جێگه‌وڕێگه‌ی لیستی گۆڕان له مێژووی ئه‌مڕۆی کوردستاندا(به‌شی دووه‌م)
Sunday, 26/07/2009, 12:00
جێگه‌وڕێگه‌ی لیستی گۆڕان له مێژووی ئه‌مڕۆی کوردستاندا
ناسوناڵ-لیبراڵ نه‌ک ناسیوناڵ-ڕیفۆڕمیست
(به‌شی دووه‌م له ووتاری سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان)
پێشه‌کی. زمانی گوڵ و زمانی زگماکی ئهسڵیناسیونالیستێکی میلیتانت، به پێشینه‌یه‌کی خوێناویه‌وه، که هه‌تا دوێنێ به زمانی چه‌ک و گوله ده‌دوا، ئه‌مڕۆ هاتۆته مه‌یدان و ئه‌یه‌وێت به زمانی گوڵ ڕه‌خنه بگرێت له هاوڕێ و هاوخه‌باتکارانی دوێنێی که ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵی ئه‌مڕۆی کوردستانن. شایه‌نی باسه له ته‌مه‌نی 18 ساڵی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه، ئه‌م که‌سه نزیک به 15 ساڵ له پایه داڕێژه‌رانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته و که‌سی دووه‌می یه‌کێک له کۆڵه‌گه حیزبیه‌کانی ده‌وڵه‌تی هاوبه‌شی هه‌ردوو حیزبی ناسونالیستی کوردستان بووه. ئێمه جارێ ناشچینه سه‌ر ئه‌و باسه که ئاخۆ له سبه‌ینێی ده‌سه‌ڵات گرتنهدهستیدا هه‌مان زمانی گوڵی ده‌مێنێ به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی کوردستان، وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ هه‌یه‌تی به‌رامبه ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵ، یان په‌ناده‌باته‌وه به‌ر زمانه زگماکیه ئه‌سڵیه‌که‌ی خۆی؟
بیۆگرافیای شه‌خسی و ئاوێته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی.
ئه‌م وه‌رچه‌رخانه له هه‌ڵوێستی سه‌رکرده‌یه‌کی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد، نه‌وشیره‌وان مسته‌فا بێگومان له لایه‌نێکیدا به‌رهه‌می پیاچونههیهکی شه‌خسی خۆیه‌تی به ئه‌زمونێکی سیاسی تایبه‌ت که له 30-40 ساڵی ڕابردوودا پیاتێپه‌ڕیوه، به‌ڵام به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که ئه‌م پیاچوونه‌وه‌یه له شکڵی بیۆگافیایهک و له دووتوێی په‌ڕتووک و ڕۆژنامه‌دا گیری نه‌خواردووه. واوه‌تره له‌م ئاسته شه‌خسییه‌ی و ده‌بێ وه‌ک دیارده‌یه‌کی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شێک له شکڵ پێدانی ڕوخساری سیاسی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان ئه‌م بیۆگرافیا نه‌نوسراوه‌ی نه‌وشیره‌وان بخوێنینه‌وه.
بۆ ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه پێویسته چاوێک به به مێژووی 6-7 ساڵی ڕابردووی کۆمه‌ڵگه‌که‌ماندا بخشێنینه‌وه. له‌م مێژووه‌دا که هێشتا وه‌ک کولێره‌ی گه‌رمی بازاڕ وایه له‌به‌رده‌ستماندا. چه‌ند ئاڵ‌وگۆڕێک، چه‌ند ڕه‌وه‌ندێک له‌په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، فکری و سیاسی به‌یه‌ک ده‌گه‌ن، ده‌ست له‌ملان له‌یه‌ک ده‌ئاڵێن و له پڕۆسه‌یه‌کدا (که‌هێشتاش به‌ته‌واوی فرچکی نه‌گرتووه و لههوورانی شکڵگیری سه‌ره‌تایی خۆیدایه)، ئاوێتهێکی (موڕهککهبێکی) کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی له مێژووی ئه‌مڕۆی کوردستاندا دێنێته‌دی، که به‌ره‌و ئهودهڕوات مۆری خۆی له ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیست و یه‌کی کوردستان بدات.
ئه‌وه ئه‌و زه‌مینه ماددیه‌یه که ده‌توانین له ڕێگهیهیهوه بیۆگرافیای شه‌خسی سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد تێبگه‌ین، وه به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌م بیۆگرافیایه ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌یه که ده‌توانین مێژوویه‌ک که ئێستا تیاده‌ژین بیخوێنینه‌وه و بیبینین، ئه‌و مێژووه به‌ره‌و کوێمان ده‌بات و مناڵه‌کانمان ده‌خاته ناو چ ئاینده‌یه‌که‌وه، ڕۆڵ و کاریگه‌ری چه‌پ و کۆمۆنیزم له‌سه‌ر چه‌ماندنه‌وه، پێچ پێکردنه‌وه و شکاندنه‌وه‌ی ئاقار و ڕێره‌وه‌که‌ی ئه‌م مێژووه چییه، له‌م په‌یوه‌نده‌دا ئه‌رکه ده‌ست به‌جێکانمان چین؟. (ئه‌مه باسێکی سه‌ربه‌خۆیه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له فرسه‌تێکی تردا له سه‌ر شیکاری بار‌و دۆخی سیاسی کوردستان باسی لێوه بکه‌ین) لێره‌دا په‌نجه بۆ بابه‌ت چه‌ند خاڵێک ڕاده‌کێشین له پێکهاته‌کانی ئه‌م ئاوێته‌یه:
1- سه‌رهه‌ڵدانی توێژێکی خواپێداوی تازه به‌سه‌را که‌وتوو، پوڵدار و خاوه‌ن سه‌رمایه له‌کوردستاندا به‌تایبه‌ت له (6-7) ساڵی ڕابردووی دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسدا، ئه‌م توێژه لایه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه و له داوێنی توێژێکی ئولیگارشی مالی (گغمه مالیه) گه‌نده‌ڵ سه‌ر به هه‌ردوو حیزبی-میلیشیایی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌ڕواته ڕێوه، لایه‌کیش مه‌یدانی کێبڕکێی ئازادی پێ نادرێت بۆ وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌که‌ی و هه‌ست ده‌کات بازار له کوردستاندا له ئاستێکی به‌رفراوان قۆرخ (ئیحتیکار) کراوه بۆ توێژی یه‌که‌م له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حیزب-ده‌وڵه‌ت وه. ئه‌م توێژه به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه له ڕێگه‌ی هه‌رچی خێرا به مۆدێرنه‌کردنی ده‌وڵه‌ت، سه‌روسامان پێدانی ده‌وڵه‌تێکی قانونی که ئیمتازات بۆ به‌شێک له سه‌رمایه‌دارانی سه‌ر به حیزبه مێلیشیاییهکان و قۆرخکردنی بازار بۆیان تیا نه‌مێنێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خوازیاری ڕیفۆڕمێکی سیاسییه که ده‌سه‌ڵاتی حیزبی-میلیشیایی کۆتایی پێبێت و نوێنه‌رانی سیاسی ئه‌م توێژه‌ش به‌شدار بن له شکڵ پێدان و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بۆ مسۆگه‌ر (زامن) کردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان. هه‌رجۆره پێشڕه‌ویه‌کی ئه‌م پڕۆژه‌یه (له هه‌نگاوی یه‌که‌میدا گه‌یاندنی نوێنه‌رانی به په‌رله‌مان و شکڵپێدانی ڕه‌وتێکی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی) ماناکه‌ی کامڵ پێکردنی هه‌ژمونی بورژوازیه وه‌ک چینێک به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا، مانای نوێکردنه‌وه‌ی شکڵ و فۆڕمی ناسیونالیزمه که بتوانێ توێژه‌کانی تری سهرمایهدرانیش نوێنه‌رایه‌تی بکات و بتوانێت بزوتنه‌وه‌ی ناسونالیستی له ته‌نگژه (مه‌ئزه‌ق) ێکی سیاسی بێنێته‌ده‌ره‌وه که له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی هه‌ردوو باڵه کلاسیکیه‌که‌ی (پارتی و یه‌کیه‌تی) ڕوبه‌ڕوی بۆته‌وه، چ له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و چ پێشڕه‌وی نه‌کردنی له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی (و ناسیونالیزمی عه‌ره‌بیدا به‌گشتی) به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست له‌گه‌ڵ ڕه‌خساوی هه‌لومه‌رجی سیاسیش‌دا بۆی نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش پاشه‌کشه‌ی ڕۆژبهڕۆژیشی له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زیدا. به‌م شێوه‌یه بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی واقعی نه‌ک خاڵی لاواز به‌ڵکو نیشانه‌ی خاڵی به‌هێزی هه‌ژموونی بورژوازی خۆماڵی کورده‌واریه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا. به‌و مانایه که له‌مه‌ولا به‌رژه‌وه‌نیه‌کانی گشت بورژوازی له‌ڕێگه‌ی هاوئاهه‌نگیه‌کی ته‌رازووی نێوان باڵ و به‌شه جیاجیاکانی سه‌رمایه و بورژوازیدا ده‌ڕواته ڕێوه نه‌ک باڵێک بریار له‌سه‌ر چاره‌نوسی گشت بورژوازی بدات و باڵه‌کانی تر دژایه‌تی بکه‌ن. ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیر‌و بۆچونانه‌یه که به‌شێک له چه‌پ ڕایده‌گه‌ێنێت و ده‌ڵێت ناسیونالیزمی کورد ئیفلاسی کردووه. هه‌ر ئه‌وه که باڵێکی تری ناسیونالیزم (لیستی گۆڕان) توانی له‌م ده‌وره‌یه‌دا ناره‌زایه‌تیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ له‌ژێر باڵی خۆیدا کۆبکاته‌وه و ڕێگه‌نه‌دا به ئیسلامی سیاسی و به بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ هیچ کامێکیان ببنه په‌رچه‌مداری ناڕه‌زایه‌تیه‌کان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه که ناسیونالیزم وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزه و زاڵه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تری په‌راوێز کردووه. ئه‌گه‌ر باڵه کلاسیکهکانیشی گه‌نده‌ڵ بووبن ده‌توانێت به شکڵ و شێوازێکی تر و له ژێر ناوی باڵێکی تری‌دا جه‌ماوه‌ر ههڵخرۆشێنێت. لێدانه‌وه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه نه‌بینینی پڕۆسه (بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی) و ئاکامگیریه له‌سه‌ر دیارده‌کان (حیزبه‌کان).
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له مێژوو.
ئه‌و به‌شه له باشوری کوردستان که له زه‌مانی ئیمپراتۆڕهتی عوسمانلیدا به ویلایه‌تی موسڵ ناونرابوو، به پێی په‌یمانی سایکس پیکۆ له 1916 و دواتر په‌یمانی 1921 لۆزان له نێوان فه‌ڕه‌نسا و بریتانیادا بۆ دابه‌شکردنه‌وه‌ی کۆلۆنیالیستانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاش به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتن له جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا، به‌زۆر لکێندرا به ده‌وڵه‌تێکی تازه دروستکراو له‌ژێر چاودێری و کۆنترۆلی (ئینتیدابی) بریتانیا به‌ناوی عێراقه‌وه. هه‌وڵ و کۆششه‌کانی شێخ مه‌حمود چ دیپلۆماسی و چ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی ئینگلیز (بریتانیا)، بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ له باشوری کوردستاندا له پڕۆسه‌یه‌کدا له کۆتایی بیسته‌کان و سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی سیه‌کانی سه‌ده‌ی بیست، پاش بۆردومانکردنی هه‌وایی شار و دێهاته‌کانی کوردستان له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه بۆ چاوترساندن و نه‌تره بردنی خه‌ڵکی کوردستان تا له‌ده‌وری ئه‌و بزووتنه‌وه سهربهخۆییگهرایه دورکه‌ونه‌وه، و پاشان سه‌رکوتکردنی سه‌ربازیانه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه چه‌کداریه له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه، گرتنی شێخ مه‌حمود به برینداری و دورخستنه‌وه‌ی بۆ هیندستان، ئه‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌لایانه‌ی شێخ مه‌حمود به ئاکام نه‌گه‌یشت و هیواوئاواتی به‌ده‌وڵه‌ت بوونی کوردستان ڕووه‌و کزی و کوژانه‌وه ڕۆیشت و عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌تێک به سنوره‌کانی کوردستانیشه‌وه بو به واقعیاتێکی ئینکار نه‌کراو، و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڕێکخراوی حیزبی وه‌ک (پارتی دیموکراتی کوردستان 1946) و به‌رزکردنه‌وه‌ی په‌رچه‌می ئۆتۆنۆمی (حوکمی زاتی) بۆ کوردستان، نه‌ک سه‌ربه‌خۆیی، ڕه‌سمیه‌تێکی جه‌ماوه‌ری کوردیش درا به‌و به‌زۆر لکاندنه‌وه. به‌م پێیه له مێژووی هاوچه‌رخی کوردستاندا ته‌نها بزووتنه‌وه‌که‌ی شێخ مه‌حموده که بزووتنه‌وه‌یه‌کی سهربهخۆگهرایی (ئیستیقلال ته‌ڵه‌ب)ه بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێک. ئیتر له‌وساوه که کوردستان لکێندراوه به عێراقه‌وه، خه‌ڵکی کوردستان به‌هره‌مه‌ند نه‌بوون له ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵی کورده‌واری جا چ له شکڵی ئیمپڕاتۆڕیهتێکی فیۆداڵ یا ده‌سه‌ڵاتێکی بورژوازیدا. به‌ڵکو به پێجه‌وانه‌وه کوردستان ژێرچه‌پۆک بووه و ده‌سه‌ڵاتێک له‌ده‌ره‌وه‌ڕا چاره‌نوسی بۆ دیاری کردووه -ئینگلیز و ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تی سه‌ر به ئینگلیز، وه به‌تایبه‌تیش له سه‌رده‌می جمهوریه‌ته‌وه ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب به ئاگروئاسن فه‌رمانڕه‌وایی کوردستانی کردووه. له 1991 وه تا ڕوخانی ڕژێمی به‌عس 2003 ، کوردستان که‌وتۆته ژێرکۆنتڕۆڵی حیزبه ناسیونالیسته کوردیه‌کانه‌وه. به‌ڵام بارودۆخێک که ئیمپریالیزمی ئه‌مریکی و هاوپه‌یمانانی بۆ کوردستانیان هێنابۆ ئاراوه له‌ڕێگه‌ی نۆ فلای زۆنه‌وه (No-fly zone) که له‌ڕاستیدا به‌بارمته‌گرتنی کوردستان بوو بۆ بێهێز ڕاگرتنی ڕژێمی سه‌ددام و ڕێگه‌نه‌دان به سه‌ربه‌خۆیی کوردستان که نه‌کا ئاڵۆزیه‌ک له ڕژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستا بێته‌دی و کۆنترۆڵکردنی بێته سه‌رئێشه بۆ ئه‌وان و بۆ هاوپه‌یمانه‌کانیان (تورکیا). ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ناسیونالیزم نه‌ک وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بۆ ئیداره‌کردنی کۆمه‌ڵگه به‌ڵکو وه‌ک هێزێکی پاسه‌وان پێکهاتوو له حیزبی میلیشیایی بۆ پاسه‌وانی کردنی ئه‌و بهبارمتهگیریهی کوردستان درێژه‌یان به کۆنتڕۆڵی خۆیان داوه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا.
له‌گه‌ڵ ڕوخاندنی ڕژێمی سه‌ددامدا (ئه‌پریلی 2003) بۆ یه‌که‌مینجار له مێژووی عێراقدا، کوردستان و ناسیونالیزمی کورد جێگه‌وڕێگه‌یه‌کی تایبه‌ت وه‌رده‌گرن له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی و له‌به‌رامبه‌ر ناسیونالیزمی عه‌ره‌بدا، به‌و پێیه‌ش جێگه‌وڕێگه‌ی کوردستان و ناسیونالیزمی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا پلهێک ده‌چێته سه‌ره‌وه و ڕه‌سمیه‌تێکی ناڕاسته‌وخۆ (غه‌یر موباشیر) وه‌رده‌گرێت. (به‌ڵام پرسی کورد هێشتا چه‌ندین فرسه‌خ له‌دواوه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک پرسی فلستین ببێته مه‌سه‌له‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی). گشت ئه‌مانه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆیان هه‌بوه له‌سه‌ر په‌ره‌گرتنی ڕوحی کوردپه‌روه‌ری و به‌هێزکردنی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد نه‌ک هه‌ر له پارچه‌کانی تری کوردستان (ی ئێران، تورکیا و سوریا) به‌ڵکو له ناو ڕیزه‌کانی کوردانی هه‌نده‌رانی په‌نابه‌ر و کرێکار له‌سه‌ر تاسه‌ری جیهاندا. ناسیونالیزمی کورد هیچ کاتێک له مێژوودا له جێگه‌وڕێگه‌یه‌کی ئاوا به‌هره‌مه‌ند نه‌بووه وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێستا لێی به‌هره‌مه‌نده. سێ (3) ساڵی یه‌که‌م (به‌هاری 2003- تا سه‌ره‌تای 2006) گه‌یشتنه ترۆپک و چڵه‌پۆپه‌ی ئه‌و بههرهمهندییهیه له‌و جێگه‌وڕێگه‌یه. ئه‌وه ئه‌و ساته وه‌خته‌یه که سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆکی زلهێزترن و ملهوڕترین ده‌وڵه‌تی ئیمپریالیستی جیهانه‌وه به جلوبه‌رگی کوردیوه پێشوازی لێده‌کرێت. ئه‌وه ئه‌و ساته مێژووییه‌یه که کوردستان به ئه‌لگۆی دیموکراسی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌لایه‌ن ڕۆشنبیرانی کورد و هه‌تا عێراقیشه‌وه ناوده‌برێت. ئه‌وه ئه‌و ساته مێژووییه‌یه که بۆ یه‌که‌مین جار له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵی له ده‌وڵه‌تێکی لۆکاڵیدا شکڵ ده‌گرێت و ئاڵای کوردستان به‌سه‌ر سهربانهکانیهوه ده‌شه‌کێته‌وه و ده‌بێته سومبولی ڕهوێنهوهی ئه‌و مۆته‌که (کابوس)ه که به‌درێژایی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌سه‌ر سینگی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه بووه. (ئه‌ڵبه‌ته کوردستانی عێراق ئه‌زموونی 1970-1974 حوکمی زاتیشی هه‌یه به‌ڵام ناکرێت به‌م ئه‌زموونه‌ی ئێستای به‌راورد بکرێت). ئه‌م ڕه‌وه‌نده له هه‌ناوی خۆیدا ناکۆکیه‌کی کوشنده‌ی هه‌ڵگرتبوو، ئه‌و سه‌روه‌ریه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی که‌به‌ده‌ست هاتبوو له‌سه‌ر شانی پێشێلکاری مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی هاووڵاتیانی کوردستان و بێبه‌شکردنیان بوو له خزمه‌تگوزاریه‌کان و لوشدانی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ن تاقمێکی میلیشاییهوه. خۆپێشاندانه‌کانی 2006 کۆتاییهاتنی ئه‌م ڕه‌وه‌نده و ده‌رخستنی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه بوو که له‌هه‌ناوی ئه‌م سه‌روه‌ریه نه‌ته‌وه‌ییه‌دا حه‌شاردراوه.
ئه‌و کاته که جه‌ماوه‌ر هاتنه میدان به خۆپێشاندانه‌وه ئه‌م توێژه له پوڵدارانی تازه بهسهراکهوتوو سه‌رقاڵی چنینه‌وه‌ی خێروبهرهکهتێک بوون کهلهداوێنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا هاتبۆ پێش پایان و مینگه مینگێکیشیان لێوه‌ده‌هات بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لێکی له‌بارتر و باشتر له بازاڕدا بۆخۆیان. خودی ئه‌م ته‌کان خواردنه‌ی جه‌ماوه‌ر دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته زه‌نگێکی خه‌ته‌رناکی دا به‌گوێچکه‌ی ئه‌مانیشدا. که ئه‌گه‌ر وابڕوات و جه‌ماوه‌ری ڕادیکاڵ ته‌خت و تاراجی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه هه‌ڵته‌کێنێ ئه‌وا سفره‌ی نازونیعمهتێک که ئه‌مانیش له‌سه‌ری ده‌له‌وه‌ڕێن ههڵپدهپچێرێت. له‌ڕووی بابه‌تیه‌وه ئه‌م ته‌کان خوادنهی جه‌ماوه‌ر پاڵنه‌رێکیش بو بۆ که‌وتنه‌خۆی ئه‌م توێژاڵه تا فریای وه‌زعه‌که بکه‌وێت به‌ر له گرێژنه چوونی گشت سیستمه‌که. ئێمه ئێستا له‌به‌رده‌م ساته وه‌ختێکی مێژوویداین که پڕۆسه‌ی شکڵگیری و سه‌روسامان به‌خۆدانی ڕوهوتێکی تری ناسیونالیسته به تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی لیبڕاڵیزمی نوێوه (New Liberalism) ناسیونال-لیبراڵ. ئه‌م ڕه‌وته له ناوه‌ڕۆکدا ڕه‌وتێکی ڕیفۆڕمیست نییه واتا ڕوتێکی ناسیونال-ڕیفۆڕمیست نیه، گه‌رچی له ئێستادا خوازیاری بڕێک ڕیفۆڕمی سیاسی-ئابوریه بۆ جێکه‌وتنی خۆی و توێژه‌که‌ی له ده‌وڵه‌ت و داواکاری هه‌ندێ ڕیفۆڕمی کۆمه‌ڵایه‌تیشه بۆ کپکردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگه و به پله‌ی یه‌که‌میش بۆ فریودان و کێشکردنی جه‌ماوه‌ر به‌دوای خۆیدا له‌م هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه پهرلهمانیهدا. هه‌رئه‌وه که هێزێک خوازیاری ڕیفۆڕم بێت نایکاته ڕه‌وتێکی ڕیفۆڕمیست. ڕه‌وتی نازیه‌ت به ڕابه‌رایه‌تی هیتله‌ر له ئه‌ڵمانیا به‌دوای قه‌یرانی ئابوری جیهانی 1928 که بێ‌کاری و برسییه‌تییه‌کی زۆری بۆ کرێکاران هێنا، چالاک بوو بۆ خستنه‌ڕووی داخوازی بۆ نه‌هێشتنی برسیه‌تی و بێ‌کاری توانی ده‌نگی هاووڵاتیان له هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی سی (30)یه‌کاندا به‌ده‌ست بهێنێت و هیتله‌ر بگه‌ێنێته سه‌ر کورسی فه‌رمانڕه‌وایی و له‌ماوه‌یه‌کی که‌میشدا له‌ڕێگه‌ی هه‌ندێ ڕیفۆڕمه‌وه توانی بێ‌کاری و برسیه‌تی چاره‌سه‌ر بکات و گه‌لێکی تێروته‌سه‌ل، پۆشته و په‌رداخ، پۆستاڵ بکاته پای و چه‌ک بکاته شانی و بیخاته جه‌نگێکی جیهانیه‌وه دژی بریتانیا و فه‌ره‌نسا که زوربه‌ی موستهعمهراتهکانی جیهان له‌لایه‌ن ئه‌م دوو هێزه ئیمپریالیستیه‌وه ده‌ستی به‌سه‌راگیرا بوو، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م جه‌نگه جیهانیه‌وه هیتله‌ر ویستی پشکێک (حیسسهیهک) له موستهعمهراتهکان بۆ ئیمپریالیزمی ئه‌ڵمانیا له‌فه‌ره‌نسا و بریتانیا بستێنێ. ئه‌گه‌ر به‌خت یارو یاوه‌ری بوایه ئێستا قوتابیانی پۆله‌کانی ناوه‌ندی ده‌رسی مێژوویان به‌جۆرێکی تر ده‌خوێند نه‌ک به‌وشێوه‌یه‌ی که ئێستا نوسراوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستی ئێمه‌یه لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ناتونرێت ناوه‌ڕۆکی ڕه‌وته سیاسیه‌که‌ی هیتله‌ر به‌وه دیاری بکرێت که له سه‌رده‌مێکی مێژوویدا له‌به‌رامبه‌ر برسیه‌تی و بێکاریدا نه‌خشه و پلانێکی عه‌مه‌لی و واقعی هه‌بووه و خه‌ڵکیشی له‌و به‌دبه‌ختیه ڕزگارکردووه. به‌ڵکو به‌وه لێک ده‌درێته‌وه که ئه‌و ڕیفۆڕمانه له‌پێناو مه‌سه‌له‌یه‌کی تردا دێنێته‌دی، ئه‌وێش زاڵکردنی ئاسۆی سیاسی و زاڵکردنی ئه‌لگۆی به‌رنامه‌ی ماوهدرێژیهتی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا، وه له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه هه‌ڵخراندن و ڕێکخراوکردنی خه‌ڵکه بۆ پیاده‌کردنی عه‌مه‌لیانه‌ی. ئه‌وه کارێکه که‌هه‌ر ئێستا حیزبوڵڵا له به‌رگری له خواروی لوبنان له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیه‌کانی ئیسرائیل، وه حه‌ماس له ڕێگه‌ی وه‌ڵام به پرسی فلستینه‌وه ده‌یانه‌وێت ئاسۆی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی خۆیان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌پێنن. وه ئێمه‌ی کۆمۆنیست‌یش چ له بهشداریماندا له بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کاندا خاوه‌ن نه‌خشه و پلانێکی واقعی و عه‌مه‌لین وه چ له‌به‌رامبه‌ر دهسترێژیهکانی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بدا بۆ سه‌ر چاره‌نوس و ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، نه‌خشه‌یه‌کی واقعی به‌رگری چه‌کدارانه ده‌خه‌ینه به‌رده‌م کۆمه‌ڵگه و جه‌ماوه‌ر به‌ده‌وریا ههڵئهخڕێنین، وه له‌و نێوه‌دا ئاسۆی کۆمۆنیستی خۆمان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا ساغ ده‌که‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ی لیستی گۆڕانیش له‌م ده‌ورانه‌دا ده‌یکات هه‌ر ئه‌وه‌یه، کێشکردنی جه‌ماوه‌ره به‌ناوی ڕیفۆڕمه‌وه بۆ ژێر چه‌تری ناسیوناڵ-لیبرالیزمی نوێ (هه‌تا ئه‌گه‌ر گریمانی ئه‌وه‌ش دابنێین که ئه‌و ڕیفۆڕمانه به کامڵییش پیاده ده‌کات. که ئه‌وه چاوه‌ڕوانیه‌کی بێ جێیه له‌م ڕه‌وته چونکه هێشتا که له ئۆپۆزیسیۆندایه به قسه‌ش به کامڵی باسیان ناکات، جا چ چاوه‌ڕوانیه‌کی لێده‌کرێت له سبه‌ی بهدهسهڵا گه‌یشتنیدا).
لێره‌دا ناچینه سه‌ر تاک تاکی بڕگه و به‌نده به‌رنامه‌ییه‌کانی ئه‌م ڕه‌وته (لیسته)، که له‌واقعدا له‌سه‌دا پێنجی ئه‌و ڕیفۆڕمانه ناگرێته‌وه که پێویستیه‌کی مێژوویین بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان هه‌تا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بورژوازیشدا له ڕوانگه‌ی هاووڵاتیانی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش، گه‌نجان و لاوان، ژنان، ڕۆشنبیران و ئازاد ئه‌ندێشانی کوردستان. لێره‌دا پێویسته په‌نجه بۆ ئه‌و ڕاکێشم که زۆرێک له هاوڕێیانی چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌و بڕگه و به‌ندانه‌ی ئه‌و لیسته‌یان داوه‌ته به‌ر ڕه‌خنه و دووڕوویی و ساخته‌بازی ئه‌م ڕه‌وته‌یان خستۆته‌ڕوو له بواری ڕیفۆڕمدا، ئه‌مه جێگه‌ی ده‌ستخۆشانه‌یه. جیاوازی باسه‌که‌ی من له‌و هاوڕێیانه ئه‌وه‌یه که‌من نه‌هاتووم یه‌ک یه‌کی به‌نده‌کانی به‌رنامه‌یی ئه‌و لیسته و خواسته‌کانی بگرم و بیده‌مه به‌ر ڕه‌خنه و بۆ خه‌ڵکی بسه‌لمێنم که ئه‌م ڕه‌وته ڕیفۆڕمیست نیه، باسه‌که‌ی من خوێندنه‌وه‌یه‌کی ماتریالیستیانهیه بۆ مێژووی کوردستان و ده‌ستگرتنه به‌و ڕهوهندانهوه که‌له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا به پێی زه‌روره‌تێکی مێژوویی-چینایه‌تی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی چینایه‌تیانه به وه‌رچه‌رخانێک (ئینعیتافێک) که به‌ربینی به کۆمه‌ڵگه گرتووه، سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن و شکڵ ده‌گرن. وه به‌دیاریکراویش جێگه‌وڕێگه‌ی ئه‌و ڕه‌وته‌یه له مێژووی هاوچه‌رخی کوردستاندا وه‌ک ڕه‌وتێکی ناسیوناڵ-لیبڕاڵ و په‌یامه سیاسیه‌که‌ی. ئه‌ڵبه‌ته پێویسته لێره‌دا باس له‌و خاڵه‌ش بکه‌ین که جۆره‌ها مه‌ڵبه‌ند و سه‌نته‌ری فکری و ئه‌ده‌بی ڕۆشنفکرانه‌ی لیبڕاڵی له کوردستاندا به‌ر له لیستی گۆڕان زۆر زووتر له کوردستاندا سه‌ریان هه‌ڵداوه، له چه‌شنی (ڕه‌هه‌ند)یه‌کان، و ڕۆڵ و کاریگه‌ری خۆیان بینیوه له په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی لیبرالیدا و له‌م ڕێگه‌یه‌وه ئاماده‌کاری زه‌مینه‌ی فکری بۆ ڕه‌وتێکی لیبڕاڵ. به‌ڵام ئه‌و به‌و مانایه نیه که لیستی گۆڕان به‌رده‌وامی رهههندیهکان و به‌رهه‌می فکری ئه‌وان بێت. به‌ڵکو هه‌روه‌ک له سه‌ره‌وه باسمان کرد لیستی گۆڕان به‌رهه‌می زه‌روره‌تێکی تره. ڕه‌هه‌ندیه‌کان به ڕه‌خنه‌ی فکری، فه‌لسه‌فی و سیاسی و..... له مارکسیزم و ناسیونالیزم و...... و ڕه‌واجپێدانی بێهوده‌یی (عه‌به‌سیه‌ت) له ڕه‌خنه له سه‌رمایه‌داری و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی به سیستمێکی تر و شۆڕش کردن به‌سه‌ریا، ده‌ستیان به‌کار کرد و ئێستا له کوردستاندا نه‌ک به‌ده‌وری ڕه‌وتێکی لیبرالی پوخته‌دا به‌ڵکو به‌ده‌وری ڕه‌وتێک له ناوه‌ڕۆکدا ناسیونالیست که عه‌بای ڕیفۆڕمی داوه به‌سه‌رشانیدا، خۆیان ئه‌بیننه‌وه.
په‌یامی ستڕاتیژی ئه‌و ڕه‌وته بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان له بڕگه (به‌ند)ی پێنجه‌م (5)ی به‌رنامه‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێت، که له‌ژێر ناوی (سامانی مرۆیی) دایه. زمانێک که ته‌واوی ئه‌و خاڵانه‌ی پێنوسراوه له‌و بڕگه‌یه‌دا زمانێکی نیو لیبرالی (New Liberal) زۆر نائینسانانهیه. هاوڵاتیانی کوردستان به‌گشتی وه به‌تایبه‌تیش کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان به (سه‌روه‌ت و سامان) داده‌نێت. ئه‌وه چاوی سه‌رمایه‌یه، که هاووڵاتیان له ڕوانگه‌ی کیسهباخهڵهکهیهوه ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر که‌سێک ئۆتۆمۆبیلێکی هه‌بێت، ئه‌م ئۆتۆمۆبیله پێویستی به ته‌ئمین (insurance)، پارێزگاری (سیانه maintenance) و تهعمیرکاری (Reparation) هه‌یه، هه‌مان ڕوانگه‌ی خۆبه‌خاوه‌ن زانینی هاووڵاتیان و به‌تایبه‌تی کرێکارانی کوردستان و لێره‌وه هه‌ست کردن به به‌رپرسیاره‌تی به‌رامبه‌ریان له ته‌ک ته‌کی خاڵه‌کانی ئه‌و بڕگه‌یه‌دا ئه‌بیندرێت. هه‌ر چی به‌رپرسیاره‌تیه‌کی ده‌وڵه‌ته به‌رامبه‌ر هاووڵاتیان و کرێکارانی کوردستان له‌و روانگه لیبرالیهدا له‌وه‌وه نه‌هاتووه که ئه‌مانه ئینسانن و ده‌بێ له ژیانێکی هاوچه‌رخ، مۆدێرن و کامه‌ران به‌هره‌مه‌ند بن. به‌ڵکو له‌و ڕوانگه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت هه‌ڵنه‌سێت به ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌رامبه‌ریان ئه‌وا ئه‌م سامانه توشی گیروگرفت دێت و ده‌بێته زه‌ره‌ر و زیان بۆ کیسه‌باخه‌ڵی هاوبه‌شیان (خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت) و به‌وپێیه‌ش ده‌بێته زه‌ره‌ر و زیان بۆ کیسهباخهڵهکانی تاک تاکی سه‌رمایه‌داران. وه به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش که کیسه‌باخه‌ڵی هاوبه‌شیان زه‌ره‌رو زیانی توش ده‌بێت، توانای پێش بڕکێی نه‌ته‌وه‌ییان له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی (ده‌وڵه‌ته بورژواکانی) تر لاواز ده‌بێت. جا بۆیه ده‌بێ گرینگی و بایه‌خ به‌م سامانه مرۆییه بدرێت تا توشی زه‌ره‌ر و زیان نه‌هێن.
په‌یامی ئه‌و ڕه‌وته له که‌مکردنه‌وه‌ی موچه‌خۆرانی ده‌وڵه‌ته‌وه بگره تا له‌سه‌رکار ده‌رکردنی کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران به‌ناوی عه‌قلانی کردنی به‌ڕێوه‌بردن و بردنه‌سه‌ری به‌رهه‌مداری کار، تا بازاڕی ئازاد، په‌یامی هه‌رچی زووتر شه‌ته‌کدان (ئیندیماج)ی ئابوری کوردستانه به بازاڕی ئازادی جیهانیه‌وه و کارکردنه به ستاندارده‌کانی ئه‌و بازاڕه، ئه‌مه‌ش ماناکه‌ی کردنی کوردستانه به مه‌ڵبه‌ندێکی کاری هه‌رزان بۆ وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه له‌سه‌ر شانی وردوخاشکردنی ئێسک و پڕوسکی کرێکاران.
ئایندهێک که چاوه‌ڕێی کوردستانه له په‌یامی ئه‌م ڕه‌وته‌دا له‌باشترین حاڵه‌تیدا به هیندوستان کردنی کوردستانه که خاوه‌ن سوننه‌تێکی دیموکراتی په‌رله‌مانیه و ژیانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانیش تیایدا ئه‌وه ده‌بێت که له فیلمی (Slum dog millionaire) دا وه‌ک فاکتی دۆکیومێنتی ژیانی خه‌ڵک ده‌بینرێت. ئه‌وه په‌یامی ئه‌و ڕه‌وته ناسیونالیسته نیو لیبڕاڵهیه له‌ژێر هه‌زار و یه‌ک عیباراتی ئاڵۆز و نا ده‌قیق و نیوه ناچڵ و شه‌ل و شکه‌ست هه‌ر له باس کردنی ئازادیه سیاسیه‌کانه‌وه بیگره تا به‌ناو ڕیفۆڕمه ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی.
2- هاوشان و ته‌ریب بۆ ناڕه‌زایه‌تی ئه‌و توێژه‌ی سه‌ره‌وه ناڕه‌زایه‌تی هاووڵاتیان له دابین نه‌بوونی پێداویستیهسهرهکیهکانی ژیان و نه‌بوونی خزمه‌ت گوزاری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا که داهاتێکی ئابووری (دراوی-دۆلاری) زۆر و زه‌به‌ند هاتوه‌ته کوردستان، که ئه‌توانرا پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانکاری و دابینکردنی پێداویستیه‌کان و هێنانه‌دی خزمه‌تگوزاریه‌کان له ئاستێکی به‌رفراواندا بێنه‌دی. ئه‌م داهاته به‌شی هه‌ره‌زۆری لوشدراوه له‌لایه‌ن ئه‌و دو حیزبه میلیشیاییه‌وه. بۆیه مه‌سه‌له‌که له گه‌نده‌ڵیش واوه‌تره. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه له 2006 به‌دواوه به شێوازێکی ڕدیکاڵ و له شکڵی خۆپێشانداندا ته‌قیه‌وه به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتداراندا. له به‌شی یه‌که‌مدا باسمان له‌م خۆپێشاندانانه کردووه، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مانه‌وێت بیڵێین ئه‌وه‌یه که به ئاکام نه‌گه‌یشتنی ئه‌ودیارده‌یه له‌ژێر ڕابه‌رایه‌تیه‌کی چه‌پدا، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه کۆمه‌ڵایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه ئه‌بێته ده‌ستمایه‌یه‌ک بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی لیبرالیزمه نوێیه. لیستی گۆڕان له ئه‌سڵدا بۆ ئه‌و نه‌هاتۆته گۆڕ که ته‌عبیر له‌و ناڕه‌زایه‌تیه کۆمه‌ڵایه‌تیه و خواسته جه‌ماوه‌ریه‌کان بکات. بیه‌وێت ئه‌م بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه شکڵ پێبدات، ڕێکخراوی بکات. به‌ڵکو خۆی په‌یامێکی سیاسی تری هه‌یه، وه زۆر ئاگاهانه له به‌رنامه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که باسی جۆره‌ها شکلی ناڕه‌زایه‌تی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و ڕۆشنبیران، کاسبکاران و فه‌رمانبه‌ران و شوفێری پاس و تاکسیه‌کان..... ده‌کات، به هیچ شێوه‌یه‌ک باس له شکڵی ده‌رکه‌وتنی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری 2006 (خۆپێشاندانه‌کان) ناکات. ئه‌یه‌وێت مێژووی کوردستان وانیشان بدات که دیارده‌یه‌کی له‌و چه‌شنه‌ی تیا نه‌بووه. ئه‌مه ته‌زویرێکی واقعی مێژووی کوردستانه. په‌یامی ئه‌و ڕه‌وته هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه باسمان کرد بۆ شکڵ پێدانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیونالیستی لیبرالانه‌یه و لێره‌وه بۆ مه‌شروعیه‌تدان به‌خۆی له سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگه و کێشکردنی جه‌ماوه‌ر بۆ پای سندوقه‌کانی ده‌نگدان، خۆی بهروڵهتی نوێنه‌ری خواسته‌کانی خه‌ڵکی ده‌نوێنێت. ئه‌مه گورگه و خۆی له که‌وڵی مه‌ڕدا ده‌رده‌خات. خودی ئه‌م پڕوسه‌ی هه‌ڵبژاردنه هه‌روه‌ک له کۆتای به‌شی یه‌که‌می ئه‌م ووتاره‌دا په‌نجه‌مان بۆ ڕاکێشاوه، پڕۆسه‌ی ده‌سته‌مۆکردن، خه‌ساندن و له‌باربردنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ڕادیکاڵه که پێش مه‌رجی شکڵگیری بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناسیونالیستی ئۆپۆزیسیۆنی لیبرالی به‌هێزه. ئه‌وه ئه‌و که‌ناڵه تایبه‌تیه و ئه‌و شێوازه‌یه که ئه‌مڕۆ ئه‌م ڕه‌وته تیا شکڵ ده‌گرێت.
مێژووی کوردستان له 2009 دا به پێچه‌وانه‌ی مێژووی 2006 ه. که جه‌ماوه‌ر یه‌که‌م به شکڵێکی ڕادیکاڵ و دووه‌م به ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیانه‌وه و سێهه‌م به‌ڕیزی سه‌ربه‌خۆی خۆیان به‌دژی ناسیونالیزمی ده‌سه‌ڵاتدار به‌بێ هه‌ڵگرتنی په‌رچه‌می باڵێکی تری ناسیونالیزمی ئۆپۆزیسیۆن هاتبوونه مه‌یدان. ئه‌مڕۆ هه‌ر سێ ئه‌م فاکتانه پێچه‌وانه بوونه‌ته‌وه. مانای سیاسی ئه‌م واقیعه‌ته، لوشدانی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ڕدیکالیزمهی جه‌ماوه‌ریه له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی ناسیوناڵ-لیبڕالهوه. مانای ده‌رکێشانی به‌ڕه‌یه له ژێر قاچی چه‌پ، په‌ڕاوێز خستن و دوره په‌رێز ڕاگرتنی ڕوحی ڕادیکالیزمه و چه‌په له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا. ئه‌مه پێشمه‌رجی ملکه‌چ (ته‌سلیم، خازع) بوونی کۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵکه به سیستمی سه‌رمایه‌داری، به کۆیلایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی، به نایه‌کسانیه‌کانی و به ناعه‌داله‌تی ناو کۆمه‌ڵگه.
ئه‌رک و بهرپرسیهک که له ئێستادا ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه چه‌ند هه‌نگاو له‌دواوه‌یه له به‌راورد به 2006 دا، که له‌به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌یه‌کی خورسک (به سروشتی) سه‌ربه‌خۆ دابووین. ئه‌رکی ئێمه ئه‌وسا ڕێکخستن، به‌یه‌که‌وه گرێدانی به‌شه جیاجیاکانی، فۆڕمۆڵه‌کردنی خواسته‌کانی، ڕابه‌رایه‌تی کردنی و په‌یوه‌ست کردنی و کردنی به‌به‌شێک له بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیزمی کرێکاری (هه‌روه‌ک چۆن ئێستا کراوه به به‌شێک له بزووتنه‌وه‌ی ناسیوناڵ-لیبرالیه‌ت)، به‌رزکردنه‌وه‌ی بۆ ئاستی ئاڵته‌رناتیڤێک له کۆمه‌ڵگه‌دا و هه‌ڵپێچانی دام وده‌زگای گه‌نده‌ڵی بورژوا-ناسیونالیست به ڕاپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌ری. به‌ڵام ئه‌رکی ئه‌مڕۆمان بۆته ئه‌وه که ئه‌بێ هه‌وڵبده‌ین ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌ژێر باڵی ناسیونالیزمی ئۆپۆزیسیۆنیدا دهرکێشینه ده‌ره‌وه. وه‌هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌م باسهشهوهیه که له به‌شی داهاتوودا، ڕه‌خنه له سیاسیه‌تی بایکۆت کردنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ده‌گرین. که خۆ بایکۆت کردن، و ڕه‌سمیه‌تدانه به بایکۆتکردنی چه‌پ له کۆمه‌ڵگه‌دا.
3- خاڵێکی تر لێره‌دا ڕۆڵ و ده‌وری ڕۆشنبیرانی لیبرال، دیموکراتخواز و ئازادیخوازه لایه‌ک له شکڵپێدانی ڕوخساری ئه‌و ناسیونالیزمه نیو لیبرالهیه و لایه‌ک یتریش چاوبه‌سته‌گی کردنی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانه و پاڵنانی هه‌رچی زیاتری ئه‌و ڕیزه‌یه بۆ ژێر ڕکێفی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی ئۆپۆزیسیۆن. (درێژه‌ی ئه‌م باسه هه‌لده‌گرین بۆ فرسه‌تێکی تر).
له به‌شی داهاتوودا باس له جێگه‌و ڕێگه‌ی حیزبی شوعی کوردستان، سیاسیه‌تی بایکۆت کردنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان. هه‌روه‌ها له به‌شێکیشدا باس له‌وه ده‌که‌ین (ئایندهی کوردستان به‌ره‌و کوێ؟) .
جگه له‌مانه له گه‌ڵ ده‌ست به‌کار بوونی ماڵپه‌ڕی ڕه‌وه‌ند (www.rewend.net)دا ئه‌م باسانه دێنینه سه‌ر ئاستێکی کۆنکرێت تر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست