۆرە نارەزایەتی دەربرینێکی مەدەنیانەی خەڵك قەدەغەو رێگری لێ بکات. بەهیچ شیوەیەك مافی نیە‌ هێز بەرامبەر بە خۆپیشاندەران‌و هاوڵاتیان بەکاربهێنێ. هاوکات هێرش‌و پەلاماری چەکدارەکانی دەسەڵات بۆسەر خۆپیشاندەران لێدان‌و ئەشکەنجەو دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران بە توندی سەرکۆنە دەکەین‌و هەوڵ دەدەین لەئاستی رای گشتی‌و رەسمی بەریتانیادا ریسوای بکەین. دەبێ دەستگیرکراوەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن‌و ئازادی خۆپیساندان‌و نارەزایەتی بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان دەستەبەر بکرێ.

چەتری ئازادی
لەندەن ١٥/٧/٢٠١١
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە