کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"دوو هه‌زار پیاوم هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌"

Thursday, 01/04/2010, 12:00


"دایك‌و باوكم مردون، مێرده‌كه‌شم لێم تێناگات‌و هه‌ركاتێك پاره‌ی‌ پێ نه‌مێنێت، خۆی‌ به‌سه‌ر مندا توڕه‌ ده‌كات‌و ئازاری‌ خۆم‌و هه‌ردوو منداڵه‌كه‌م ده‌دات". ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌چیرۆكی‌ ئاڤان، ئه‌و كچه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ تائێستا ده‌یان په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ كوڕاندا به‌ستوه‌، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی‌ وه‌حده‌ی‌ مۆبایلی‌ بۆ بنێرن. ئاڤان، تا پۆلی‌ سێیه‌می‌ ناوه‌ندی‌ خوێندوه‌و پاش مردنی‌ دایك‌و باوكی‌، پورێكی‌ ئه‌ركی‌ به‌خێوكردنی‌ له‌ئه‌ستۆ گرتوه‌.. پاش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پوره‌ی‌ به‌شوی‌ داوه‌ به‌پیاوێك كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵاته‌، ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌و پوره‌یدا له‌گه‌ڕه‌كێكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ژیان به‌سه‌رده‌بات. به‌وته‌ی‌ ئاڤان مێرده‌كه‌ی‌ مه‌شروب خۆره‌و زۆر ئازاری‌ ده‌دات. ئه‌و، كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ ماڵی‌ خۆیانی‌ به‌جێهشتوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی‌ به‌شه‌ڕ هاتووه‌، وتی‌ "پیاوه‌كه‌م به‌رده‌وام داوای‌ پاره‌ له‌ من ده‌كات، ده‌ڵێت ده‌بێت به‌هه‌ر نرخێك بێت پاره‌م بۆ په‌یدابكه‌یت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ له‌شفرۆشیش بێت". به‌ڵام پوری‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و بۆچونه‌یه‌و ده‌ڵێت "مێرده‌كه‌ی‌ مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاڤان له‌ئارایشتگا كاربكات".

ئه‌و ژنه‌، ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ خوی‌ داوه‌ته‌ كارێكی‌ نوێ‌، ئه‌ویش په‌یداكردنی‌ وه‌حده‌ی‌ مۆبایله‌. له‌باره‌ی‌ ئه‌م كاره‌یه‌وه‌، وتی‌: "له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدا بمه‌وێت قسه‌ بكه‌م، سه‌ره‌تا داوای‌ وه‌حده‌ی‌ لێده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر بۆی‌ ناردم، ئه‌وا وه‌ڵامی‌ ده‌ده‌مه‌وه‌و چه‌ند قسه‌یه‌كی‌ خۆشی‌ بۆ ده‌كه‌م". ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاند مه‌به‌ستی‌ له‌و كاره‌ی‌ ته‌نها بۆ "قسه‌كردن‌و گاڵته‌كردنه‌ به‌عه‌قڵی‌ پیاوان". به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ بۆ قسه‌كانی‌ هێنایه‌وه‌، كه‌ تائێستا "له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێكدا تامی‌ جنسیم وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام پیاوان زۆر به‌زویی‌ ده‌كه‌ونه‌ هات‌و هاوارو منیش گاڵته‌م به‌عه‌قڵیان دێت". هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی‌ دركاند ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن، خه‌ڵكی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و كه‌ركوكیشی‌ تیایه‌.

بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌، ئاماده‌كاری‌ راپۆرته‌كه‌ چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی‌ به‌ئاڤانه‌وه‌ كرد، دوای‌ گفتوگۆیه‌كی‌ درێژ ئینجا ره‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕی‌ تا دیداری‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت. سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌، دووجار ئه‌و كات‌و شوێنه‌ی‌ گۆڕی‌ كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ دیاری‌ كردبوو. له‌كاتی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شدا، ئاماده‌یی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌م هه‌ر رێكخراوو لایه‌نێكه‌وه‌ بچێت، كه‌ بیانه‌وێت هاوكاریی‌ بكه‌ن‌و رێگه‌چاره‌یه‌كی‌ بۆ دیاری‌ بكه‌ن، بۆ رزگاربون له‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی‌ به‌هۆی‌ مێرده‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ كات بێكاره‌، گیرۆده‌ی‌ بووه‌.

هه‌ر له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و ژمارانه‌ی‌ رۆژانه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ئاڤانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌كاتی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ئاماده‌كاری‌ راپۆرته‌كه‌، توانی‌ دووان له‌و گه‌نجانه‌ بدوێنێت كه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن‌و ئه‌وانیش ئاماژه‌یان به‌وه‌دا له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌سی‌ تره‌وه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌یان ده‌سكه‌وتوه‌و په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن. سۆران، یه‌كێكه‌ له‌و كوڕانه‌ی‌ ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌یه‌ كه‌وتوه‌ته‌ داوی‌ ئه‌و ژنه‌وه‌. به‌وهۆیه‌وه‌ بایی‌ (25) دۆلار كارتی‌ بۆ ناردوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و كارتانه‌ی‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ خۆی‌ كڕیویه‌تی‌. كاروان، یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و كوڕانه‌، وتی‌: "ئه‌و كچه‌ گیرفانی‌ له‌پول‌و پاره‌ خاڵی‌ كردووم". كاتێكیش رێپۆرته‌ره‌كه‌ داوای‌ لێكرد، مۆبایله‌كه‌ی‌ بكوژێنێته‌وه‌ تا دوای‌ ته‌واوبونی‌ پرسیارو وه‌ڵامی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌. ئاڤان، به‌پێكه‌نینه‌وه‌ وتی‌: "ببوره‌، ره‌نگه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا بایی‌ زیاتر له‌ 200 دۆلار وه‌حده‌م بۆ بنێرن".

ژماره‌كه‌ی‌ ئاڤان، زۆربه‌ی‌ جار به‌هۆی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ زۆرانه‌ی‌ پێوه‌ی‌ ده‌كرێت مه‌شغوڵه‌. ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژنێكی‌ له‌شفرۆش‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو بێت، به‌ڵام هه‌ندێكجار له‌كاتی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنه‌كانیدا، خۆی‌ وه‌كو ژنێكی‌ له‌و جۆره‌ ده‌رده‌خات‌و بۆ سه‌رنجڕاكێشانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن، پێیان ده‌ڵێت "من قه‌حپه‌ی‌ ره‌سمیم‌و هیواو ئاواتی‌ من ته‌نها كاری‌ سێكسییه‌". به‌قسه‌ی‌ خۆی‌، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت داهات كۆبكاته‌وه‌. پوره‌كه‌ی‌ ئاڤان، ده‌ڵێت "ئاڤان جێگای‌ بڕوا نییه‌، چونكه‌ تائێستا نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زار مه‌وعیدی‌ له‌گه‌ڵ كوڕان‌و پیاوان داناوه‌، كه‌چی‌ ته‌نها قسه‌ی‌ درۆ بووه‌".ئاڤان، كاتێك له‌گه‌ڵ پوره‌ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ی‌ هاتنه‌ شوێنی‌ ئه‌نجامدانی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌، ئه‌وه‌ی‌ دركاند ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ پیاوێكدا ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ. له‌كاتی‌ دیمانه‌كه‌شدا، ئه‌وه‌ی‌ رونكرده‌وه‌ هه‌ندێك له‌و پیاوانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ ده‌كه‌ن، وه‌كو كه‌سی‌ ده‌سه‌ڵاتدار خۆیان ده‌رده‌خه‌ن‌و "به‌ده‌نگی‌ به‌رز هاوارده‌كه‌ن‌و واخۆیان ده‌رده‌خه‌ن كه‌ به‌رپرسن‌و خاوه‌نی‌ پاسه‌وانن". كه‌چی‌ ئاڤان، ده‌ڵێت "پیاوان هه‌رچییه‌ك بن، من توانیومه‌ یاری‌ به‌هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌م كه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ده‌كه‌ن، دڵنیابه‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌، هه‌ر چاوه‌ڕوان بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاڤان‌و روخسارو جه‌سته‌ی‌ ببینن". ئه‌و خانمه‌، دواتر باسی‌ له‌وه‌ كرد هه‌ندێكجار كاتێك ده‌چێته‌ دوكانێك یان سوپه‌رماركێتێك، كه‌سێك ده‌بینێت‌و ده‌زانێت سه‌رمایه‌داره‌، ئه‌وا ژماره‌كه‌ی‌ خۆی‌ جێده‌هێڵێت تا په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ "وه‌حده‌ی‌ خۆم وه‌رگرم". له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌وه‌شدا، ناترسێت هه‌ندێكجار به‌هۆی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه‌ توشی‌ روداوێك ببێت‌و چاره‌نوسی‌ بكه‌وێته‌ زیندان، هیچ كام له‌و كه‌سانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ده‌كه‌ن‌و وه‌حده‌ی‌ بۆ ده‌نێرن، ئاماده‌نه‌بن داكۆكی‌ لێ‌ بكه‌ن. وتی‌: "من كه‌ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌م جگه‌ له‌بێتاقه‌تی‌ هیچی‌ دیكه‌ نییه‌. ئیتر یارییه‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌و گۆڵی‌ خۆم ده‌كه‌م‌و ته‌واو".

* ئه‌م چیرۆكه‌ راسته‌قینه‌یه‌و ته‌نها ناوی‌ ئاڤان خوازراوه‌ له‌به‌ر باری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌. هه‌ر ده‌زگایه‌كی‌ چاكسازی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌یه‌وێت هاوكاریی‌ ئاڤان بكات، ده‌توانێت ناونیشانی‌ وه‌ربگرێت.
ئاوێنه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە