کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەک لە دایک و باوکی (نێرگس)ەوە بۆ سەرۆکە میهرەبانەکانمان

Wednesday, 01/02/2012, 12:00






سڵاوتان لێ بێت سەرۆکە میهرەبانەکان، لە ڕاستیدا بۆیە ئەم نامەیەمان بۆ هەمووتان نوسی وتمان نەوەکو دوای گلەیمان لێ بکەن و بڵێن یەکێکمانیان لە یاد کردوە، چونکە ئێمە ناتوانین و ناکرێت هەرگیز بۆ یەک چرکە ئێوە لە یاد بکەین.

خۆشەویستانمان:
ماوەی چەند ڕۆژێکە (نێرگس)ی کچمان کۆچی دوایی کردوە، لە ناوخەڵکدا مقۆ مقۆ دروست بوو گوایە مردنی کچەکەمان بە ڕەقبوونەوە لە سەرمادا یان بە نەخۆشی، دوور لەڕووتان خەتایی ئیوەی تێدایەو قەزاو قەدەر نیە.

ئێمە وەکو دایک و باوکی (نێرگس) بۆیە ئەم نامەیەتان بۆ دەنوسین، بۆ ئەوەی ئێوە دڵنیا کەینەوە کە مردنی کچە ٣٣ ڕۆژەکەمان، هیچ پەیوەندییەکی بە ئێوەی سەروەر و سەردارمانەوە نیە، ئێمە زۆر نیگەران بووین لەوەی کە دڵی بێگەرد و سافی ئێوە لە ئێمە زویر ببێت، وەک جاران ڕەحمەت و بەرەکەتی خۆتان بەسەرماندا نەبارێنن.
بەڕێزان سەرۆکە لە دڵ نیشتەجێکانمان: ئێمە دەزانین ئێوە ئێستا زۆر سەرقاڵن و کاتی خوێندنەوەی ئەم نامەیەتان نیە، دەزانین کە خەریکی کۆنگرەی نیشتمانی و کۆنگرەی نەتەوەی و کۆنگرەی عەشایری و ئاڵوگۆڕی حکومەت و وەزیر و گزیرەکان، بەڵام ئیمە وتمان ڕۆژان ڕۆژیان لە دوایەو ڕۆژێک هەر دێت ڕوبەڕوو چاو بە چاو دەبینەوە، دوایی ئەو خەجاڵەتیە لە کوێ بێنینەوەو چۆن ڕومان بێت سەیرتان بکەین.

ئازیزانمان سەرۆکە دڵ پاک و، مێژو پاک و، دەست پاکەکانمان: (نێرگس)ی ٣٣ ڕۆژە بە هەر شێوەیەک بێت ئێوە خۆش، بەڕەقبونەوە لەسەرما یان بە نەخۆشی، ئەمە لای ئێمە هیچ گرنگ نیە، چونکە نە وەزارەتی تەندروستی هیچ کەموکوڕیەکی تێدایە، نە خزمەتگوزاری و ئاسودەیەک کە بۆتە نسیبی ئێمە. ئەوەی ئێستا بۆ ئێمە گرنگە ساغی و سەلامەتی ئێوە و مناڵەکانی ئێوەیە، ئێمە بۆیە مناڵمان دەبێت بۆ ئەوەی بمرێت، بە گەورەی یان بچوکی، زوو یان درەنگ، بەڕەقبوونەوە یان بە نەخۆشی، ئەگەر بڕواش ناکەن ئەوە پرسیارێک لە دایک و باوکی (گەرمیان) بکەن، چەکدارە لەخۆبوردووەکانی ئێوە بە گاڵتەوە گولە بارانیان کرد، کەچی ئەو بەڕاستی مرد، چیرۆکی ژیان و مردنی ئێمەی ئینسانە نەگبەتەکانی کۆمەڵگا، وەک ژیان و مردنی ئاژەڵەکانی لێهاتووە، منداڵەکان بە گاڵتەوە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، کەچی بۆقەکان بەڕاستی دەمردن.

سەرۆکە ترش و شیرینەکانمان: منداڵەکانی ئێمە هەر بۆ مردن باشن، خوا تەمەنی مناڵ و وەچەکانی ئێوە درێژ بکات، مناڵەکانی ئێمە یان سەرە خۆرەن، یان نان بڕن یان سفرە دڕ، منداڵەکانی ئێمە تاکو ئەمرن چوار جار بەگەرمی ماچیان ناکەین،دوو جار بەدڵی خۆیان جلیان بۆ ناکڕین، خۆ وەک مناڵەکانی ئێوە نین لە سکی دایکیاندا یان (موقەدەمن) یان (عەمید)، لە هەولێر دروستیان دەکەن و لە واشنتۆن لە دایک دەبن، لە سلێمانی ناویان تۆمار دەکەن بۆ خوێندن و لە نەمسا بڕوانامەکانیان وەردەگرن، هاوین لە لوبنان بەسەردەبەن و زستان لە بەرشلۆنە، لە ڕۆما قوماش دەکڕن و لە ناپۆلی بۆیان دەدورن، لە دهۆک نەخۆش ئەکەون و لە ئەڵمانیا چارەسەر دەکرێن.

مناڵەکانی ئێمە تەنها ژمارە زیاد دەکەن، تەنها بازاڕ و بەردەم سینەما و چایخانەکان ئاوەدان دەکەنەوە، تەنها لە کاتی سەیر کردنی تەلەفزیۆنەکاندا گەڕەکی فیرعەوناواو دۆلاراوەکانی ئێوە دەبینن، ئاخر مناڵەکانی ئێمە بمرن یان بژین چ مەعنایەکی هەیە، مناڵ و وەچەکانی ئێوە خۆشبن، ئەگەر کوڕەکانی ئێوە نەبن لە دەزگای پاراستن و دژە تیرۆر ناحەز چاومان دەردەهێنن، ئەگەر نەوەکانی ئێوەنەبن ١٥ ساڵی تر بڵێین کێ سەرۆکمانە، کێ کەرکوک بهێنێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئیتر بۆ ناهەقمانە لە مەرگی ئازیزەکانی خۆماندا، ژیانی نەوەو وەچە ڕەسەنەکانی ئێوە ببینین، هەر دەردێک بۆ ئێوە دێتە خوارەوە، ئەیکێشین وەگیان وەسەر بارەوە.

ئاخر ئێمە تێناگەین کە ئێوەی هەمیشە دڵ لای ئێمە لەوە زیاتر چیمان لێ بکەن، ئێوە پاروی خواردنەکە دەکەن بە دەمانەوە، خۆناکرێت بێن و بۆ خەوەکەش دامانپۆشن، ئەوەی ئەو خەڵکە باسی دەکات و دەیڵێت کاری کەردەنی نیە، ئەوەی خەڵک باسی دەکات تەنها حەسودیەو هیچی تر، ئاخر ئێوە چیتان هەیە؟ چەند کۆمپانیایەکی شڕکەو، ئەو چوار پێنج تەنکەرە نەوتەیە کە ئاودیوی دەکەن.

سەرۆکە ئازیز و بەویژدانەکانمان: هیچ دڵگران نەبن لەوەی وابزانن ژیانی ئێمە باش نیە، لەوانەیە لە تەلەفزیۆنەکانەوە بەرو ماڵ و ژیانی ئێمەیان بەهەڵە پیشاندابن، بڕوابکەن ئێمە هیچ عەیبێکمان نیە، بۆ ئەوەی دڵنیابن ئەوا وێنەیەکی خێزانەکەمانتان بۆ دەنێرین بۆ ئەوەی ئەو دوو دڵییەتان نەمێنێت، سەیری ڕومەتی ئاڵ و سێو ئاسایی دایکی (نێرگس) بکەن و بڵێن ئۆخەی شوکر ڕەنجمان بە با نەڕۆی، سەیری جل و بەرگی کچەکەمان بکەن دەڵێی شازادەیە، سەیری تریقەی پێکەنین و ئەو هەموو ئومێد و هیوایە بکەن کە لە ڕوخساری باوکی (نێرگس)دایە، بڕوابکەن هەرکەس ئەمانە نەبینێت بەردەمی خۆشی نابینێت.

بەڕێزان سەرۆکە ماندووەکانمان: بڕواتان بێت ئێوە هیچ قسورێکتان نیە، ئەوەی لە بیر و هۆشی ئینساندا نیە ئێوە بۆ ئێمەتان کردوەو دەیکەن، ئەوەی تۆزێک ماڵەکەمان پرش و بڵاوە، ئەوەی من عەرەبانچیم و دایکی (نێرگس) لە ماڵەوەیە ڕۆژگارەکانی ژیانی خۆی وەک دەنکە شقارتە ئەسوتێنێت، ئەوەی کچە ٣ ساڵانەکەمان ناچێتە ئەو هەموو باخچەی ساوایان و مەڵبەندە پەروەردەییانەی ئێوە بۆتان دروست کردون، هیچی پەیوەندی بە ئیوەوە نیە، ئێمە خۆمان سەلیقەی ژیانمان نیەو ناتوانین وەک ئێوە بژین، ئاخر بەڕێزان کێ ڕێگری لێ کردووین کە نەبینە خاوەنی کۆمپانیا، کێ پێی وتوین نابێت ئێوە کاری بازرگانی بکەن، ئەی ئەوە ئێوە نین شەو ڕۆژ هاوار ئەکەن کە پشتیوانی سەرمایەداری ناوخۆی دەکەن و بازاڕتان ئازاد کردوە.

بەڕێزان سەرۆکە قارەمانەکانمان: ئێمە لە ئیستادا زۆر بێتاقەتین و هەست بە خەجاڵەتی لای ئێوە دەکەین، ئێمە زۆر نیگەرانین کە لەم زستانە سارد و تەڕ و توشیەدا نەمانتوانی دوو بارە دار بگەیەنیەنە لای ئێوە، ئاخو ئیستا لەو کۆشک و ڤێلاکانتان حاڵتان چۆن بێت بەدەست سەرماوە، ئاخو مناڵە چاو گەشەکانتان هەر وەک (نێرگس) سەرمایان بێت، داخمان ناچێت کە ئەوەندە بێوەفاو نمەک بە حەرامین، نەگبەتی و نەهامەتی ئێمە هەر ئەوە نیە کە دایک و باوکی (نێرگس)ین، بەڵکو بەڵای گەورە ئەوەیە کە خەڵکی شوێنێکین نە داری لێیە نە دەوەن، ئای کە ڕۆژگارێکی سەخت کەوتووین، مناڵی سەرۆکەکانت سەرمایان بێت و نەتوانی دوو سۆپا داریان پێشکەش بکەیت.

بەڕێزان سەرۆکە خاوەن هەڵوێستەکانمان: ئەزانین زۆر دڵتان لامانەو دەتانەوێت بێن بۆ سەردانمان، داواتان لێ دەکەین کە کاری وا نەکەن، ئەم هەموو ئەرک و زەحمەتە، ئەم هەموو هاتوچۆیە پێویست ناکات، ڕێگا و بانەکە باش نیە دووربێت نەوەکو شتێک ڕووبدات، ئەگەر ئێمە بە سەردانی نوێنەرەکانتان و ئەو هەموو وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتار و پارێزگار و قایمقامەکانتان نەزانین، دڵنیابن بەهیچ ئەرک و دڵسۆزیەکتان نازانین و بە یەک دوو ڕۆژ هەموو ئەو ناز و خۆشەویستیەی ئیوەمان لە بیر ئەچێت.

بەڕێزان سەرۆکە بێ خەو، بێ خۆراکەکەنمان: ئێمە لە کۆتایی ئەم نامەیەدا داوای ئەوەتان لێ دەکەین، کە هیچ دڵتان لای ئێمە نەبێت و سەبارەت بە ژیانمان هیچ ناڕەحەت نەبن، ئێمە بەرنامەیەکی زۆر باشمان بۆ داهاتووی خۆمان داڕشتووە، هەر لە ئێستاوە ژمارەیەکی زۆر دەبەی ئاومان کۆکردۆتەوە، هەمووی پڕ دەکەین لە ئاو، لە هاویندا خاو خێزان شەڕە ئاوی پێ دەکەین، بۆ ئەوەی چۆن (نێرگس) لە سەرما یان بە نەخۆشی مرد، کچە ٣ ساڵانەکەشمان لە گەرمانا نەمرێت، دنیایەکی سەیرە، ئەگەر زستان بێت کچێکمان فت، ئەگەر هاوین بێت کچێکمان فت، بەڕاست ئەمە ژیانە یان بەرنامەی کەشکۆڵە.

بەڕێزان سەرۆکە شارەزا و چاو گوێ کراوەکانمان: ئەمە ناونیشانی فەیسبوکی خێزانەکەمانە (نێرگس٣٣) هیوادارین بوارتان هەبێت و بتوانن سەیری بکەن، وێنەکانمان ببینن و دڵی خۆتان بدەنەوە، ئێمە دڵنیاین بە بینینی یادگاریەکانمان سەبوریتان بۆ دێت، ببینن لە ترانزێتی فڕۆکەخانەکان، ببینن وێنەکانمان لە سەنتەر و گۆڕەپانی شارە گەورەکانی جیهان، ببینن کچە ٣ ساڵەکەمان چۆن لەگەڵ دۆلفین یاری دەکات، ببینن ئێمە دایک و باوکی (نێرگس) چۆن لەکاتی سەما کردندا دەستمان بەرزکرۆتەوە و وێنەمان گیراوە، دڵنیاین کە زۆر کەیف خۆش دەبن.
هەر ئێوە بمێنن ئێمە دار و بەردین


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە