تاكەى كەركوك به‌ بێ ده‌نگی بفرۆشرێت!؟

Friday, 12/10/2012, 12:00



كەركوك یەكێكە لە شارە پڕ بایەخ و دەوڵەمەندەكان ، چاوى توركیاو ئێران و ........ی بە سەرەوەیە وەك نەخۆش هەرماوەى جارێك سەرهەڵدەداتەوە و دەبێتە جێی بایەخی میدیاكانی ناوخۆو جیهان . زۆر جار گوێت لە لێدوانى هەندێ بەرپرس دەبێت رەوشەكە زیاتر دەشڵقێنێ و بەرەو لێوارێكی نائارامی دەبات و ئاڵۆزتری دەكات .
چارەسەرنەبوونی پرسی كورد پێشترو ئێستاش لە سەر كەركوك بووە، ئێستاش لە هەموو كێشەكانی عێراق زیاتر باس لە سەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەكرێت ، دوژمنانی كوردوبگرە عیراقیش گرەو لە سەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەكەن و دەیانەوێت پڕكێشمە بشێوی بێت . لەكاتی رژێمی بەعس بەشى كاولاری وراگواستن و كوشتن بووە ، ئێستاش وادەزانن تەل ئەبیبە بە سەدان تەقینەوەو تیرۆركاری دەیانەوێت خەڵكە كوردەكەی رەو پێبكەن ، بەسەدان كوردی كەركوكی شەهید و هەزارانی بریندارو بوون . سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندنێكیدا دەڵێت : ئێمە لە سەر كەركوك لە گەڵ بەعسدا رێكنەكەوتین .
پاش راپەڕینی بەهاری1991 كەركوك ناوچە دابڕێنراوەكان نەخرانە نێو ناوچەى دژەفڕینەوە، سنوری هێڵی 36 درێژ نەكرایەوە و كێشەى كەركوك بە هەڵپسیراوی مایەوە ، چەندین جار داواكرا هێڵی 36 درێژبكرێتەوە بۆ 32 لێ مەخابن شكست بە داخوازییەكان هات ، بۆچوونی فەرمی حكومەتی ئەمریكا پێش رووخانی سەدام كۆك بون لە سەر ئەوەى كەركوك و بەغدا هەرێمێكی سەربەخۆ بن ،ئەوەبوو پاش رووخانی سەدام لە ساڵی 2003 دا كێشەی كەركوك لە چوارچێوەى مادەی 58ی دەستووری كاتیدا خۆیبینیەوە .پاشان لە دەستوری عیراقدا بە هەموو بڕگەكانیەوە لە مادەی 140دا حەشاردراو هەندێ پارێزگای تریشی تێوەگلێنرا .بەڵام تا بە ئێستاش جگە لە دابەشكردنی چەكی قەرەبوو بە سەر ئاوارەكاندا هیچ بڕگەیەكی ئەو مادەیەجێبەجێ نەكراوە .
لە سەروبەندی ئەم كێشە ئاڵۆزە پرسیارێك خۆی لە مێشكماندا دەوروژێنێ ، ئەویش ئایا ئەم كێشەیەهەروا بە هەڵپسیراوى دەمێنێتەوە؟ئایا هیچ رێگا چارەیەك بۆ چارەسەركرنى ئەم قەیرانە میژووییە لە ئاسۆدا نییە؟
جەنابی سەرۆكی هەرێم لە خۆتەوە دەستپێدەكەم ، كەس بە قەد تۆ لە سەر ئەم كێشەیە مەكوڕ نەبوە ، تەنانەت دەتگوت كەركوك و مادەی 140 هێڵی سوورن لە بەر ئەوە كەس بوێری نەدەكرد هیچ بڵێت نەكوو بە خاین و خۆفرۆش و..... دابنرێ . كە چوویتە سعوودیەش ئیتفاق وابوو باسی كەركوك نەكرێت ئەوەش بەرامبەر بە چەند ملیارێك ، هەموو كاتێكیش لە وتوێژەكانتاندا لە گەڵ بەغدا پرسی كەركووتان كردوە بە ئامرازێك بۆ بەدەستهێنانی هەندێ دەسكەوتی كاتی وەك نمونە لە سەدا حەڤدەكەی بودجەو مووچەی پێشمەرگە...هتد .
بەڕێزتان گەلێ زیاتر ئاگادارتروشارەزاترن لە من ، پێش رێكەوتنە ستراتیژییەكەتان لە گەڵ یەكێتى ، بە ئێستاشەوە بۆچونتان جیاوازە ، تەنانەت بەڕێز مام جەلال ئەوكاتەى لە ئەمەریكا بوو پێش چەند ساڵێك لە گەڵ پەیامنێری رۆژنامەى واشنتۆن پۆست پێش بینی ئەوەى كردبوو كەركوك ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ ، پێش دوو ساڵ لەمەوبەر لە هۆڵی نەورۆز لە كەركوك بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك كەسایەتی و رۆشنبیر و مامامۆستایانی زانكۆو رۆژنامەنووسان ، تیكڕایی بیرو بۆچونەكان ئەوەبوو كەركوك ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ ، ئەوەى من ئاگاداربم بابەتەكە بە نووسراو بەرزكرایەوە بۆ (un) و پەرلەمان و جەنابتان . بەڵام هیچ وەڵامێك نەبوو تەنها (un) وەڵامی ئەوەبوو ئێوە كێن ؟بۆ عەرەب و توركمانتان لە گەڵدا نییە ؟ ئەوەبوو بەردی خرایە سەر و بابەتەكە داخرا .
بەرەى توركمانی لە ساڵی 2007 دا جەختیان لە سەر ئەوە كردەوە كەركوك شارێكی عیراقیەو تایبەتمەندییەكی توركمانی هەیە نە عەرەبی و نە كوردییە ، ئەم لێدوانانەش زیاتر سەرۆكی بەرەى توركمانی سیاسەتمدارەكانیان دوبارەى دەكرەوە .
ئەنجومونی سیاسی عەرەبی كە دژی كورد بوون ، پێشتر سەر بە (تەجەموعی جمهوری) بوون ، ئێستا ئەنداماكانی ئەنجومەنی شاری كەركوك كە هەموویان پێشتر سەر بەو گردبوونەوەیە بوون و دواتریش بە پەرلەمانتارەكانیشیانەوە نەك لە كەركوك بەڵكو لە دیالەو مووسڵ و تكریتیش چوونە ناو ناو لیستی (عیراقییە)وە ، ئێستا هەموویان پاڵیان داوەتە (مالكی) یەوە بۆ دژایەتی كردنی كورد هەموویان پێكەوە بەیاننامەیەكیان دژی كورد و مادەی (140)دەركرد ، تەنانەت ئێستا پرۆژەیەك لە پەرلەمان هەیە زیاتر لە 67 ئەندام پەرلەمان واژۆیان كردوە بۆ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوك كە من لەو باوەڕەدام هەرگیز نەكرێت ، چونكە ئەوەى كورد ئەیڵێت عەرەب و توركمان پێی رازی نییە ، ئەوەى عەرەبیش ئەیڵێت كورد و توركمان پێی رازی نییە ، ئەوەى توركمانیش ئەیڵێت كورد و عەرەب پێی رازی نییە .
كێشەى كەركوك لە ساڵی (2003)ەوە كە شیعە دەستی كرد بە دەستێوەردان لە كاروباری كەركوك لە رێگای (عبد الفتاح موسوی)ەوە كە پێشنوێژ و وتارخوێنی حوسێنییەى(خەزعل تمیمی) بوو ئەو كاتە لە كەركوك ، ئەوەبو كێشەیەك لە داقوق دورست بوو ، بەرێوەبەرى پۆلیس ئەو شارۆچكەیە كەوتوە بەسەر پێی ئاخوندەیك بە (cd) یش بڵاوكرایەوە. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێ بڕیاربوو (مقتدى)دا سەدر دە پاێی گەورە لە چەكدارەكانی بهێنێتە كەركوك بۆ شەڕی كورد ئەوەبوو ئایەتوڵا محەمەد باقر تیرۆركرا بەمەش هاوكێشەكە گۆڕا .
بەهێز بوونی پێگەی شیعە و دەسەڵاتى مالیكی و لەهەمانكاتدا دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا ، جارێكی دی هاوكێشەكە بەڵای شیعەدا وەرسووڕایەوە ، پێم وابێت تاریق هاشمی تاكە ئاستەنگ بوو لە پێش پرۆسەى شیعەو ئێران ، بە نەمانی ئەو ، شیعە زیاتر دەسەڵاتی كەوتە دەست ، لێ من هەموو كات بە هاوڕیانی خۆمم گوتوە ئەگەر شیعە شەڕی خۆی لە گەڵ سونەیا بە كۆتا هێنا ، ئامانجی دووەمى سەرەكی كورد دەبێت .
پەرلەمانتارێكی یەكێتی پێی ووتم برادەرانی ئەنجومەنی باڵا(مجلس الاعلى) وەك ئێمە بیردەكەنەوە و بیرو بۆچوونەكانیان وەك كورد وایە ، بەڵام لە كاتی قەیرانەكاندا دەنگ بە بەرەى شیعە دەدەن ، بۆ نمونە ئەو ژمارە زۆرەی كوردە فەیلییەكان لە بەغدا و كووت كە دەبوایە چەندین كورسی لە هەڵبژاردنەكاندا بهێنن ، كەچی بەداخەوە كورد تاكە كورسییەكشی بەدەست نەهێنا ، گومانم لەوەدا نییە دەنگەكانی خۆیانیان خستۆتە پاڵ ئاینزاكەى خۆیان و رەهەندە نەتەوایەتییەكەى خۆیانیان فەرامۆشكردوە.
تەنانەت زۆرینەى كوردە شیعەكانی خانەقین و مەنەلی و جەلەولاوو سەعدییەو شەبەكەكانی دەشتی مووسڵ دەنگ بە مەرجەعییەتى شیعە دەدەن . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت جیاوازییەكی زۆر لە نێوان بیرو بۆچونەكانی كوردو شیعەدا بەرامبەر بە یەكتری هەیە و زۆر بە ئاشكرا دژایەتی كورد دەكەن كورد لە هاوكێشەى شیعە جیگاى نابیتەوە .
دەبێ چاك ئەوەمان لەبیر بێت شیعە خۆی بۆ كەركوك و دواتر بۆ كوردستان مەڵاس داوە و لە هەل و بیانویەك دەگەڕێ بۆ قوتدانی كەركوك پاشان كوردستان ، لە بەر ئەوە ئەمان هەرگیز برای ئێمە نین و بەبرای ئێمە نابن ، چونكە عەقلیەتی ئاینزاگەریان زۆرسەختە . كتێبی كافی كە ســــــەرچاوەیەكی باوەرَ پێكراوى بەهێزیانە بە ئاشكرا دەڵێت : بە كورد ژن مەدەن چونكە دورستكراوى (جن) ن (لا تزوجوا الاكراد انهم من عالم الجن) . بە هەمان شێوە دوا جار (جلال الدین الێغیر) یش سەركردە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی زۆر بە راشكاوانەو گوتی كورد (مارق)ە ، ئیمامی مەهدی دەركەوێت یەكەم جار لە گەڵ واندا دەجەنگێت و دەڵێت تەنها لەگەڵ كوردی عیراقدا دەجەنگێت .
ئەمە كاكڵەى بیرو عەقیدەیانە . ئێمەش بابكر زێباری دەنێرین بۆ لای عەمار حەكیم بۆ هاوپشتی هاوسۆزى نێوان كورد و (مجلس اعلى) ، ئەگەر ئەمە حاڵیان بێت ئایا دەتوانرێت دیالۆك و گفتو گۆیان لە گەڵدا بكرێت ؟ خۆیان لە سەرەتادا دەیانگوت هەرێمی باشوور نۆ پارێزگایە ،كورد ووتەنى ئەگەر گیرام ئەزم ئەگەر نەگیرام دزم بەو مانایەى گەر سونە دەسەڵاتی زیادیكردو زاڵ بوو ئەوە هەرێمی خۆم هەیە و رایدەگەیەنم ، ئەگەر شیعەش سەركەوت ئەوا لەگەڵ ویشدا هاوبەشدەبم.
لە پارێزگای دیالە كوردێكی ئەندامی ئەنجومونی پارێزگا بەیاننامەى بە هەرێم بوونی پارێزگاكەى راگەیاند ، هەر لە دوای خوێندنەوەى بەیانەكە یەكسەر رفێنرا ، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە ئەوا ئەویش سەری تێدا دەچوو . بۆ سەركوتكردنی ئەو داخوازییەى خەڵكی دیالە هێزێكی زۆر هێنرایە ئەو پارێزگایەو ماڵی بەرپرسەكانیان موشەك و هاوەنبارانكرد ، لە ئەنجامدا بارەگەى ئەنجومەن گواسترایەوە بۆ خانەقین . رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوى كردەوە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی حیزبی دەعوە (سەرەك وەزیرانی پێشوو) لە سەردانێكیا بۆ لای خامەنەئی داوای كردبوو ئاوی سیروان بگیردرێت تاكو سوونەكان لێی بێبەش بن و سوودی لێ نەبینن ، داوای كردبوو لە ناو ئێرانەوە بەربەستێكی بۆ بكرێت و رێڕەوى ئاوەكە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەى لە پارێزگای كووتەوە بێتە ناو عێراقەوە هەتا شیعەكان ڵى سوودمەند بن . بۆیە من بە دووری نازانم حكومەتی ئێران ئەم مەرامە گڵاوەی رەچاوكردبێت بۆ بێبەش كردنى خانەقین و دواتر ئاوى سیروان لێیمان .
كەركوك بوەتە قسەو خواستی شیعەو ئێران ، پێش ساڵێك شاندێكی بازرگانی ئێرانی هاتە كەركوك بۆ بتەوكردنی پەیوەندییەكانی بازرگانی نێوان هەردوو لا ، بە بەرپرسێكی كەركوكم ووت : ئەمە سەرەتایەكی زۆر دژوارە بۆ دەستێوەردانی ئێران لە كەركوكدا ، جگە لەمەش كونسوڵی ئێران لە هەولێر بەم دوایانە زووزوو سەردانی شاری كەركوك دەكا و زمانی توركمانی زۆر باش دەزانێ و پەیوەندی بە كەسانێكی زۆرەوە دەكات . تەنانەت برادەرێكی بەرپرس لە كەركوك ووتی من نەمدەناسی بەڵام كە هاتە لام بە توركمانی قسەى لە تەكا كردم ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت زانیاری لەسەر بەرپرسە كوردەكان كۆدەكاتەوە . هاتنی مالیكیش بۆ كەركوك لەخۆیدا تەحەدایەك بوو ، لە هەمانكاتدا دەرخستنی بێباكی بوو لە كورد و بە لووتبەرزییەوە گوتی كەركوك شارێكی عیراقیە .
لە 20/6/2012 پێگەى لڤین پرێس بڵاویكردەوە (تا ئێستا بەرپرسانی كورد باسی گەڕانەوەى كەركوكیان نەكردوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان) وتی ئەم رستەیەم لە زمانی موقتەدا سەدرەوە تۆماركردوە . هەروەها سەدر لە بەیاننامەیەكدا وتی لە گەڵ نێچیرڤان و بەرپرسانی تری كورددا باسی پرسی كەركوكیان كردوە هیچ كەسێ لەو بەرپرسانە باسی ئەوەى نەكردوە كەركوك بلكێنرێت بە هەرێمی كوردستانەوە ، بە قسەى سەدر واتا كەركوك وەك شارێكی عیراقی دەمێنێتەوە و هەموان بە كورد و عەرەب و تور كمان ، شیعەو سونە تێیدا دەژین .
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد لە لێدوانێكیدا لە 21/8 جەختی لەسەر ئەوەكردەوە لێدوانەكەى سەدر هیچی لە لێدوانەكانی مالیكی كەمتر نییە .
ئەم دژوارییەى سەر كەركوك بەعسمان وەبیر دێنێتەوە كە چیان بە سەر كەركوكدا هێنا ، توركیاش وەك ئەوانی دی لە سەر قسەى داودد ئۆغلو كە لە 2/8 دا دوانێكی دا ، كەركوكی بە بڕبڕی پشتی عیراقی وەسفكرد .
رووی قسەم ئاڕاستەى جەنابی كاك مەسعود دەكەم سەرنوسەریی هەفتەنامەى هەواڵ شوان داودی پرسیارێكی ئاڕاستەى جەنابت كرد، ئایا وەڵامت دایەوەكە لە ژمارەى 484ى 11 ئابی 2012دا ئاڕاستەتی كردبوو دەڵێت : موقتەدا سەدر لە هەفتەى رابردوودا كتێبێكی لە سەر نهێنی سەردانەكەى بۆ ئێران و هەولیر بڵاوكردەوە لە ژێر ناونیشانی (یادەوەرییەكان) ، ئامانجی سەردانەكەی تێدا روونكردبوەوە بۆ هەولێر ، ئاماژەدەكات كە سەردانەكەی بۆ هەریم زۆر گرنگ بوە چونكە قسەیان لە سەر زۆر دۆسیەى گرنگ كردوە بە تایبەت كەركوك كە بەشارێكی عیراقی دەمێنێتەوە.
جەنابی سەرۆك لە نێو ئەم هەموو ململانێ سیاسیەو فشاری ناوخۆیی ودەرەكییەدا ئایا كاتی ئەوە نەهاتوە بە ئاشكراو راشكاوانە باسی ئەوە بكەین كەركوك ببێتە هەرێمێكی سەر بەخۆ ؟ لە دواین سەردانت بۆ كەركوك جەنابتان ناڕاستەوخۆ فەرمووتان چارەنووسی كەركوك كەركوكییەكان خۆیان دیاریدەكەن . سیاسەتوانەكان و چاودێرانی سیاسی وایان لێكدایەوە ئەم قسەیەى بەڕێزت نەرمییەكە بۆ چارەسەركردن و بە هەرێم بوونی كەركوك .هاتنی ئەوان بۆ كەركوك و بە چڕی باسكردنیان بەڕادەیەك بوەتە كێشەى نێوان ئێران و توركیا و زلهێزەكانی تر . ئەوكات خوانەخواستە كەركوكمان لە دەست دەچێت و بەعس ئاسا كە بە ناوی عروبەو وەتەنیەتەوعەرەبی دەهێنا و لە كەركوك نیشتەجێی دەكردن و پارەو وەزیفەو دەسەڵاتی پێدەدان ، ئەمجار ئەمان بە ناوی شۆرشی حوسێن و تۆڵەی حوسێنەوە عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستەوە دەهێنن شارەكە بە یەكجارەكی بە عەرەبدەكەن ، هەروەكو چۆن ناوچە سونە نشینەكانیان داگیركردلە تاپۆكردنی زۆر ناوچەى سامەڕا و مەرقەدی ئیمام حەسەن عەسكری ، ئەوەبوو دەستیان بە تاپۆكردنی گەڕەكی ئیمام قاسمی كەركوك كرد لە سەر وەقفی شیعی بەبێ ئەوەى هیچ بەڵگەیەكیان پێبێت یان لە فەرمانگەی تاپۆی كەركوك كەسێ بتوانێ بەرهەڵستیان بكات ، تەنانەت دەڵێن تەكییەى تاڵەبانیش دەگرێتەوە .قسەكەى سەغیر چاكترین بەڵگەیە.
ببورە لێم جەنابی سەرۆك كە دەڵێم كەركوك بكرێتە هەرێم ، من دەمەوێت ئەوەى هەمانە بیپارێزین و پارێزگاری لێبكەین و لەوە زیاتر زەرەرمەند نەبین . كادرێكی بەرزى پارتی گوتی لە ئەڵمانیا چاوم بە جیمس بیكەر كەوت گوتی دەتانەوێت كەركوك بخەنە سەر هەرێم ؟ گوتم بەڵێ ، ووتی چۆن ؟ ووتم بە دەنگدانی لە 51% ، 52% ، 53% بۆ لكاندنی بە هەرێمەوە ، ووتی نەخێر ئەوە خەیاڵە دەبێ بە دوو هێندە بێت بە واتای رازی بوونی لایەنیكى تر لە گەڵ كورد بۆ ئەوەى ببنە دوو هیندە ئەوەندەى من ئاگادار بم توركمان ئامادەیە جۆن دەبێت ئەوا دەسەلات لاى جەنابتانە . كێشەیكە ترمان بۆ دروست بووە ئەویش ئوپەراسیونى دیجلەیە ،ئیستا ئوپەراسیونى دیجلە هەولى خۆپر چەككردن قایم كردنى پێگەى سەربازى خۆى دەكاو ئەفسەرە كوردەكانى بۆ جێگاى تر گوزراوەتەوە دەسەڵات لە پارێزگاو ئەنجومەن وەر دەگرنەوە هەر چەندە بە هەموو لایكمانەوە رەتمان كردەوە ئەم هێزە دروستبكریت، تەنانەت جەنابى سەرۆك كۆمارداواى لە مالكى كرد ئەو ئوپەراسیونە رابگرى كەچى داواكەى جەنابى مام جەلالیشى رەتكردوە . ئایا چارە چیە ؟ ،ئەمە ماناى راگەیاندنى جەنگ نیە!؟ ئیوە دوو حزبى دەسەڵات بە راشكاوانە بە میللەت بڵیین ئەمە. رێگا جارەیەو..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە