قسەیەك لە نێوان لڤین و مهسعوددا
Thursday, 15/10/2009, 12:00
بێ گومان گۆڤارى لڤین یەكێ لەو بڵاوكراوانەیە كە بە زەقى شتەكان دەردەبڕێت و خوێنەرى خۆیشى هەیە، هەندێك جاریش كەوتووەتە هەڵەوە، بۆ نموونە لەیەكێك لە ژمارەكانیدا باسى كێشەى نێوان نێچیرو مامى كردبوو، كێشەكەشى بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە كە نێچیر لە كچەكەى مەسعود منداڵى نییەو دەیەوێت ژن بێنێت، كە لە ڕاستیدا نێچیر منداڵى هەیەو كوڕەكەى ناوێ ئدریسە وكچیشى هەیە، خەڵك تا ئێستاش بە هۆى ئەو بابەتەوە وا تێگەیشتووە ئەو منداڵى نییەو كێشە لە نێوان خۆى مامیدا هەیە، بەڵام لە گەڵ كەم و كورتیەكانى لڤینیشدا، ئەگەر بارزانى چوارسەد هەزار دۆلار وەرناگرێت وەك و لڤین دەڵێت، با ئاشكرا بكرێت بزانین چەند وەردەگرێت، ئەگەر هیچ وەرناگرێت و وەك سیستانى نان و پیاز دەخوات یان وەك و غاندى بەشیرى بزنەكانى دەژیت، ئەوە با ئێمەش شانازى بكەین كە سەرۆكێكمان هەیە ژیانێكى سادەو ساكار بەسەر دەبات، من ئەو ماوەیە گۆڤارێكم دەستكەوت موچەى هەموو سەرۆكەكانى ئەوروپاو ئەمریكاشى تێدا بوو، ئەو موچانە بە گوێرەى میزانییەى زەبەلاحى ئەو دەوڵەتانە شتێكى زۆر نییە، تەنانەت بە موچەى هەموویانەوە بە ساڵێك بە مانگێك داهاتى یاریزانێكى وەك و میسى یان كرستیانۆ رۆناڵدۆ نابێت، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا دەكرێت لە وڵاتێكى وەك و كوردستاندا كە وەك و پەرپرسەكان خۆیان دەڵێن وڵاتێكە كاولكراوەو وێرانە موچەى ئەندامێكى مەكتەب سیاسى یان سەرۆكى هەریٍم یان سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران لە موچەى سەرۆكى ئەمریكا زیاتر بێت كە تەنها بودجەى بەرگرى ئەو وڵاتە لەساڵێكدا بەقەد هەمو بودجەى هەرێمى كوردستانە بۆ ماوەى زیاتر لە بیست ساڵ، ی
ان مەعقولە موچەى خانەنشینى ئەندام یەڕلەمانێك شەش ملیۆن دینار بێت كە داهاتى مانگانەى(10) كرێكار زیاتر دەبێت كەلە شەشى بەیانییەوە كارى قورس دەكەن تا چوارى ئێوارە بە گەرماى هاوین و بەسەرماى زستان، ئەگەر كار وابڕوات و ئۆپۆزسیۆنیش هەنگاوى بوێرانە نەنات بۆ چارەسەركردنى ئەم وەزعە ئەوە خەڵك چۆن بڕواى بە بیرى نەتەوەیى و نیشتمانى نەماوە بڕواى بەدیموكراسیش نامێنێت، خەڵك بچێت بۆ دەنگدان چى بكات، دەبێت بڕێك نەهەنگ هەڵبژێرێت بۆ هەڵوشینى داهاتى ئەم هەرێمە، رۆژنامەو گۆڤارەكانیش هەچى بڵێن خەڵك بڕوا دەكات لەبەر ئەوەى شەفافیەت نییەو زۆر شت لە تاریكیدا دەكرێت، ئەگەر دەسەڵاتیش چارەسەرى ئەو كەم و كورتییانە نەكات هەر لە قسەى زبرى ڕۆژنامەكانیشدا ناوەستێت و لەشەڕە قسەوە دەبێتە شەڕە بەرردو لەوەیە لەوەش زیاتر. كوردێك خاوەن هیچ نییە پیاو سەرى سووڕ دەمێنێت ئەمە حاڵى حزبەكانى بن یان بەرپرسەكانى یان پەڕلەمانەكەى تەنانەت ئۆپۆزسیۆنەكەشى، ئەم هەرێمەیان كردووەتە كەلاكێكى مرداربوو هەر یەكەو لەلایەكەوە تێى بەربووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست